لەناو گۆڕاندا چى دەگوزەرێت؟

گۆڕان لیژنەی سزادانی بۆ بەرپرسە "گەندەڵەكانی" پێكهێنا

لەناو گۆڕاندا چى دەگوزەرێت؟

1226 خوێندراوەتەوە

 

 پێدەچێت هەڵدانەوەى مەلەفى گەندەڵى بەرپرسە باڵاکانى گۆڕان لەسەر یەکدى، یارى کردن بێت بە ئاگر کە سوتاندنى گردەکەى بەدوادا بێت. 

بەپێى لێدوانى بەرپرسە باڵاکانى بزووتنەوەکە، چەند بەرپرسێکى گۆران تێوەگلاون لە گەندەڵى، هەربۆیە لیژنەى سزادانیشیان لەمبارەوە بۆ پێکهێناون.

،،

 رەنگە مەلەفى گەندەڵى بەرپرسە باڵاکانى بزووتنەکە، گۆڕان بەرەو لێوارێکى مەترسیدارتر ببات.

 

 "بزوتنەوەی گۆڕان دوو لیژنە بۆ لێپرسینەوەو سزادانی ئەو كەسانە پێكدەهێنێت، كە لەسەر پشكی بزوتنەوەكە پۆستی حكومیان وەرگرتووەو "'گەندەڵییان" كردووەو بەشێوەی "ناشەرعی" دەوڵەمەند بوون". ئەمە لیدى ئەو هەواڵەیە کە لە ماڵپەرى (زەمەن)ى نزیک لە بزووتنەوەکە بڵاو کراوەتەوە، کە پێدەچێت پەیوەندى هەبێت بەو ململانێ و جەنگە ساردەوە کە لە نێوان سەرکردە گەنجەکانى گۆڕان دروستبووە.

لەمبارەوە: عەدنان عوسمان، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بە "زەمەن"ی راگەیاندووە: جڤاتی نیشتمانی دوو لیژنەی پێكهێناوەو دەستیكردووە بە لێكۆڵینەوەو لێپرسینەوە لەو كەسانەی كە لەسەر پشكی بزوتنەوەكە پۆستی حكومییان لە هەرێم و عێراق وەرگرتووە.

ئارام شێخ محمد

ئەم لێدوانەى ناوبراو دواى لێدوانەکەى ئارام شێخ محمد جێگرى سەرۆکى پێشووى پەرلەمانى عێراق دێت کە لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا گوتى: کە ئەو هیچ پەیوەندییەکى ئۆرگانى و حزبى بە بزووتنەوەى گۆڕانەوە نەماوە.

بۆیە پێدەچێت، گۆران و بەتایبەت کورەکانى نەوشیروان موستەفا بیانەوێت ناوبراو پێش ئەوەى دەستلەکارکێشانەوەکەى رادەستى بزووتنەوەکە بکات، خۆیان بە بیانووى گەندەڵى و پارە خواردن لە بەغدا، لە بزووتنەوەکە دوورى بخەنەوە.

بەڵام رەنگە ئەم کارە ئاسان نەبێـت، چونکە بەپێى هەندێ لە زانیارییەکان ئارامى شێخ محمد لەئێستادا مەلەفى گەندەڵی چەند بەرپرسێکى گۆڕانى لابێت، کە لەکابینەى پێشوو لە بەغدا تێوەگلاون و ناوبراو لە رێکەوتنێکى سیاسیدا بۆى چارەسەرکردوون.

 

،،

 دەنگە نارازییەکان، دەستخۆشى لە دروستکردنى لیژنەکە دەکەن، بەڵام کورەکانى نەوشیروان موستەفاش بگرێتەوە.

 

لەبەرامبەردا دەنگە نارازییەکانى گۆڕان، پێشوازى لە پێکهێنانى ئەو لیژنەى سزادنە دەکەن و پێیان باشە ئەگەر بریار بێت ئەو کەسانەى کە لەتەنیشت بزووتنەوەکە پارەو سەروەتیان کۆکردووتەوە سزا بدرێن، دەبێت لەپێشدا لە کورەکانى نەوشیروان موستەفا دەست پێ بکرێت، دەشپرسن، ئەى کێ لیژنە بۆ سزادنى ئەوان پێک بهێنێت؟

هەروەها ئەو پرسیارەش دەکەن، کە بۆچى هەتاکو ئەندامێک لە بزووتنەوەکە دوور نەکەوێتەوە، هیچ مەلەفێکى لەبارەوە باس ناکرێت و کەس دەستى بۆ نابات؟

عەدنان عوسمان

عەدنان عوسمان، ئەوەشى بۆ زەمەن وتووە : "ئەگەر هەر كەسێك لە بەهاكانی بزوتنەوەی گۆڕان لایدابێت و گەندەڵی كردبێت لە سەروەت و سامانی گشتی و بە ناشەرعی دەوڵەمەند بووبێت بە توندی سزا دەدرێت و لە ناو گۆڕان دەردەكرێت و دۆسیەكەی رەوانەی دەستەی نەزاهەو دیوانی چاودێری دارایی دەكرێت و دەشدرێتە دادگا".

بۆیە پێدەچێت ئەم برگەیەش لە لێدوانەکەى ناوبراو زۆرێک لەو بەرپرسە حکومیانە لە بەغدا و هەرێم بگرێتەوە کە دواى خانەنشین بوونیان دوور کەوتبنەوە لە بزووتنەوەکە.

  چونکە عوسمان روونتر لەمبارەوە قسە دەکات و دەڵێت: هەموو ئەو كەسانەی لە كابینەی پێشوو لە حكومەتی هەرێم و بەغدا كە پۆستیان وەرگرتووە لێپرسینەوەكە دەیانگرێتەوە. 

،،

 هەڵدانەوەى مەلەفەکانى گەندەڵى لەلایەن بەرپرسە باڵاکانى گۆڕانەوە لەسەر یەکدى، یارى کردنە بەئاگر و پێدەچێت گردەکە بسوتێنێت.

  ملانێى توندى نێوان باڵ و ئاراستە جیاوازەکانى بزووتنەوەکە تا ئاستى ئێسقان شکاندن و یەکدى تۆمەتبارکردن رۆشتووە، بۆیە زۆر بەجدى کار لەسەر دروستکردنى ئەم جۆرە لیژنانەو سزادانى یەکدى کراوە، هەربۆیە  عەدنان عوسمان وتوشیەتی: "خانەی راپەڕاندن و ژوورە تایبەتمەندەكان لەم ماوەیەدا كار لە سەر ئەم دۆسیانە دەكەن".

 

دواى کۆچى دواى نەوشیروان موستەفا، چەندین کێشەى ناوخۆیی ودەرەکى یەخەى گۆڕانیان گرت، لەئێستاشدا بەهۆى گەندەڵی و پارەخواردنى بەرپرسەکانییەوە، بزووتنەوەکە بەرەو ئاقارێکى مەترسیدار دەروات.