سلێمانی وەک شاری ئەدەب: دەرفەت و ئالنکاری

سلێمانی وەک شاری ئەدەب: دەرفەت و ئالنکاری

339 خوێندراوەتەوە

کاتێک دەیڤد شوک لە سلێمانییەوە ڕۆشت بۆ شاری مانچیستەر، ئەوەی لە خەیاڵدا نەبوو کە هەوڵی ئەوەبدات کە سلێمانی بکاتە شارێکی دانپیانراو لە لایەن یونسکۆوە لە بواری ئەدەبدا. بەڵام ئەو بە ئەدەبی دەڤەرەکە شارەزا بوو.

دەیڤد لە گەڵ هاوەڵەکانی تریدا لە کورد و ئەمریکی سەرقاڵی پرۆژەیەکی دەگمەنن لە وەرگێڕانی دەقی کلاسیک و سەردەمیانەی شیعر و ئەدەبی کوردی بۆ سەر زمانی ئینگلیزی و بڵاوکردنەوەی لە خانەی بڵاوکردنەوەی ناسراودا.

،،

ماریا بە تایبەتی ڕۆڵێکی سەرەکی بینی، ئەم خانمە شاعیر و وەرگێڕە کە زیاتر لە دەیەیەکە لە شاری سلێمانییە، بەڕێوبەری پرۆگرامی کەشکۆڵە لە زانکۆی سلێمانی .

لە مانچستەر دەیڤد بە بیرۆکەی شاری ئەدەبی یونسکۆ ئاشنابوو و بڕیاریدا کە گەڕایەوە بۆ سلێمانی لە گەڵ تیمەکەیدا هەوڵێک بۆ شاری سلێمانیش بدات. لێرەوە بیرۆکەکە دەستی پێکرد و بوو بە پرۆژە. ئەم کارە، وەک پشتیوان کەمال پێی ووتم، کارێکی تاکە کەسی نەبوو، بەڵکو پێویستی بە کاری پێکەوەیی و تیم بوو. خەڵکانی وەک ماریا لابرۆس لە زانکۆو سادق محمد لە بەغدا، دەزگا و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی شاری سلێمانی و پارێزگاریی سلێمانی هەموو بەشێک بوون لە ئەنجامدانی کارەکە. ماریا بە تایبەتی ڕۆڵێکی سەرەکی بینی، ئەم خانمە شاعیر و وەرگێڕە کە زیاتر لە دەیەیەکە لە شاری سلێمانییە، بەڕێوبەری پرۆگرامی کەشکۆڵە لە زانکۆی سلێمانی .

لێرەدا گەر بە کورتییەک ئاماژە بە ڕۆڵی وەرگێڕان بدەین، ماریا سەرپەرشتیاری پرۆژەی وەرگێڕانی شیعری کوردییە، وەرگێڕان دیاردەیەکی ئاڵۆزی نێوکەلتورییە، کە لایەنی تیوری لای ئێمە ئەوەندە ئاشنا نیە، ڕەنگە پرۆژەی شاری ئەدەبی سلێمانی پێویستی بەوە بێت کە جەختێکی زیاتر لە هونەری وەرگێڕان و ئاشناکردنی تیورەکانی بکاتەوە. هەتا ئێرە چۆن ئەمە ڕوویدا. لەم نوسینەدا دەمەوێت جیاواز لە نوسینەکانی تر لە سەر ئەم ڕوداوە، باس لە کۆمەڵێک ڕەهەندی تر بکەم لە هەردوو ئاستی دەرفەت و ئالنکارییدا.


ئەگەر لە سەرەتا لە ئاستی بەرفراونەوە دەست پێبکەین. ڕیزبەندکردنی سلێمانی وەک شاری ئەدەب لە لایەن یونسکۆوە، دەریچەیەکە بۆ ئامادەبونی سلێمانی لە دونیادا. ساڵی پار لە کۆنفراسێکدا لە ماڵی فرۆیدا لە لەندەن، بە شێوەیەکی ئەکادیمی و فیکری باسی ئامادەبونم لە دونیاداکرد بۆ کورد. ئامادەبونی سلێمانی لە تۆڕێکی بەرفراوانی شارەکانی تری دونیادا، خەسڵەتێکی ڕونی ئەم سەردەمەمان پێدەڵێت کە چۆن لە دەرئەنجامی جیهانگەریی جارێکی تر شارەکان دەبنەوە بە خاڵی سەرەکی لە سەر نەخشەی جیهان.

سەرەتا شار و شار-دەوڵەت هەبوو، پاشان دەوڵەت، بە تایبەتی دەوڵەتی نەتەوە، شارەکانی قوتدا و دەوڵەت بوو بە کاراکتەری سەرەکی لە ئاستی دونیادا، ئەمڕۆ وەک گۆران ثێربۆرن باسی دەکات جارێکی تر سەردەمی شار دەگەڕێتەوە. ئەو ئامادەبونەی سلێمانی لە تۆڕێکی وەها بەرفراوندا، نەک تەنها هاوتا و هاوتەریبی دەکات لە شارەکانی تری دونیادا بەڵکو لە هەمانکاتدا ناسنامەیەکیشی دەداتێ. بەڵام لە هەمانکاتدا ئەرک و بەرپرسیارێتییەکیش دەخاتە سەرشانی. لێرەوەیە کە بوون بە ئەندامی شارە ئەدەبیەکانی دونیا، کۆتایی پرۆسەکە نیە، بەڵکو لە ڕاستیدا سەرەتای پرۆسەیەکی چەند ئاستە کە پێویستی بە دیدی جودا هەیە بەرامبەر ئەدەب و داهێنان و ئەدیبان و ناسنامەی ئەدەبی لە دونیادا.
لە خوارەوە بە کورتی دەرفەت و ئالنکارییەکان دەخەمە بەرچاو .


دەرفەتەکان:
یەکەم، سلێمانی وەک شارێک کە ماوەیەکە لەبەر کۆمەڵێک هۆکار بە دەست کێشمەکێش و پەراوێزبونەوە دەناڵێنێت، ئەم دیاریکردنە لە لایەن یونسکۆوە جارێکی تر دەرفەتی ئەوەی پێدەدات کە لە پەراوێزبون دەرچێت و لە ئاستی دونیادا بە شوناسێکی تایبەتەوە ڕۆڵی هەبێت و بناسرێت.


دووەم، ناساندنی سلێمانی وەک شاری ئەدەب تۆکمەکردنی زیاتر شوناسی ڕۆشنبیربونی سلێمانیە، کە دەمێکە بەو ناوەوە ناسراوە لە سەر ئاستی لۆکاڵیدا. گواستنەوەی ئەم شوناسە بۆ ئاستی جیهانی لە کاتێکدا پێزانین و دانپیانە بۆ ئەدیبانی شارەکە، بەڵام لە هەمانکدا ساتەوەختێکە بۆ پیاداچونەوە.
سێیەم، ڕەخسانی دەرفەتی ئامادەبون لە دونیادا بۆ سلێمانی، کە لە رێیەوە دەتوانێت لە ئاستی ناسین، گەشانەوەی ئەدەب، ئابوری، سازکردنی ڕوداوی ئەدەبی، سەرمایەیەکی نەک تەنها سیمبولی بەڵکو لە هەمانکاتدا سەرمایەیکی ئابوریش بێت.

،،

ئایا سلێمانی چۆن خۆی لە ئاستی دونیادا نمایش دەکات وەک شاری ئەدەب؟ بۆ ئەمە سلیمانی پێویستی بە میتۆدی جودایە بۆ کارکردن، بۆ چۆنێتی پێکەوەبون، داهێنان، نمایشی ئەدیب و ئەدەب.

 
چوارهەم، هەرچی پەیوەستە بە ئەدیبان و ناوەندەکانی بڵاوکردنەوەیە، دەبێت ئەم ڕوداوە دەرفەت و دەستکەوتێک بێت هەتا بتوانن ژیاری خۆیان باشتر بکەن. ئەدیبان لە سلێمانی لە بەر دۆخی زاڵبونی جۆرێک لە سیاسەتی بێ زەوق و بێفیکر، سیاسەتی بینین و نمایش و کینەفرۆشی، وەهایکردوە کە ئەدەب و ئەدیبان لە ژیانێکی سەختدا بژین. ئەگەر سلێمانی شاری ئەدەبە، ئەوا دەبێت شاری ئەدیبانیش بێت.
ئالنکارییەکان:
یەکەم، ئایا سلێمانی چۆن خۆی لە ئاستی دونیادا نمایش دەکات وەک شاری ئەدەب؟ بۆ ئەمە سلیمانی پێویستی بە میتۆدی جودایە بۆ کارکردن، بۆ چۆنێتی پێکەوەبون، داهێنان، نمایشی ئەدیب و ئەدەب. دۆخی سیاسی سلێمانی ئەو شارەی پرکردوە لە کێبڕکێی ئامانج بچوک و تایبەت، دەبێت ئەدەب بە پێچەوانەوە شێوازێکی جودای هەبیت بۆ کارکردن.
دووەم، پۆلێنکردن وەک شاری ئەدەب دەبێت ببێتە هۆکاری ئەوەی کە چۆن ئەدەب بە ڕوانگەی دونیاوە، بە دیدی مرۆڤایەتیەوە، بە ناساندنی سلێمانی، کورد، ناوچەکە بە دونیا بەرهەم بێت. ئەدەبی جیهانی ئەوەنیە کە باسی جیهان بکەیت، ئەوەیە کە چۆن گۆشەیەکەی وەها دابڕاو لە دونیا ببەستیەوە بە دونیاوە، چونکە دواجار خەمەکانی ئێرەش هاوشێوەی خەمەکانی تری مرۆڤە لە جێگاکانی تر.


سێیەم، دونیای ئەدەبی کوردی لە زۆر ڕوەوە لاوازە، بە تایبەت لە ڕوانگەی ڕەخنەی ئەدەبیەوە، کە پاڵنەرێکی سەرەکیە بۆ گەشەکردنی ئەدەب. رەخنە لە کوردستان بە ئاراستەیەکی زۆر خراپدا ڕۆشتوە، بە جۆرێک ئەوەی لە کوردستان بە ڕەخنە دادەنرێت بە هیچ شێوەیەک ناچێتە قاڵبی ڕەخنەوە، بەشی زۆری درێژەپێدانە بە کەلتوری شەڕی ناوخۆ و هەڵاوسان و یان بچوککردنەوەی ئەم شەخس و ئەو شەخس. ئەگەر ئەم دەستنیشانکردنەی سلێمانی ببێتە هۆکاری بوژانەوەی ئەدەب ئەوا دەبێت ڕەخنەی ئەدەبی کۆڵەکەی سەرەکی ئەم وەرچەرخانە بێت.


چوارەهەم، ئەم پۆلێنکردنەی سلێمانی وەک شارێکی ئەدەبی ئەرکێکە لە سەر خەڵكی شاری سلێمانی، ئەوان دەبێت بۆ دونیای دەرخەن کە ئەدەب دۆستن، خوێنەرن، ئەدەب ڕێگایەکە بۆ بینین و مامەڵەکردن لە گەڵ خۆیان و دونیادا. هەروەها دەبێت بیکەنە فشارێک بۆ سەر کاربەدەستانی شارەکە و هەرێم کە چۆن ئەم دەرفەتە بکەنە ڕوانگەیەکی تری ناساندنی کورد، نەک هەر وەک جەنگاوەر و قوربانی بە دونیا بەڵکو وەک خەڵكێکی داهێنەریش.


پێنجەم، قەیرانێک هەیە لە ئەدەبی کوردیدا، کە ئەوەند کوردی نیە. گەر ئەدەبی کوردی بیەوێت کورد وەک بەشێک لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێشان بدات دەبێت لە جێگایەکدا ڕەگی هەبێت، بتوانێت ئەو هەمو حەقایەت و سەربوردە و تراژیدیا و قەیران و ترس و دڵەڕاوکێی و نەهامەتی و مەحرومیەتە پێشان بدات، نەک وەک بۆڵە و ناڵە ناڵە بەڵکو بەکردنی بە کەرەستەی ئەدەبی و بە جیهانیکردنی.
شەشەم، دیپلۆماسی کوردی گەلێک لاوازە، ئەمە بوارێکی نوێیە بۆ دیپلۆماسی. ئێمە کێین، لە کوێین، خاوەن چ خەم و خەیاڵێکین، دەمانەوێت چۆن بین، چەندێک هاوشێوە و جوداین لە هەمانکاتدا.

 

author photo

توێژەر و نوسەر

دكتۆرا لە زانستەسیاسیەكان