بەغدادی چیدەکرد لە ناوچەی جێ نفوزی تورکیا؟؟

تورکیا دەبێت وەڵامی هەبێت

بەغدادی چیدەکرد لە ناوچەی جێ نفوزی تورکیا؟؟

476 خوێندراوەتەوە

.
ـ دواجار به‌غدادی مرد، ئه‌مه‌ ناونیشانی وتاری غینادی بیترۆڤه‌ له‌ نیزاڤیسیمیا غازیتا،كه‌ ده‌رباره‌ی كوشتنی به‌غدادی و ئاشكرا كردنی كوشتنه‌كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌مریكاوه‌ نوسیویه‌تی، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ به‌غدادی له‌ناوچه‌یه‌كدا كوژراوه‌ كه‌ جێنفوزی توركیایه‌.

ـ له‌ وتاره‌كه‌یدا هاتووه‌: دۆناڵد ترامپ كوشتنی ئه‌بوو به‌كر به‌غدادی ئه‌میری ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ڕاگه‌یاند.
یه‌كێك له‌ خاڵه‌ زۆر گرنگه‌كان له‌ كوشتنی به‌غدادیدا ڕۆڵی وڵاتانی دیكه‌ بوو له‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌ی ئه‌مریكادا، ترامپ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ سوپاسی ڕوسیا و توركیا سوریا و عیراقی كرد.

ـ ترامپ ده‌شڵێت :" ده‌مه‌وێت سوپاسی كورده‌كانی سوریا بكه‌م، له‌سه‌ر ئه‌و پاڵپشتیه‌ی كه‌ له‌و ئۆپراسیۆنه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌دا پێشكه‌شیان كردین، هه‌روه‌ها ڕوسیا ڕێره‌وێكی ئاسمانیان بۆ ئه‌و فڕۆكه‌ و هه‌لیكۆپته‌رانه‌ی ئه‌مریكا كرده‌وه‌ كه‌ به‌شداریان له‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌دا كرد،به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕوسیا ئاگاداری ئۆپراسیۆنه‌كه‌ بێت".

ـ هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌، بۆریس دۆلگۆف توێژه‌ری دیاری سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی عه‌ره‌بی و ئیسلامی له‌ په‌یمانگای توێژینه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات سه‌ر به‌ ئه‌كادیمیای ڕوسی بۆ زانسته‌كان ده‌ڵێت:" به‌ پێی ڕێكه‌وتنامه‌ی توركیا و ڕوسیا،پارێزگای ئیدلب كه‌ به‌غدادی تێدا كوژراوه‌، له‌ژێر كۆنترۆڵی توركیادایه‌،ئه‌گه‌ر كوشتنی به‌غدادی ڕاست بێت، ئه‌مه‌ واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌نكه‌ره‌ پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كه‌ی نه‌بووه‌، له‌ دژایه‌تی كردنی تیرۆره‌ له‌و ناوچه‌یه‌ی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر ده‌ستی".

ـ دۆلگۆف ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات،كوشتنی به‌غدادی بۆ ترامپ گرنگیه‌كی سیاسی زۆری هه‌یه‌، چونكه‌ له‌لایه‌ك بووه‌ ماده‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن،له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ دووپاتكردنه‌وه‌ی گرنگی مانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكایه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا.

ـ كه‌ناڵی (المیادین) ئاماژه‌ی به‌ دوو جێگره‌وه‌ی به‌غدادی كرد، كه‌ له‌وه‌یه‌ ببنه‌ ئه‌میری ڕێكخراوه‌كه‌، ئه‌وانیش بریتین له‌ (ابو عبدالرحمن الجزراوی، ابو عوسمان الفرنسی)، به‌ڵام ئه‌مه‌ هیچ گرنگیه‌كی بۆ داهاتووی ڕێكخراوه‌كه‌دا نابێت، چونكه‌ له‌ ڕووی پراكتیكیه‌وه‌ ڕێكخراوه‌كه‌ بوونی نه‌ماوه‌، هه‌روه‌ها له‌ڕووی سیاسی و سه‌ربازیه‌وه‌ به‌ ته‌واوی له‌ عیراق و سوریا له‌ناو براوه‌،كوشتنی به‌غدادیش وه‌ك ڕه‌مزی ڕێكخراوه‌كه‌ دووپات كردنه‌وه‌ی له‌ناوبردنی ته‌واوی داعشه‌.
.
دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین – و/ گۆران قادر
سه‌رچاوه‌:RT