د.عه‌لی قه‌ره‌داغی بۆ دیپلۆماتیك: ئه‌سته‌مبوڵ مه‌رجی ئه‌وه‌ی تێدا نییه‌، ببێته‌ پایته‌ختی ئابوری ئیسلامی

"له‌ شه‌ڕی سه‌پێنراوی داعش به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا، فتوای شه‌هیدیم بۆ پێشمه‌رگه‌ پاڵه‌وانه‌كاندا"

د.عه‌لی قه‌ره‌داغی بۆ دیپلۆماتیك: ئه‌سته‌مبوڵ مه‌رجی ئه‌وه‌ی تێدا نییه‌، ببێته‌ پایته‌ختی ئابوری ئیسلامی

6733 خوێندراوەتەوە

 

هه‌رچه‌نده‌ كه‌سایه‌تییه‌كی جیهانی و كاریگه‌ره‌،وەك كوردێك لە جیهانی ئیسلامیدا ناوبانگێكی جیهانی هەیە، به‌ڵام  لەناوخۆی كوردستاندا ڕوبەڕوی رەخنەی نه‌یاره‌كانی بۆتەوە و بەوە تۆمەتباری دەكەن هاوسۆزی هەیە لەگەڵ حكومەتی توركیادا.

 

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین، بە گرنگی زانی دیدارێك له‌گه‌ڵ پ.د.عه‌لی قه‌ره‌داغی ئه‌مینداری گشتی زانایانی جیهانی موسڵمان ئه‌نجام بدات، تاكو وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی ده‌ست بكه‌وێت كه‌ ئاخۆ بێده‌نگی ناوبراو له‌به‌ر چ هۆكارێكه‌؟ و چی ده‌ڵێت ده‌رباره‌ی ئه‌و گۆڕانكارایانه‌ی كه‌ له ‌ناوچه‌كه‌ روویانداوه‌؟ و ئایا ئه‌و ده‌نگۆیه‌ راسته‌ كه‌ ناوبراو پێی باشه‌ ئه‌سته‌نبوڵ بكرێت به‌ پایته‌ختی ئابوری ئیسلامی؟

،،

لە كۆنفرانسه‌كه‌ی ئیسته‌نبوڵدا  ژماره‌یه‌ك راسپارده‌ هه‌بوون یه‌كێك له‌وانه‌ پێشنیاركردنی ئیسته‌نبوڵ بوو بۆ پایته‌ختی ئابوری ئیسلامی، بێگومان من پشتگیریم له‌ بیرۆكه‌كه‌ كرد به‌ڵام به‌ ئاشكرا له‌ وتاره‌كه‌م و له‌ گفتوگۆكاندا ئه‌وه‌م ‌روونكرده‌وه‌ كه‌ هێشتا ئیسته‌نبوڵ ئه‌و مه‌رجه‌ی تێدا نیه.

 

 

"هەندێ‌ لە سیاسییه‌كانی كورد، له‌بری توركیا سەركۆنەی سیاسەتەكانی په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن"

 "من بێ هه‌ڵوێست و بێ ده‌نگ نه‌بووم، به‌ئاشكرا وتوومه‌و ده‌یڵێمه‌وه‌ كه‌ دژی سته‌م و ده‌ستدرێژی و خوێن رشتن و سته‌مكاریم هه‌ر كه‌س هه‌ر لایه‌نێك پیاده‌ی بكات". قه‌ره‌داغی وایوت.

به‌ڵام ئه‌و سه‌باره‌ت به‌و هه‌موو هێرش و لێدوانانه‌ كه‌ رۆژانه‌ ده‌ركرێنه‌ سه‌ر ناوبراو پرسیارێك ئاراسته‌ی رای گشتی ده‌كات و ده‌ڵێت:"من ده‌پرسم ئه‌م هه‌موو هێرشه‌ بۆچی له‌سه‌ر ئێمه‌ هه‌یه‌ بێئه‌وه‌ی هیچ پێگه‌یه‌كی فه‌رمی وسیاسیم هه‌بێت، له‌ كاتێكدا هه‌موو سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان به‌ حكومی و حیزبیه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ڵوێستیان دژی توركیا نه‌بووه‌و ته‌نانه‌ت به‌یاننامه‌كانیان وشه‌ی توركیای تێدا نیه‌، بگره‌ هه‌ندێكیان به‌ راسته‌وخۆو ناراسته‌وخۆ سه‌ركۆنه‌ی سیاسه‌ته‌كانی په‌كه‌كه‌و په‌یه‌ده‌یان كردوه‌".

ئه‌م وته‌ی ئه‌مینداری گشتی زانایانی جیهانی موسڵمان، ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ لێدوانه‌كه‌ی چه‌ند رۆژی رابردووی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه‌ گوتی: توركیا كێشه‌ی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ هه‌یه‌ نه‌ك كورد. بۆیه‌ قه‌ره‌داغی نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی كه‌ بۆچی ته‌نها ئه‌و له‌نێو زاویه‌كه‌دایه‌، له‌كاتێكدا وه‌ك سیاسییه‌كانی هه‌رێم هیچ لێدوانێكی دژی كورد و په‌كه‌كه‌ نه‌داوه‌.

 

،،

من ده‌پرسم ئه‌م هه‌موو هێرشه‌ بۆچی له‌سه‌ر ئێمه‌ هه‌یه‌ بێئه‌وه‌ی هیچ پێگه‌یه‌كی فه‌رمی وسیاسیم هه‌بێت، له‌ كاتێكدا هه‌موو سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان به‌ حكومی و حیزبیه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ڵوێستیان دژی توركیا نه‌بووه‌و ته‌نانه‌ت به‌یاننامه‌كانیان وشه‌ی توركیای تێدا نیه‌.

 

 

"به‌كارهێنانی هه‌ستی ئایینی بۆ جه‌نگ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌"

سه‌باره‌ت به‌ به‌كارهێنانی هه‌ستی ئایینی و چه‌مكه‌ قورئانییه‌كان كه‌ دژی كورد له‌لایه‌ن توركیاو وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌وه‌ به‌كار ده‌هێنرێن، له‌ درێژه‌ی دیداره‌كه‌ قه‌ره‌داغی تیشكی خسته‌ سه‌رو دژی هه‌موو جۆره‌ به‌كارهێنانێكی ئه‌و وشانه‌ وه‌ستایه‌وه‌ كه‌ بۆ مه‌رام و به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی به‌كار بهێنرێن.

"ئیسلام به‌ ته‌نها ئاینی عه‌ره‌ب یان كورد یاخود تورك و فارس نییه‌، به‌كارهێنانی قورئان و سوره‌ته‌كانی بۆ ململانێ و جه‌نگ له‌ نێوان موسڵماندا هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، ئه‌وه‌ی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك حه‌ڵاڵ بێت بۆ ئه‌وانی تریش حه‌ڵاڵه‌، من سی ساڵه‌ ئه‌وه‌ دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ ئایینی ئیسلامدا هیچ شتێك نیه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك حه‌ڵاڵ و بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ حه‌رام بێت، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی موسڵمان حه‌ڵاڵ بێت بۆ ئه‌وانی تریش هه‌مان شێوه‌یه‌ بێ جیاوازی". قه‌ره‌داغی وایوت

 

ناوبراو روونتر و راشكاوانه‌تر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ قسه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: "كرۆكی بابه‌ته‌كه‌ پرسی ئیسلام و نه‌ته‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو بریتیه‌ له‌ سته‌مكاری و ده‌ستدرێژی و دكتاتۆریه‌ت، مه‌سه‌له‌كه‌ سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌، به‌رگی ئیسلامی ده‌كه‌ن به‌ به‌ردا، ئه‌م چه‌واشه‌كاریانه‌ له‌ رابردووشدا زۆر كراون به‌ڵام راستیه‌كان وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه"‌!

ئه‌م وته‌یەى ناوبراو، وه‌ڵامێكى ته‌واوه‌، دژى ئه‌و هێرشانه‌ى توركیا كه‌ به‌ناوى ئایینه‌وه‌ له‌ماوه‌ى رابردوو بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان ده‌ستى پێكردووه‌.

 

یه‌كێك له‌ پرۆژه‌كانى رابیته‌

 

 

"هەتا ئێستا كە یەكێتی زانایانی جیهانی بێلایەنی پارستوە بەهۆی منەوە بووە"

"پێگه‌ی من له‌ یه‌كێتی جیهانی زانایانی موسڵماندا په‌یوه‌ندی به‌ هه‌وڵ و ماندووبوون و زانست و زانیاریه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ پێی به‌خشیوم و دیاری و منه‌تێك نیه‌ كه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتدارو حكومه‌تێك پێی به‌خشی بم، سوپاس بۆ خودا نه‌ ماڵ و نه‌ پێگه‌یه‌كمان له‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتدارێك وه‌رنه‌گرتووه‌ تا ملكه‌چیان بین، ئێمه‌ ته‌نها به‌نده‌ی خوداین و شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌ین". قه‌ره‌داغی بۆ دیپلۆماتیك وایوت.

ناوبراو شتێكی نه‌وتراو ئاشكرا ده‌كات و ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێت كه‌ بێده‌نگی ئه‌و له‌به‌رامبه‌ر بێده‌نگی یاخود بێده‌نگكردنی ته‌واوی یه‌كێتی جیهانی زانایانی موسڵمان و ئه‌ندامه‌كانییه‌تی كه‌ هه‌روا پشتگیری كورد ناكه‌ن دژیشی قسه‌ نه‌كه‌ن و به‌ فتواكانیشیان هیچ پاڵپشتییه‌ك بۆ توركیا ده‌ر نه‌برن كه‌ ئه‌مه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا به‌دی كراوه‌..

بۆیه‌ ده‌شڵێت:"من پرسیار ده‌كه‌م باشه‌ بۆ ناپرسن ئایا بۆچی یه‌كێتی جیهانی له‌م كێشه‌یه‌دا بێلایه‌نی هه‌ڵبژاردوه‌؟ ئایا ئه‌وه‌ شتێكی كه‌مه‌؟ ئایا ئه‌وه‌ له‌خۆیه‌وه‌ كراوه‌؟ سوپاس بۆ خودا ئێمه‌ تا ئێستا سه‌ركه‌وتووبووین له‌وه‌ی نه‌هێڵین یه‌كێتیه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌ك و دژ به‌لایه‌كی تر به‌كاربهێنرێت".

 

،،

به‌كارهێنانی قورئان و سوره‌ته‌كانی بۆ ململانێ و جه‌نگ له‌ نێوان موسڵماندا هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌،كرۆكی بابه‌ته‌كه‌ پرسی ئیسلام و نه‌ته‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو بریتیه‌ له‌ سته‌مكاری و ده‌ستدرێژی و دكتاتۆریه‌ت، مه‌سه‌له‌كه‌ سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌، به‌رگی ئیسلامی ده‌كه‌ن به‌ به‌ردا، ئه‌م چه‌واشه‌كاریانه‌ له‌ رابردووشدا زۆر كراون به‌ڵام راستیه‌كان وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه

 

 

ئه‌سته‌مبوڵ بۆ ئه‌وه‌ ناشێت له‌ ئێستادا ببێته‌ پایته‌ختی ئابوری ئیسلامی.بۆچی؟

چه‌ند رۆژێكه‌ لێدوانێكی ئه‌مینداری یه‌كێتی جیهانی زانایانی موسڵمان، له‌نێو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌ڵای ناوه‌ته‌وه‌، كه‌ گوایا ناوبراو گوتبێتی: ئه‌سته‌مبوڵ بكرێته‌ پایته‌ختی ئابوری ئیسلامی، به‌ڵام له‌ڕێگه‌ی دیپلۆماتیكه‌وه‌ راست و دروستی رووداوو لێدوانه‌كه‌ ده‌خاته‌ روو. ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ فیدۆ هه‌یه‌ له‌مباره‌وه‌ كه‌ چۆن قسه‌ى كردووه‌ و لێدوانه‌كه‌ى به‌ته‌واوى شێوێنراوه‌.

"له‌ رۆژانی رابردوو كۆنفرانسێك له‌ توركیا سازكرا، من وه‌ك زانایه‌كی پسپۆری ئابوری ئیسلامی به‌شداریم كرد، له‌ وتاره‌كه‌مدا جه‌ختم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ چل ساڵه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ پێویسته‌ ده‌وڵه‌تان پشتگیری له‌ جێبه‌جێكردن و پیاده‌ كردنی ئابوری ئیسلامی بكه‌ن، له‌و پێناوه‌دا پرۆژه‌م پێشكه‌ش به‌ وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌بی كردوه‌، كۆنفرانسه‌كه‌ ژماره‌یه‌ك راسپارده‌ی هه‌بوون یه‌كێك له‌وانه‌ پێشنیاركردنی ئیسته‌نبوڵ بوو بۆ پایته‌ختی ئابوری ئیسلامی، بێگومان من پشتگیریم له‌ بیرۆكه‌كه‌ كرد به‌ڵام به‌ ئاشكرا له‌ وتاره‌كه‌م و له‌ گفتوگۆكاندا ئه‌وه‌م ‌روونكرده‌وه‌ كه‌ هێشتا ئیسته‌نبوڵ ئه‌و مه‌رجه‌ی تێدا نیه".

ناوبراو روونتر قسه‌ ده‌كات له‌مباره‌وه‌ و ده‌ڵێت:" ئابوری ئیسلامی ته‌نها كردنه‌وه‌ی چه‌ند بانكێك نیه‌، ئه‌وه‌ باشترین سیستمه‌ بۆ خزمه‌تی مرۆڤ و وڵات، ده‌بێت كاری گه‌وره‌ی بۆ بكرێت، هه‌ركه‌س بیكات من هاوكاری ده‌كه‌م و پرۆژه‌ی ژیانمه‌ بۆ خزمه‌تی هه‌موو مرۆڤایه‌تی نه‌ك ته‌نها موسڵمانان بۆیه‌ له‌ چه‌ندین داموده‌زگای جیهانی راوێژمان پێكراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌".

هه‌روه‌ها ناوبراو ده‌شڵێت: له‌م نێوه‌نده‌شدا وه‌ك شاره‌زایه‌كى ئابورى چه‌ند پرۆژه‌یه‌كم پێشكه‌ش به‌ وڵاته‌كه‌ى خۆم و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش كردووه‌.

 

"تا ئێستا زانكۆكه‌ى خۆشم له‌توركیا باوه‌ڕپێكراو نییه‌"

وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ ئه‌و هه‌موو تۆمه‌ت و لێدوانانه‌ى كه‌ دژى قه‌ره‌داغى ئه‌نجام ده‌درێن، گوایا له‌به‌رژه‌وه‌ندى توركیا قسه‌ ده‌كات و به‌رژه‌وه‌ندى شه‌خسى هه‌یه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ناوبراو وتیشى: تاكو ئێستا زانكۆكه‌ى خۆم (زانكۆى گه‌شه‌پێدانى مرۆیی له‌ سلێمانى) وه‌ك زۆرێك له‌زانكۆ ئه‌هلییه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ توركیا باوه‌رپێكراو نییه‌ و هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كى له‌گه‌ڵدا ناكرێت.

،،

 له‌ شه‌ڕی سه‌پێنراوی داعش به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا فتوای شه‌هیدیمان بۆ پێشمه‌رگه‌ پاڵه‌وان و ئیمانداره‌كاندا و رووبه‌رووی سته‌مكاری و ده‌ستدرێژی وه‌ستاینه‌وه‌، له‌ پاش ریفراندۆمی گه‌لی كوردستان و ئاسه‌واره‌ خراپه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی له‌ تواناماندا بوو درێغیمان نه‌كرد له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاره‌كان له‌سه‌ر هه‌رێم و ته‌نانه‌ت گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ هێڵه‌ فرۆكه‌وانیه‌كان بۆ فرۆكه‌خانه‌ی سلێمانی

 

"هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌مدا بووم"

له‌كۆتایی دیداره‌كه‌ماندا د.عه‌لی قه‌رداغی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌و شانازی ده‌كات به‌وه‌ی  خزمه‌تكاری نه‌ته‌وه‌كه‌‌ی بێت و به‌ عیباده‌تی ده‌زانێت. ده‌شڵێـت: له‌ كاتی كاره‌ساته‌ گه‌وره‌كاندا جێده‌ستمان دیاره‌، له‌ پاش هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال رابیته‌مان دروست كرد، له‌ جه‌نگی ناوخۆدا برایه‌تی و ناوبژیوانیمان كرد، دۆستایه‌تی راسته‌قینه‌مان له‌گه‌ڵ هه‌موو سه‌ركرده‌و حیزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پاراست به‌ ئیسلامی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌وه‌.

 

هه‌روه‌ها وتیشی: له‌ شه‌ڕی سه‌پێنراوی داعش به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا فتوای شه‌هیدیمان بۆ پێشمه‌رگه‌ پاڵه‌وان و ئیمانداره‌كاندا و رووبه‌رووی سته‌مكاری و ده‌ستدرێژی وه‌ستاینه‌وه‌، له‌ پاش ریفراندۆمی گه‌لی كوردستان و ئاسه‌واره‌ خراپه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی له‌ تواناماندا بوو درێغیمان نه‌كرد له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاره‌كان له‌سه‌ر هه‌رێم و ته‌نانه‌ت گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ هێڵه‌ فرۆكه‌وانیه‌كان بۆ فرۆكه‌خانه‌ی سلێمانی!

كۆتا په‌یامیشی ئه‌وه‌بوو:"نموونه‌ی باڵای من له‌ ژیاندا پێغه‌مبه‌ران و پیاوچاكانن، من هه‌رگیز منه‌ت به‌سه‌ر كه‌سدا ناكه‌م، چاوه‌ڕوانی سوپاس و ستایشی بێبنه‌ماش له‌ كه‌س ناكه‌م، هه‌میشه‌ ده‌ڵێم من هێشتا كه‌مم كردووه‌ بۆ گه‌له‌كه‌م و داواكارم له‌خوای گه‌وره‌ له‌ كه‌موكورتیمان ببوورێت و هاوكارمان بێت بۆ كاری باشترو گه‌وره‌تر، گه‌لی خۆمان باش ده‌ناسین و هێرشی ئایدیۆلۆژی و رق وكینه‌ رێگه‌ی خزمه‌تكردنی گه‌ل و نیشتمانی خۆمان لێ ون ناكات".

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان