ژنان، سەرەڕمی خۆپیشاندانەکانی هەولێرن

چوارەمین ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان

ژنان، سەرەڕمی خۆپیشاندانەکانی هەولێرن

2933 خوێندراوەتەوە

  

ئەمڕۆ (٢٨.٣.٢٠١٨)، خۆپیشاندانی شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پێینایە ڕۆژی چوارەم، خۆپیشاندانەکانی ئەمجارە سەرتاسەرییە و ناڕەزایی و خۆپیشاندان هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە، کە ئەمەش جیاوازییەکی بنەڕەتی بەم خۆپیشاندانە بە خشیووە. 

جیاوازییەکی دیکەی بنەڕەتی کە بەم خۆپیشاندانانەوە دەبینرێت بە تایبەت لە هەولێر، بەشداریی جدیی و ئاپۆڕای کچان و ژنانە لە نێو خۆپیشاندانەکاندا، بە جۆرێک ژنان بوونەتە دەنگی دلێری ناڕەزاییەکان و چەندین دروشمی نوێ بەرامبەر خراپی سیستمی حوکمڕانیی دەوترێنەوە، کە زۆرینەیان لە سەر زاری ژنانەوە  خزاونەتە ناو خۆپیشاندانەکانەوە. 

د. شێرکۆ کرمانج، توێژەر و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی ئوسترالیا پێیوایە، "پێویستە بەشداری ژنان هێندەی دیکە زیاد بکرێت، ئەمەش بەوە دەکرێت کە خۆپیشاندەران خوشک و هاوسەرەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بهێنن".

 

CVT
دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی هەولێر  لە بەردەم پارکی شانەدەرەوە ــ یەکشەممە ـ ٢٠١٨.٣.٢٥ 

،،

جیاوازییەکی بنەڕەتی کە بەم خۆپیشاندانانەوە دەبینرێت بە تایبەت لە هەولێر، بەشداریی جدی و ئاپۆڕای کچان و ژنانە لە نێو خۆپیشاندانەکاندا، بە جۆرێک ژنان بوونەتە دەنگی دلێریی ناڕەزاییەکان و چەندین دروشمی نوێی بەرامبەر خراپی سیستمی حوکمڕانیی دەوترێنەوە، کە زۆرینەیان لە سەر زاری ژنانەوە  خزاونەتە ناو خۆپیشاندانەکانەوە.

 

د.شێرکۆ کرمانج بەشداریی بەرفروانتری ژنانیش لە خۆپیشاندانەکانی ئێستای هەرێمی کوردستاندا، بەگرنگ دەزانێت بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکان بگات بە ئامانجەکانی خۆی،  دەشڵێت پێویستە خۆپیشاندەران و ڕابەرەکانیان ئەم خاڵە لەبەرچاو بگرن. 

 هەر لەسەر ئەم پرسە، چالاکێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسیوویەتی:"بەشداریکردنی ڕێژەی زۆری ژنان لە خۆپیشاندانەکان، شانسی ڕاونانی دەسەڵات زیاتر دەکات". 

هەرچەندە دەوترێت فەزای سلێمانی بە بەراوردی ناوچەکانی دیکەی کوردستان کراوەترە، بەڵام ئامادەیی و بەشداریی ژنان زیاتر بە خۆپیشاندانەکانی هەولێرەوە دیارە. 

،،

هەرچەندە دەوترێت فەزای سلێمانی بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی کوردستان کراوەترە، بەڵام لە ئێستادا ئامادەیی و بەشداریی ژنان زیاتر بە خۆپیشاندانەکانی هەولێرەوە دیارە.

 

نەک هەر لە هەرێمی کوردستان، بەگشتیی کەلتوری بەشداریی ژنان لە ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان لە نێو کۆمەڵگەکانی ئەم ناوچەیەدا زۆر باو نییە، ڕەنگە ئێران دیارترین وڵاتی ناوچەکە بێت، کە هەمیشە کچان و ژنان لە پێشەوەی خۆپیشاندانەکانن، بە تایبەت لە خۆپیشاندانەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردوو، کە ژنێک بە بەرزکردنەوەی سەرپۆشەکەی بووە سیمبولی خۆپیشاندانەکان.

 

CVT
خۆپیشاندەرێکی ژن دروشمێکی ناڕەزایی بەرامبەر بەغداد و هەرێم بەرزکردووەتەوە ــ هەولێر ـ ٢٠١٨.٣.٢٥ 

 

ئێستا وای لێهاتووە، ژنان ڕەخنە لە کەمی بەشداریی و هاتنی پیاوان دەگرن بۆ خۆپیشاندانەکان، ژنە مامۆستایەک لە ناو خۆپیشاندانەکانی هەولێردا بەتەنزە وتی:"داوا لە مامۆستا پیاوەکان دەکەین، ئەگەر خۆیان جورئەت ناکەن بێن بۆ خۆپیشاندان، ئەوا ژنەکانیان بنێرن". 

بەشداریی ژنان لە ناو خۆپیشاندانەکانی هەولێردا بە جۆرێکە، هەندێک دەڵێن ئەمە "شۆڕشی ژنانی قەڵا و مەنارەیە". 

عەبدوڵا مەلا نوری، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستانیش لە نوسینێکدا لە فەیسبووکی خۆیەوە، خۆپیشاندانەکان بە شۆڕشی ژنان ناودەبات و دەڵێت:" ژنان ئامادەگییەکی گەورەیان هەیە، شانبەشانی پیاوان ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ڕێگرییەکانی دەسەڵات و هێزە بەڵتەجییەکانی بوونەتەوە، هەڵگرو بێژەری زیندووترین دروشمەکانی خۆپیشاندانەکانن".

،،

" ژنان ئامادەگییەکی گەورەیان هەیە، شانبەشانی پیاوان ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ڕێگرییەکانی دەسەڵات و هێزە بەڵتەجییەکانی بوونەتەوە، هەڵگرو بێژەری زیندووترین دروشمەکانی خۆپیشاندانەکانن".

 

"خەڵکی قەڵا و مەنارە لەو دزانە بێزارە" ، " بەڵێنتان بەجێبێنن پاشەکەو هەڵوەشێنن"  ،  "مامۆستایانی هەولێر ئامادەینە وەکو شێر"، ئەمانە و چەندین دروشمی دیکە هەڵقوڵاویی ناو ویژدانی ژنانی خۆپیشاندەرە و چوار ڕۆژە پیاوانیش لەگەڵ ئەواندا دەیڵێنەوە، بە ئامانجی دروستکردنی کاریگەریی لەسەر ئەو سیستمە حوکمڕانییەی ژیانیانی شەکەت کردووە.

 

DFT
ڕۆژی سێیەمی خۆپیشاندانەکانی هەولێر ــ  ٢٠١٨.٣.٢٧ 

 

هەروەها، چالاکێکی دیکەی تۆڕ کۆمەڵایەتییەکان لە فەیسبووکی خۆیەوە دەنوسێت:"هاتنە مەیدانی ژنانی هەولێر پەیامەکەی زۆر لە داواکردنی موچە گرنگتر و فراوانتر و کاریگەرترە".

  

،،

 چالاکێکی تۆڕ کۆمەڵایەتییەکان لە فەیسبووکی خۆیەوە دەنوسێت:"هاتنە مەیدانی ژنانی هەولێر پەیامەکەی زۆر لە داواکردنی موچە گرنگتر و فراوانتر و کاریگەرترە".

 

سەبارەت بە بەشداریی ژنان بە تایبەت لە هەولێر، لایەنێکی پەیوەندی بەوە هەیە، پێش ٢٥ی مانگ، گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و هاوپەیمانیی داوایان لە ڕێکخستن و جەماوەرەکەیان کردووە بە قورسیی بەشداریی هەر خۆپیشاندانێک بکەن کە لە هەولێر ئەنجام بدرێت.

 

CVT
ڕۆژی یەکەمی خۆپیشاندانەکانی هەولێر ـ ٢٠١٨.٣.٢٥ 

 هەرچی لایەنە ئیسلامییەکانە ژنان بەشێکی بەرچاویی ڕێکخستنەکانیان پێکدەهێنن، هەر بۆیە ئامادەگیی ئەوان بە تەواوەی دیارە بە خۆپیشاندانەکانەوە. 

هەروەها، لە نێو چینی مامۆستایاندا، ژنان ڕێژەیەکی زۆری پێکدەهێنن، بەگشتی مامۆستایانیش ڕێبەرایەتی ئەم خۆپیشاندانە دەکەن، لەبەرئەوەش خۆپیشاندانەکان زۆرتر وەک هی ئەوان کەوتووەتەوە، بۆیە بەشداریی مامۆستایانی ژنیش بووەتە خاسیەتی خۆپیشاندانەکانی ئێستا.

 

author photo

ماستەر لە پەیوەندیە گشتییە سیاسییەکان

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە بواری لێكۆڵینەوەی سیاسيی