سه‌گى سه‌ربازى، چى له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌زانیت؟

چی دەربارەی سەگە سەربازییەكان و مێژووی بەكارهێنانیان دەزانیت؟

سه‌گى سه‌ربازى، چى له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌زانیت؟

409 خوێندراوەتەوە

ئەو سەگەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا لە پای ڕۆڵی گەورەی لە كوشتنی ئەبوو بەكر بەغدادیدا ڕێزلێنانی پێبەخشی ،ئەوە حاڵەتێكی غەریب و شاز نەبوو،چونكە پێش ئەویش چەندین سەگی تر لەبەر هەمان مەبەست ڕێزلێنانیان پێبەخشراوە.

مێژووی بەكارهێنانی سەگەكان لەكاروباری سەربازیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێك كە ئەمریكا هەر لە نەخشەدا بوونی نەبوو.

بنەچەی ئەو سەگەی ترامپ وێنەكەی بڵاو كردەوە

سەرۆك ترامپ وێنەی ئەو سەگەی بڵاوكردەوە كە ڕۆڵێكی گەورەی لە ئۆپراسیۆنەكەی كوشتنی بەغدادیدا هەبوو، ئەو بوە هۆی ئەوەی بەغدادی ڕابكات و دواتر بە ناچاری خۆی بتەقێنێتەوە، بنەچەی ئەو سەگەی ترامپ ڕێزی لێنا لە (مالینۆ بەلجیكیە) كە هەمان بنەچەی سەگی (كایرۆ)یە، ئەو سەگەی لە كوشتنی ئوسامە بن لادندا بەكارهێنرا، كە خۆی لە مۆڵگەیەكدا لە پاكستان حەشاردابوو.

،،

ڕۆڵی سەگەكان لە سوپا و كاری سەربازی زۆر لەوە گەورەتر و فراوانترە و بەردەوام ڕاهێنان و مەشقی هەمەجۆریان پێدەكرێت.

 كاتێك هێزە تایبەتەكەی ئەمریكا بۆ دۆزینەوەی بنلادن توشی كێشە و گرفت هاتنەوە، لەو كاتەدا سەگی كایرۆیان نارد، ئەویش توانی شوێنەكەی بدۆزێتەوە، هەر لەبەر ئەم ڕۆڵە گرنگەشی بوو، كە بارام ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا ڕێزلێنانی پێبەخشی.

بەڵام لە ڕاسیتدا ڕۆڵی سەگەكان تەنها بۆ پاراستنی دەوروپشتی شوێنێك نیە، كە هێزەكان دەیانەوێت هێرشی بكەنە سەر، یان بۆ دەركردنی كەسێك نیە كە پشتێنی تەقەمەنی لەخۆی بەستوە، وەك ئەوەی بەغدادی، بەڵكو ڕۆڵی سەگەكان لە سوپا و كاری سەربازی زۆر لەوە گەورەتر و فراوانترە و بەردەوام ڕاهێنان و مەشقی هەمەجۆریان پێدەكرێت.

،،

یۆنانیەكان بەمەبەستی شەڕ كردن مەشقیان پێدەكرد و قەڵغانی ئاسنینان لەبەردەكرد، لە پێكهاتەی سەربازیدا لە پاڵ سەرباز و فیل و شێرەكاندا جێگیریان دەكردن.

لەسەردەمی فیرعەونەكاندا سەگەكان پەیوەندیان بە سوپاوە كردووە

بەكارهێنانی سەگ لە كاروباری سەربازی و سوپادا دەگەڕێتەوە بۆ شارستانێتی كۆنی مرۆڤایەتی، فیرعەونەكان و ڕۆمانیەكان و یۆنانیەكان و ئیغریقی و فارسەكانی زۆر لە مێژە بەكاریان هێناوە، بەكارهێنانی سەگەكان لەو كاتەدا بۆ چەند مەبەستێك بوو، وەك نامەبردن، پاسەوانی كردنی سەربازگەكان، پارێزگاری لە فەرماندە سەربازییەكان.

كۆنترین سەگی سەربازی لە جۆری (موسولوس)بووە، كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ حەوت هەزار ساڵ پێش زاین، یۆنانیەكان بەمەبەستی شەڕ كردن مەشقیان پێدەكرد و قەڵغانی ئاسنینان لەبەردەكرد، لە پێكهاتەی سەربازیدا لە پاڵ سەرباز و فیل و شێرەكاندا جێگیریان دەكردن.

بەڵام بە پێی مێژووی نوسراو، بەكارهێنانی سەگەكان لە جەنگەكاندا دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی سەدەی حەوتی پێش زاین، كە لە جەنگی نێوان شاری ئیڤیسۆس و ماگنیسیای یۆنان بەكارهێنران، لەو جەنگەدا هەر سوارچاكێك سەگێكی سەربازی لەگەڵدا بوو،سەگەكان یەكەم جار هێرشیان دەكردە سەر دوژمن، دواتریش سوراچاكەكان هێرشیان دەكرد.

 بەڵام لەگەڵ پێشكەوتنی شێوازی سەربازی و تەكنیكی جەنگیدا، بەهەمان شێوە ڕۆڵی سەگەكانیش لە كاروباری سەربازیدا فراوان بوو، تا گەیشتە ئەوەی ڕۆڵی سەرەكی لە جەنگەكاندا دەبینن، جەنگی یەكەم و دووەمی جیهان باشترین نموونەی ئەم ڕاستیەیە.

،،

ستۆبی بەناوبانگترین سەگی جەنگی یەكەمی جیهانی بوو، پلەی سەربازی بەرزكرایەوە بۆ (سیرجنت) كە بەرزترین پلەی ئەفسەری ئەو كاتە بووە، هۆكاری پێدانی ئەم پلەیەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ڕۆڵێكی بەرچاوی لە دۆزینەوەی سیخوڕە ئەڵمانیەكەدا بینی.

یەك ملیۆن سەگی سەربازی

لە جەنگی یەكەمی جیهانیدا كە لە نێوان ساڵانی 1914 بۆ 1918 ڕوویدا، سەگەكان ڕۆڵێكی سەرەكیان لەو جەنگەدا گێڕا، ژمارەیەكی زۆریان كرانە سەرباز و لە هێزەكانی هاوپەیماناندا كاری هەمەجۆریان پێدەكردن.

بەهۆی ژمارەی زۆریان، لەو جەنگەدا زیاتر لە یەك ملیۆن سەگ كوژرا، كە ئەمەش ژمارەیەكی زۆرە، كە هاوپەیمانان بەكاریان هێناون. ستۆبی بەناوبانگترین سەگی جەنگی یەكەمی جیهانی بوو، پلەی سەربازی بەرزكرایەوە بۆ (سیرجنت) كە بەرزترین پلەی ئەفسەری ئەو كاتە بووە، هۆكاری پێدانی ئەم پلەیەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ڕۆڵێكی بەرچاوی لە دۆزینەوەی سیخوڕە ئەڵمانیەكەدا بینی.

سەگی سەربازی ڕوسی

لە جەنگی جیهانی دووەمدا كە لەنێوان ساڵانی 1939 بۆ 1945ی خایاند، سوپای ڕوسیا پشتی زۆری بە سەگی سەربازی بەستبوو، بەتایبەت لەكاتی بەرگری كردن لەو حەسارەی كە ئەڵمانیەكان خستبوویەنە سەر ڕوسیا، سەگە ڕوسیەكان ڕاهێنانیان لەسەر تەقینەوە پێكرابوو، بە شێوەیەك دەچوون تەقینەوەیان هەڵدەگرت و لە نزیك سەرباز یان لەژێر تانكە ئەڵمانیەكان لە دوورەوە دەیانتەقاندوە.

،،

ئەمریكیەكان لە ئۆپراسیۆنەكانی زەریای ئارام و ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا هەزارەها سەگیان بەكارهێنا، بەڵام تەنها 549 سەگیان بە سەلامەتی گەڕانەوە، ئەو سەگانە جگە لە چواریان نەبێت هەموویان دوای خزمەتی سەربازی گەڕانەوە بۆ ژیانی مەدەنی.

سەگی سەربازی ئەمریكا: بەكارهێنانی سەگ لە سوپای ئەمریكادا بە بەراورد بە سوپای وڵاتانی دیكەدا زیاتر دەركەوت،بەڵام ژمارەیەكی باوەڕ پێكراو لە بەردەستدا نیە، كە چەند سەگ لە خزمەتی سەربازی ئەمریكادان، یان چۆن ڕاهێنانیان پێدەكرێت.

لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، ئەمریكیەكان لە ئۆپراسیۆنەكانی زەریای ئارام و ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا هەزارەها سەگیان بەكارهێنا، بەڵام تەنها 549 سەگیان بە سەلامەتی گەڕانەوە، ئەو سەگانە جگە لە چواریان نەبێت هەموویان دوای خزمەتی سەربازی گەڕانەوە بۆ ژیانی مەدەنی.

هەروەها لە جەنگی ڤێتنامدا پێنج هەزاری سەگی ئەمریكی لەپاڵ سوپادا بەشداربوون، كە نزیكەی 10 هەزار سەرباز ڕاهێنانیان لەسەر جەنگ پێدەكردن، بەڵام 232 سەگیان لەو جەنگەدا كوژران، هەروەها 295 ڕاهێنەریشیان (واتە سەرباز) كوژران.