خۆپیشاندانه‌كانی ئێران هه‌ر به‌ هه‌رزانكردنه‌وه‌ی نرخی سوته‌مه‌نی ده‌وه‌ستێت؟

خۆپیشاندانه‌كانی ئێران هه‌ر به‌ هه‌رزانكردنه‌وه‌ی نرخی سوته‌مه‌نی ده‌وه‌ستێت؟

466 خوێندراوەتەوە

وەرگێڕانی:گۆران قادر

حكومه‌تی ئێران له‌ بڕیارێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراودا نرخی سوته‌مه‌نی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی و كاردانه‌وه‌ی هاوڵاتیانی له‌سه‌رانسه‌ری وڵاتدا لێكه‌وته‌وه‌ و پێشبینیش ده‌كرێت خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان سه‌رانسری ئێران بگرێته‌وه‌.

 

  

حكومه‌تی ئێران به‌ شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو نرخی سوته‌مه‌نی به‌ 50% به‌رزكرده‌وه‌ و شه‌وی پێنج شه‌ممه‌ له‌سه‌ر هه‌ینی بڕیاره‌كه‌ی خسته‌ بواری جێبه‌جی َكردنه‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا هاوڵاتیانی ئێران وه‌ك ناڕه‌زایه‌تیه‌ك ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌شێوه‌ی هه‌مه‌جۆر ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕی، به‌شێكی دیكه‌شیان هێرشیان كرده‌ سه‌ر وێستگه‌ سوته‌مه‌نیه‌كان.

وه‌ك ته‌واوی ناڕه‌زایی وڵاتانی جیهانیش، تۆِره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بوونه‌ هۆی گه‌رمكردنی خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كان، چالاكوانان چه‌ندین وێنه‌ و گرته‌ی ڤیدیۆیان له‌ تۆڕه‌كاندا بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێك وێستگه‌یه‌كی سوته‌مه‌نی(به‌نزینخانه‌) ده‌سوتێنن، به‌ڵام ڕاگه‌یاندنه‌كانی حكومه‌ت ڕه‌تیان كرده‌وه‌ هیچ وێستگه‌یه‌ك سوتێنرابێت.

هه‌روه‌ها له‌ گرته‌ ڤیدیۆیه‌كی دیكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ خه‌ڵكانی ناڕازی ئاگریان له‌ تایه‌ به‌رداوه‌ و ڕێگا سه‌ره‌كیه‌كانیان گرتوه‌، خۆپیشاندان شاره‌ گه‌وره‌كانی وه‌ك تاران و ته‌برێز و ئه‌سفه‌هان و ئه‌هوازیشی گرته‌وه‌.

له‌ باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌، رازی ئه‌هوازی به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری ئه‌هوازی بۆ ڕاگه‌یاندن و لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی ده‌ڵێت:" هه‌نگاوی حكومه‌ت موفاجه‌ئه‌یه‌ك بوو بۆ خه‌ڵكی، چونكه‌ ئه‌وان چاوه‌ڕوانی هه‌نگاوی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ بوون".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌: " ئێرانیه‌كان به‌هیوای ئه‌وه‌بوون كه‌ حكومه‌ت هه‌نگاوێك بگرێته‌ به‌ر كه‌ ژیانی خه‌ڵكی باشتر بكات، كه‌ ئێستا له‌ دۆخێكی خراپدایه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌ نرخی سوته‌مه‌نیان گران كرد و نه‌هامه‌تی خه‌ڵكیان قورستر كرد".

،،

خه‌ڵكێكی زۆر دژی سیاسه‌تی سه‌ركوتكردن و دیكتاتۆرین، كه‌ حكومه‌ت دژی هاوڵاتیانی ئێرانی و گه‌لانی نافارسی به‌ گشتی په‌یڕه‌وی ده‌كات

ئه‌هوازی كه‌ هاوكات شاره‌زای كاروباری ئێرانیشه‌ ده‌ڵێت:" وا دیاره‌ خۆپیشاندانه‌كان به‌ره‌و هه‌ڵكشانی زیاتر ده‌ڕۆن، چونكه‌ خه‌ڵكی به‌رگه‌ی فشاری زیاتر ناگرن، هه‌روه‌ها هاوڵاتیان ئێستا پێیان وایه‌ كه‌ رژێمی ئێران له‌سه‌ر گیرفانی ئه‌وان ده‌یه‌وێت بودجه‌ دابین بكات."

ده‌شڵێت: " پێش چه‌ند ڕۆژێك به‌رپرسانی بالای ئێران ئاشكرایان كرد، كه‌ زیاتر له‌ 60 ملیۆن هاوڵاتی ئێرانی پێویستیان به‌ هاوكاری هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پێداویستیه‌ خۆراكیه‌كانی ڕۆژانه‌یان دابین بكه‌ن، به‌ڵام حكومه‌ت سه‌رباری ئه‌مه‌ش هات نرخی سوته‌مه‌ی گران كرد".

به‌رپرسانی باڵای ئێران ڕۆژی هه‌ینی ڕایانگه‌یاند كه‌ به‌رزركردنه‌وه‌ی نرخی سوته‌مه‌نی بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوكاری ئه‌و خێزانانه‌ بكرێت كه‌ داهاتیان زۆر كه‌مه‌.

هه‌رچه‌نده‌ ئێران خاوه‌ن وزه‌یه‌كی زۆره‌، به‌ڵام ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌و وڵاته‌ ناتوانێت پێداویستیه‌ ناوخۆییه‌كانی پڕ بكاته‌وه‌، هۆكاره‌كه‌شی بۆ كه‌می داهات و سزا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و سنورداری یه‌ده‌گی پێویست بۆ چاك كردنه‌وه‌ی وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

 

بڕیاره‌كه‌ نرخی یه‌ك لیتر به‌نزینی نۆڕماڵی له‌ 10 هه‌زار ڕیاڵه‌وه‌ به‌رزكرده‌وه‌ بۆ 15 هه‌زار ڕیاڵ واته‌ (12.7 سه‌نتی ئه‌مریكی).

له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان دژی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سوته‌مه‌نی، ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ هاوڵاتیانی پارێزگای خوزستان كه‌ زۆرینه‌یان عه‌ره‌بن، ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی ئێران تۆمه‌تبار كرا به‌وه‌ی له‌رێگای ژه‌هراوی كردنه‌وه‌ (حسن الحیدری) شاعیری كوشتوه‌، كه‌ به‌ ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌به‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری ئه‌هوازی بۆ ڕاگه‌یاندن و لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی، له‌باره‌ی به‌رده‌وامی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان ده‌ڵێت:" ئاماژه‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ شه‌قامی ئێرانی له‌چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا به‌ره‌و ناڕه‌زایی زیاتر ده‌چن، چونكه‌ ئه‌سڵان له‌ناوخۆدا ناڕه‌زایه‌تیه‌كی زۆر له‌ سیاسه‌تی ئێران هه‌یه‌، به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی سوته‌مه‌نیش هانده‌ر ده‌بێت كه‌ ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیه‌ بته‌قێته‌وه‌"

ئه‌و توێژه‌ره‌ ده‌ڵێت:" ناڕه‌زایه‌تیه‌كی زۆر له‌ناوخۆی ئێران هه‌یه‌، خه‌ڵكێكی زۆر دژی سیاسه‌تی سه‌ركوتكردن و دیكتاتۆرین، كه‌ حكومه‌ت دژی هاوڵاتیانی ئێرانی و گه‌لانی نافارسی به‌ گشتی په‌یڕه‌وی ده‌كات،ئه‌و گه‌لانه‌ ساناترین مافی نه‌ته‌وه‌ییان پێنه‌دراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌ زۆر ( به‌فارسی ده‌كرێن و زه‌ویه‌كانیان لێداگیر ده‌كرێت).

،،

خۆپیشاندان له‌ شاره‌كانی ئێران به‌رده‌وامی ده‌بێت و ته‌نها داوای ئاسایی كردنه‌وه‌ی نرخی سوته‌مه‌نی ناكه‌ن، به‌ڵكو داواكانیان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌وه‌ گرنگترین داوایان ئه‌وه‌ بێت، كه‌ ئێران چیدیكه‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ناوخۆی ولاتانی عه‌ره‌بی نه‌كات

 

 

هه‌روه‌ها له‌ڕووی ده‌ره‌وه‌ش هاوڵاتیان هه‌ ناڕازین، چونكه‌ خه‌ڵكی چیدیكه‌ ناتوانن ئه‌وه‌ قبوڵ بكات، له‌بری ئه‌وه‌ی پاره‌ بۆ ئه‌وان بێت، ئێران پاره‌ بۆ میلیشیاكانی عیراق و یه‌مه‌ن و لوبنان ده‌نێرێت"

خه‌ڵكی ئێران ئێستا زۆر به‌ وردی چاودێری دۆخی لوبنان و عیراق ده‌كه‌ن، ئه‌وان چاوه‌ڕێی ڕووداوه‌ ده‌ره‌كیه‌كانن كه‌ به‌ئه‌رێنی بشكێته‌وه‌ و فشاره‌كان وا بكات دۆخی ژیانیان باش ببێت.

حكومه‌تی ئێران هه‌میشه‌ ده‌ڵێت : ئێمه‌ به‌هێزین و هه‌ژمونی خۆمان به‌سه‌ر ناوخۆدا سه‌پاندووه‌،هه‌روه‌ها له‌وه‌ش زیاتر جێنفوزی خۆمان له‌چه‌ندین وڵاتدا فراوان كردووه‌.

به‌ڵام ئه‌و چالاكوانه‌ پێی وایه‌ كه‌" ئێستا ئێران به‌ لاوازترین دۆخی خۆیدا ده‌ڕوات و ناتوانێت هاوكاری مادی میلیشیاكان بكات، هه‌روه‌ها توانای ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ی ئابووری نیه‌ و ناتوانێت خۆی له‌ كورتهێنانی بودجه‌ ڕزگار بكات، بۆیه‌ ڕۆڵی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و ته‌واو بوون ده‌چێت، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌م دۆخه‌وه‌ ناتوانێت خۆپیشانده‌ران سه‌ركوت بكات، وه‌ك ‌وئه‌وه‌ی له‌ ساڵانی 2017 و 2018 ئه‌نجامی دا.

له‌ كۆتاییدا به‌سه‌یركردنی دۆخی ئێران و ناوچه‌كه‌، ده‌توانین بڵێین، كه‌ خۆپیشاندان له‌ شاره‌كانی ئێران به‌رده‌وامی ده‌بێت و ته‌نها داوای ئاسایی كردنه‌وه‌ی نرخی سوته‌مه‌نی ناكه‌ن، به‌ڵكو داواكانیان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌وه‌ گرنگترین داوایان ئه‌وه‌ بێت، كه‌ ئێران چیدیكه‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ناوخۆی ولاتانی عه‌ره‌بی نه‌كات و له‌بری پاره‌دان بۆ میلیشیاكانی عیراق و لوبنان و یه‌مه‌ن پاره‌كه‌ بۆ خزمه‌تی هاوڵاتیانی خۆی خه‌رج بكات.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی