هۆشیار زێباری رەخنە لە هەڵوێستی ئەمریكا و سیستانی دەگرێت

هه‌ڵوێستی سیستانی و به‌یاننامه‌كه‌ی كۆشكی سپی واده‌كه‌ن كه‌ خۆپیشاندانه‌كان توندوتیژی تر ببن

هۆشیار زێباری رەخنە لە هەڵوێستی ئەمریكا و سیستانی دەگرێت

474 خوێندراوەتەوە


هۆشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و وه‌زیری پێشووتری ده‌ره‌وه‌ی عیراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هه‌ڵوێستی عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای ئاینی ده‌رباره‌ی خۆپیشاندانه‌كانله‌گه‌ڵ به‌یاننامه‌كه‌ی كۆشكی سپی، وا له‌ خۆپیشاندانه‌كان ده‌كه‌ن زیاتر توندوتیژانه‌تر بن.


زێباری له‌ تویتێكدیا له‌ تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر ده‌ڵێت:" داواكه‌ی دوێنێی سیستانی له‌گه‌ڵ به‌یاننامه‌كه‌ی كۆشكی سپی ده‌رباره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی عیراق وا له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ن سه‌قفی داواكاریه‌كانیان به‌رز بكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات زیاتر دوژمنكارانه‌ بێت."


ده‌شڵێت:" ئه‌مه‌ پێویستی به‌ پرسیار كردن و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگایه‌كی سیاسی ڕوون هه‌یه‌، بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازییه‌كان".
زێباری ده‌پرسێت" ئایا حكومه‌ت ده‌توانێت به‌وه‌ هه‌ستێت؟ به‌ڵی ده‌توانن".


جینین بلاسخارت نوێنه‌ری ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ڕۆژی دووشه‌ممه‌(11/11/2019) دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵا وتی: مه‌رجه‌عیه‌ت دوپاتی كردۆته‌وه‌ كه‌ خۆپیشانده‌ران بێ جێبه‌جێ كردنی سه‌رجه‌م داواكانیان ناگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌كانیان".
بلاسخارت له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌واندیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌:"مه‌رجه‌ع له‌ جدی نه‌بوونی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بۆ چاكسازی زۆر نیگه‌رانه‌".
وتیشی:" مه‌رجه‌ع دووپاتی كردۆته‌وه‌ كه‌ ناكرێت خۆپیشانده‌ران بچنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی داواكانیان جێبه‌جێ بكرێت".


هه‌روه‌ها عه‌لی سیستانی وتویه‌تی:"ئه‌گه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ نه‌یانتوانی داوای خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ بكه‌ن، ‌وه‌وا پێویسته‌ ڕێگایه‌كی دیكه‌ بگیرێته‌ به‌ر".
به‌ قسه‌ی بلاسخارت، مه‌رجه‌ع ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، كه‌" ناكرێت عیراق بكرێته‌ مه‌یدانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌ سیاسیه‌كان و پێویسته‌ گشت لایه‌ك ڕێزی سه‌روه‌ری عیراق بگرن".


هه‌روه‌ها " نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك توندوتیژی به‌كاربهێنرێت، داوای لێپرسینه‌وه‌ش له‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی دروستبوونی توندوتیژیه‌كان".
بلاسخارت ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانیش وتی: " نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان به‌دواداچوون بۆ ڕووداوه‌كانی چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوو ده‌كات،هه‌روه‌ها توڕه‌یی شه‌قام به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه‌ كه‌ ماوه‌ی 16 ساڵه‌ خزمه‌تگوزاریان پێشكه‌ش نه‌كراوه‌، بۆیه‌ خه‌ڵك هیوایه‌كی زۆری به‌ هێنانه‌دی داواكانیان هه‌یه‌".
وتیشی:" نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان هه‌وڵ ده‌دات عیراق به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕوات، ئێستاش كاتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات داوای خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ بكات، هه‌روه‌ها نابێت عیراق بكرێته‌ مه‌یدانی ململانێ سیاسیه‌كانی نێوان وڵاتان".


له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌مریكا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ڕۆژی (11/11/2019) بڵاوی كردۆته‌وه‌، داوای له‌ عیراق كرد ده‌ستبه‌جێ توندوتیژی دژی خۆپشانده‌ران ڕابگرێت.
له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: ئه‌مریكا زۆر نیگه‌رانه‌ له‌و هێرشه‌ به‌رده‌وامانه‌ی كه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران و چالاكوانی مه‌ده‌نی و ڕاگه‌یاندكاران و هه‌روه‌ها بڕینی هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت".


ده‌شلێت:" عیراقیه‌كان له‌به‌رامبه‌ر دزینی سامانیان وبه‌كارهێنانه‌وه‌ی له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ بۆ ڕاگرتنیان ده‌ستوه‌ستان نابن،بۆیه‌ عیراقیه‌كان ده‌نگی خۆیان گه‌یاند بۆ چاكسازی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌".
هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌مریكا ده‌ڵێت:" حكومه‌تی ئه‌مریكا داوا له‌ حكومه‌تی عیراق ده‌كات توندوتیژیه‌كان دژی خۆپیشانده‌ران ڕابگرێت و به‌ڵێنه‌كانی به‌رهه‌م ساڵح له‌ چاكسازی له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ جێبه‌جێ بكات".


ماوه‌ی زیاتر له‌ مانگێكه‌ خۆپیشاندان زۆرینه‌ی شاره‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عیراقی گرتۆته‌وه‌ ، خۆپیشانده‌ران داوای هه‌لی كار و هه‌مواری ده‌ستور و گۆڕینی ڕژێمی فه‌رمانڕه‌واو ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حكومه‌ت ده‌كه‌ن.


خۆپیشاندانه‌كان توندوتیژی لێكه‌وته‌وه‌ و تاكو ئێستا زیاتر له‌ 300 كه‌س شه‌هید بوون و هه‌زارانی دیكه‌ش برینداربوون.