چی له‌ ڕێكه‌وتنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران و وڵاتانی 5+1 ماوه‌؟

چی له‌ ڕێكه‌وتنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران و وڵاتانی 5+1 ماوه‌؟

503 خوێندراوەتەوە


ئێران ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ به‌ندێكی دیكه‌ی ڕێكه‌وتنامه‌ی ئه‌تۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزدا ده‌كشێته‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2015 له‌ ڤییه‌نا له‌سه‌ری ڕێكه‌وتوون.


ئه‌و ڕێكه‌وتنامه‌یه‌ له‌ 14ی ته‌موزی 2015 له‌ ڤییه‌نا له‌ نێوان ئێران وڵاتانی 5+1( چین،ئه‌مریكا، فه‌ره‌نسا، به‌ریتانیا، ڕوسیا، ئه‌ڵمانیا) ئیمزا كرا.
هه‌روه‌ها به‌ پێی بڕیاری 2231ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ له‌20ی ته‌موزی هه‌مان ساڵ ده‌ركرا، ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ ئیمزا كراوه‌، به‌مه‌ش كۆتایی به‌ كێشه‌ی 12 ساڵه‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران هێنا.


له‌سه‌ره‌تای ڕێكه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه‌:" ئێران دووباره‌ گشت لایه‌ك دڵنیا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك و له‌ هیچ حاڵه‌تێكدا هه‌وڵی پێشخستن و به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی نادات".


ئێران له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ڕازی بوو گه‌ره‌نتی بدات به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمیه‌كه‌ی بۆ كاری ئاشتیانه‌یه‌وه‌ به‌ڵێنیشی دا كه‌ به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو چالاكیه‌ ئه‌تۆمیه‌كانی له‌و باره‌دا دابه‌زێنێت، هه‌روه‌ها ڕێگاش بدات پشكنه‌رانی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ردانی وێستگه‌كانی بكه‌ن، له‌ به‌رامبه‌ریشدا به‌شێك له‌ سزا سه‌پێندراوه‌كانی سه‌ر ته‌هران هه‌ڵده‌گیرێت.


به‌ڵام له‌ 8ی ئایاری 2018 سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد ترامپ كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌و ڕێكه‌وتنامه‌یه‌ ڕأگه‌یاند و ڕێكه‌وتنامه‌كه‌شی به‌ خراپترین ڕێكه‌وتن له‌ مێژووی ئه‌مریكادا ناوزه‌ند كرد.


دواتریش له‌ مانگی ئابی 2018دا واشنتن سزای نوێی به‌سه‌ر ته‌هراندا سه‌پاند ، ترامپ له‌ ڕێگای ئه‌م سزا نوێیانه‌وه‌ ده‌یویست ئێران ناچار بكات ده‌ستبه‌رداری به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی ببێت و دووباره‌ له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنامه‌یه‌كی نوێ دانوستان بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌هاته‌ دی و ئێران پابه‌ند بوونی خۆی به‌ ڕێكه‌وتنامه‌كه‌وه‌ وورده‌ ورده‌ كه‌م كرده‌وه‌.


له‌ 8ی ئایاری 2019 ، واته‌ دوای ساڵێك له‌ كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ ڕێكه‌وتنامه‌كه‌، ئێران ڕایگه‌یاند كه‌ پابه‌ند بوونی خۆی به‌ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌،ئامانجی ئێران له‌م كاره‌ی بۆ ئه‌وه‌ بوو وڵاتانی ئه‌وروپا و چین و ڕوسیا پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانیان بن.


ئێران ئاشكراشی كرد، كه‌ ئه‌گه‌ر داواكاریه‌كانی جێبه‌جێ نه‌كرێت، ئه‌وا پابه‌ند نابێت به‌ به‌نده‌كانی ڕێكه‌وتنامه‌كه‌وه‌،بۆیه‌ تاكو ئێستا به‌ چوار قۆناغ پابه‌ند بوونه‌كانی كه‌م كردۆته‌وه‌.
قۆناغی چواره‌می پابه‌ند نه‌بوونی ئێران:
ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ ئێران ناچار ده‌كات كه‌ نابێت یورانیۆمی پیتێنراو له‌ (300كگم)زیاتر بێت،به‌ڵام ئێران ئه‌مه‌ی تێپه‌ڕاندووه‌، هه‌روه‌ها پابه‌ندی ئه‌وه‌ش ڕێژه‌ی دیاری كراو نه‌بووه‌ و هه‌وڵی زیادكردنی ده‌دات، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ چه‌ند قۆناغێك له‌و ڕێژه‌یه‌ تێپه‌ڕ ده‌كات كه‌ بۆی دیاری كراوه‌.
ئێران له‌ مانگی ئه‌یلولدا، یۆرانیۆیمی پیتێنراوی له‌ وێستگه‌ی (ناتانز) به‌رهه‌مهێناكه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ڕاستی ئێران،به‌ڵام ئه‌م كاره‌شی پێچه‌وانه‌ی ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ بوو.


هه‌روه‌ها ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ ڕێگه‌ به‌ ئێران ده‌دات كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سنوردار ئامێری(AR1) به‌كاربهێنێت، به‌ڵام ئێستا ئه‌و وڵاته‌ نه‌وه‌یه‌كی نوێ به‌كارده‌هێنێت كه‌ زۆر له‌و ئامێره‌ پێشكه‌وتووتره‌.


ئێران بیانوو بۆ ئه‌م كارانه‌ی ده‌هێنێته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات سه‌رجه‌م كاره‌كانی به‌ پێی به‌ندی 26و 36 ئه‌نجامی داوه‌، كه‌ له‌ ئه‌گه‌ری پاشه‌كشه‌ی لایه‌نێك ئێران ده‌توانێت پابه‌ندییه‌كانی كه‌م بكاته‌وه‌.
دوای ئه‌م هه‌موو پێشێلكاریانه‌، كه‌ ئه‌مریكا و ئێران ئه‌نجامیان داوه‌، كه‌سانێك له‌وه‌ بپرسن، ئه‌ی چی له‌ ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ ماوه‌؟


خاڵێكی ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ هێشتا كاری پێده‌كرێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاران ڕێگا به‌ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم ده‌دات سه‌ردانی بنكه‌ ئه‌تۆمیه‌كانی بكه‌ن و پشكنین بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم ئه‌نجام بده‌ن.


هه‌روه‌ها هێشتا به‌نده‌كانی په‌یوه‌ست به‌ بنكه‌ی ئاراك(كه‌ به‌دووری 240 كیلۆ مه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باشوری ڕۆژئاوای ته‌هران)، كاریان پێده‌كرێت، كه‌ ئێران پابه‌ندكراوه‌ هاوكاری بیانیاكان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی یۆرانیۆم كه‌ بۆ مه‌به‌ستی دروستكردنی چه‌ك نه‌بێت.

هه‌روه‌ها ڕێگا به‌ ئێران دراوه‌ یۆرانیۆم تاكو ڕێژه‌ی له‌ سه‌ده‌ 4.5 بپیتێنێت و نه‌یگه‌یه‌نێته‌ له‌سه‌دا 20، ئێران هێشتا ئه‌و ڕێژه‌ی تێنه‌په‌ڕاندووه‌ و زۆریش دووره‌ له‌ ڕێژه‌ی له‌ %90 كه‌ ته‌نها له‌و ڕێژه‌یه‌دا ده‌توانرێت بۆ مه‌به‌ستی سه‌ربازی به‌كاربهێنرێت.

له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا زه‌حمه‌ته‌ بتوانرێت ئه‌و ڕێكه‌وتنامه‌ی ڕزگار بكرێت، وڵاتانی ئه‌وروپا ئێران و ئه‌مریكا ناچار بكه‌ن پابه‌ندی به‌نده‌كانی بن.