ناكۆكی توند لە نێوان بەرهەم ساڵح و عەبدولمەهددیدا دروست دەبێت

ئایا ئەزمونەكەی تاڵەبانی و مالیكی دوبارە دەبێتەوە

ناكۆكی توند لە نێوان بەرهەم ساڵح و عەبدولمەهددیدا دروست دەبێت

560 خوێندراوەتەوە

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییكان ناكۆكی توند لە نێوان د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیراندا ڕویداوە.

ناكۆكیەكە دوای ئەوەدێت كە سەرۆك كۆماری عێراق د.بەرهەم ساڵح نامەیەكی توندی بۆ عەبدولمەهدی ناردوە و بەزمانێكی توند داوای لێكردووە حكومەت ئەو پێشێلكارییە گەورانە رابگرێت كە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامدراوە. هەروەها داوای لێكردووە لەبری چارەسەری ئەمنی بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی دۆخەكە پەنا بۆ چارەسەری ئاشتیانەی دیكە بەرێت.


هەروەها هۆشداریشی پێداوە لەكاردانەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر كوشتن و رفاندنی هاوڵاتیان و بەكارهێنانی ئەوجۆرە گازە فرمێسك ڕێژەی كەبۆتە هۆی كوشتنی خۆپیشاندەران.


لە بەرامبەردا سەرۆك وەزیران بە نامەیەكی توند وەڵمی سەرۆك كۆماری داوەتەوە كە تیایدا هاتوە " سەرۆكایەتی كۆماریش پارێزراو نییە و بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆ"

سەرچاوەكە ئاماژە بەوەدەكات بەهۆی ئەو گرژیەوە كە لە نێوان سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران دروستبوە،عەمار حەكیم بڕیار سازكردنی كۆبونەوەی فراوانی سەركردە سیاسیەكانی عێراقی داوە.

بەپێی سەرچاوەكە عەبدولمەهدی بەشداری كۆبونەوەكەی ماڵی حەكیمی نەكردووە. كە زۆرینەی سەركردە سیاسیەكانی عێراق بە سەرۆك كۆماریشەوە تیایدا بەشداربون.

ئەم ناكۆكییە نوێیەی لە نێوان بەرهەم ساڵح و عەبدولمەهدی دروستبووە هاوشێوەی ئەو كێشەیەیە كە ساڵی 2012 نێوان تاڵەبانی و مالیكی رویدا لەسەر دەسەڵاتەكان.