ئه‌سه‌د پیاوێكى به‌ده‌ست گه‌وره‌كانه‌وه‌

به‌شار ئه‌سه‌د به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك فیشه‌كێك بته‌قێنێت له‌ كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌ستكه‌وتی زۆری چنیه‌وه‌

ئه‌سه‌د پیاوێكى به‌ده‌ست گه‌وره‌كانه‌وه‌

472 خوێندراوەتەوە

جارێكی دیكه‌ به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆك كۆماری سوریا توانی له‌ مانۆڕی زلهێزه‌كانی جیهاندا، ده‌ستكه‌وتێكی زۆر بچنێته‌وه‌،به‌شێوه‌یه‌ك به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك فیشه‌ك بته‌قێنێت توانی بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌موو شارو شارۆچكه‌كانی باكوری ڕۆژهه‌لاتی سوریا.

به‌شار ئه‌سه‌د یه‌كێك بوو له‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ سودی زۆری له‌ بڕیاره‌كه‌ی ترامپ بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ سوریا وه‌رگرت، هه‌روه‌ها ده‌ستكه‌وتێكی دیكه‌ی له‌ ڕێكه‌وتنامه‌ی نێوان توركیا و ڕوسیا وه‌رگرت، بۆیه‌ ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌ بووه‌ براوه‌ی بڕیاره‌ سیاسیه‌كانی زلهێزه‌كانی جیهان، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای جه‌نگی ناوخۆیی سوریاوه‌ ده‌ستوه‌ردان له‌و وڵاته‌دا ده‌كه‌ن.

،،

سه‌رۆكی توركیا له‌ ڕۆژی 22ی ئۆكتۆبه‌ر ڕێكه‌وتنامه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ڤلادیمیچر پۆتینی سه‌رۆكی ڕوسیا ئیمزا كرد، كه‌ ڕێگای به‌ هێزه‌كانی سوپای سوریا دا بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان.

ده‌ستكه‌وت بۆ گشت لایه‌ك: هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكاو هێرشه‌كانی توركیا و گروپه‌ تیرۆرستیه‌كان، هیچ بژارده‌یه‌كی له‌ به‌رده‌مدا نه‌ما، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت به‌ نێوه‌ندگیری ڕوسیا ڕێگا به‌ دیمه‌شق بدات بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان.

 ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ كه‌ (دیمه‌شق و ئه‌نكه‌ره‌ و مۆسكۆ) به‌رژوه‌ندیكه‌نیان یه‌ك ده‌گرن، چونكه‌ ئه‌نكه‌ره‌ له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ كه‌ بوونی هێزه‌كانی ئه‌سه‌د به‌ هاوكاری ڕوسیا، زۆر باشتره‌ له‌بوونی هێزه‌ كوردیه‌كان له‌سه‌ر سنووری وڵاته‌كه‌ی، بۆیه‌ سه‌رۆكی توركیا له‌ ڕۆژی 22ی ئۆكتۆبه‌ر ڕێكه‌وتنامه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ڤلادیمیچر پۆتینی سه‌رۆكی ڕوسیا ئیمزا كرد، كه‌ ڕێگای به‌ هێزه‌كانی سوپای سوریا دا بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك هێزه‌ كوردیه‌كان له‌و ناوچه‌یه‌ دوور بخرێنه‌وه‌.

 كوردیش كه‌ پێشتر هه‌موو هیوای له‌سه‌ر ئه‌مریكا هه‌ڵچنی بوو، كه‌ هاوكاری بكات بۆ دروستكردنی حوكمی خۆسه‌ر، به‌لام دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌ ناچاری ڕووی له‌ ڕوسیا كرد، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ر حوكمه‌ خۆسه‌ریه‌كه‌شی ده‌ست نه‌كه‌وێت به‌ كه‌متر له‌وه‌ ده‌ستكه‌وتێكی هه‌بێت.

  لینا خه‌تیب سه‌رۆكی به‌رنامه‌ی ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقا له‌ په‌یمانگای چاتام هاوس ده‌ڵێت:

توركیا كه‌ هاوكاری گروپه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی بۆ له‌سه‌ركارلادانی ئه‌سه‌د ده‌كرد، ئێستا به‌ شێوه‌یه‌كی فعلی دان به‌ شه‌رعیه‌تی ئه‌سه‌ددا ده‌نێت، بۆیه‌ ئه‌سه‌د و ڕوسیا پێیان وایه‌ ئه‌م دان پێدانانه‌ی توركیا، سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش دان به‌ ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌ددا بنێن، ببێته‌ به‌ڵگه‌یه‌كیش كه‌ سه‌ركه‌وتووی جه‌نگێكه‌. هه‌روه‌ها گرنگه‌ ئه‌وه‌مان له‌ بیر نه‌چێت كه‌ پێشتر به‌شار ئه‌سه‌د زۆر به‌ باشی سودی له‌م ڕێگایه‌ وه‌رگرت،له‌ به‌رچاوی ئه‌وانه‌ی كه‌ هه‌وڵی ڕوخانیان ده‌دا، وا خۆی نیشاندا هێشتا خۆی له‌ گروپه‌ جیهادیه‌كان باشتره‌، كه‌ دواتر بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ واشنتن و ولاتانی جیهان ترسیان له‌و گروپانه‌ هه‌بێت و له‌ نێوان خراپ و خراپتریندا خراپیان هه‌ڵبژارد و وازیان له‌ بیرۆكه‌ی لابردنی به‌شار ئه‌سه‌د هێنا. ترامپ ئه‌سه‌دی ڕزگار كرد به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت!

 

،،

ترامپ چه‌ندین جار دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ لابردنی به‌شار ئه‌سه‌دی لا گرنگ نیه‌،هه‌روه‌ها مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ولاته‌كه‌ی له‌و جه‌نگه‌ بێ كۆتاییه‌دا به‌ گرنگ نه‌زانیوه‌

 

دروشمه‌كه‌ی ترامپ ( ئه‌مریكا له‌ پێشتره‌)، كه‌ هه‌ندێك جار فه‌وزای به‌ دوای خۆیدا هێناوه‌، بووه‌ دیاریه‌كی بێ وێنه‌ بۆ به‌شار ئه‌سه‌د و له‌ زۆر كێشه‌ دووری خسته‌وه‌.

دۆناڵد ترامپ له‌ كاتی هێرشی كیمیاوی حكومه‌تی سوریا بۆ سه‌ر ناوچه‌یه‌كی نزیك له‌ دیمه‌شق، به‌شار ئه‌سه‌دی به‌ (ئاژه‌ڵ) ناوزه‌ند كرد، هه‌روه‌ها بۆ تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ش چه‌ند موشه‌كێكی ئاڕاسته‌ی فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی سه‌ربازی كرد، به‌ڵام ترامپ چه‌ندین جار دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ لابردنی به‌شار ئه‌سه‌دی لا گرنگ نیه‌،هه‌روه‌ها مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ولاته‌كه‌ی له‌و جه‌نگه‌ بێ كۆتاییه‌دا به‌ گرنگ نه‌زانیوه‌، بۆیه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌مریكا له‌لایه‌ن سوریا و ڕوسیا به‌ گه‌رمی پێشوازی لێكرا، بیریان له‌ جێگرتنه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا ده‌كرده‌وه‌.

ڕاسته‌ ئه‌مه‌ تاكه‌ هۆكاری مانه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی به‌شار ئه‌سه‌د نیه‌، چونكه‌ ئێران و ڕوسیا بۆ مانه‌وه‌ی زۆر هاوكاریان كرد، به‌تایبه‌ت ڕوسیا له‌ ساڵی 2015دا به‌ هیچرشی ئاسمانی هاوكاری زۆری سوپای سوریای كرد، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ له‌ كۆنترۆڵ كردنی شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكی دیكه‌ ده‌چوون، دواتریش گروپه‌ تیرۆرستیه‌كان كه‌ ناویان له‌ خۆیان ناوه‌ سوپای سوریای ئازاد، له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك گه‌مارۆ دران و به‌ هاوكاری روسیا له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د ڕێك كه‌وتن كه‌ ناوچه‌كانیان چۆڵ بكه‌ن و به‌ره‌وه‌ ڕۆژئاڤا بڕۆن.

كوردیش ده‌ستكه‌وتی خۆی به‌ده‌ستهێنا!

هه‌رچه‌نده‌ هه‌سه‌ده‌ توشی شه‌ڕێكی سه‌خت بۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ توركیا و گروپه‌ تیرۆستیه‌كان و ناوچه‌كانی كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ناوچه‌یه‌كی فراوانی له‌ ڕۆژهه‌ڵات له‌ به‌رده‌ستدایه‌، كه‌ زۆرینه‌ی كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانیش له‌ خۆ ده‌گرێت، ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندیه‌وه‌ له‌ داهاتوودا ده‌بێته‌ كارتێكی به‌هێز به‌ده‌ست هه‌سه‌ده‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مانۆڕه‌ سیاسیه‌كاندا به‌كاری بهێنێت، هه‌روه‌ها له‌ ئێستاشدا به‌هۆی ڕێكه‌وتنه‌كانه‌وه‌( ئه‌مریكا و ڕوسیا له‌گه‌ڵ توركیا)دا بۆته‌ ناوچه‌یه‌كی جێنفوزی خۆی.

،،

به‌ڵام له‌ هه‌موو دۆخه‌كاندا به‌شار ئه‌سه‌د براوه‌ی یه‌كه‌م ده‌بێت و وورده‌ ورده‌ به‌ره‌و ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌نگاو ده‌نێت.

له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ هێزه‌كانی ئه‌مریكا بۆ پاراستنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌تایبه‌ت بیره‌ نه‌وته‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ ڕۆژئاڤا، بۆیه‌ كوردیش بووه‌ خاوه‌نی ناوچه‌یه‌ك ، ڕوسیاش سوریا ناچار ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌دا مامه‌ڵه‌ بكات، توركیاش بۆی نیه‌ بچێته‌ ئه‌و ناوچانه‌وه‌، چونكه‌ ترامپ چه‌ندین جار هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ توركیا كردووه‌، كه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ نه‌كات. له‌م نێوه‌نده‌دا ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ له‌وه‌یه‌ به‌شار ئه‌سه‌د به‌ دوای چانسێكدا بگه‌ڕێت كه‌ هه‌موو ناوچه‌كانی سوریا كۆنتڕۆڵ بكاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا ئه‌و چانسه‌ی نیه‌، چونكه‌ هێرش بۆ سه‌ر سوپای توركیا بۆته‌ كارێكی نیمچه‌ مه‌حاڵ.

هه‌روه‌ها بۆ هێزه‌ كوردیه‌كانیش هه‌مان شت بوونی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ هه‌موو دۆخه‌كاندا به‌شار ئه‌سه‌د براوه‌ی یه‌كه‌م ده‌بێت و وورده‌ ورده‌ به‌ره‌و ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌نگاو ده‌نێت ، به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ندی كردنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی به‌ كۆمكاری عه‌ره‌بی، ئه‌مه‌ش له‌ داهاتوودا كارێكی ئه‌سته‌م نابێت، چونكه‌ له‌ ئێستادا ئیمارات دووباره‌ باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ دیمه‌شق كردۆته‌وه‌ سعودیه‌ش ئاگاداری دۆخه‌كه‌یه‌.

له‌ كۆتاییدا ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا هیچ پێگه‌یه‌كی نابێت، گروپه‌ تیرۆرستیه‌كانن كه‌ خۆیان له‌ چه‌ند گروپێكی توندڕه‌ودا ده‌بیننه‌وه‌، كه‌ خۆیان وه‌ك سوپای سوریای ئازاد ده‌ناسێنن، به‌ڵام جگه‌ له‌ توركیا هیچ وڵاتێك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ناكات، هه‌ر ئه‌مانیش بوونه‌ هۆی له‌باربردنی شۆڕشی سوریا بۆ له‌كارلادانی به‌شار ئه‌سه‌د، بۆیه‌ زه‌حمه‌ته‌ له‌ناوخۆش هیچ پشتگیریه‌كی جه‌ماوه‌ری ئه‌وتۆیان هه‌بێت، كه‌ وابكات سه‌نگێكیان پێبدات.