ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید: ئه‌و سه‌ركرده‌ سیاسییانه‌ی ترسیان له‌خۆیان هه‌یه‌ عێراقیان جێهێشتووه‌

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید: ئه‌و سه‌ركرده‌ سیاسییانه‌ی ترسیان له‌خۆیان هه‌یه‌ عێراقیان جێهێشتووه‌

579 خوێندراوەتەوە


دیداری : بڕواکەمال

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق سەبارەت بەخۆپیشاندان‌و گرژییەکانی شارەکانی عێراق بۆ " دیبلۆماتیک مەگەزین" دەدوێت‌و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات كه‌ خۆپیشاندانەكان توڕەیی و بێزاری خەڵکی عێراقه‌ لەم جۆرە دەوڵەت دارییەی کە لەعێراقدا ئەکرێت، ئاماژەش بەوە دەکات کە بەشێک لەسەرکردە سیاسییەکان به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ بەغدادیان بەجێهێشتوە.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ كورده‌ی په‌رله‌مانی عێراق دەڵێت:" هۆكاری خۆپیشاندانەکان کەڵەکەبووی ئەو قەیران و گرفتانەیە کە لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ دروستبوون، کە له‌سه‌ر بنه‌مای لەسەر تائیفەو نەتەوەو لەسەر بنه‌مای پشک پشکێنەی حیزبەکان بوو، بۆیە لەبری ئەوەی دەوڵەتێک دروست بکەن قەرەبووی ئەوفەترە زەمەنیەی ئەو ٣٥ ساڵەی ڕژێمی بەعس لەناڕەحەترین باروودۆخا بكاته‌وه‌، هاوڵاتییانی عێراق چاوەڕێبوون دەوڵەتێک دروستبێت بێتە دەوڵەتی هاووڵاتی، بەڵام بەپَیچەوانەوە سال لەدوای ساڵ حکومەت لەدوای حکومەت هەر خراپتردەبیت‌و فەساد زۆتر دەبێت، بۆیە ئەم خۆپیشاندانانە بەرئەنجامی ئەو دەوڵەتەیە کەپێی دەڵێن عێراقی نوێ".

،،

لە ناوچە شیعەنشینه‌كانداو لەناوجەرگەی پایتەختی شیعەکاندا کە نەجەف و کەربەلایە لەئێستادا گەنجانی شیعە مەزهەب دژی دەسەڵاتی شیعەن.

ده‌رباره‌ی ڕۆڵی ده‌ره‌كی له‌ خۆپیشاندانه‌كانی عێراقدا، ئەحمەدی حاجی ڕەشید وتی:" زۆر بەپێیچەوانەوە ئەگەر ئەم خۆپیشاندانانە دەستی دەرەکی لەپشتبوایە، دەستە دەرکییەکان پشتگیری ئەو دەسەڵاتەیان نه‌ده‌كرد کە لەئێستادا كه‌ لەعێراقدا حكوم ده‌كات، لە ناوچە شیعەنشینه‌كانداو لەناوجەرگەی پایتەختی شیعەکاندا کە نەجەف و کەربەلایە لەئێستادا گەنجانی شیعە مەزهەب دژی دەسەڵاتی شیعەن، بۆیە دەرئەنجامی ئەوزوڵم وستەمەیە کە هاومەزهەب‌و هاونەتەوەو هاوزمان کردویەتی، بۆیە ئەم نەزەریەی موئامەرەیەی کە چەند ساڵ لەمەوپێش وەکو کەلتور بەعس بەکاری دەهێنا، ئێستاش هەمان ئەوانەی ڕێچکەی بەعسیان گردووه‌ته‌بەر کەهەمان تۆمەت ئاڕاسته‌ی خۆپیشاندەران دەکەن، ئەو قسانە دوورە لەڕاستییەوە بەهیچ شێوەیەک تەعبیر لە کڵپەو ناڵەی ئەو گەنجانە ناکات کە ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعەیە کەلەعیراقدا هەیە ئیستا".


پەڕلەمانتارەی عێراق، زۆرتر ده‌رباره‌ی خۆپیشاندانه‌كان ده‌دوێت‌و دەڵێت: بۆ دووباره‌ بنیاتانه‌وه‌ی دەوڵەتی عێراقەو هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەوڵەتەیه‌ لەسەر ئەساسی تەزویر دروست بووە، ئەم خۆپیشاندانانه‌ ده‌بنه‌ ئەو کلپەیه‌ی عێراق بنیات ئەنێتەوە، ئەگەر لەبار نەبرێت".

 
سەبارەت به‌ هه‌ڵهاتنی سەرکردە سیاسیەکانی عێراق‌و جێهێشتنی ناوچه‌ی سەوز لەبەغداد، ئەحمەدی حاجی ڕەشید ده‌ڵێت:" ناوچەی سەوز لەئێستادا چۆڵە، ئەوەی من موتابەعەم کردووە من ئیستاکە لەسلێمانیم‌و بەحوکمی ئەوەی له‌ڕێگه‌ی تەلەفۆنەوە ئاگادارم، ئەگەر قیاس بێ لەسەر ئێمە ئێمە لەناوچەی سەوز نەماوین، هیچ ئەندام پەڕلەمانێک ئەوەی من ئاگادارم کورد لەبەغداد نییە وە سەرکردە سیاسیەکانی عێراقیش بەشێوەیەک لەشێوەکان خۆیان کەنارگرتووە، هەندێکیان لەبەغداد هەن، بەڵام ئەوانەی کەشوێنیان قایم و تۆکمەنییه‌و ئەوانەی کەترسیان لەخۆیان هەیە، بەڵێ عێراقیان بەجێی هێشتووە، یان چوونەتە پارێزگایەکی دوور لەخۆپێشاندانانەكان، یاخو بەجۆرێک لەجۆرە کان سەفەرێکیان بۆخۆیان ڕێک خستووەو خۆیانی پێوە مەژغوڵ دەکەن، بەشێوەیەکی گشتی بەشێک لەسەرکردە سیاسییەکان بەغدادیان بەجێی هێشتووە".