شیعه‌و سوننه‌ى عێراق له‌ ململانێی مەزهەبییه‌وه‌ بۆ ململانێى كورسى‌و ده‌سه‌ڵات

شیعه‌و سوننه‌ى عێراق له‌ ململانێی مەزهەبییه‌وه‌ بۆ ململانێى كورسى‌و ده‌سه‌ڵات

301 خوێندراوەتەوە

ململانێی تایفیی‌و شەڕی مەزھەبی لە نێوان سوننەو شیعە لە عێراقدا مێژوویەکی دوورودرێژو خوێناوی ھەیە، ئەوەی لەپاش ساڵی ٢٠٠٣ وە دەگوزەرێت

بەئێستاشەوە ڕەنگدانەوەی قۆناغە مێژوویەکانی پێشووە، کە بەھێزەوەو بەپێی گۆڕانکارییە مێژووییەکان ئەو جۆرە لەبەریەکەوتنی مەزھەبی بەشیوەی جیاجیا لەم قۆناغەدا بەرجەستە دەکرێت، زۆرجار سەریکێشاوە بۆ سڕینەوەو پاکتاوکردنی یەکتری، ھەرجارەو لەچواچێوەیەکداو لەڕێگەی فاکتەری ئایینی و بەرگریکردن لەشوناسی مەزھەبی دەستەویەخە بێئامان بەربونەتە گیانی یەکتری. دروستکردنی دەوڵەت‌و زاڵبونی شوناسی سوننەگەرایی لە عێڕاق دەوڵەتی عێڕاق لەساڵی ١٩٢١ دامەزراو لەژێر ڕکێفی بەڕیتانیادابوو تاساڵی ١٩٣٢درێژەی کێشا، ئەو کات عێڕاق بووە وڵاتێکی سەربەخۆ و ئەندام لەکۆمەڵەی گەلان، ئەم قەوارە نوێیە لە کۆمەڵێک گروپی کۆمەڵایەتی پێکھاتبون، کەبەناویەکدا چووبوون و لایەنگیری تایفی و مەزھەبیی بوون.

مەلیک فەیسەڵ زۆر ھەوڵیدا گەلی عێڕاق پێکبھنێت و یەکی بخات لەڕێگەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ھاوسەنگی لەنێوان دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەشداری عێڕاقیەکان لەدامەزراوەکانی دەوڵەت‌و بەھێزکردنی ھەستکردنیان بەلایەنگیری بۆ دەوڵەت، ئەمیش لەبری لایەنگیری ئایینی وتایفی. بەرەنگاربوونەوەی تایفەگەری لەماوەی ھەردوو دەیەی بیست و سییەکانی سەدەی بیستەمدا ڕەنگدانەوەی لەسەر گوتاری سیاسی عیڕاقی ھەبوو، بەنمونە، لەبەسڕە ھەمیشە تایفەگەری و لێکجیابوونەوە کراوەو بەفیتی بەڕیتانییەکانیان زانیوە، تەنانەت یەکێک لەمێژوونوسە شیعەکان لەسییەکاندا باسی لە " جوڵانەوەی تایفەگەری و مەترسیەکانی" کردووەو پێکھەڵپژانە تایفییەکانی ساڵی ١٩٢٧ ی بەکارێکی قێزەون وئازاربەخش وێناکردووە، تەنانەت ھەر لەوقۆناغەدا لەناو نەوەی نوێدا ھەوڵ ھەبووە بۆ قوتاربوون لە شوناسی تایفەگەریی.

باڵادەستبونی شوناسی مەزھەبی شیعەگەرای لەپاش ڕووخاندنی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ زاڵبونی مەزھەبی سوننە لەعێڕاق لەقۆناغی پاشایەتیەوە درێژەی کێشا و پاشتریش له‌ ھاتنی بەعسیەکان قۆناغەکە بەرەو مەترسی ڕۆی، ڕژێمەکەی سەدام حوسێن جیا لەڕژێمەکانیتر، کەوتە ھەوڵ لەپێناو دروستکرنی لێکجیایی و شەڕی مەزھەبی لەنێوان سوننەو شیعەدا، بەعس لەسەردەمی دەسەڵاتیدا لەھەوڵدابوو بۆ ھوروژاندنی ڕق و کینە بەرامبەر شیعەکان، دواتریش لەگەڵ ڕوودانی ڕاپەڕینی شەعبیانەی ١٩٩١دا ڕژێم بەئاشکرا لەناوچە سوننەکاندا ھەستی ترسان و تۆقانی بەرامبەر بە شیعە دروستکرد، ڕاپەڕینەکەی بەشێوەیەک وێنا کرد کە دەیانەوێت کوشتوبڕی سوننەکان بکەن. لەدوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعیسیش پشێوییە تایفییەکان بوونە بەربەست لەبەردەم پڕۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت‌و سەقامیگیرو ھێوری وڵاتی تێکدا، ھەرچی حکومەتی عێڕاقە ھیچ ھەوڵێکی بەرچاوی نەداوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم دابەشبونەو بنیاتنانی شوناسێکی نیشتمانی ھاوبەش .

لەڕووی مێژووییەوە ناکۆکیەکان زیاتر لەسەر پرسه‌ عەقایدییەکان و لاھوتیی بوون، بەڵام ئێستا ناکۆکیەکان لەسەر پۆست و دەسەڵاتە. بەرەبەرش بیرۆکەی نوێنەرایەتیکردنی تایفیی باڵی بەسەر پەیوەندییە سیاسیەکانیشدا کێشاو، لەبری بیرۆکەی نوێنەرایەتیکردنی ھاوڵاتیان، ئەمەش پانتای ناکۆکیەکانی پتەوتر کرد، ململانیە تایفیەکان ھاوکاتبوو لەگەڵ جەمسەرگیری گشتگیر، کەدەرئەنجامی ھەڵکشانی دەسەڵاتسەپێنی سەرۆک وەزیران (نوری مالکی) بوو، ئەو توانی دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت و پەرلەمان ودامەزراوە سەربەخۆکان پەروێزبخات، توانیشی دەستبگرێت بەسەر دامودەزگا سەربازیی و ئاسایشییەکاندا و دادگاشی خستەژێر ڕکێفی خۆیەوە، لەبەرامبەر ئەو پەروێزخستنانەدا سوننەکانیش دەستیاندایە یاخییبون، ئیدی لەدەریی پڕۆسەی سیاسی، ئەم یاخیبونە سونییە بەشێوەیەکی زۆر ڕادیکاڵانە لە عێڕاق ھاتە ئاراوە، لەپاڵ ئەمەشدا، ھاتنی ئەمریکیەکان و ھەڵکشانی ڕۆڵی شیعەکان، ھەموو ئەمانە ھاندەر بوۆن بۆ زەمینە خۆشکردن بۆ ڕەوایەتیدان بە یاخیبونی سوننە و بەھێزکردنیان. سەبارەت بە دیاردەی کوشتن لەسەر بنەمای شوناسی ئیتنی، دەبینین لەماوەی ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٧ دا کوشتن لەسەر بنەمای تایفیی و ناوچەگەریی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە بووە دیاردەیەکی تایبەتمەند بەکۆمەڵگەی عێڕاقیەوە.

ھەرچی ئاماری قوربانییانی توندوتیژییە تایفییەکانە لەماوەی ساڵانی ٢٠٠٤ _ ٢٠٠٨ بەمشێوەیەبووە: ٢٠٠٤: ژمارەی قوربانیان ٥٢٧١ مەدەنی ٢٠٠٥: ژمارەی قوربانیان ٨٠٩٣مەدەنی ٢٠٠٦: ژمارەی قوربانیان ١٧٨٣٢ مەدەنی ٢٠٠٧: ژمارەی قوربانیان ١٣٦٩٢ مەدەنی ٢٠٠٨: ژمارەی قوربانیان ٦٧٨٦ مەدەنی سەرەنجام بەمجۆرە تایفەگەریی سوننە و شیعە لە عێڕاقدا گورزێکی توندی لەمەسەلەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان ئایین‌و مەزھەبە جیاوازەکان ھێناوەتە ئاراوە پتر مۆرکێکی تایفیی و مەزھەبیی باڵی بەسەر شانۆی سیاسی لەم وڵاتەدا کێشاوە، بۆتە لەمپەرێکی .گەورەش لەبەردەم بنیاتنانی دەوڵەتی عێڕاق لەسەر بنەمای ھاوڵاتیبون و پێکەوەیی سەرجەم قەوارە ئاینیی و مەزھەبییە جیاوازەکان

 سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوه‌: -

1-ئایندەی عێڕاق "دیکتاتۆری، دیموکراسی یان دابەشبوون ، لیام ئەندەرسن و گاریس ستانسفیڵد، وەرگێڕانی کامیار سابیر و دڵشاد حەمە، چاپخانەی ڕەنج

2- ئایین ومەزھەب لەکێشمەکێشی سیاسەت و ئایدلۆژیادا ، نوسینی بەرزانی مەلا تەھا ،چاپخانەی یاد

- الازمه الطاٸفيه في العراق، حارڽ حسن

 

author photo

ڕۆژنامەنوس