ئه‌ردۆگان چۆن چوویه‌ ژێر باڵى پۆتین؟

ڕووسیا چۆن گره‌وه‌گه‌ى برده‌وه‌؟

ئه‌ردۆگان چۆن چوویه‌ ژێر باڵى پۆتین؟

409 خوێندراوەتەوە

 

ڕێسی ئیرلیچ (نووسەر)

وەرگێڕانی: محەمەد ڕەحمان

 

 

سیاسەتی ناڕێکی ئەمریکاو چوونی ئەردۆگان بۆ ژێر باڵی پوتین، وایکردووە ڕووسیا گرەوەکە بباتەوە. 

قەیرانی ئێستای سووریا ژمارەیەک زەرەرمەندو یەک براوەی هەیە، چونکە دۆناڵد تڕەمپ لە ناوەوەو دەرەوەی ئەمریکا ڕەخنە بارانکرا بەهۆی لەناکاو کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریاو هێرشی تورکیا کە لایەنی کەم کوژرانی ٢٥٠ کورد و ئاوارەبوونی ٣٠٠٠٠٠ی تری لێکەوتەوە. لەلایەکی دیکەوە ڕووسیا هێزی خۆی لەگەڵ ئەنقەرەو دیمەشق گەیاندۆتە بەرزترین ئاست بۆ ئەوەی وەک لایەنی باڵادەست دەرکەوێت.

 

لە ٢٢ی تشرینی یەکەمدا ئەردۆگان و پوتینی سەرۆکی ڕووسیا بۆ وەدەرنانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە باکووری سوریا گەیشتنە ڕێککەوتنێک. بەپێی ڕێککەوتنەکە هێزەکانی تورکیاو ڕووسیا بە هاوبەشی ناوچەکانی نزیک سنوور دەپشکنن. هەر بەپێی ڕێککەوتنەکە کوردەکان دەچنە پاڵ هێزی پێنجی لەشکرکێشەکانی سوپای سووریا کە خۆبەخشی بیانیش لەخۆ دەگرێت و لەلایەن ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵکراوە.

 

دواتر لە سیاسەتێکی پێچەوانەدا، ئیدارەی تڕەمپ ڕایگەیاند کە نزیکەی ٥٠٠ سەرباز دەنێرن بەمەبەستی پاراستنی کێڵگە نەوتەکانی سووریا لە ئەگەری هێرشی داعش لە داهاتوودا.

،،

دەرکەوتنەوەی ڕووسیا لە ناوچەکە لەکاتێکدایە کە تورکیای ئەندامی لەمێژینەی ناتۆ و هاوپەیمانی ڕۆژئاوا نیازی هاوپەیمانیەتی نوێی هەیە لەگەڵ ڕووسیادا. لەم دواییانەدا تورکیا سیستەمی بەرگری موشەکی S-400ی ڕووسیای کڕی و بەدەست گەیشت. بەشی یەکەمی هێڵێکی گازی سروشتی نوێی ڕووسیا-تورکیا تەواو بووە و ڕووسیاش پلان بۆ بنیاتنانی چوار ئێستگەی کارەبای ناوەکی لە تورکیا دادەنێت.

لەڕاستیدا، تڕەمپ دەیەوێت کۆنتڕۆڵی نەوت وەک چەکێک دژی حکومەتی سووریا بەکار بێنێت. دیمەشق و مۆسکۆش ئەو هەنگاوەیان بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد، چونکە کێڵگە نەوتیەکان لەناو خاکی سووریان.

 

لەلایەکی ترەوە حکومەتی تورکیا دڵخۆشە بە جێگیرکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا، چونکە ئەگەر ئەو هەنگاوە جێبەجێ بکرێت، دەبێتە ھۆی خێرا وەدەرنانی هەسەدە لە باکووری سووریا، کە ئەوەش ئامانجی ڕاگەیەنراوی پشت هێرشەکەی ئەردۆگانە. لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە چی ڕوودەدات ئەگەر هەسەدە ڕەتیکردەوە هاوئاهەنگی بکات، موستەفا کیبارئۆغلو، پڕۆفیسۆر لە بەشی پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ئێم ئی ئێف (MEF) لە ئیستەنبوڵ دەڵێت:" ڕووسیا گەرەنتی کشانەوەی هەسەدە دەکات، ڕۆڵی ڕووسیا زۆر گرنگە".

 

دمیرتی پیسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی کرملین هۆشداری دا کوردەکان ئەگەر هاوئاهەنگ نەبن، ئەوا هێزەکانی ڕووسیا دەکشێنەوەو هێزەکانی تورکیا " گورزێکی کوشندە" لە کوردەکان دەدەن.

 

تورکیا بۆ ماوەیەکی زۆرە بەهۆی هەندێ دۆزی پەیوەندیدار بە سیاسەتی دەرەوە ناکۆکی لەگەڵ ئەمریکادا هەیە. بەڵام دوای ڕاپەڕینی بەهاری عەرەبی لە سووریا لە ئامانجێکی هاوبەشدا یەکیانگرت: پشتیوانی کردنی گروپە چەکدارە یاخیەکان کە ئامانجیان لادانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا بوو لە دەسەڵات.

 

پەیوەندیەکان گرژی زیاتریان تێکەوت کاتێک هەندێک لە تورکەکان باوەڕیان وابوو کە ئەمریکا دەستی هەبووە لە کودەتایه‌کی شکستخواردووی ساڵی ٢٠١٦ دژی ئەردۆگان. حکومەتی تورکیا فەتحوڵڵا گولەن بە پبلاندانان بۆ کودەتاکە تۆمەتبار دەکات کە ڕابەرێکی ئاینی تورکە وەک پەنابەر لە ئەمریکادا دەژی.

 

دەرکەوتنەوەی ڕووسیا لە ناوچەکە لەکاتێکدایە کە تورکیای ئەندامی لەمێژینەی ناتۆ و هاوپەیمانی ڕۆژئاوا نیازی هاوپەیمانیەتی نوێی هەیە لەگەڵ ڕووسیادا. لەم دواییانەدا تورکیا سیستەمی بەرگری موشەکی S-400ی ڕووسیای کڕی و بەدەست گەیشت. بەشی یەکەمی هێڵێکی گازی سروشتی نوێی ڕووسیا-تورکیا تەواو بووە و ڕووسیاش پلان بۆ بنیاتنانی چوار ئێستگەی کارەبای ناوەکی لە تورکیا دادەنێت.

 

هاوشێوەی ئەمریکا، ڕووسیا دوای بەرژەوەندیە ئابووری و ستراتیژیەکانی دەکەوێت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. هەردووکیشیان لەپێناو هاوپەیمانی لەگەڵ حکومەتە بەهێز و خاوەن جوگرافیا ستراتیژیە گرنگەکان بەئاشکرا کوردەکان وەلا دەنێن.

 

ڕۆڵی ئەم دواییانەی ڕووسیا وەک هێزێکی گرنگی نێوەندگیر لە ٦ی تشرینی یەکەم بە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەنێوان تڕەمپ و ئەردۆگان دەستیپێکرد، ئەوەش کاتێک تڕەمپ هەواڵی پلانی هێرشی تورکیای پێدرا، لەبری دەربڕینی دژایەتی توند، ڕازی بوو بە کشاندنەوەی ٥٠ یەکەی سەربازی ئەمریکا.

 

لە ٩ی تشرینی یەکەم هێزەکانی تورکیا و بەکرێگیراوە سوورییەکان بەدرێژایی سنوور هێرشیان کرد و چەند شارێکی زۆرینە کوردیان ئابڵوقەدا.

 

بەپێی ئەمنیستی جیهانی (بۆ داکۆکیکردن لە مافی زیندانیکراوان) و ڕوانگەکانی دیکە، ئەگەری هەیە ئەو میلیشیا توندڕەوانەی لەلایەن تورکیاوە مەشقیان پێکراوە تاوانی جەنگ و ئەشکەنجەدان و کوشتنی زیندانیکراوانیان ئەنجام دابێت.

 

،،

مەزڵوم کۆبانی، سەرکردەی سەربازی هەسەدە، بە گۆڤاری نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاند "پاکتاوی نەژادی گەلی کورد لە سووریاوە ڕوودەدات." دواتر، لە هەنگاوێكی لەناکاودا، هەسەدە ڕێککەوتنێکی دەستبەجێی لەگەڵ دیمەشق و مۆسکۆ ئەنجام دا و سوپای سووریا و هێزەکانی ڕووسیا بەخێرایی لە باکووری سووریا جێگیربوون.

مەزڵوم کۆبانی، سەرکردەی سەربازی هەسەدە، بە گۆڤاری نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاند "پاکتاوی نەژادی گەلی کورد لە سووریاوە ڕوودەدات." دواتر، لە هەنگاوێكی لەناکاودا، هەسەدە ڕێککەوتنێکی دەستبەجێی لەگەڵ دیمەشق و مۆسکۆ ئەنجام دا و سوپای سووریا و هێزەکانی ڕووسیا بەخێرایی لە باکووری سووریا جێگیربوون.

 

هەسەدە پێیوابوو کە بوونی سووریا و ڕووسیا ڕێگە لە دەستدرێژی زیاتری تورکیا دەگرێت. هەسەدە کە دیمەشق لە داهاتوودا گفتوگۆی چارەسەرێکی سیاسی ئەنجام بدات کە ڕێگە بە قەوارەیەکی ئۆتۆنۆمی کوردی بدات لەچوارچێوەی دەوڵەتی سووریا، هەرچەندە لەپێشوودا ئەسەد داواکاری لەو شێوەیەی ڕەتکردۆتەوە.

 

 

سوپای ڕووسیا خۆی بە رۆڵە گرنگەکەی هەڵدەکێشێت

 ئەفسەرێکی ڕووسی بە ئاژانسی هەواڵی تاسی ڕاگەیاندبوو "کاتێک ئاڵای ڕووسیا دەردەکەوێت، جەنگ دەوەستێت، هیچ کام لە تورکەکان و کوردەکان نایانەوێت زیانمان پێ بگەیەنن، بۆیە لەسایەی هەوڵی ئێمەوە شەڕکردن دەوەستێت." لەپێشوودا ئەمریکا ئەم ڕۆڵەی دەبینی، بەڵام هێزی ئەمریکا بەهێواشی لە ناوچەکە کەمبۆتەوە.

 

،،

فاروق لۆغئۆغلو، کە لە نێوان ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٥ باڵیۆزی تورکیا بووە لە ئەمریکا بە گۆڤاری فۆڕن پۆڵەسی ڕاگەیاندووە "سیاسەتە خراپەکانی ئەمریکا بیانوو نین بۆ بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ ڕووسیا، ڕووسیا دوژمنی گەورەی ئێمەیە. کڕینی مووشەکە ڕووسیەکان هەڵەیەکی گەورە بوو و پابەندبوونی تورکیا بە ناتۆ دەخاتە ژێر پرسیارەوە. "

 

ڕووسیا بەباشی کارتەکانی خۆی بەکارهێناوە

 لەئێستادا ڕووسیا بەشێکی زۆر لە پێداویستی وزەی تورکیا دابین دەکات و ساڵانە ٦ تا ٧ ملیۆن گەشتیار دەنێرێت بۆ تورکیا. جگە لە مووشەکە پێشکەوتووەکان، تورکیا بیر لە کڕینی سیخۆی Su-57  و فڕۆکەی جەنگی Su-35ی دروستکراوی ڕووسیا دەکاتەوە

جگە لەوەش، کاتێک تورکیا سیستەمی بەرگری موشەکی S-400ی بەدەست گەیشت، ئەمریکا پلانەکانی بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی F-35 بە تورکیا هەڵوەشاندەوە. هێرشی تورکیاش بۆ سەر سووریا پەیوەندیەکانی ئەو وڵاتەی لەگەڵ واشنتۆن ئاڵۆزتر کردووە و رێگای بۆ هەژموونی مۆسکۆ خۆشکردووە.

 

کیبارئۆغلو وتی " ڤلادیمێر پوتین سەرکردەیەکی لێهاتووە، چی کێشەیەک هەیە لە هەبوونی پەیوەندیەکی باش لەگەڵ کەسێکی لەوجۆرە؟"

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو هاوپەیمانیە نوێیەی وەک بابەتێکی جێگەی مشت و مڕ لەنێو تورکیادا دەمێنێتەوە.

 

فاروق لۆغئۆغلو، کە لە نێوان ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٥ باڵیۆزی تورکیا بووە لە ئەمریکا بە گۆڤاری فۆڕن پۆڵەسی ڕاگەیاندووە "سیاسەتە خراپەکانی ئەمریکا بیانوو نین بۆ بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ ڕووسیا، ڕووسیا دوژمنی گەورەی ئێمەیە. کڕینی مووشەکە ڕووسیەکان هەڵەیەکی گەورە بوو و پابەندبوونی تورکیا بە ناتۆ دەخاتە ژێر پرسیارەوە. "

 

 

Reese Erlich

سەرچاوە: Foreign policy