ئێران دواین قسەی بەرپرسانی عیراق دەكات، ئەی بۆ خۆپیشاندەران؟

ئێران دواین قسەی بەرپرسانی عیراق دەكات، ئەی بۆ خۆپیشاندەران؟

383 خوێندراوەتەوە

ئێران دواین قسەی بەرپرسانی عیراق دەكات، ئەی بۆ خۆپیشاندەران؟

ماوەی مانگێكە خۆپیشاندان و ناڕەزایی زۆینەی شارەكانی باشور و ناوەڕاستی عیراقی گرتۆتەوە، خۆپشاندەران داوای ڕوخانی حكومەت و چاكسازی و كۆتایی هاتنی گەندەڵی دەكەن،

هەر لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانیشدا هەندێك كەسایەتی ولایەن بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆیان، سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەكان بوون، بۆ گۆِرینی سەرۆك وەزیران و هەڵوەشاندنەوەی حكومەت پشتگیری داواكاریەكانی خۆپیشاندەریان كرد، بەڵام وا دیارە ناتوانن تاوەكو كۆتایی لەسەر ئەم داواكارییان سور بن، چونكە لە پشت ئەوانەوە كەسانێكی دیكەی دەرەوەی عیراق هەن كە قسەی كۆتایی لای ئەوانە، هەر ئەوانیش بڕیار دەدەن كە كێ فەرمانڕەوا بێت.

 


عادل عەبدولمەهدی لەو ماوەیەدا دووجار ویستی هەبووە دەست لەكاربكێشێتەوە، بەڵام هەردوو جارەكە لەبەر ئەو دوو هۆكارەی سەرەوەی ڕەزامەندی لەسەر نەدراوە

لەم وتارەدا دەمانەوێت نهێنی پشتی هەندێك لە ڕووداوەكانی عیراق بۆ خوێنەران شی بكەینەوە و بزانین بۆچی عادل عەبدولمەهدی هەرچەندە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی كە هەمیشە لە گیرفانیدایە، بەڵام دەستی لەكارناكێشایەوە، هەروەها ئاماژە بە هۆكاری گۆڕینی داوای هەندێك لە بەرپرسان بكەین، كە بۆچی سەرەتا داوای ڕۆشتنی سەرۆك وەزیرانیان دەكرد و ئێستا شتێكی دیكە دەڵێن؟ هۆكاری دەستلەكارناكێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، بۆ دوو هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە یەكەمیان ئەوەیە، كە لایەن ڕكابەرەكانی وەك فتح و سائرون و ئەبو جیهاد ئەلهاشمی بەڕێوەبەری نوسینگەكەی كەسێكیان نیە كە لەسەری ڕێك كەوتبێتن و جێگەی سەرۆك وەزیران بگرێتەوە، بۆیە لە كۆبوونەوەیەكدا كە لە(4ی ئۆكتۆبەر) بەڕێوە چووە،ئەم لایەنانە داواكەی عادل عەبدولمەهدیان بۆ دەست لەكاركێشانەوە ڕەتكردۆتەوە.

هەروەها نصار ئه‌لروبه‌یعی نزیك له‌ موقته‌دا سه‌در پێی ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ له‌ ڕێكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تدا بوونی نیه‌،هاوپه‌یمانی فه‌تحیش هەمان بۆچوونی هەبووە،بۆیە ئەم لایەنانە تاوەكو لەسەر كەسایەتیەك ڕێك نەكەون ڕەزامەند نابن بە دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران ، هۆكاری دووەمیشیان بۆ ئێران دەگەڕێتەوە. كاتێك هەواڵی ویستی عادل عەبدولمەهدی بۆ دەستلەكاركێشانەوە دەگاتە ئێران، دەستبەجێ قاسمی سولەیمانی نامەیەكی بۆ دەنێرێت و پێی ڕادەگەیەنێت كە نابێت دەستلەكاربكێشێتەوە،بەڵكو لەبری بیرۆكەی دەستلەكاركێشانەوە پێویستە چاكسازی وزاری بكات،

''

كۆبوونەوەیەكی فراوان بە نهێنی لە نێوان قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و سەركردەكانی شیعە و حەشدی شەعبی بەڕێوەچوو

هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەرژەوەندییەكانی ئێران لەگەڵ كارەكانی سەرۆك وەزیران یەكانگیرە، هەروەها پێگەی مۆنیتەری ئەمریكا ئاشكرا كردووە،كە عادل عەبدولمەهدی لەو ماوەیەدا دووجار ویستی هەبووە دەست لەكاربكێشێتەوە، بەڵام هەردوو جارەكە لەبەر ئەو دوو هۆكارەی سەرەوەی ڕەزامەندی لەسەر نەدراوە. بەڵام لەگەڵ بەردەوامی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران بۆ گۆڕینی حكومەت، عادل عەبدولمەهدی بۆ جاری سێیەم ویستی خۆی بۆ دەستلەكاركێشانەوە دەربڕی

، بۆیە موقتەدا سەدر بە ئۆتۆمبێلێكی ئاسایی خۆی تێكەڵ بە خۆپیشاندەران كرد و داوای گۆڕینی حكومەتی كرد، بۆ ئەم مەبەستەش داوای هاوكاری لە هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانێتی فەتح و ئەمینداری گشتی ڕێكخراوی بەدر كرد، عامریش لە وەڵامدا پشتگیری خۆی بۆ دەربڕی، بەڵام ئەمە تەنها قسەی دوو سەركردەی عیراقە و قسەی كۆتایی لای ئەوان نیە، بەڵكو لای ئێرانە. ئێران ئەمجارە بە ئاشكرا دژی خۆپیشاندانەكانی عیراق وەستایەوە، عەلی خامەنی ڕێبەری بالای كۆماری ئیسلامی ئێران

، لە ڕۆژی 30ی ئۆكتۆبەر خۆپیشاندانەكانی بە كاری تێكدەرانە ناوزەند كردو ئەمریكا و سعودیە و ئیسرائیلی تۆمەتبار كرد بەوەی لە پشت خۆپیشاندانەكانەوەن، داواشی لە بەرپرسانی عیراق و لوبنان كرد چارەسەری ئەو كێشانە بكەن. لەگەڵ ئەم وتانەی خامەنەئی، كۆبوونەوەیەكی فراوان بە نهێنی لە نێوان قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و سەركردەكانی شیعە و حەشدی شەعبی بەڕێوەچوو، ئەم كۆبوونەوەیە بووە هۆی گۆڕینی هەڵوێستەكان،چونكە پێش 29ی ئۆكتۆبەر ناونیشانی سەرەكی خۆپیشاندانەكانی عیراق ئەوە بوو كە (حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لە كۆتایی ساتەكانیدایە). بۆ هەڵوێستەكان گۆڕانكارییەكان بەسەردا هات؟ هادی عامری یەكێكە لە هەرە كەسە نزیكەكانی ئێران، ئەو لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا لە پاڵ ئێران لە دژی وڵاتەكەی خۆی جەنگاوە،

خاوەنی پاسپۆرتی ئێرانیە و هاوسەرەكەشی هەر ئێرانیە، ماوەیەكی زۆر لە ئێران ماوەتەوە، ئێستاش وەك ئەفسەرێكی باڵای سوپای پاسداران موچەی پێدەدرێت، هەروەهائەمینداری گشتی ڕێكخراوی بەدریشە، ئەو ڕۆژی سێ شەممە لە بەیاننامەیەكدا پشتگیری خۆی بۆ سەدر دەربڕی، كە داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەتەی كردبوو، بەلام ئەم هەڵوێستەی زۆری نەخایاند، سەرچاوەیەكی سیاسی بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەوەی ئاشكرا كرد كە هادی عامری دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ قاسمی سولەیمانی بۆچوونی گۆڕاوە، عامری وتویەتی:" ئێمە لەو باوەڕەداین كە ئێستا كاتێكی گونجاو نیە بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە بەڕێز عادل عەبدولمەهدی، چونكە ئەم كارە دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی زیاتر و هەڕەشە لە ئەمنیەتی وڵات دەكات".

 

ووتەکان

ئێران باجی گەندەڵی و شكستی حیزبە شیعەكان لە عیراق دەدات و جەماوەر لێی تۆراوە و شەقام دەكوڵێت

موقتەدا سەدریش دوای ئەم كۆبوونەوەیە، بۆچوونی گۆڕاو باسی لادانی عادل عەبدولمەهدی نەكردەوە، لەوەش زیاتر داوای لە لایەنگرانی كرد بەشداری خۆپیشاندانەكان نەكەن و خۆشی بەسەردانێكی نهێنی گەیشتە ئێران. عادل عەبدولمەهدی ئێستا پێگەیەكی بەهێزی هەیە: عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران ئێستا پاڵپشتیەكی بەهێزی هەیە و كوتلە گەورەكان پاڵپشتی دەكەن،لەوانە كوتلەی سادقون كە قەیس خەز عەلی سەركردایەتی دەكات، كوتلەی فتح بە سەركردایەتی هادی عامری، دەوڵەتی قانون بە سەركردایەتی نوری مالیكی، ئەم سێ كوتلەیە لە حەشدی شەعبیدا خاوەن نفوزێكی گەورەن ، هەروەها لە پەرلەمانیشدا خاوەن بڕیارن، هەروەها لایەنە كوردیەكانیش سەرجەمیان لەگەڵ مانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیراندان، چونكە ئەو لەگەڵ كوردا هاوسۆزیەكی زۆری هەیە و كورد هیچ كەسێك لە عادل عەبدولمەهدی بە باشتر نازانێت، بۆیە سەرۆك وەزیران ئێستا دەتوانێت دەستكەوتەكانی بپارێزێت و دەستكراوەش بێت لە بڕیارەكانی. ئەوەی لەم وتارەدا پێی گەیشتین ئەوەیە كە سەركردە سیاسیەكانی عیراق خاوەن بڕیار و قسەی كۆتایی نین، بەڵكو ئەوا ئێرانە قسەی كۆتایی دەكات، ئەوانیش ناچارن لە شەو و ڕۆژێكدا كودەتا بەسەر بۆچوونەكانی خۆیاندا بكەن، وەك ئەوەی لە سەدر و عامری بینیمان. بەلام هێشتا دۆخەكە تەواو بۆ ئێران ئارام نەبۆتەوە، ئێران باجی گەندەڵی و شكستی حیزبە شیعەكان لە عیراق دەدات و جەماوەر لێی تۆراوە و شەقام دەكوڵێت ،

ئەوان نەك پابەندی داواكانی نابن، بەڵكو داوای چوونە دەرەوەشی دەكەن،هەروەها لە ماوەی دوو هەفتەشدا كوژرانی 250 خۆپیشاندەر و برینداربوونی 6 هەزاری دیكە نەیتوانی كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان بهێنێت، بۆیە بۆ ئێران پێویستە مانۆڕێكی دیكەی سیاسی بكات و لە پشتی دەرگا داخراوەكاندا قسەی كۆتایی لەسەر ئەمەش بكات، خۆ ئەگەر ئەمەی پێنەكرا، ئەوا لەلای سیاسیەكان گەر قسەی كۆتایی لای خۆی بێت، مەرج نیە لە شەقامیش هەر لای ئەو بێت.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی