ئه‌ندازیارى سه‌ركوتكردنى خۆپیشاندانه‌كان له‌هه‌رێم و به‌غا له‌یه‌كده‌چن..!

كورد له‌پلانه‌كه‌ى قاسم سوله‌یمانیى دا..؟

ئه‌ندازیارى سه‌ركوتكردنى خۆپیشاندانه‌كان له‌هه‌رێم و به‌غا له‌یه‌كده‌چن..!

606 خوێندراوەتەوە

خالید عەبولكەریم

له‌دوێنێى شه‌وه‌وه‌ حكومه‌تى عێراق و هێزه‌ نادیاره‌كانى پشته‌وه‌ى به‌چڕوچڕى سه‌رقاڵى جێ به‌جێ كردنى پلانه‌كه‌ى قاسم سوله‌یمانین بۆ سه‌ركوتكردن و كۆتایهێنان به‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانى به‌غا و چه‌ند شارێكى تر.

دواى ئه‌وه‌ى هه‌فته‌یه‌ك پێش ئێستا زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ به‌سه‌رپه‌رشتى حاجى له‌به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ به‌شداره‌كانى ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ ده‌گه‌نه‌ ڕێكه‌وتنێك حكومه‌تى ئێستاى عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تى عه‌بدولمه‌هدى بمێنیته‌وه‌ تا ساڵى داهاتوو كه‌ هه‌ڵبژاردنێكى نوێ ئه‌نجامده‌درێت و بۆ ڕازى كردنى خۆپیشانده‌رانیش چه‌ند چاكسازییه‌كى به‌په‌له‌ و ڕووكه‌شانه‌ ئه‌نجامبدرێت، جگه‌ له‌و لایه‌نه‌ شیعیانه‌ى به‌ئاشكرا تابعى ئێرانن له‌عێراقدا، سه‌درییه‌كان و سوننه‌كان و كوردیش كه‌ به‌شدارى كۆبونه‌وه‌كانى كردوه‌ ڕازى ده‌بن به‌پلانه‌كه‌ى حاجى ئاغا.

 

به‌ڵام پلانه‌كه‌ى حاجى ئاغا ته‌نها ڕێكه‌وتنێكى سیاسى و سه‌رمێز نیه‌ پێویستى به‌وه‌یه‌ ببرێته‌ سه‌ر ئه‌رزى واقیع.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى كه‌ له‌چه‌ند به‌رپرسێكى ئه‌منیى عێراقه‌وه‌ دزه‌یكردۆته‌ ناو میدیاكانه‌وه‌، بۆ جێ به‌جێ كردنى پلانى مانه‌وه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى حاجى ئاغا پێویستى به‌چۆڵكردنى شه‌قام هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ دراوه‌ به‌خۆپیشانده‌ران ته‌نها بچنه‌ گۆڕه‌پانى ته‌حریر و له‌وێدا هه‌مویان كۆببنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ئاسانى بتوانرێت چاودێرى بكرێن و له‌كاتى ده‌ستگیر كردنى به‌كۆمه‌ڵیاندا وره‌یان دابه‌زێ و خۆیان وایان لێبكرێت ورده‌ ورده‌ چۆڵى بكه‌ن، دواى ئه‌وه‌ى ژماره‌یه‌كى زۆریان لێده‌ستگیر بكرێت و به‌ڕێگاى جیاوازتریش هێرش بكرێته‌ سه‌ریان.

 

دوێنێ ڕۆژى هه‌ینى 15 ى نۆڤمبه‌رى 2019 كاتێك خۆپیشانده‌ران چونه‌ گۆڕه‌پانى ته‌حریر یه‌كه‌مین هه‌نگاو بۆ جێ به‌جێ كردنى پلانه‌كه‌ى حاجى ئاغا ده‌ستى پێكرد، ئه‌ویش سوتاندنى مه‌تعه‌م توركى بوو كه‌ خۆپیشانده‌ران بۆ چاودێرى كردن و سه‌رپه‌رشتى كردنى دۆخه‌كه‌ تێایدا ده‌مانه‌وه‌، كه‌ كاردانه‌وه‌ى ڕووداوه‌كه‌ له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ تا ده‌هات توندتر ده‌بوو تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى كۆنكریێته‌كانى به‌رده‌م گۆڕه‌پانى خه‌لانیش تێكبده‌ن و بچنه‌ ناویه‌وه‌ و شه‌پۆلێكى ترى خۆپیشانده‌ران ڕوویان له‌گۆڕه‌پانه‌كه‌ كرد، ئه‌و مه‌شهه‌ده‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق و خاوه‌ن ڕێكه‌وتنه‌كان بۆ جێ به‌جێ كردنى پلانه‌كه‌ى حاجى ئاغایان ترساند، وه‌كو خۆپیشانده‌ران له‌به‌یاننامه‌كه‌یاندا ده‌ڵێن هه‌ر بۆیه‌ كه‌وتنه‌ جێ به‌جێ كردنى هه‌نگاوى دووه‌میان ئه‌ویش ته‌قه‌ كردن و ته‌قینه‌وه‌ له‌ناو خۆپیشانده‌راندا.

ئه‌مڕۆش كۆمسیۆنى مافه‌كانى مرۆڤ له‌عێراق ژماره‌ى ده‌ستگیر كردن و ڕفاندنى ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ى بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مشه‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و هێزه‌ نادره‌كه‌ى تر كه‌ ئه‌ركى سه‌ركوتكردنى خۆپیشانده‌رانى عێراقه‌ بڵاو كرده‌وه‌، تا ئێستا لایه‌نه‌ به‌شداره‌كان نه‌یانتوانیوه‌ پلانه‌كه‌ى حاجى ئاغا وه‌كو خۆى جێ به‌جێ بكه‌ن و نازانرێت تاچه‌نده‌ ده‌گاته‌ ئاكام چونكه‌ خۆپیشانده‌ران به‌ئاشكرا ده‌ڵێن " كۆڵناده‌ین و ڕێگه‌ سه‌خته‌كه‌ به‌رناده‌ین"

كاتێك به‌دیققه‌ته‌وه‌ سه‌یرى ورده‌كارى ڕوداوه‌كانى به‌غا و مامه‌ڵه‌ى حكومه‌ت ده‌كه‌یت له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا، یه‌ك حه‌قیقه‌تت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت گه‌ر ئیراده‌ى تێگه‌یشتنت له‌ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكاره‌كان هه‌بێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ پلاندارێژه‌رى سه‌ركوتكارییه‌كان له‌هه‌رێم و له‌به‌غا له‌یه‌كده‌چن، وادیاره‌ ئه‌ندازیاره‌كه‌یان هه‌ر یه‌كه‌.

 

author photo

توێژه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس