بۆچی ئێران له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عیراق ده‌ترسێت؟

بۆچی ئێران له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عیراق ده‌ترسێت؟

605 خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامه‌ی (لۆریان لۆجۆر) له‌ ڕاپۆرتێكیدا تیشكی خستۆته‌ سه‌ر دۆخی عیراق و داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌و وڵاته‌دا،ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌ ئه‌نجام بدرێت، ئه‌وا ئێران له‌م كاته‌دا زیانمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بێت، چونكه‌ ئێستا له‌ عیراقدا دژی گه‌نده‌ڵی و بێ كاری و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ته‌هران خۆپیشاندان ئه‌نجام ده‌درێت.

بۆیه‌ رۆژنامه‌كه‌ كه‌ به‌ زمانی فه‌ره‌نسی ده‌رده‌چێت، ده‌ڵێت هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه‌ وای له‌ ئێران كردووه‌، كه‌ هه‌وڵی مانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران بدات، كه‌ له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ساڵی 2018دا به‌ ته‌وافوقی ئه‌مریكاو ئێران دانراوه‌.

،،

سیسانى ده‌ڵێت:

"هیچ كه‌س و لایه‌نێك یان وڵاتێكی هه‌رێمی یان نێوده‌وڵه‌تی بۆی نیه‌ ئیراده‌ی خۆی به‌سه‌ر عێراقیه‌كاندا بسه‌پێنێت".

ڕێگری له‌ ڕۆشتنی عادل عه‌بدولمه‌هدی:

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ چه‌ندین به‌رپرسی باڵا و كاریگه‌ری عیراق به‌ ڕۆیته‌رزیان ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ " ئێران بۆ ئه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌سه‌ر كار لانه‌برێت ده‌ستوه‌ردانی كردوه‌،كه‌ خۆپیشانده‌ران ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ دژی كاره‌كانی حكومه‌ت خۆپیشاندان ده‌كه‌ن".

ڕۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عیراق وتویه‌تی:"هیچ كه‌س و لایه‌نێك یان وڵاتێكی هه‌رێمی یان نێوده‌وڵه‌تی بۆی نیه‌ ئراده‌ی خۆی به‌سه‌ر عێراقیه‌كاندا بسه‌پێنێت".

ده‌شڵێت:

ئه‌م قسه‌یه‌ی سیستانی له‌وه‌یه‌ به‌هۆی وته‌كه‌ی عه‌لی خامه‌نه‌ئی ڕێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ بووبێت، كه‌ خۆپیشانده‌رانی عیراق و لوبنانی به‌ ئاژه‌وه‌چی ناوزه‌ند كردبوو، داوای له‌و دوو وڵاته‌ش كردبوو، كه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ بكه‌ن. لۆریان لو جۆر له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ئێواره‌ی ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ ئه‌ندامانی حه‌شدی شه‌عبی نزیك له‌ ئێران به‌ ناو به‌غدادا گه‌ڕانیان كردووه‌، ئه‌مه‌ش ترس و دڵه‌ڕاوكێی له‌ نێوان خۆپیشانده‌ران و ئه‌و كه‌سانه‌دا دروست كردووه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ دژی حكومه‌ت خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن.

،،

 سوله‌میانی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئاماده‌ بووه‌، ئاماده‌بوونی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بووه‌، چونكه‌ ئاسایشی عیراق به‌لای ئێرانه‌وه‌ زۆر گرنگه‌.

 هاوكات قاسمی سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی ئێرانی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ به‌ نهێنی سه‌ردانی به‌غدادی پایته‌ختی كرد، له‌و سه‌ردانه‌یدا چاوی كه‌وتووه‌ به‌ هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌ په‌رله‌مان و فه‌رمانده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ له‌ خۆیانه‌وه‌ نزیكن، له‌و كۆبوونه‌وه‌نه‌دا داوای لێكردوون پشتگیری عادل عه‌بدولمه‌هدی بكه‌ن، به‌تایبه‌ت داوای له‌وانه‌ كردوه‌ كه‌ پێشتر داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانیان كردووه‌، كه‌ خۆی له‌ هادی عامری و موقته‌دا سه‌در ده‌بینێته‌وه‌. سه‌در پێشتر داوای له‌ عامری كردبوو بۆ ئارام بوونه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ بكات.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی ئێرانی كه‌ نه‌یویستوه‌ ناوی ئاشكرا بكرێت، به‌ ڕۆژنامه‌كه‌ی وتووه‌:" كه‌ سوله‌میانی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئاماده‌ بووه‌، ئاماده‌بوونی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بووه‌، چونكه‌ ئاسایشی عیراق به‌لای ئێرانه‌وه‌ زۆر گرنگه‌، پێشتریش هاوكاری عیراقمان كردووه‌، فه‌مانده‌ی فه‌یله‌قی قودسیش سه‌ردانی عیراق و چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ی كردوه‌، به‌تایبه‌ت له‌و كاتانه‌ی كه‌ هاوپه‌یمانه‌كانمان داوای هاوكاریمان لێده‌كه‌ن".

هه‌رچه‌نده‌ عامری به‌ڵێنی به‌ سه‌در دابوو له‌ ڕوخانی حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدیدا هاوكاری بكات، به‌ڵام دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ قاسمی سوله‌یمانی،عامری بۆچوونی گۆڕاوه‌ و ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌" ئێمه‌ پێمان وایه‌ كه‌ ئێستا بۆ لێساندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ حكومه‌ت كاتێكی گونجاو نیه‌،چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ كاره‌كه‌ زیاتر ئاڵۆز ببێت و هه‌ڕه‌شه‌ش له‌ ئاسایشی وڵات ده‌كات" له‌ به‌رامبه‌ریشدا سه‌در ڕاگه‌یاندووه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ست له‌كارنه‌كێشێته‌وه‌، ئه‌وا خوێنی زیاتر ده‌ڕژێت و جارێكی دیكه‌ش له‌گه‌ل عامری كار ناكه‌ین، به‌ هادی عامریش وتووه‌:" له‌ئه‌مڕوه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جارێكی دیكه‌ هاوپه‌یمانیت له‌گه‌ڵ نابه‌ستین".

،،

گه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بكرێت ئه‌وه‌ لایه‌نگرانی ئێران زه‌ره‌مه‌ندی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بن.

 هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌: ڕۆژنامه‌كه‌ هۆكاری ده‌ستوه‌ردانی ئه‌مجاره‌ی ئێران له‌ كاروباری عیراق بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئێران له‌ ڕووداوه‌كانی عیراق نیگه‌رانه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی كه‌ باس له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌ ئێرانه‌وه‌ نزیكن ناتوانن وه‌ك جاری پێشوو ده‌نگ بهێننه‌وه‌، چونكه‌ یه‌كێك له‌ داواكانی خۆپیشانده‌ران چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێرانه‌ له‌ عیراق، ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ش چه‌ند خۆپیشانده‌رێك وێنه‌ی خومه‌ینی دامه‌زرێنه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران و كه‌سایه‌تی دیكه‌ی وه‌ك خامه‌نه‌ئی و قاسمی سوله‌یمانیان كردبوه‌ ئامانج.

له‌ باره‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌وه‌ فنار حداد مامۆستای زانكۆی سه‌نگافوره‌ به‌ ڕۆژنامه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌، كه‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ئه‌نجامێكی خراپی بۆ ئێرانیه‌كان ده‌بێت.

ده‌شڵێت: پێشنیاری هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌لایه‌ن به‌رهه‌م سالح سه‌رۆكی عیراقه‌وه‌ پێشینار كراوه‌، كه‌ دوای یاسای نوێی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجام بدرێت و بۆ ده‌نگدانیش له‌سه‌ری ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكرێت، بۆیه‌ گه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بكرێت ئه‌وه‌ لایه‌نگرانی ئێران زه‌ره‌مه‌ندی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بن.

حداد دوپاتیشی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ كه‌ له‌ ساڵی 2018دا ئه‌نجامدرا، كه‌مترین ڕێژه‌ی تۆمار كرد، كه‌ له‌ ساڵی 2003ه‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بووه‌، له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا هاوپه‌یمانێتی فه‌تح (كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ زۆر نزیكه‌) پله‌ی دووه‌می به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام له‌م دۆخه‌ی ئێستادا ئه‌گه‌ر ژماره‌یه‌كی زیاتری ده‌نگده‌ر به‌شدار ببن، ئه‌وا فتح ناتوانێت پله‌ی دووه‌م به‌ده‌ستبهێنێته‌وه‌.

ئه‌و مامۆستایه‌ له‌ كۆتایشدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌گه‌ر لیستی ده‌نگده‌ران پاك بكرێته‌وه‌ و لیژنه‌یه‌كی نوێی هه‌ڵبژاردن سه‌رپه‌رشتی بكات، ئه‌وا هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ڕووبه‌رووی دوو كێشه‌ ده‌بێته‌وه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا خۆپیشانده‌ران داوای ڕۆشتنی سه‌رجه‌م سیاسیه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی له‌ ئیداره‌دانی وڵاتدا شكستیان هێناوه‌، كێشه‌ی دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قورسه‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان بگۆڕدرێت كه‌ له‌ ساڵی 2005ه‌وه‌ ده‌رچووه‌.

 له‌ كۆتایشدا فه‌یسه‌ڵ ئیسترابادی باڵوێژزی پێشووی عیراق له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت: یاسای ئێستای هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ دۆخی ئێستای عیراق زۆر گونجاوه‌، بۆ چاكسازی نوێش ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین و بزانین چی تێدا ده‌گۆڕدێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ناتوانرێت هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ئه‌نجام بدرێت، ئه‌گه‌ر ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی له‌سه‌ر نه‌بێت.

 ده‌شڵێت: سه‌رۆك كۆمار ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجامدانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی نیه‌، ده‌بێت په‌رله‌مان به‌ زۆرینه‌ی ڕه‌ها په‌سه‌ندی بكات، ئه‌و كات هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، له‌ ئێستاشدا هیچ حیزب و هاوپه‌یمانێتیه‌ك ناتوانێت زۆرینه‌یه‌كی ڕه‌ها پێكبهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت. ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ وتارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا ڕایگه‌یاند كه‌ ناتوانرێت هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ئه‌نجام بدرێت، ئه‌گه‌ر یاسایه‌كی نوێی هه‌ڵبژاردنمان نه‌بێت. وتیشی سه‌رۆك وه‌زیران ڕه‌زامه‌ندی نیشانداوه‌ ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر كوتله‌كان كه‌سێكی گونجاو بۆ شوێنه‌كه‌ی دیاری بكه‌ن.