25ى مانگ، له‌ عێراق چى روو ده‌دات؟

ئه‌و رۆژه‌ى چاره‌نووسى عێراق دیارى ده‌كات

25ى مانگ، له‌ عێراق چى روو ده‌دات؟

693 خوێندراوەتەوە

 

وڵاتى نێوان دوو رووباره‌كه‌، چاوه‌ڕوانى خۆپیشاندانێكى ملیۆنى ده‌كات له‌لایه‌ن ڕۆڵەکانییەوە، دیار نییه‌ چاره‌نووسى وڵاته‌كه‌ش به‌ره‌و چ لێوارێكى مه‌ترسیدار ده‌بات.

 

ناره‌زایه‌تى و خۆپیشاندانه‌كه‌ى ئه‌مجاره‌ درێژكراوه‌ى خۆپیشاندانه‌كانى پێشتره‌، به‌ڵام پێ ده‌نێته‌ قۆناغێكى دیكه‌ كه‌ گه‌وره‌تر و كاریگه‌رتره‌ له‌ چالاكییه‌كانى پێشوو.

 

هه‌رچه‌نده‌ خۆپیشاندانه‌كان سروشتێكى زۆرى خۆرسكیان پێوه‌ دیاره‌ كه‌ گوزارشته‌ له‌و نادادى و گه‌نده‌ڵییه‌ى،‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق دژى هاوڵاتیان و كۆمه‌ڵگا به‌رپایان كردووه‌، به‌ڵام له‌خۆپیشاندانه‌كاندا كاریگه‌رى هه‌ندێ فیگه‌رى سیاسی و ئایینى دیارى (وه‌كو سه‌در) و وڵاتانى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تیش به‌رچاو ده‌كه‌وێت.

 

،،

خۆپیشاندەران ئەمجارە بە گڕوتینێکى دیکەوە دەڕژێنەوە سەر شەقامەکان، کە پێدەچێت گرێ تورەییان کۆشک و تەلارى بەرپرسەکان لە ناوچەى سەوز بسوتێنێت.!

 

هه‌ینى چى روو ده‌دات؟

بانگه‌وازى ئه‌مجاره‌ى خۆپیشانده‌ران له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى و كه‌ناڵه‌كانى دیكه‌وه‌ هێنده‌ جدى و كاریگه‌ره‌ له‌مرۆوه‌ حكومه‌تى عێراقى هێناوه‌ته‌ سه‌رخه‌ت و هه‌ره‌شه‌ى برینى هێڵه‌كانى په‌یوه‌ندى و رێوشوێنى ئه‌منى توند ده‌كات، ته‌نانه‌ت چه‌ند به‌رپرسێكى دیاریش تاكو ئه‌مرۆ یان له‌ شوێنه‌كانیان ده‌ركراون یان له‌ترسى خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستیان له‌كار كێشاوه‌ته‌وه‌...

 

وا بریاره‌ وه‌ك خۆپیشاندانه‌كانى دیكه‌ هاوڵاتیان له‌ مه‌یدانى ئازادى (ته‌حریر)وه‌ به‌ره‌و پردى كۆمارى برۆن و دواى برینى پرده‌كه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ ناوچه‌ى سه‌وز كه‌ ته‌واوى به‌رپرسه‌ باڵاكانى عێراقى تێدا كۆبووه‌ته‌وه‌.

جارى پێشوو خۆپیشانده‌ران نه‌یانتوانى بچنه‌ناو ((ناوچه‌ى سه‌وز)) به‌ڵام پێ ده‌چێت ئه‌مجاره‌ به‌هۆى زۆرى و كاریگه‌رى خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ ناوچه‌ى سه‌وز مه‌ترسى جدى له‌سه‌ر بێت و هاوڵاتیان كه‌ف و كوڵى چه‌ند ساڵه‌یان له‌م ناوچه‌یه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتداران برێژن.

 

بۆیه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت هه‌ینییه‌كى ته‌واو جیاواز بێت بۆ عێراق چونكه‌:

یه‌كه‌م: یه‌كه‌مین جاره‌ حكومه‌تى عێراقى رووبه‌رووى  خۆپیشاندانى ملیۆنى له‌م شێوه‌یه‌ ببێته‌وه‌ كه‌ بریاره‌ ئه‌نجام بدرێت.

دووه‌م: داواكارى خۆپیشانده‌رانیش جدییه‌ و ئه‌گه‌رى زۆره‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ كۆتایی بێت.

 

،،

پێش ئەوەى داواى مافە رەواکانى خۆیان بکەن لەسەر زەوى وڵاتەکەیان، داوادەکەن ئێران نیشتمانەکەیان جێبهێڵێت.!

 

داواكارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان چین؟

یه‌كه‌م: خۆپیشانده‌ران به‌ده‌نگى به‌رز هاوار ده‌كه‌ن كه‌ ئێران وه‌ك حكومه‌ت و لایه‌نى ئه‌منى وڵاته‌كه‌یان به‌جێ بهێڵێت و هه‌ژموونى نه‌مێنێت.

دووه‌م: حكومه‌ت و په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و حكومه‌تێكى كاتى دامه‌زرێت و له‌سایه‌یدا به‌ چاودێرى وڵاتانى بیانى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و بێگه‌رد ئه‌نجام بدرێت.

 

له‌م نێوه‌نده‌دا باس له‌وه‌ش ده‌كرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ یه‌ك پاكێجن بۆیه‌ ده‌بێت سه‌رۆكایه‌تى كۆماریش هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌، بۆیه‌ باس له‌ سیناریۆیه‌ك ده‌كرێت كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش پلانێك بێت و بیانه‌وێت پۆستى سه‌رۆكى كۆمار له‌ كورد وه‌ر بگرنه‌وه‌.

 

،،

ئەمریکا بێدەنگ و بێ لایەن و ئێرانیش لایەندارو داینەمۆ.!

 

هه‌ڵوێستى ئێران و ئه‌مریكا

هه‌رچى په‌یوه‌ندى به‌ ئه‌مریكاوه‌ هه‌یه‌ وه‌ك زلهێزى جیهان و هه‌ژموونى له‌ ناوچه‌كه‌و عێراق، تاكو ئه‌مرۆ ده‌یه‌وێت بێ لایه‌نانه‌ مامه‌ڵه‌ بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جارێكى دیكه‌ش حكومه‌تى عێراق دابرێژرێته‌وه‌ پێ ناچێت لارى هه‌بێت چونكه‌ واى ده‌بینێت كه‌ له‌ سایه‌ى ده‌سه‌ڵاتى عادل عه‌بدولمه‌هدیدا وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، ئێران زۆرترین ده‌ستوه‌ردانى كردووه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ و هه‌ژموونى شیعه‌ش زیاتر بووه‌.

 

له‌به‌رامبه‌ردا ئێران نایه‌وێت له‌م كاته‌دا دۆخى عێراق تێك بچێت، چونكه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى ئه‌مرۆ حكومى عێراق ده‌كات زۆرترین جێ ده‌ستى ئێرانى پێوه‌ دیاره‌، كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ توڕه‌ییه‌كانى خۆپیشانده‌ران و پێیان وایه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانى پێشووشدا له‌ڕێگه‌ى قه‌ناس به‌ده‌ست و میلیشیاكانى ئێرانه‌وه‌ له‌ شوێنه‌ به‌رزه‌كانه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى ترساندن و بڵاوه‌ پێكردنیان ته‌قه‌ له‌خۆپیشانده‌ران كراوه.

 

بۆیه‌ خۆپیشانده‌ران، ده‌یانه‌وێت 25ى ئه‌م مانگه‌ به‌درووشمه‌كانى (شۆڕشى نیشتمانى ، شۆرشى گه‌نجان، راپه‌رین دژى گه‌نده‌ڵكارن.....هتد) برژێنه‌وه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و دۆخى سیاسی له‌ عێراق به‌لایه‌كدا بخه‌ن.

سەدر

 

هه‌ربۆیه‌ پێشبینى ده‌كرێت هه‌ینییه‌كى ته‌واو جیاواز بێت بۆ عێراقییه‌كان، چونكه‌ به‌بێ رووداوى سیاسی گه‌وره‌ ره‌نگه‌ رۆژه‌كه‌ ته‌واو نه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ك خۆپیشاندانه‌كه‌ گه‌وره‌و كاریگه‌ره‌ له‌لایه‌كى دیكه‌ش كه‌سانى سیاسى و كاریگه‌رى وه‌ك سه‌درو عه‌بادى له‌پشت خۆپیشاندانه‌كه‌وه‌ن و پێیان باشه‌ خۆیان یاخود نزیكه‌كانیان بچنه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مى سیاسی له‌وڵات گۆرانكارى به‌سه‌ردا بێت.

 

،،

 لەهەموو باردۆخێکدا ئەگەرى دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدلمەهدى ئەگەرێکى بەهێزە.

Captionعادل عەبدولمەهدى

و ئه‌گه‌رى زۆره خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ ده‌ستله‌كار كێشانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى كۆتایی بێت، چونكه‌ مه‌هدى ئه‌زمونى رابردووى ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت: به‌ بچوكترین و فشارو كاریگه‌رى ده‌ست له‌كار ده‌كێشێته‌وه‌ وه‌ك له‌كاتى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند كاتێك وه‌زیرى نه‌وت بوو ده‌ستى له‌كار كێشایه‌وه‌، پێشتریش ئاماژه‌ى به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌و به‌رده‌وام ئیستقاله‌یه‌ك له‌ناو مێزه‌كه‌یدا ئاماده‌یه‌.

 

هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش ده‌كرێت ناوبراو حه‌زى له‌ كوشتن و برین و خوێن رشتن نییه‌ بۆیه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانى پێشووشدا ویستویه‌تى ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌ به‌ڵام ئێران نه‌یهێشووه‌، بۆیه‌ دیار نییه‌ ناوبراو ئه‌مجاره‌ش به‌گوێى ئێران ده‌كات یا خود نا؟

دواجار،‌ ئه‌گه‌رى زۆره‌ له‌ حاڵه‌تى توندبوونى خۆپیشاندانه‌كه‌ و پێكدادانه‌كان، ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌ ئیدى لێره‌وه‌ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ بكه‌ونه‌ مه‌ترسى و دۆخى عێراق به‌ره‌و دۆخێكى نادیارو ترسناك بروات.!

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان