نێچیرڤان بارزانی داوای چی له‌ سێرگی لاڤرۆڤ كرد؟

پوتین‌و ئەردۆگان‌و تڕەمپ گەورەترین سەرکەوتنیان پێشکەش بە ئەسەد کرد

نێچیرڤان بارزانی داوای چی له‌ سێرگی لاڤرۆڤ كرد؟

581 خوێندراوەتەوە

پیتەر گالیبرەیس

وه‌رگێڕانی - محه‌مه‌د ڕه‌حمان


تا ئێستا بەتەواوی لێکەوتەکانی بڕیارەکەی ڕۆژی ٦ی تشرینی یەکەمی تڕەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاو هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ ئەردۆگان بۆ سەر باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا دەرنەکەوتووە.


ئەردۆگان ڕایگەیاند کە دەیەوێت ناوچەیەکی ئارام بە درێژایی ٢٢ میل دروست بکات کە بتوانرێت یەک ملیۆن ئاوارەی سووری تێدا نیشتەجێ بکرێت کە لە ئێستادا لە تورکیادا دەژین، بەڵام لەوانەیە ئەردۆگان مەبەستی ئەوە بووبێت بارودۆخی ڕۆژھەڵاتی سووریا لەبەرژەوەندی ئەو گروپە ئیسلامییانە هەڵبگێڕێتەوە کە تورکیا لە شەڕی ناوخۆی سووریا پاڵپشتی دەکردن و بە خراپی تێکشکان.

لێهاتوویی دیپلۆماسەتی ڕووسیا نیازی هەڵگیرساندنەوەی جەنگی ناوخۆی لە سووریا بەرپەرچدایەوە، ئەگەر ئەو نیازە سەری گرتبووایە دەرەنجامەکانی کارەساتبار دەبوو بۆ ئەمەریکا و کورد و ناتۆ و بگرە خوودی تورکیاش.


تورکیا ناتوانێت ئامانجەکەی لە دوورخستنەوەی کوردەکان لە ناوچەی ئارام بێنێتە دی، چونکە هێرشەکانی دەبێتە ھۆی پچڕانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاواو سەپاندنی سزا کە ئابورییە ناجێگیرەکەی خراپتر دەکات.


ئەگەر بێتە سەر جەنگی درێژخایەن لەگەڵ کوردەکان، تورکیا ناتوانێت پشت بە بریکارە سورییە ناڕێکخراوەکانی ببەستێت کە تائێستا بەکاریهێناون، ئەوەش واتا تێوەگلانی سوپای تورکیا لە شەڕ دژ بە هێزێکی ڕێکخراو و خەرجکردنی پارەیەکی زۆر.

پێش هێرشی تورکیا، سووریا بەسەر دوو لایەنی ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتی ڕووباری فوڕات دابەش بووبوو. لە ڕۆژئاواوە حکومەتی سووریاو گرووپە ئیسلامییەکان و گرووپەکانی سەربە تورکیای تێکشکاند، تەنها پارێزگای ئیدلیب لەدەرەوەی کۆنتڕۆڵی بەشار ئەسەد بوو.

لە ڕۆژھەڵاتیشدا، هەسەدە نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی سووریای کۆنتڕۆڵکردبوو بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی و ٣٠٠٠ هێزی تایبەت لە چالاکانی CIA. لەو ماوەیەدا ١١٠٠٠ چەکداری هەسەدە گیانیان لەدەستدا، لەکاتێکدا ئەمریکا پێنج قوربانی لەو ماوەیەدا هەبووە.

،،

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بارزانی داوای لە لاڤرۆڤ کرد ئاسانکاری بکەن بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەنێوان کوردەکانی سووریاو ئەسەددا. دوای چه‌ند ڕۆژ ڕێککەوتنێک ئەنجامدرا لەنێوان کوردو دیمەشقدا بە نێوەندگیری ڕووسیا.

لە ڕۆژی ١٣ی تشرینی یەکەم، بەپێی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەنێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا بە نێوەندگیری ڕووسیا ئەنجامدرا، هێزەکانی سووریا چوونە ناو باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ پاڵپشتیکردنی هێزە کوردییەکان و وەک یەکەم هەنگاو بۆ چەسپاندنەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی سووریا لە ناوچەکەدا.
تۆپخانەکانی تورکیا بنکەیەکی ئەمریکی تۆپبارانکرد و ئەمریکاش بەپەلە دیپلۆماتکار و هێزەکانی کشاندەوەو تڕەمپیش لە ڕاگەیەنراو و توویتەکانیدا شێوازێکی مام ناوەندی گرتەبەر لە پاساو هێنانەوە بۆ هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ هێرشی تورکیا بەوەی کە "کوردەکان فریشتە نین"، هەڕەشەشی کرد بە ڕوخاندنی ئابووری تورکیا ئەگەر هێرشەکانی نەوەستێنێت.

بێگومان، لەو دۆخەدا بەشی زۆری تراژیدیاکە بەر کورد دەکەوێت، گرنگترین شارە کوردییەکانی سووریا لەسەر سنووری تورکیان، یاخود زۆر لێیەوە نزیکن. قامیشڵی کە گەورەترین شارە، بە دیوارێکی کۆنکریتی لە شاری نوسەیبینی تورکی جیاکراوەتەوە. لە یەکەم ڕۆژەکانی ئۆپەراسیۆنی "بەهاری ئاشتی"، بۆمباران کردن و هێرشی هێزە ئاسمانیەكانی تورکیا بووە هۆی کوشتنی سەدان کەس و ئاوارەبوونی ٢٠٠٠٠٠ کەس.

ئەردۆگان دەڵێت یەپەگە (کە بەشێکی زۆری هێزەکانی سووریای دیموکرات پێکدێنێت) سەربە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە کە بە ئامانجی دامەزراندنی قەوارەیەکی سەربەخۆی مارکسی لە ساڵی ١٩٧٨ دروست بوون. بەڵام پاشان بە ئامانجەکەی بچووک کردوە و بەمەبەستی بەدەستهێنانی جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی بۆ مافەکانی گەلی کورد ماوەی ٣٥ ساڵ یاخیبووانە دژی دەوڵەتی تورکیا جەنگا.


تورکیا و یەکێتی ئەورووپا و ئەمریکا پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسێنن، بەڵام ئەوروپاو ئەمەریكا هەمیشە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پەکەکە نابینن. لەوانەیە بەهۆی ئەوەی کە لە هیچ هێرشێک لە دەرەوەی تورکیا تێوەنەگلاوەو بارەگای لە هەندێ وڵاتی ئەورووپا هەیەو بەشداری ڕزگارکردنی کەمینەی ئاینی ئێزیدیەکانی کرد لەسەر چیای شەنگال لە ساڵی ٢٠١٤ لە کوردستانی عێراق. هەرچەندە حکومەتەکەی ئەردۆگان گفتوگۆی لەگەڵ پەکەکە کردووە، بەڵام بیانووی ئەوە بۆ هێرشەکەی دەهێنێتەوە کە ڕێگە بە دروستکردنی قەوارەیەکی تیرۆریستی لەسەر سنوورەکانی نادات.

بانگەشەی تورکیا لە هەبوونی پەیوەندی لەنێوان پەکەکەو کوردانی سووریا بێ بنەما نییە. هەندێک لە سەرکردە باڵاکانی هەسەدە و پەیەدە نەک تەنھا ئەندامی پەکەکە بوون، بەڵکو لەناو تورکیاش شەڕیان لەدژی وڵاتەکە کردووە. وێنەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی دامەزرێنەری پەکەکە لە هەموو شوێنێکی باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا هەیە لە بارەگاکان و ئاڵاو تابلۆی ئاگادارییەکان و ئەو چەکدارانەی کە لە شەڕی دژی داعش شەهید بوون. بیروباوەڕی ئۆجەلانیش تا ئێستا کاریگەری گەورەی لەسەر کوردەکانی سووریا هەیە.

بەڵام کوردەکانی سووریا هەڕەشە نین بۆ سەر تورکیاو هیچ بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر نییە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سووریاوە هێرش کرابێتە سەر تورکیا. جوگرافیای ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان تەختەو لەبار نییە بۆ هێرشی تیرۆریستییەکان لەڕێگەی سنوور بەزاندنەوە. تورکیاش هەمیشە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ پەیەدە نەکردووەو تا ساڵی ٢٠١٥ دیپلۆماتکار و بەرپرسانی هەواڵگری ئەو ووڵاتە لەگەڵ ساڵح موسلیمی سەرکردەی پەیەدە کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە و لەنێویاندا کۆبوونەوە لە ئەنقەرە.

گۆڕانی ئەردۆگان بەرامبەر کورد لەوانەیە زیاتر پەیوەندی بە سیاسەتی تورکیاوە هەبووبێت وەک لە هەر هەڕەشەیەکی تیرۆریستی. تا ساڵی ٢٠١٤ پارتی دادو گەشەپێدانی ئەردۆگان ڕێژەیەکی جێگیری دەنگی کوردەکانی هەبوو کە دەنگیان پێدەدا. بەڵام ئەوە گۆڕا کاتێک لە ئەیلولی ٢٠١٤ تانکەکانی تورکیا بە سستی چاودێری گروپێکی داعشیان کرد کە هێرشی کردە سەر کۆبانێ. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٥، ئەردۆگان دەنگی کورد و لەگەڵیشیدا زۆرینەی پەڕلەمانیەکەی لەدەستدا. پاشان خۆی وەک نەتەوە پەرستێک دەرخست کە گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە کۆتایی پێهێناو پەیەدەی بە تیرۆریست ناساند.


کاتێک کوردەکان گەمارۆی سەر کۆبانێیان شکاندو ئەو ناوچە کوردنشینانەیان ئازاد کردەوە کە داعش دەستی بەسەردا گرتبوو، ئەمریکا پێداگری کرد کە لە شەڕی دژی داعش بەردەوام بن لە ناوچە زۆرینە عەرەبەکانی سوریا، وەک ڕەقەی پایتەختی داعش و دێرەزوور. ژمارەیەک لە کوردەکان، لەنێویاندا ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) دژی ڕشتنی خوێنی کورد بوون بۆ ئازادکردنی ناوچە عەرەبنشینەکان.

لە ساڵی ٢٠١٢وە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی و خۆبەخشانە لە چەند ڕێکخراوێکی ناحکومی کارم لەسەر پڕۆسەی نێوەندگیری کردووە، لەنێویاندا پڕۆسەی نێوەندگیری لەگەڵ کوردەکانی سووریا. یەکێک لە هەوڵەکان بریتیبوو لە یەکگرتنی کوردەکان وەک بەرەیەکی گەورەتری دیموکراسی ئۆپۆزسیۆن دژی ئەسەد، هەروەها بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەنێوان دەستە جیاخوازەکانی کورد لەناوخۆی سووریا و نێوەندگیری لەنێوان بەڕێوەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق. لەم دواییانەشدا، هاوکاری سەرکردە کوردەکانی سووریام کرد لە پلاندانانی گفتوگۆی ستراتیژی. لەمیانەی کارەکانمدا ١٣ جار گەشتم بۆ باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا کردووە و شایەتی بەرەوپێشچوونی ئیدارەکە بووم، بەتایبەتی بەشداری ئافرەتان لە کاری سیاسی و سەربازیدا.

،،

کوردەکانی سووریا هەڕەشە نین بۆ سەر تورکیاو هیچ بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر نییە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سووریاوە هێرش کرابێتە سەر تورکیا. جوگرافیای ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان تەختەو لەبار نییە بۆ هێرشی تیرۆریستییەکان لەڕێگەی سنوور بەزاندنەوە

لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوولدا لەگەڵ فەرماندە مەزڵوم کۆبانی و سەرکردە کوردەکانی دیکەی سووریا کۆبوومەوە. ئەوان بیریان لە پرسیارێکی سادە دەکردەوە: ئایا دەتوانن پشت بە ئەمریکا ببەستن بۆ ڕێگریکردن لە هێرشێکی تورکیا یاخود پێوویستە باشترین ڕێککەوتن بکەن کە لەتوانایاندایە لەگەڵ دیمەشق بۆ پاراستنی خۆیان؟ دوای جەنگی کەنداوی ١٩٩١, ئەمریکا ناوچەی ئارام و دژە فڕینی لە باکووری عێراق دروستکرد. ئەوەش هێزی بەخشییە کوردەکانی عێراق بۆ دامەزراندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢, کە بە ئەمری واقع بوو بە ناوچەیەکی سەربەخۆ دوای هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣. ئەو ئەزموونەی کوردستانی عێراق هاندەر بوو بۆ کوردانی سووریا، بەڵام تەنیا بە مانەوەی ئەمریکا دەهاتەدی.

سەرکردە کوردەکان هێشتا کەمێک هیوایان بە پشتیوانی ئەمریکا هەبوو. جێمس جیفری نێردراوی تڕەمپ تازە گفتوگۆی ڕێککەوتنێکی لەنێوان تورکیا و کورددا کردبوو کە بەپێی ڕێککەوتنەکە کوردەکان چەکدار و چەکە قوڕسەکانیان لە ناوچەی ئارام بەدرێژایی سنووری تورکیا دەکشێننەوە و هێزەکانی تورکیا و ئەمریکا بە هاوبەشی ناوچەکە دەپشکنن. بەڵام هێزەکانی تورکیا بەشێوەیەکی هەمیشەیی لە باکووری رۆژھەڵاتی سووریا نامێننەوە.

دوو ڕۆژ دوای ئەوەی هێزەکانی سووریا سنووریان بەزاند و لە ١١ی ئەیلوول، مەزڵوم کۆبانی بانگی دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی کرد بۆ بارەگاکانی و ویستی بزانێت کە ئەمریکا چی دەکات بۆ وەستاندنی تورکیا. دیپلۆماتکارەکە وتی کە پێویستە ڕاوێژ بکات و بیانووی ئەوەی هێنایەوە کە پێویستی بە کاتە بۆ ئەوەی وەڵامێک بداتەوە. بۆیە مەزڵوم کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کۆتایی پێهێنا.

،،

دوو ڕۆژ دوای ئەوەی هێزەکانی سووریا سنووریان بەزاند و لە ١١ی ئەیلوول، مەزڵوم کۆبانی بانگی دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی کرد بۆ بارەگاکانی و ویستی بزانێت کە ئەمریکا چی دەکات بۆ وەستاندنی تورکیا. دیپلۆماتکارەکە وتی کە پێویستە ڕاوێژ بکات و بیانووی ئەوەی هێنایەوە کە پێویستی بە کاتە بۆ ئەوەی وەڵامێک بداتەوە. بۆیە مەزڵوم کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کۆتایی پێهێنا.

ڕوسیا کاتی زۆر نەویست، دوو ڕۆژ دوای بڕیارەکەی تڕەمپ، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بارزانی داوای لە لاڤرۆڤ کرد ئاسانکاری بکەن بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەنێوان کوردەکانی سووریاو ئەسەددا. دوای چه‌ند ڕۆژ ڕێککەوتنێک ئەنجامدرا لەنێوان کوردو دیمەشقدا بە نێوەندگیری ڕووسیا. بەپێی ڕێککەوتنەکە سوپای سووریا لەو بنکانە جێگیر دەبێت کە لە باکووری ڕۆژھەڵات بەدرێژایی سنووری نێوان سووریا و تورکیادا هەن. هێزی دیمۆکراتی سوریا نامێنێت، دەبێتە لەشکرکێشیکی جیاکەرەوەی سەربازی وە بەشێکی هاوبەش دەبن لە هێزی پێنجی لەشکرکێشەکانی سوریای ژێر جڵەویی رووسیا. سوپای سووریا و چەکدارە کوردەکان بە هاوبەشی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەکە وەدەر دەنێن، لەنێویاندا عەفرین، کە شارێکی داگیرکراوی کوردیە و لەساڵی ٢٠١٧ لەلایەن تورکیاوە دەستی بەسەردا گیرا.

کاتێک ئەو کارە تەواو کرا. سووریا و کوردەکان دەست بە گفتوگۆ دەکەن سەبارەت بە مافەکانی کورد، وەک بەدەستهێنانی جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی لەناو دەستووری نوێی سووریا. دوای ئەوە یەکە ئیدارییە کوردییەکان نامێنن و سەرکردە کوردەکان لەناو حکومەتی سووریا پۆست وەردەگرن. کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش بەشێکی گرنگی ڕێککەوتنەکە بوو وە مەزڵوم کۆبانێ بە هاوتا ئەمریکیەکەی ڕاگەیاند کە دەبێت بکشێنەوە.

لە کۆتا ڕۆژی سەردانەکەمدا لە قامیشلی لەگەڵ سەرکردەکانی نزیکەی ١٢ پارتی سیاسی کۆبوومەوە، ئەوانەش کە نوێنەرایەتی مەسیحی و عەرەبەکانیان دەکرد. یەکێک لە سەرەتاترین پرسیارەکان لەلایەن ئافرەتێکی گەنجەوە کرا کە خۆی بە "هێرڤین خەلەف" ناساند، هاوسەرۆکی پارتی تازە دامەزراوی "پارتی داهاتووی سووریا"، کە ئامانجی کۆکردنەوەی کورد و عەرەب و مەسیحیەکان بوو لەژێر یەک چەتردا. پرسیارەکەی هاوشێوەی ئەو پرسیارانەی دیکە بوو کە لەماوەی گەشتەکەمدا ئاڕاستەم کرابوو، ئەویش ئەوەبوو "ئایا کورد و عەرەب و مەسیحیەکان دەتوانن پشت بە ئەمریکا ببەستن بۆ پشتیوانی کردنمان؟" وەڵامم دایەوە کە نازانم چونکە ئەمریکا سەرۆکێکی نییە کە وەک کەسێکی ئاسایی بێت.


چوار ڕۆژ دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی بەهاری ئاشتی، هێرڤین و شوفێرەکەی لەسەر ڕێگای سەرەکی ڕۆژھەڵات-ڕۆژئاوا لە باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا کەمینیان بۆ دانرایەوە لەلایەن ئەو ئیسلامیانەی کە تورکیا پشتیوانیان دەکات کە شوفێرەکەیان کوشت و هێرڤینیان لە ئۆتۆمبێلەکە هێنایە دەرەوە. پێش ئەوەی تەقەی لێبکرێت بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەدرا. ئیسلامیەکان بە موبایل وێنەی کوشتنەکەیان کرد و بە موبایلەکەی هێرڤین پەیوەندیان بە دایکیەوە کرد تا هەواڵی پێ بدەن کە چیان ئەنجامداوە. وەزارەتی ناوخۆ کوشتنەکەی بە "خەمهێن" ناوبرد.


دوای قسەکردن لەگەڵ ئەردۆگان لە ڕۆژی ٦ی ئەیلوول، تڕەمپ ڕایگەیاند کە تورکیا بەرپرسیار دەبێت لە ١١٠٠٠ چەکداری گیراوی داعش و نزیکەی ١٠٠٠٠٠ لە ئەندامانی خێزانەکانیان کە لە ئێستادا هێزەکانی سووریای دیموکرات دەیانپارێزێت.


لە ماوەی نێوان ٢٠١٣-٢١٠٥ کاتێک داعش لەوپەڕی هێزدا بوو، سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە بەپێی خەمڵاندنەکانیان هەر مانگێک ٢٠٠٠ لە جیهادیە بیانیەکان دەچنە نێو سووریا بۆ ئەوەی بچنە پاڵ خەلافەتەکەوە. بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ زیاتر لە ٢٥٠٠٠ چەکداری بیانی لە ڕیزەکانی داعشدا دەجەنگان.

ڕۆژی ١٧ی ئەیلوول لەسەر ڕاسپاردەی تڕەمپ، مایک پێنسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا و مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە لە ئەنقەرە لەگەڵ ئەردۆگان کۆبوونەوە. ئەوان راسپێردرابوون کە هەڵوێستە توندەکانی تڕەمپ بگەیەنن کە لە نامەیەکدا دەریبڕیبوو سیمای دیپلۆماسی تێدا بەدی نەدەکرا پەلەی لە ئەردۆگان دەکرد بۆ ڕێککەوتن و بە وریاکردنەوەی توندی "کەللەڕەق مەبە. گەمژە مەبە!" کۆتایی بە نامەکە هێنابوو. مایک پێنس و پۆمپیۆ ڕێککەوتنێکیان ئەنجامدا، ڕێککەوتنێک کە هەموو ئەو شتە گرنگانەی دا بە ئەردۆگان کە داوای دەکرد، ڕەوایی دانی ئەمریکا بە هێرشەکەی تورکیا و بەڵێنی هەڵگرتنی گەمارۆکان. لە بەرامبەردا تورکیا ڕازی بوو بە هەڵپەساردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان بۆ ماوەی ١٢٠ کاتژمێر.

لە کۆتا ڕۆژی ئاگربەستوکەدا، ئەردۆگان لە سوچی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین کۆبووەوە. دوای شەش کاتژمێر لە گفتوگۆ هەردوو سەرۆک ڕێککەوتن کە گرووپەکانی سەربە تورکیا لەنێوان گرێ سپی و سەرێکانی بمێننەوە و شەش ڕۆژ لەبەردەم کوردەکانە تا ٢٠ میل لە سنوور بکشێنەوە و هێزی پۆلیسی سەربازی ڕووسیا و پاسەوانی سنووری سووریا بچنە ناوچە سنوورییەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە نیوەڕۆی ڕۆژی ٢٣ی ئەیلوولەوە.


لەناوبردنی بنکەکانی ئەمریکا لە سووریا تەواو بوو. پوتین و ئەردۆگان و تڕەمپ گەورەترین سەرکەوتنیان پێشکەش بە ئەسەد کرد لەماوەی نزیکەی نۆ ساڵی شەڕی ناوخۆ ئەویش وەرگرتنەوەی یەک لەسەر سێی وڵاتەکەی بەبێ بەبێ تەقاندنی تاکە فیشەکێک.

لەهەموو ئەو ڕووداوانەدا، یەک وانەی ڕوون هەیە بۆ لایەنەکانی ناوچەکە: ڕووسیا و ئێران دڵسۆزن بۆ هاوپەیمانەکانیان، بەڵام ئەمریکا دڵسۆز نییە. کاتێک لە ٢٠١٥ ئەسەد لەسەر لێواری ڕووخان بوو، ڕووسیا و ئێران دەستتێوەردانیان کرد بۆ پاراستنی. کاتێک کوردەکان داعشیان تێکشکاند و بەشێوەیەکی باش جێگیرببوون لەبەردەم باڵادەستی هەرێمی ئێران، تڕەمپ جێهێشتن، سەرەڕای ئەوەی کە تێچووی مانەوەی بەردەوامی ئەمریکا کەمترین ئاست بوو.

داهاتووی کوردەکانی سووریا لەسەر بەرەوپێشچوونی پێشهاتەکان وەستاوە. هەرچەندە کە سوپای سووریا و دەزگا دەوڵەتیەکان دەگەڕێنەوە باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا، بەڵام دیمەشق سوپا و سەرچاوەکانی دیکەی نییە تا بەتەواوی ناوچەکە کۆنتڕۆڵ بکات. بە ٧٠٠٠٠ ژن و پیاوی چەکدارەوە، هەسەدە وەک هێزێکی بەتوانای زۆرینە کورد دەمێنێتەوە تەنانەت ئەگەر ئاڵای سووریاش بۆ نەخشێنراوەکانی سەرشانیان زیاد ببێت. ئەوەش ڕوون نییە کە ئایا حکومەتی سووریا دەتوانێت یاخود دەیەوێت ئەو دەزگا سیاسیانه هەڵبووەشێنێتەوە کە لەلایەن بەڕێوبەری خۆسەری ڕۆژئاواوە بنیاتنراون, لایەنی کەم بۆ ماوەیەکی کورت خایەن؟

بەدڵنیاییەوە هەسەدە لایەنێکی هیچ یەکێک لە ڕێککەوتنەکانی پوتین-ئەردۆگان یاخود مایک پێنس-ئەردۆگان نەبووە، چونکە هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە پاراستن لەلایەن ڕووسیا و حکوومەتی سووریاوە، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو شوێنانە چۆڵ دەکات بەدرێژایی سنووری تورکیا کە زۆرینەی هەرە زۆری کوردەکانی سووریای تێدا دەژی. ئەگەر ئەردۆگان جەنگەکەی دەستپێبکاتەوە، ئەوا پاکتاوی نەژادی بە ڕێژەیەکی گەورە دەبێت.