یەكێتی دەچێتە بەرەی سەدرو خۆپیشاندەران بارزانی دەچێتە بەرەی ئێران و حەشد

خۆپیشاندانەكانی بەغدا،پارتی و یەكێتی دەخاتە دوو بەرە

یەكێتی دەچێتە بەرەی سەدرو خۆپیشاندەران بارزانی دەچێتە بەرەی ئێران و حەشد

1126 خوێندراوەتەوە

دیبلۆماتیك
لە سەر خۆپیشاندانەكانی بەغداو پارێزگاكانی دیكەی عێراق پارتی و یەكێتی دەكەونە دوو بەرە بە هۆی هاوسۆزی بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق بۆ خۆپیشاندەران و جموجۆڵەكانی بۆ دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی عێراق وەكو بەشێك لە جێبەجێكردنی داخوازی خۆپیشاندەران چەندین هێزی گەورەی شیعە لە یەكێتی نیگەران دەبن و هێزێكی گەورەی وەكو بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق دەزگا ئەمنییەكانی یەكێتی بە دەستێكەڵ بوون لەگەڵ دەزگای هەواڵگری موسادی ئیسرائیلی تۆمەتبار دەكات.

 

كێشەكە چۆن دەستی پێكرد؟
كەناڵی عەهدی سەر بە وەكو بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە كۆتای مانگی رابردوو هەواڵێكی بڵاوكردەوە كە گوایە هێزێكی دژە تیرۆری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەسەرپەرشتی لاهور شێخ جەنگی، هێزێكی كوردی قەناص بەدەست چوون بۆ بەغدا بۆ كوشتنی خۆپیشاندەران". چەند پەیجێكی چالاكی عێراقیش بە ڤیدیۆی و گرافیك ئیشیان لە سەر هەواڵە كرد كە كاردانەوەی زۆری لە نێو خۆپیشاندەران لێكەوتەوە لە بەرامبەر دەزگای دژە تیرۆری یەكێتی وەڵامێكی تووند كەناڵەكەی دایەوە رایگەیاند جگە لە رەتكردنەوە هەواڵە رایگەیاند:" بڵاوكردنەوەی ئەم هەوڵانە درێژكردنەوەی یارییەكی نەگریسی ئیقلیمییە بۆ تێوەگلاندنی كورد لە كەیسی توندوتیژی بەمەبەستی ئاڵۆزكردنی دۆخی ئارامی و ئاسایشی عێراق و هەڵگیرساندنی شەڕی تایەفی و شاردنەوەی بكەرانی راستەقینەی تاوانكاری.

جمۆجۆڵەكانی بەرهەم ساڵح سەرۆكۆماری عێراق بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆكوەزیرانێكی نوێ‌ و كۆبوونەوە چڕو پڕەكانی لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان زۆربەی هێزە سەرەكییە شیعییەكانی نیگەران كردووە لە سەرووی هەمووشیانەوە بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق كە یەكێكە لە بەهێزترین گروپەكانی حەشدی شەعبی و خاوەنی 15 كورسییە لە پەرلەمانی عێراق.


تەنانەت قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆن بەبێ‌ ناوهێنانی بەرهەم ساڵح گوتی: یەكێك لە سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەگەڵ ئەو فەوزایە" خەزعەل جگە لەوە ئاشكرای كرد كە دەزگای موسادی ئیسرائیل لە سلێمانی بارەگای هەیە ئەمەش بۆ یەكەمجارە سنووری دەسەڵاتی یەكێتی تۆمەتبار دەكرێت بۆ بوونی چالاكی ئیسرائیل زیاتر ئەم قسەیەش بۆ تووڕە كردنی ئێرانییەكان لێكدرایەوە كە ئەمینداری عەسائیب دەیەوێ‌ ئێرانییەكان دژی یەكێتی بهێنێتە خەت تاوەكو لەو رێگایەوە بەرهەم ساڵح واز لەو جمۆجۆڵانەی بهێنێ‌


هەر لەو چاوپێكەوتنە قەیس خەزعەلی ئەمریكاو ئیسرائیل بە جولاندنی ئەو خۆپیشاندان و كوشتن و سوتاندنی بارەگانی حەشدی شەعبی تۆمەتبار كرد هاوكات ئەوەشی باس كرد كە ئیمارات پارەیەكی زۆری خەرجكردووە گوتیش:" لە باكووری عێراق موساد بەس بارەگای لە هەولێر نییە لە سلێمانی".

 

بەرهەم ساڵح شیعەكان توڕە دەكات
جموجۆڵەكانی بەرهەم ساڵح بەس بەوە نەوەستا بەڵكو كۆبوونەوە یەك لە دوای یەكەكانی لەگەڵ گروپ و سەندیكا پیشەییەكان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و دامەزراندنی كۆمسیۆنێكی نوێی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هەروەها پێشكەشكردنی گوتارێكی راستەوخۆ بۆ خۆپیشاندەران كە تێدا جگە لە پشتیوانی كردنی داخوازییەكانی هەروەها ئاشكرای كرد كە عادل عەبدولمەهدی ئامادەی دەستلەكاركێشانەوەیە وەكو كودەتایەك وەسف كرا كە بەرهەم ساڵح لە رێگای پشتیوانی كردنی لە خۆپیشاندەران دەیەوێ‌ سەرۆكوەزیران بخات سوود لەو بۆشاییە وەربگرێت و زیاد لە پێویستیت دەسەڵاتەكانی سەرۆككۆمار بەكاردەهنێ‌.

 

پارتی دەچێتە بەری ئێران
لە كوردستانیش پارتی جگە لەوەی دژی هەموو هەوڵێك وەستایەوە بۆ دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی هاوكات بە فەرمانی پارتی مەلا بەشیر و سەرجەم پەرلەمانتارانی پارتی لە بەغدا گەرانەوە هەولێر نەیانهێشت عادل عەبدولمەهدی بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت بۆ لێسەندنەوەی متمانە پارتی بەمەوەشەوە نەوەستا دژایەتی خۆی بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور راگەیاندن


مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی جگە لە بڵاوكردنەوەی راگەیەندراوێك كە تێیدا پشتیوانی بۆ عادل عەبدولمەهدی دەربڕی رەتیكردەوە كێشەو قەیرانەكانی 15 ساڵی رابردوو بخرێتە سەر شانی حكومەتی ئێستا لە كۆبوونەوەشی لەگەڵ فالح فەیاز، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە سەڵاحەدین جارێكی دیكە پشتیوانی بۆ عەبدولمەهدی دەربڕی ئەمەش بە روونی دوو گوتاری هەر دوو حیزبەكەی لە مەلەفی عێراق پیشاندا.


یەكێتی لە رێگای بەرهەم ساڵحەوە پشتیوانی خۆپیشاندەرانە و هیچ كێشەیەكی لە هەمواركردنەوەی دەستووری عێراقی نییە تەنانەت سیستەمی پەرلەمانیش بگۆڕێت بۆ سەرۆكایەتی بە مەرجێك دەستكاری ئەو ماددە دەستووریانە نەكرێت پەیوەست بە فیدراڵی و مافە دەستوورییەكانی كورد.


پارتی جگە لە دژایەتی لابردنی عادل عەبدولمەهدی هاوكات دژی گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانییە پێی وایە هەمواركردنەوەی دەستوور لە دژی كورد بەكاردەهێندرێت بەمەش هاوكێشەی ئیقلمی گۆڕانكاری بە سەردا ها كە هەر یەك لە ئێران، پارتی و بەشێك لە شیعە لەگەڵ مانەوەی عادل عەبدولمەهدین هەرچی یەكێتی و بەرهەم ساڵح و موقتەدا سەدر و خۆپیشاندەرانی گۆرەپانی تەحریر لەگەڵ رۆیشتنی عادل عەبدولمەهدین.


لە ماوەی رابردوو قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی پاسدارانی ئێران لەگەڵ زۆربەی سەركردە شیعی، كوردی و سوننیەكان كۆبووتەوە جگە لە هێشتنەوەی عادل عەبدولمەهدی هاوكات جەختی لە سەر كۆتای هێنان بە خۆپیشاندانەكان و هێرشكردنە سەر بارەگانی حەشد و كونسوڵخانەكانی ئێران كردووتەوە، بە تایبەتی ئێران نایەوێ‌ دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیران لوبنان هاوشێوەی ئەم سیناریۆیە لە عێراق دووبارە ببێتەوە.