دژی ده‌وڵه‌ت، یان ڕژێم؟

دژی ده‌وڵه‌ت، یان ڕژێم؟

354 خوێندراوەتەوە

دژی ده‌وڵه‌ت، یان ڕژێم؟

له‌ ڕاستیدا به‌ سه‌رنجدان و به‌ دواداچونێكی خێرایی خۆپیشاندانه‌كانی ناوچه‌ عه‌ره‌بیه‌كانی عێراق ده‌گه‌یته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی ئه‌مان دژی ده‌وڵه‌ت نین.

سه‌ركۆنه‌كه‌ران به‌‌ ئاڵای ده‌وڵه‌ته‌وه‌ خۆپیشاندان ده‌كه‌ن و مه‌به‌ستیان تێكشكاندن و رووخانی ده‌وڵه‌ت نییه‌. به‌ڵكو گۆڕینی ڕژێم، واته‌ گۆڕینی سیسته‌می جڤاتی و مه‌زهه‌بی. به‌ڵام، ئه‌مه‌ش‌ به‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌، كه‌ سه‌ركۆنه‌كه‌ران‌ ڕێكخستنه‌وه‌و هه‌مواكردنه‌وه‌ی ده‌ستگاكانی ده‌وڵه‌ت و لۆژیكی كاركردنیان فه‌رامۆش ده‌كه‌ن.

هه‌موو گره‌وه‌ سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ش ئه‌مه‌یه‌‌: ئاخۆ نیزامه‌كه‌یان پێده‌گۆڕێت؟ ئاخۆ ده‌توانن هێڵێكی ڕوون له‌ نێوان ده‌وڵه‌ت و دین- بكێشن؟ ئاخۆ ده‌توانن نه‌هێڵن ڕه‌وتی خۆپیشاندانه‌كان نه‌كه‌وێته‌ ژێر ڕكێفی ئه‌م سه‌ركرده‌ و ئه‌و سه‌ركرده‌.

له‌ ڕاستیدا سه‌ركه‌وتنی ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ چه‌ند وابه‌سته‌ی گونجاوی و روونی ئامانجه‌كانیانه‌، ئه‌وه‌نده‌ش له‌وه‌دا كه‌ نه‌هێڵن ده‌مسپی و نوێنه‌رایان هه‌بێت. ده‌بێت وه‌ك بزاوتێكی سه‌ركۆنه‌كه‌ری بێسه‌ركرده‌ بمێننه‌وه‌. نه‌هێڵن موقته‌دا سه‌در و هاوشێوه‌كانی ببنه‌ نماینده‌ و به‌رجه‌سته‌كه‌ری خۆپیشاندانه‌كان و تێدا ببنه‌ خودان سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزی و وه‌ك پاڵه‌وانی شه‌قام و ده‌نگی <ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ر> خۆیان بسه‌پێنن.

..

ده‌وڵه‌ت و ڕژێم له‌ ئێستادا له‌ ژێر پاندۆر و هه‌یمه‌نه‌ی جڤاتی شیعه‌دایه‌ و ئه‌وان دانه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رین

له‌ هه‌موو بارێكدا، ئایا شه‌قام ده‌توانێت جڤاتی شیعه‌ و مۆده‌كانی چوونه‌ ڕێوه‌ی هه‌موار بكاته‌وه‌ و چه‌پۆكی پیاوه‌ ئاینیه‌كانی له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ده‌ستگاكانی ده‌وڵه‌ت لابه‌رێت؟ شه‌قام ده‌توانێت له‌ ناوجه‌رگه‌ی جڤاتی شیعه‌ پرسی ڕیفۆرمی ئاینی بسه‌پێنێت؟

من پێموایه‌ به‌ پێ هه‌مواركردنه‌وه‌ی جڤاتی شیعه‌ و سه‌پاندنی ریفۆرم له‌ نێو جه‌رگه‌ی شیعه‌ خۆیان، نه‌ هه‌مواكردنه‌وه‌ی لۆژیكی ده‌وڵه‌ت و نه‌ گۆڕینی چۆنه‌ڕێوه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ ئێستادا ئاسان نابێت. به‌ هه‌مان شێوه‌، گۆڕینی ڕژێم په‌یوه‌سته‌ به‌ گۆڕینی سیسته‌م و دینامیكی ناوخۆی جڤاتی شیعه‌. چونكه‌ له‌ بیرمان نه‌چێت، ده‌وڵه‌ت و ڕژێم له‌ ئێستادا له‌ ژێر پاندۆر و هه‌یمه‌نه‌ی جڤاتی شیعه‌دایه‌ و ئه‌وان دانه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رین.

د. هەردی مێد

 

author photo

دكتۆرا له‌ زانسته‌ سیاسیه‌كان

مامۆستای زانكۆی پاریس- دۆفین