بۆ شوێنگره‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، عامری و سه‌در له‌ ئێرانن

بۆ شوێنگره‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، عامری و سه‌در له‌ ئێرانن

304 خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامه‌ی (العرب)ی سعودی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در و هادی عامری ڕێبه‌ری هاوپه‌یمانێتی فه‌تح به‌ جیا سه‌ردانی ئێرانیان كردووه‌، مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌شیان بۆ گفتوگۆ و تاوتوێ كردنی قه‌یرانی عیراق و خۆپیشاندانه‌كانی ئێستایه‌.


ڕۆژنامه‌كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسیه‌وه‌ ئاشكرای كردووه‌، كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌در بۆ ئێران پێش چه‌ند ڕۆژێك بڕیاری له‌سه‌ردراوه‌، به‌ڵام سه‌ردانه‌كه‌ی عامری كتوپڕ بووه‌، عامری له‌و سه‌ردانه‌دا داوا له‌ عه‌لی خامه‌نه‌ئی ڕێبه‌ری بالای ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات مه‌رجه‌كانی گفتوگۆ له‌سه‌ر به‌غداد سوك بكات، بۆ ئه‌وه‌ی عیراق له‌و قه‌یرانه‌ی تێی كه‌وتووه‌ ڕزگاری ببێت.


به‌ڵام هه‌تاوه‌كو ئێستا ته‌هران ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی عیراق كه‌ له‌ خۆیه‌وه‌ نزیكن هیچ سازشێك بۆ خۆپیشانده‌ران بكه‌ن، به‌تایبه‌ت ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی.


ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ هادی عامری ناوی چه‌ند كاندیدێك ده‌دات به‌ ته‌هران، كه‌ ده‌توانن جێگای سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستا بگرنه‌وه‌، كاندیده‌كانیش بریتین له‌( قوسه‌ی ئه‌لسوهه‌یل له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا، عه‌دنان ئه‌لزه‌ره‌فی له‌ هاوپه‌یمانێتی ئه‌لنه‌سر، عه‌بدولحسێن عه‌بتان له‌ ڕه‌وتی حیكمه‌).
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئێران هیچ نه‌رمیه‌ك بۆ سه‌درو عامری نه‌نوێنیت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی قوڵتر بوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه‌ ،چونكه‌ ته‌هران به‌ ته‌واوی ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هیچ دانوستان و گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا بكرێت، ته‌نها ده‌توانرێت بۆ باشتر كردنی خزمه‌تگوزاریه‌كان،داواكاریه‌كانی خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ بكرێت،هه‌روه‌ها عادل عه‌بدولمه‌هدیش له‌ پۆسته‌كه‌ی خۆیدا بمێنێته‌وه‌.


سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌در و هادی عامری دوای ده‌ ڕۆژ له‌ شه‌پۆلی دووه‌می خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی عێراق دێت، كه‌ به‌ پێی ئاماری لیژنه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، تاكو ئێستا زیاتر له‌ 250 خۆپیشانده‌ر كوژراون و زیاتر له‌ 11 هه‌زاری دیكه‌ش بریندار بوون.