بۆچی ئه‌مریكا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سوریا؟

بۆچی ئه‌مریكا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سوریا؟

666 خوێندراوەتەوە

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا چه‌ندین جار پابه‌ند بوونی وڵاته‌كه‌ی خۆی دووپات كردۆته‌وه‌ به‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ سوریا، به‌ڵام پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كرێت سه‌رۆك ترامپ له‌ بڕیاره‌كه‌ی پاشگه‌زبووبێته‌وه‌ و ته‌نها پاشه‌كشه‌ی هێزه‌كه‌ی بۆ ئاڵوگۆڕ بووبێت و نه‌یه‌وێت له‌و وڵاته‌دا بچێته‌ ده‌ره‌وه‌.

ڕۆژنامه‌ی (نیویۆرك تایمز)ی ئه‌مریكا له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ،كه‌ پێده‌چێت ژماره‌ی سه‌ربازه‌ ئه‌مریكیه‌كان له‌ خاكی سوریادا بگاته‌ 900 سه‌رباز، كه‌ ده‌كات نزیك له‌و ژماره‌یه‌ی كه‌ ترامپ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا بڕیاری كشانه‌وه‌ی دان كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ی (1000) سه‌ربازه‌.


ئه‌م زانیاریانه‌ دوای دوو ڕۆژ له‌ ڕاگه‌یاندنی ئیداره‌ی ئه‌مریكا دێت، كه‌ نیازی مانه‌وه‌ی سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌ی بۆ پاراستنی كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان ئاشكرا كرد.
ڕۆژنامه‌كه‌ ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات كه‌ تاكو ئێستا نیوه‌ی سه‌ربازه‌ جێگیركراوه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریا كشاونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت (250) له‌و سه‌ربازانه‌ بمێننه‌وه‌ كه‌ پێشتریش هه‌ر له‌وێ له‌ ئه‌ركدا بوون و زۆرینه‌شیان له‌ باشووری دێره‌زور جێگیر كرابون، به‌مه‌ش كۆی ژماره‌ی سه‌ربازانی ئه‌مریكا بۆ پاراستنی بیره‌ نه‌وته‌كان ده‌گاته‌ (500) سه‌رباز و له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی فوراتدا بڵاوه‌یان پێده‌كرێت.


جگه‌ له‌م سه‌ربازانه‌ نزیكه‌ی (400) سه‌ربازی دیكه‌ش له‌ بنكه‌ی (التنف) بونیان هه‌یه‌، به‌مه‌ش ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی ئه‌مریكا له‌و وڵاته‌دا ده‌گاته‌ نزیكه‌ی (900) سه‌رباز.


له‌ باره‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریادا، مارك ئیسپه‌ر وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا ئاشكرای كرد، كه‌ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان بۆ پاراستنی بیره‌ نه‌وته‌كانی باكوری سوریایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی ڕێكخراوی داعشی پێنه‌گات.


وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا دووپاتیشی كرده‌وه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ به‌غدادی ئه‌میری ڕێكخراوه‌كه‌ كوژراوه‌، به‌ڵام هێشتا دۆخی سوریا ئاڵۆزه‌، ئه‌مریكاش هه‌تاوه‌كو كۆتایی هاتنی ته‌واوه‌تی داعش له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی (هێزه‌كه‌ی سوریای دیموكرات)كار ده‌كات.


دۆناڵد ترامپ به‌ بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ سوریا له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكادا ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆر بووه‌وه‌، چونكه‌ كشانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی توركیا هێرش بكاته‌ سه‌ر هاوپه‌یمانه‌ ڕاستگۆكه‌ی ئه‌مریكا كه‌ كوردانی سوریان، هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌شی لێگیرا كه‌ خیانه‌تی له‌ كورده‌كان كردووه‌ و به‌ ته‌نیا بۆ توركیا و گروپه‌ تیرۆرسته‌كانی جێیهێشتوون بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژیان بكه‌ن.

یه‌كه‌م سوڕانه‌وه‌(ده‌وریه‌) دوای كشانه‌وه‌:
ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا دوای كشانه‌وه‌یان له‌ سوریا، یه‌كه‌م سوڕانه‌وه‌یان له‌ ناوچه‌ سنووریه‌كان ئه‌نجامدا، سوڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به‌ پێنج ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی ئه‌نجامدرا، كه‌ به‌ ئاڵای ئه‌مریكاوه‌ له‌ بنكه‌ی خۆیان له‌ شاری رمیلان له‌ پارێزگای حه‌سه‌كه‌ به‌ره‌و سنوری توركیا له‌ باكوری شارۆچكه‌ی قه‌حتانیه‌ ڕۆشتن.


هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌وریه‌یان تێدا ئه‌نجامدا، به‌ پێی ڕێكه‌وتنی هه‌فته‌ی ڕابردوو ناوچه‌یه‌كه‌ له‌ ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی دیمه‌شق و مۆسكۆدایه‌، به‌ڵام ئه‌مریكا ئه‌و ناوچانه‌ به‌ هی خۆی ده‌زانێت ، بۆیه‌ سوڕانه‌وه‌ی تێدا ئه‌نجامداوه‌.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی