تیرۆریسته‌كان له‌ كوێن ؟

ئه‌بوبه‌كری به‌غدادی ته‌واو به‌ڵام تیرۆریزم به‌رده‌وامه‌

تیرۆریسته‌كان له‌ كوێن ؟

459 خوێندراوەتەوە

عادل باخه‌وان



چه‌ند هه‌ڵه‌ن ئه‌و ده‌زگا ده‌وڵه‌تیانه‌ی که‌، بۆ دۆزینه‌وه‌ی "تیرۆریسته‌کانی" سه‌له‌فیزمی ڕادیکاڵ، هه‌ر له‌ داعشه‌وه‌ تا دگاته‌ ئه‌لقاعیده‌، مزگه‌وته‌کان ده‌پشکنن، چاودێریی ئه‌کته‌ره‌ پابه‌نده‌ ڕیشداره‌کان ده‌که‌ن، به‌دواداچوون بۆ ئه‌و که‌سانه‌ ده‌که‌ن که‌ پێنج فه‌رزه‌ له‌ مزگه‌وتن، مه‌له‌ف بۆ ئه‌و چالاکوانانه‌ دروستده‌که‌ن که‌ له‌ کۆڕه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کاندا ده‌رده‌که‌ون.

ئه‌م جۆره‌ له‌ ڕه‌فتار به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ چه‌ند ئه‌و ده‌زگایانه‌ و ئه‌ندامه‌کانیان تێنه‌گه‌شتوون له‌ سروشتی ئه‌و پرۆگرامه‌ی که‌ له‌ڕێگایه‌وه‌ مرۆڤی تیرۆریست دروستده‌کرێت، به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م ده‌زگایانه‌ و ئه‌ندامه‌کانیان، ئه‌وه‌نده‌ی که‌ له‌ ژێر کارایی زنجیره‌یه‌ك بڕیاری پێشینه‌دا، که‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ واقیعه‌وه‌نیه‌، ده‌جوڵێنه‌وه‌ و کارده‌که‌ن، نیو ئه‌وه‌نده‌ له‌ژێر کارایی ئه‌و مه‌عریفه‌ جیاوازانه‌دا نین که‌ زانسته‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌کان له‌سه‌ر مرۆڤی تیرۆریست به‌رهه‌میانده‌هێنێت. بێگومان ئه‌مه‌ش یه‌کێکه‌ له‌و هۆکاره‌ سه‌ره‌کیانه‌ی که‌ وایانلێده‌کات که‌ به‌رده‌وام هه‌ڵه‌کانیان دوباره‌بکه‌نه‌وه‌ و "کولیبالیه‌کان" و مناڵه‌کانی "کواشی" به‌ئاسانی کونیانتێبکه‌ن و قه‌سابخانه‌ی گه‌وره‌ له‌ شارێکی وه‌ك پاریس یان هه‌ولێردا دروستبکه‌ن.

،،

بوونی مه‌عریفه‌یه‌کی زانستی، نه‌ك ئه‌منی، له‌سه‌ر ئه‌و جیهانه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی (کۆمه‌ڵایه‌تی به‌مانا فراوانه‌که‌ی) که‌ مرۆڤی تیرۆریست دروستده‌کات.


له‌کاتێکدا که‌ ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کانی فه‌ره‌نسا، به‌وردی چاودێرییان خستبوه‌ سه‌ر ئه‌و مزگه‌وتانه‌ی که‌ له‌لایه‌ن سه‌له‌فیه‌کانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برا، له‌کاتێکدا هه‌ر جوڵه‌یه‌کی نێو ئه‌م مزگه‌وتانه‌ به‌وردی ڕاڤه‌ده‌کرا و چه‌ندین ملیۆن دۆلاریش بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ته‌رخانکرابوو، وه‌ك رۆژنامه‌ی لۆمۆند په‌رده‌ی له‌سه‌ لادا ، ئه‌حمه‌دی کولیبالی و مناڵه‌کانی کواشی، په‌رده‌یان له‌سه‌ر خۆیان لادا و قه‌سابخانه‌یه‌کی گه‌وره‌یان له‌نێو دڵی پاریسدا دروستکرد.

 
ڕێگرتن له‌م جۆره‌ تراژیدیانه‌ له‌ هه‌نگاوی یه‌که‌مه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات که‌ من ناویده‌نێم ناسینی به‌رامبه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی که‌ هه‌یه‌؛ واته‌ بوونی مه‌عریفه‌یه‌کی زانستی، نه‌ك ئه‌منی، له‌سه‌ر ئه‌و جیهانه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی (کۆمه‌ڵایه‌تی به‌مانا فراوانه‌که‌ی) که‌ مرۆڤی تیرۆریست دروستده‌کات. به‌بێ ئه‌م مه‌عریفه‌یه‌، گومانم نیه‌ له‌وه‌ی که‌ هه‌موو چاره‌سه‌ر ئه‌منیه‌کان، جائیتر له‌ فه‌ره‌نسادابن یان له‌ کوردستان، شکستده‌هێنن.


ئاماده‌یی ئه‌م مه‌عریفه‌یه‌ هه‌لومه‌رجی دروستکردنی مه‌ودا له‌گه‌ڵ "بڕیاره‌ پێشینه‌کاندا" دروستده‌کات. بۆنموونه‌ یه‌کێك له‌و بڕیاره‌ پێشینانه‌ی که‌ گرفتی گه‌وره‌مان له‌ تێگه‌شتن بۆ دروستده‌که‌ن، بریتیه‌ له‌ وێناکردنی "سه‌له‌فیسته‌ ڕادیکاڵه‌کان"ی داعش یان ئه‌لقاعیده‌ وه‌ك کۆمه‌ڵێك مرۆڤی گه‌ڕاوه‌ له‌ زه‌مه‌نی به‌رده‌وه‌، وه‌ك کۆمه‌ڵێك مرۆڤی دابڕاو له‌ گلۆبالیزاسیۆنی جیهانی نوێ، وه‌ك کۆمه‌ڵێك مرۆڤی هه‌زاران ساڵی پێش ئێستا که‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌کیان به‌ دنیای نوێ و قه‌یران و کاره‌سات و پرسیاره‌کانیه‌وه‌ نیه‌.

،،

تیرۆریسته‌کانی سه‌له‌فیزمی ڕادیکاڵ، پێش ئه‌وه‌ی هه‌ر شتێکبن، مناڵه‌ سه‌رلێشێواوه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ن که‌ مۆدێرنیتێ دروستیکردوون. ئه‌وان پێشئه‌وه‌ی هه‌ر شتێبن، به‌رهه‌می قه‌یران و بۆشایی و تراژیدیا و کاره‌سات و زه‌بروزه‌نگه‌کانی ئێستا و ئێره‌ن، نه‌ك به‌رهه‌می سه‌رده‌می به‌رد.

ئه‌م وێناکردنه وامانلێده‌کات که‌، بۆ تێگه‌شتن له‌ واقیعی ڕاسته‌قینه‌ی تیرۆریسته‌کان، خۆمان ماندوونه‌که‌ین و کوێرانه‌ زنجیره‌یه‌ك میکانیزمی مامه‌ڵه‌کردن بخه‌ینه‌ کار. یه‌که‌م فه‌رمانی مه‌عریفه‌ی زانستی له‌سه‌ر تیرۆریزمی سه‌له‌فیسته‌ ڕادیکاڵه‌کانی داعش و ئه‌لقاعیده‌ بریتیه‌ له‌ گوماندروستکردن له‌سه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ پێشینه‌یه‌ و گه‌ڕانه‌ به‌دوای کۆی ئه‌و هۆکاره‌ بابه‌تی و زاتیانه‌ی که‌ واده‌که‌ن مرۆڤێکی تیرۆریست له‌ ئێستا و ئێره‌دا دروستببێت.


ئه‌و سه‌دان توێژینه‌وه‌یه‌ی که‌ ته‌نها له‌ ده‌زگایه‌کی وه‌ك قوتابخانه‌ی خوێندنی باڵای زانسته‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی پاریسدا، له‌سه‌ر تیرۆریزمی سه‌له‌فیزمی ڕادیکاڵ بڵاوکراونه‌ته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌کی گشتی مه‌ودا له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕیاره‌ پێشینه‌یه‌دا وه‌رده‌گرن و به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا ده‌ڕۆن که‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام ئاماژی پێده‌ده‌ین، واته‌ : تیرۆریسته‌کانی سه‌له‌فیزمی ڕادیکاڵ، پێش ئه‌وه‌ی هه‌ر شتێکبن، مناڵه‌ سه‌رلێشێواوه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ن که‌ مۆدێرنیتێ دروستیکردوون. ئه‌وان پێشئه‌وه‌ی هه‌ر شتێبن، به‌رهه‌می قه‌یران و بۆشایی و تراژیدیا و کاره‌سات و زه‌بروزه‌نگه‌کانی ئێستا و ئێره‌ن، نه‌ك به‌رهه‌می سه‌رده‌می به‌رد.


من وشیارم به‌وه‌ی که‌ ئه‌م تێزه‌ له‌لایه‌ن چه‌ندین ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی کوردیه‌وه‌ به‌توندی ڕه‌دده‌کرێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی که‌ له‌لایه‌ن ڕۆشنبیره‌ کلاسیکیه‌ سۆڤێتیه‌ کورده‌کانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن و هه‌ژمونیان به‌سه‌ردا کردوه‌. ئه‌و گوتاره‌ی که‌ ئه‌م ڕۆشنبیرانه‌ له‌پشتیه‌وه‌ وه‌ستاون، دوره‌ له‌و سۆسیۆلۆژیایه‌ی که‌ کارل مارکس به‌رهه‌می هێنا، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لکاوه‌ به‌ چوارچێوه‌یه‌کی ئایدۆلۆژی تاریکه‌وه‌ که‌ ڕه‌گوڕیشه‌کانی ده‌ڕۆنه‌وه‌ سه‌ر تۆتالیتاریزمی ستالینی تا هه‌ر شتێکی دیکه‌.