بەدواى بەدیلى عادل عەبدولمەهدیدا دەگەڕێن

چاودێران: ئێران دەیەوێت خۆی لە عادل عەبدولمەهدی دووربخاتەوە

بەدواى بەدیلى عادل عەبدولمەهدیدا دەگەڕێن

387 خوێندراوەتەوە

تەنها 45 ڕۆژ لەبەردەم عادل عەبدولمەهدی ماوە،بۆ ئەوەی ئەگەر لە ئەنجامدانی چاكسازییەكان سەركەوتوو نەبوو، متمانەی لێوەربگیرێتەوە.

ئەم بڕیارە كە لەلایەن كوتلە سیاسیەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە لەسەرووی هەمووشیان حەیدەر عەبادی و نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی پێشووە و  سەركردەكانی حەشدەوە دەركراوە،دوای كۆبونەوەیەك لەگەڵ د.بەرهەم سالح سەرۆك كۆمار و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بەبێ ئامادەبوونی عادل عەبدولمەهدی هات.

،،

ئەوەی ئێران حسابی بۆ نەكردووە، رای گشتی شەقامی عیراقی و قەناعەتقێكردنیانە بە بەدیلەكەی عادل عەبدولمەهدی ،ئەوەش كارێكی قورس دەبێت .

ئەو كەسانەی لە كۆبونەوەكەدا ئامادەبوون مۆڵەتی 45 ڕۆژیا بە حكومەتەكەی عادل عەبولمەهدی دا، واتە تاكۆتایی ساڵی 2019، بۆ ئەوەی ئەو بەڵێنی چاكسازیەكانی بەرێتە سەر و هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی ئێستا بكاتەوە" بەشێوەیەك كە دادپەروەرانە بێت و چانسی سەركەوتن بدات بەو كەسانەی كە وەك سەربەخۆ خۆیان كاندید كردووە" هەروەها " ئەگەر سەركەوتوو نەبوو، ئەوا متمانەی لێوەردەگیرێتەوە". چاودێران پێیان وایە بەو ئەو بڕیارە، هێزە سیاسیەكان دەستبەرداری عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بوون، بە واتایەكی دیكە ئێران دەستبەرداری بوو.

لەو بارەیەوە ئەحمەد شەریفی چاودێری سیاسی دەڵێت:" ئێران هەستی بەوە كردووە كە كڕینەوەی عادل عەبدولمەهدی بۆ جارێكی دیكە قورسە، هەروەها نەدۆزینەوەی بەدیلیش لەوەیە بیخاتە تەنگ و چەڵەمەوە، بۆیە هەوڵی كۆكردنەوەی لایەنەكانی داوە، بۆ ئەوەی لە ئەگەری وازهێنانی عەبدولمەهدی بەدیلێك ئامادە بكرێت".

بەڵام ئەوەی ئێران حسابی بۆ نەكردووە، رای گشتی شەقامی عیراقی و قەناعەتقێكردنیانە بە بەدیلەكەی عادل عەبدولمەهدی ،ئەوەش كارێكی قورس دەبێت .

ئەو چاودێرە سیاسیە دەڵێت: دوای كاندید كردنی لەلایەن حزبە شیعەكانەوە، ناوی نوری مالیكی لە نێوەندە سیاسیەكان بۆ جێگرتنەوەی عەبدولمەهدی دەهێنرێت.

هەوڵی پێشبڕكێ لەگەڵ سەدر دەدرێت: د. محمد نعناع چاودێری سیاسی عیراقی دەڵێت:" ئەو كۆبوونەوەیە كە بەبێ ئامادەبوونی عادل عەبدولمەهدی بەڕێوەچووە، ئەوە ئاماژەیە كە حزبە شیعەكان دەیانەوێت خۆیان لە عادل عەبدولمەهدی دووربخننەوە، كە ئێستا شەقام لێی توڕەیە و هێزە ئەمنیەكانی خۆپیشاندەرانیان كوشتووە".

،،

ئەگەر ئەم هێزانە نەیانتوانی خۆیان لە عەبدولمەهدی بەدوور بگرن، ئەوا واتای ئەوەیە كە چانسیان بە سەدر داوە شەقام بۆ ڕیزەكانی ڕابكێشێت.

  نعناع دەشلێت: "جوڵەی ئەو كوتلە سیاسیانە ئامانجێكی د یكەشی هەیە،كە دەیانەوێتپێگای موقتەدا سەرد پیاوی ئاینی عیراق كەم بكەنەوە، كە ئێستا دەیەوێت" سواری شەپۆلی خۆپیشاندانەكان ببێت، بۆیە ئەگەر ئەم هێزانە نەیانتوانی خۆیان لە عەبدولمەهدی بەدوور بگرن، ئەوا واتای ئەوەیە كە چانسیان بە سەدر داوە شەقام بۆ ڕیزەكانی ڕابكێشێت".

لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان لە یەكی مانگی ئۆكتۆبەردا،موقتەدا سەدر داوای لە عادل عەبدولمەهدی كرد، دەست لەكاربكێشێتەوە، بەڵام دوای چەند كۆبوونەوەیەك كە قاسمی سولەیمانی سەرپەرشتی دەكرد، لە رشۆژی 13ی نۆڤەمبەر لەو داوایەی پاشگەز بووە. سەدر پێشتریش داوای دەست لەكاركێشانەوەی حكومەتی كردبوو، چەندە بە پێنج وەزارەت بەشداری لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدیدا كردبوو، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی ئایاری 2018 بە كوتلەی سائرون بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا كردبوو.

  لەلایەكی دیكەوە، د. بەشیر ئەلدلێمی چاودێری سیاسی پێی وایە كە" بەشداری نەكردنی سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەی هێزە سیاسیەكاندا، واتای ئەوە نیە كە ئێران دەستبەرداری عادل عەبدولمەهدی بووە، بەڵكو هۆكاری دیكەی بەشداری نەكردنەكە هەیە، وەك ئەوەی سەرۆك وەزیران خاوەنی كوتلەی پەرلەمانی نیە، بەپێچەوانەی سەرۆك وەزیرەكانی پێشووتر كە كوتلەیان لە پەرلەمان هەبوو". ئەو چاودێرە دەڵێت" ئەگەر ئێران ناچار بوو، بەدیل بۆ سەرۆك وەزیران بدۆزێتەوە، ئەوا هەر لەناو حزبە شیعەكاندا دەیدۆزێتەوە، چونكە هەموویان لەژێر هەژموونی (ئێران)دان لە كۆتایشدا دلێمی دەڵێت:" هەركەسێك لە كوتلە سیاسیەكانی نزیك ئێران دەربچێت، ئەوا چارەسەر نیە، چونكە خۆپیشاندەران تەنها داوای خزمەتگوزاری ناكەن، بەڵكو داوای وەرگرتنەوەی وڵات(لە دەستی ئێران) و دادگایی كردنی گەندەڵەكان دەكەن.