بۆچی ئیدارەی ترامپ ئێستا كوشتنی بەغدادی ئاشكرا دەكات؟

پێش پێنج مانگە شوێنەكەی زانراوە

بۆچی ئیدارەی ترامپ ئێستا كوشتنی بەغدادی ئاشكرا دەكات؟

390 خوێندراوەتەوە


ڕۆژی 27ی ئۆكتۆبەری 2019 دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا ، كوشتنی ئەبو بەكر بەغدادی خلیفەی داعشی لەئۆپراسیۆنێكی هەواڵگریدا لە ناوچەی ئیدلب لە باكوری خۆرئاوای سوریا ڕاگەیاند.

ڕووداوەكە هاوكات بوو لەگەڵ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان، كە ترامپ ماوەیەك لەمەوپێش لە ویلایەتی فلۆریدا دەستی پێكردبوو،ترامپ نیازی خۆی بۆ دووبارە
كاندیدكردنەوە ڕاگەیاند، هەروەها ئەم ڕووداوە هاوكاتی هەوڵەكانی بەرپرسانی ئەمریكایە بۆ دوورخستنەوەی ترامپ.


ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا قۆناغێكی نوێ و ئاشكرای لە لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردووە ،كە تایبەتە بەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ترامپ دەكرێت ،هەروەها ئەنجومەنەكە بە دەنگی بەڵێی 232 ئەندام و بەرامبەر بە 196 دەنگی نەخێر، بۆ یەكەم جار ڕێكارەكانی دوورخستنەوەی ترامپی خستە بواری جێبەجێ كردنەوە،چونكە چەندین ڕاپۆرت ئاماژە بەوە دەكەن ترامپ زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیای هانداوە كە چەندین كەیس لە دژی كێبڕكێكارە سەرۆكایەتیەكەی كە جۆ بایدنە بجوڵێنێت.
كاتی ئۆپراسیۆنەكە:


كوشتنی بەغدادی لەم كاتەدا، وایكردووە كە شڕۆڤەكاران كاتەكە و هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ترامپ پێكەوە ببەستنەوە، هەروەها پرسیاری ئەوە بكەن، كە بۆچی كاتی ئۆپراسیۆنەكە بۆ ئێستا دواخراوە، كە دەزگای هەواڵگری ئەمریكا و عیراق ماوەیەكی زۆرە شوێن و جوڵەكانی دەزانن؟


پێشتر دەزگای هەواڵگری عیراق ڕایگەیاند، كە لە مانگی شوباتی2018 دا توانیویانە (اسماعیل العیساوی) دەستگیر بكەن، كە یەكێكە لە سەركردەكانی داعش، هەروەها دەزگاكە ئاماژەی بەوەش كرد، كە بەهۆی دەستگیركردنەكەوە چەندین زانیاری وردو گرنگیان لەسەر جوڵەی ئەبو بەكر بەغدادی دەستكەوتووە.
یەكێك لە بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری عیراق بۆ ڕۆیتەرز ئاشكرای كردوەكە" ئەلعیساوی زانیاری زۆر گرنگی پێداوین، كە هاوكاری دەزگا ئەمنیە جیاوازەكانی عیراق دەكات، نهێنی جوڵەكانی بەغدادی بزانن و ئەو شوێنانە دیاری بكەن كە بەغدادی خۆی تێدا حەشاردەدات، هەروەها ئێمە سەرجەمی ئەم زانیاریانەمان بە دەزگای هەواڵگری ئەمریكا (CIA) داوە، ئەوانیش ماوەی پێنج مانگ بۆ چاودێری كردنی شوێنەكە مانگی دەستكرد و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانیان بەكارهێناوە".
سەرەڕای ئەمانەش، لە ماوەكانی ڕابردوودا دەزگای هەواڵگری عیراق، ئاشكرای كرد، كە چەندین چەكداری ڕێكخراوەكەیان دەستگیر كردووە، كە زانیاری زۆر گرنگیان لەسەر شوێنەكانی خۆ حەشاردانی بەغدادی پێبووە،یەكێك لەو شوێنانەش كێڵگەیەكی سەوزەمەنی بوو، كە كۆبونەوەكانی لەگەڵ چەكدارەكانی لەو شوێنەدا ئەنجام دەدا.


هەروەها دوو بەرپرسی باڵای ئەمریكا بەڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)یان ڕاگەیاندووە، كە وەرزی هاوینی ئەمساڵ هاوسەرێكی بەغدادیان دەستگیر كردووە، كە هاوكاربووە بۆ ئامادەكارییەكانی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەكە.

ڕۆژنامە ئەمریكیەكە ئەوەش ئاشكرا دەكات كە" ئەبو بەكر بەغدادی لە ژێر چاودێری دەزگای هەواڵگری ئەمریكا گوازراوەتەوە بۆ سوریا، هەروەها ئەو بەكرێ گیراوەشی سەرپەرشتی گواستنەوەی بەغدادی دەكرد، هەمان ئەو كەسە بوو كە سەرپەرشتی دروستكردنی ئەو خانوەی دەكرد، كە بەغدادی تیایدا كوژرا".
ڕاپۆرت و لێكۆڵینەوەكان ئەوەیان پشت ڕاست كردۆتەوە، كە (بەغدادی دروستكراوی ئەمریكا) بوو، ئامانج ئەمریكاش بۆ ئەوە بوو كە بەهۆی تێكچوونی دۆخی ناوچەكە كۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بكات، هەروەها ئیسرائلیش بپارێزێت.
جەماوەری ترامپ:


چاودێران دەڵێن: باس كردنی ڕووداوەكە بەم شێوەیە بۆ جوڵاندنی هەستی كۆمەڵگەی ئەمریكایە، هەروەها حەزیش بۆ بەردەوامی ئەم شێوازە هەیە، چونكە دۆناڵد ترامپ ئێستا بە دەست دابەزینی ئاستی جەماوەرییەوە دەناڵێنێت، هەروەها لەناوخۆ و دەرەوەدا زەبری باشی بەركەوتووە، بۆیە سەركەوتنی لە دەرەوە، دەتوانێت باری لاری ناوخۆیی ڕێك بكاتەوە.


لەگەڵ نزیك بوونەوەی كێبڕكێی هەڵبژاردنەكان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا، پرۆرفیسۆر قەیس نوری باس لەو هۆكارانە دەكات كە وا دەكات ترامپ لەم كاتەدا باسی ئەم ئۆپراسیۆنە بكات، لەوبارەیەوە دەڵێت گرنگترین هۆكاری ئەوەیە كە بە باس كردنی ئەم ئۆپراسیۆنە وێنەی خۆی لە ناوخۆی ئەمریكا چاك دەكاتەوە، هەروەها هەڵوێستەكانی لەبەرامبەر فشارە ناوخۆییەكان بەهێز دەكات، بەتایبەت كە ئەو پیاوە خاوەن لێهاتوویەكی زۆرە لە فێڵ و تەڵەكابازی.
ئاماژە بەوەش دەكات كە ، ئابڕوچونی پەیوەندی تەلەفۆنی ترامپ لەگەڵ سەرۆكی ئۆكرانیادا، فێڵێكی دیكەی ئەو پیاوەیە، بۆیە لە كێبڕكێی هەڵبژاردنەكاندا بەهۆی كەمبوونەوەی ئاستی جەماوەری لە نێو خەڵكی ئەمریكادا، چانسی سەركەوتنی زۆر كەم بۆتەوە، هەروەها ڕێكارەكانی لادانیشی دووبارە لاوازی دەكات، وایلێدەكات كە كەسێكی بێ متمانە بێت، بۆیە لەم كاتەدا پێویستی بە لێخۆشبوونێك هەیە، كە ببێتە هۆی ڕزگاربوونی لەو هەڵانەی لە ماوەی سەرۆكایەتیدا ئەنجامی داوە.
بۆچوونی كۆتایی:


بەرپرسانی ئەوروپا لە گرنگی كوشتنی بەغدادی كەم دەكەنەوە، دەڵێن لە جەنگی دژی تیرۆردا كوشتنی بەغدادی ئامانجە گەورەكە نیە،چونكە ئەمە واتای كۆتایی هاتنی داعش نیە، هەر وەك چۆن واتای سەركەوتن نیە بەسەر داعشدا.

فلورنس بارلی وەزیری بەرگری فەرەنسا لە تویتێكیدا لەسەر كوشتنی بەغدادی دەڵێت:"بەغدادی: خانەنشینی كردنی كەسێكی تیرۆرە نەك ڕێكخراوەكەی".
هەروەها بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت:" كوشتنی بەغدادی لە جەنگمان دژی تیرۆر ساتێكی گرنگە، بەڵام جەنگ دژی داعش كۆتایی نەهاتووە".
هەروەها میجێر ژەنڕاڵ ئیجور وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ،گومان دەخاتە سەر ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەكە و دەڵێت:" وەزارەتەكەمان بەڵگەی باوەڕ پێكراوی لەبەردەستدا نیە، كە بیسەلمێنێت ئۆپراسیۆنەكە ئەنجام دراوە.


لە كۆتایدا محمد جواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت كوشتنی بەغدادی نە واتای كۆتایی هاتنی داعشە و نە كۆتایی ئایدۆلۆژیەكەیانە، لەو بارەیەوە دەڵێت:"كوشتنی بەغدادی كارێكی گرنگ نیە، ئێوە تەنها دروستكراوێكی خۆتان كوشت".
پڕوپاگەندەی ڕاگەیاندن:

لەگەڵ كاردانەوە نێودەوڵەتیەكان، بەڵام گرنگی ئەم ڕووداوە لە جەنگی دژی تیرۆر كەم كراوەتەوە، وایدەدەنێن ئەوەی ڕوویداوە تەنها ڕۆشتنی كەسێك بووە، نەك زیاتر، بەڵام ترامپ ئەم ڕووداوە بە سەركەوتنێكی گەورە دەزانێت كە چارەنوسێكی گەورە بوو، بەشانازییەوە باسی دەكات دەیەوێت بە ئەمریكیەكان بڵێت ئەو دەربارەی لەناوبردنی تیرۆر پابەندی بەڵێنەكانی بووە.


پێش ئاشكرا كردنی كوشتنی بەغدادی، ترامپ لە تویتێكیدا نوسی:" شتێكی زۆر گەورە ڕوویداوە".
هەروەها مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕووداوەكەی ناوزەند كرد بە" ڕۆژێكی گەورە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا".
هەروەها دەزگاكانی ڕاگەیاندنی ئەمریكا زۆر گرنگیان بەم ڕووداوە دا، وا لێكدانەوەیان بۆ كرد كە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ سەرۆك ترامپ، هاوكات بە وردی باسیان لە سەركەوتنەكە بۆ دەزگا هەواڵگریەكانی ئەمریكا و وەزارەتی بەرگری كرد، ئەمە جگە لەوەی بە تەواوی ڕووداوەكەیان شی كردەوە.
گۆڤاری نیوز ویك لە سەرچاوەیەكی پنتاگۆنەوە ئاماژە بەوە دەكات كە" بەغدادی لە ئۆپراسیۆنێكی تەواو نهێنیدا لە ئیدلبی باكوری خۆرئاوای سوریا كوژرا، سەرۆك ترامپ نزیكەی یەك هەفتە پێش ئەوە زانیاری هەبوو".


گۆڤارەكە دەشڵێت:" لەسەر ئەو بنەمایە، فەرماندە هێزە هاوبەشەكانی سوپای ئەمریكا،دوای كۆكردنەوەی زانیاری و دەستنیشان كردنی شوێنەكە كە بەغدادی بۆ ماوەیەك خۆی تێدا حەشاردابوو، گروپێكیان بۆ ئەنجامدانی كردەوەكە نارد".
دیپلۆماتیك مەگەزین – و/ گۆران قادر
سەرچاوە: الاستقلال