سەرۆكایەتی کۆمار دەیەوێت چاكسازی له‌ چوار یاسای چارەنوسازدا بكات

سەرۆكایەتی کۆمار دەیەوێت چاكسازی له‌ چوار یاسای چارەنوسازدا بكات

1306 خوێندراوەتەوە

سەرۆكایەتی کۆمار دەیەوێت چاكسازی له‌ چوار یاسای چارەنوسازدا بكات

ئه‌میر كه‌نانی ڕاوێژكاری سه‌رۆك كۆمار بۆ كاروباری یاسایی ئاشكرای كرد، كه‌ لیژنه‌یه‌ك بۆ چاكسازی و چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ چوار یاسا پێكهێنراوه‌،

كه‌ ئه‌و یاسایانه‌ كۆڵه‌كه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پرۆسه‌ی سیاسین. كه‌نانی له‌ لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عیراقی وتی:

ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ چاكسازیان تێدا ده‌كرێت بریتین له‌ : یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبژاردنه‌كان، یاسای پارته‌كان، یاسای ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان. وتیشی: ئه‌و چوار یاسایه‌ كه‌موكورتی زۆریان تێدایه‌ وپێویستیان به‌ چاوخشاندنه‌وه‌ و چاكسازی هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا، چونكه‌ یه‌كێك له‌و یاسایانه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگدا سێ جار ده‌ستكاری كراوه‌.

كه‌نانی ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كه‌ لیژنه‌كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی خۆیه‌تی و كه‌سانی ئه‌كادیمی و لێكۆڵه‌ر و ده‌روناس و توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به‌ چاودێری كردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش له‌خۆ ده‌گرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی لایه‌نی فه‌رمی وه‌ك ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و ئه‌نجومه‌نی ده‌وڵه‌ت و كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ و نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانیش بۆ چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ یاساكان ئاماده‌ییان ده‌بێت.

..

گفتوگۆكان ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیش ده‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ لیژنه‌كه‌ ده‌یه‌وێت به‌ دیدگایه‌كی نوێ و چه‌ندین بۆچوونه‌وه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكات

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا كه‌نانی وتی: عیراقیه‌كان متمانه‌یان به‌سیسته‌می هه‌ڵبژاردنه‌كان (سانت لیگۆ) نه‌ماوه‌، بۆیه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر سیسته‌مێك ده‌كات كه‌ خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقی بكات، له‌ ڕووی ته‌بیعه‌ت و گرنگیدان به‌ لایه‌نی ڕێژه‌یی. ڕاوێژكاره‌كه‌ی سه‌رۆك كۆمار بۆ پرسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیش وتی: گفتوگۆكان ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیش ده‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ لیژنه‌كه‌ ده‌یه‌وێت به‌ دیدگایه‌كی نوێ و چه‌ندین بۆچوونه‌وه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكات، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقی بگونجێت و پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوریش نه‌بێت.

له‌ كۆتایشدا ئه‌میر كه‌نانی ڕاوێژكاری سه‌رۆك كۆمار بۆ كاروباری یاسایی،وتی: ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی كه‌ له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ردا ماوه‌، دواین واده‌یه‌ بۆ ته‌وابوونی بۆچوونه‌كانه‌ و داڕشتنه‌وه‌ی یاساكان، هه‌روه‌ها كۆبوونه‌وه‌كانیش له‌م هه‌فته‌یشدا به‌رده‌وام ده‌بێت، دوای ئه‌وه‌ش لیژنه‌كه‌ ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ نوسینه‌وه‌ی یاساكان، واته‌ سه‌رجه‌میان له‌ یه‌ك یاسادا كۆده‌كرێنه‌وه‌، كه‌ ناو ده‌نرێت یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان.