ئیندپندنت: ئایا سیستانی و سه‌در ده‌ستبه‌رداری خۆپیشانده‌ران بوون؟

ئیندپندنت: ئایا سیستانی و سه‌در ده‌ستبه‌رداری خۆپیشانده‌ران بوون؟

538 خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامه‌ی ئیندپندنت ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ له‌ ڕاپۆرتێكیدا ده‌پرسێت،چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵا و موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در ده‌ستبه‌رداری جوڵه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی عیراق بووبن، كه‌ ڕووبه‌ڕووی توندوتیژیه‌كی زۆری حكومه‌ت بوونه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ خۆپیشانده‌ران له‌ مه‌یدانی ته‌حریر له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ گه‌مارۆ دراون.

ڕۆژنامه‌كه‌ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌یدا كه‌ ڕۆژی(10-11-2019) له‌ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی خۆی بڵاوی كردۆته‌وه‌ ده‌ڵێت:" هێزه‌ عێراقیه‌كان ورده‌ ورده‌خۆیان گه‌یانده‌ سه‌نته‌ری خۆپیشاندان له‌ به‌غداد، واته‌ مه‌یدانی ته‌حریر له‌ ناوه‌ڕاستی به‌غداد، هه‌روه‌ها زانیاری دژ به‌ یه‌ك له‌ نێوان ڕاگه‌یاندنه‌ فه‌رمیه‌كان و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا هه‌یه‌، ڕاگه‌یاندنه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ گه‌مارۆ دراوه‌، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیش پشتگیری له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ن و دووپاتی به‌رده‌وام بوونیان ده‌كه‌نه‌وه‌.

ڕاپۆرته‌كه‌ له‌سه‌ر زاری خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ ده‌ڵێت:

" هێزه‌ ئه‌منیه‌كان شه‌وی شه‌ممه‌ له‌سه‌ر یه‌ك شه‌ممه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری ته‌حریر ده‌ستیان به‌ جوڵه‌ كرد،بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ مه‌یدانه‌كه‌ گولله‌ی ڕاسته‌قینه‌یان به‌كارده‌هێنا،له‌وه‌یه‌ له‌وێ خۆپیشانده‌ران گه‌مارۆ درابن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ سه‌رجه‌م ڕێگاكان و پردی سنك بكه‌نه‌وه‌، كه‌ نزیكه‌ له‌ شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران".

،،

پلانه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وام له‌ فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌ حكومیه‌كان و خوێندنگاو زانكۆكان سه‌ركه‌وتوو بوو

په‌یامنێری ڕۆژنامه‌كه‌ له‌ به‌غداد ده‌ڵێت:

" به‌یانی ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عیراق مه‌یدانی ته‌حریر و خه‌لانیان به‌ له‌مپه‌ری كۆنكرێتی گرت، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگا له‌ خۆپیشانده‌ران بگرن و نه‌توانن بچنه‌وه‌ سه‌ر پردی سنك". ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌" پلانه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وام له‌ فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌ حكومیه‌كان و خوێندنگاو زانكۆكان سه‌ركه‌وتوو بوو، چونكه‌ ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ جوڵه‌یه‌كی تا ڕاده‌یه‌ك ئاسایی له‌ به‌غداد به‌دیده‌كرا".

هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت، ورده‌ ورده‌ جوڵه‌ی كه‌رتی تایبه‌تیش ئاسایی بوه‌وه‌، مه‌یدانی ته‌حریر جمه‌ی ده‌هات ، ژماره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆپیشانده‌رانیش له‌ مه‌یدانه‌كه‌ به‌ ناڕوونی مایه‌وه‌. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌: ڕۆژی شه‌ممه‌ هێزه‌كانی نه‌هێشتنی ئاژه‌وه‌گێڕی فشارێكی زۆریان خسته‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران ،هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران له‌ مه‌یدانی خه‌لانی و پردی سنك دووربخه‌نه‌وه‌ له‌ شه‌قامی ره‌شید هیچ شوێنێكیان بۆڕۆشتنی خۆپیشانده‌ران نه‌هێشته‌وه‌.

،،

خۆپیشانده‌ران له‌ هه‌ڵوێستی عه‌لی سیستانی نائومێد بوون، كاتێك رۆژی هه‌ینی ناوه‌ڕاستی داره‌كه‌ی گرت و جیاوازی له‌ نێوان هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و خۆپیشانده‌ران نه‌كردو داوای له‌ هه‌ردوولا كرد ڕه‌وشه‌كه‌ ئارام بكه‌نه‌وه‌".

 خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێن: كوا مه‌رجه‌عیه‌ت؟

وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ عه‌لی سیستانی مه‌جه‌عی باڵای شیعه‌كانی عیراق، هه‌روه‌ها پرسیاریان له‌ ڕاستی به‌ڵینه‌كانی موقته‌دا سه‌در ده‌كرد، كه‌ خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی فراوانه‌، مانگی ڕابردووش كاریگه‌ریه‌كی زۆری له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كان به‌جێهێشت كاتێك وتی:" من به‌ شه‌خسی دێمه‌ سه‌ر خه‌ت، ئه‌گه‌ر خۆپیشانده‌ران ڕووبه‌ڕووی هه‌ر ده‌ستدرێژیه‌ك ببنه‌وه‌".

ڕاپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت:

خۆپیشانده‌ران له‌ هه‌ڵوێستی عه‌لی سیستانی نائومێد بوون، كاتێك رۆژی هه‌ینی ناوه‌ڕاستی داره‌كه‌ی گرت و جیاوازی له‌ نێوان هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و خۆپیشانده‌ران نه‌كردو داوای له‌ هه‌ردوولا كرد ڕه‌وشه‌كه‌ ئارام بكه‌نه‌وه‌".

له‌ كۆتایشدا حه‌یده‌ر مه‌لا ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ڕایگه‌یاند كه‌" مه‌رجه‌عیه‌ت به‌ ته‌واوی باوه‌ڕی به‌وه‌ هێناوه‌ كه‌ خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستی ده‌ره‌كی تێكه‌ڵ بووه‌، (ده‌كرێت) وڵات به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌كی نادیار به‌رن، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر گۆڕنی داواكاریه‌كان و لادانی عادل عبدولمه‌هدی داوای لێبوردنیش له‌ موقته‌دا كراوه‌.