ئه‌بوجیهاد هاشمى، تارماییه‌كى ترسناك له‌پشت رووداوه‌كانى عێراقه‌وه‌

ئه‌و پیاوەی به‌ فعلی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌

ئه‌بوجیهاد هاشمى، تارماییه‌كى ترسناك له‌پشت رووداوه‌كانى عێراقه‌وه‌

717 خوێندراوەتەوە

ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق تاكو ئێستا ناسنامه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یان ئاشكرا نه‌كردووه‌، كه‌ به‌رپرسن له‌ كوشتنی 149 خۆپیشانده‌ر و بریندار كردنی 6000 كه‌سی دیكه‌، كه‌ له‌ میانه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كه‌ی سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ر دژی گه‌نده‌ڵی بۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ په‌نجه‌ی تۆمه‌ت ئاڕاسته‌ی فه‌رمانده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كرێت،كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ نزیكن، وه‌ك ئه‌بو زه‌ینه‌ب ئه‌للامی سه‌ركرده‌ له‌ كتائبی( حزب الله العراقی) كه‌ هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌منی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبیشه‌.

تۆمه‌تبارێكی دیكه‌ كه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌للامیه‌، به‌ڵام له‌وه‌یه‌ كاریگه‌ری زیاتری له‌سه‌ر ڕووداوه‌ سیاسی و ئه‌منیه‌كانی عیراق جێهێشتبێت، ئه‌ویش ئه‌بو جیهاد ئه‌لهاشمیه‌، كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌ به‌كارهیچنانی توندوتیژی دژی خۆپیشانده‌ران.

چالاكوانان و ڕاگه‌یاندكارانی عیراق ده‌ڵێن،به‌و پێیه‌ی ئه‌و له‌ بڕیار به‌ده‌ستانی به‌غداوه‌ نزیكه‌، بۆیه‌ ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی له‌ توندوتیژیه‌كانی دژ به‌ خۆپیشانده‌ران بینیوه‌.

،،

ئه‌بو جیهاد ئه‌لهاشمی یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ڕۆژی سێی ئۆكتۆبه‌ر به‌شداری كردووه‌ له‌ دروستكردنی شانه‌ی قه‌یرانه‌كان له‌ به‌غداد، كه‌ ئامانجی كپ كردنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان بووه‌

 
ئه‌بو جیهاد ئه‌لهاشمی كێیه‌؟

ناوی ته‌واوی محه‌مه‌د ئه‌لهاشمیه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقه‌، كه‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌ پێی یاسای عیراقی پله‌ی وه‌زیری هه‌یه‌ و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی فراوانه‌. ئه‌لهاشمی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامیه‌، كه‌ له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا له‌ ته‌هران دامه‌زراوه‌، ئه‌و له‌ فه‌یله‌قی به‌در باڵی سه‌ربازی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ كاری كردووه‌، كه‌ دواتر له‌ ژێر ناوی ( ڕێكخراوی به‌در )بوو به‌ پارتێكی سیاسی.

گۆڤاری فۆرن پۆڵیسی ئه‌مریكی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌، دانانی ئه‌لهاشمی وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران چانسێكی باشی به‌ میلیشیاكان داوه‌، هاوكات توانیویه‌تی هه‌ژموونی خۆشی به‌سه‌ر حكومه‌تی عیراقدا بچه‌سپێنێت، چونكه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ئه‌بوو مه‌هدی موهه‌ندیس سه‌ركرده‌ی (كتائب حزب الله العراقی) هه‌یه‌، كه‌ ناوی له‌ لیستی تیرۆرستانی ئه‌مریكادا هاتووه‌ ، هه‌روه‌ها كه‌سێكی نزیكی قاسمی سوله‌یمانیشه‌.

 مایكڵ نایتس نوسه‌ری تایبه‌تمه‌ندی له‌ بواری سه‌ربازی و ئه‌منی عیراق و ئێران و وڵاتانی كه‌نداو له‌ په‌یمانگای واشنتن، ده‌ڵێت:" ئه‌بو جیهاد ئه‌لهاشمی یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ڕۆژی سێی ئۆكتۆبه‌ر به‌شداری كردووه‌ له‌ دروستكردنی شانه‌ی قه‌یرانه‌كان له‌ به‌غداد، كه‌ ئامانجی كپ كردنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان بووه‌. ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات ئه‌و شانه‌یه‌ كۆمه‌ڵێك فه‌رمانده‌ی میلیشیاكانی عیراق له‌ خۆ ده‌گرێت، وه‌ك ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، فالح فه‌یاز ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عیراق، قه‌یس خه‌ز عه‌لی سه‌ركرده‌ی میلیشیای (اهل الحق)، كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌ری سوپای پاسدارانی ئێرانی له‌ سه‌روی هه‌موییانه‌وه‌ قاسمی سوله‌یمانی.

،،

گۆڤاری فۆرن پۆڵیسی ئه‌مریكی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌، دانانی ئه‌لهاشمی وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران چانسێكی باشی به‌ میلیشیاكان داوه‌، هاوكات توانیویه‌تی هه‌ژموونی خۆشی به‌سه‌ر حكومه‌تی عیراقدا بچه‌سپێنێت، چونكه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ئه‌بوو مه‌هدی موهه‌ندیس سه‌ركرده‌ی (كتائب حزب الله العراقی) هه‌یه‌، كه‌ ناوی له‌ لیستی تیرۆرستانی ئه‌مریكادا هاتووه‌ ، هه‌روه‌ها كه‌سێكی نزیكی قاسمی سوله‌یمانیشه‌.

 

نایتس ده‌ڵێت: شانه‌كه‌ كۆمه‌ڵێكی دیكه‌ش له‌ خۆ ده‌گرێت، وه‌ك ئه‌بو زه‌ین ئه‌للامی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌منی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌بو مونته‌زه‌ر ئه‌لحوسه‌ینی ڕاوێژكاری سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ كاروباری حه‌شدی شه‌عبی، حامید ئه‌لجه‌زائیری فه‌رمانده‌ی میلیشیاكانی سرایا ئه‌لخوراسانی، ئه‌بو ئه‌للائـ ئه‌لوه‌لائی سه‌رۆكی میلیشیای (كتائب سید الشهدائـ). ئه‌و نوسه‌ره‌ له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ له‌ شانه‌كه‌دا به‌شداریان كردووه‌، هاوكاربوون بۆ ئه‌نجامدانی تاوانی دژه‌ مرۆڤایه‌تی و پێویسته‌ سزا بدرێن، كه‌ یه‌كێكیان ئه‌بو جیهاد ئه‌لهاشمیه‌.

پێش ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان به‌ دیاری كراوی له‌ مانگی حوزه‌یرانی ڕابردوودا، زۆر ناوی ئه‌بو هاشم ده‌هێنرا، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی غالب شابه‌نده‌ر ڕوناكبیر و نوسه‌ری عیراقی ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌بو جیهاد ئه‌لهاشمی به‌ كردار (فعلی) فه‌رمانڕه‌وه‌ی عیراقه‌، نه‌ك عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران. شابه‌نده‌ر له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیدا كه‌ له‌ مانگی حوزه‌یرانی رابردوودا له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كاندا بڵاوی كردۆته‌وه‌ دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌" ئه‌لهاشمی په‌یوه‌ندیه‌كی كۆنی به‌ ده‌زگای هه‌واڵگری ئێرانی (ئیتلاعات)ه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ فه‌یله‌قی به‌دره‌وه‌ كردووه‌.

سه‌رۆك وه‌زیران به‌ كرداریی!

شابه‌نده‌ر ده‌ڵێت:" عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران نیه‌، به‌ڵكو به‌ فعلی ئه‌بو هاشم سه‌رۆك وه‌زیرانه‌، كه‌ له‌ باوه‌شی ئیتڵاعاتدا گه‌وره‌ كراوه‌." هه‌روه‌ها پێش ئه‌وه‌ی پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاده‌ست بكرێت، ئه‌بوجیهاد سه‌رپه‌رشتی لایه‌نی دارای ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی ده‌كرد. شابه‌نده‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ هۆی جیابوونه‌وه‌ی عه‌مار ئه‌لحه‌كیم له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵاو پێكهێنانی ڕه‌وتی حیكمه‌ به‌هۆی ناكۆكیه‌ داراییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌بو جیهاد دا بووه‌.

له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كاندا و به‌كارهێنانی توندوتیژی له‌ دژیان، نوسه‌ران و ڕۆژنامه‌نوسان و چالاكوانان داوایان ده‌كرد كه‌ سنوورێك بۆ ئه‌بو جیهاد ئه‌لهاشمی و هاوكاره‌كانی له‌ ناو حكومه‌تی عیراقدا دابنرێت. له‌ كۆتایشدا سه‌رمه‌د ئه‌لتائی نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس له‌ واڵی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك داوای له‌سه‌رۆك وه‌زیران كرد كه‌: حكومه‌ت له‌ ده‌موچاوه‌كانی میلیشیاكان پاك بكاته‌وه‌" وتیشی: "ته‌نها به‌ ناوی فالح فه‌یاز و ئه‌بو جیهادو ئه‌وانی دیكه‌ه‌وه‌ ناوه‌ستین."