دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی... سیناریۆكانی عیراق چین؟

دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی... سیناریۆكانی عیراق چین؟

341 خوێندراوەتەوە

دوای زیاتر له‌ دوو مانگ له‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بڕیاری دا ده‌ست له‌ پۆسته‌كه‌ی بكێشێته‌وه‌، چاودێرانی سیاسی و چالاكوانانیش پێیان وانیه‌، كه‌ ئه‌مه‌ شه‌قامه‌كانی عیراق ئارام ده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها بۆ حوكمڕانی عیراقیش باس له‌ چه‌ند سیناریۆیه‌ك ده‌كرێت.

عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌رباره‌ی بڕیاره‌كه‌ی وتی:" بڕیاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ داواكاری مه‌رجه‌عی باڵا و نه‌ڕژانی خوێنی زیاتری عیراقیه‌كان بوو".
ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ شاره‌كانی عیراق توندترین خۆپیشاندان و خوێنرشتی به‌خۆیه‌وه‌ بینی، كه‌ ته‌نها له‌ شاری ناسریه‌ زیاتر له‌ 30 خۆپیشانده‌ر كوژران، هه‌روه‌ها له‌سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانیشه‌وه‌، زیاتر له‌ 400 خۆپیشانده‌ر كوژراون.


یاریه‌كی دوولایه‌نه‌:
محمد ئه‌لشیخلی به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری عه‌ره‌بی بۆ داد، وایده‌بینێت كه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ ته‌ها بریتی یه‌ له‌ (یاریه‌ك كه‌ په‌رله‌مان ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌).
ئه‌و ده‌ڵێت" من پێم وایه‌ یاریه‌كی دوولایه‌نه‌ی نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌تی عیراقه‌،ده‌ترسم په‌رله‌مان به‌ بیانووی نه‌بوونی شوێنگره‌وه‌ به‌دیل ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ ڕه‌تبكاته‌وه‌".


ئه‌لشێخلی ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ئه‌م ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یه‌ وه‌ك" پینه‌كردنێكی كاتی وایه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سیاسیه‌ كۆنه‌كان، ده‌مانگێرێته‌وه‌ بۆ ئه‌و نوخبه‌ سیاسیه‌ی كه‌ ساڵانێكه‌ زۆر حوكمڕانیان كردووه‌".


خۆپیشانده‌رانیش له‌ كاردانه‌وه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ ڕایانگه‌یاند: ئه‌مه‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌ و (شۆڕش به‌رده‌وامه‌) بۆبه‌ده‌ستهێنانی سه‌رجه‌م داواكاریه‌كانی خۆپیشانده‌ران.


دیارترین داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران له‌ عیراق بریتی یه‌ له‌ چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ ده‌ستوری عیراق و پێكهێنانی سیسته‌مێكی سیاسی كه‌ دوور بێت له‌ پشك پشكێنه‌، ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای ناسنامه‌ی نیشتیمانی بنیاتنرابێت، هه‌روه‌ها دابه‌شكردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی سامانی عیراق و لێپێچینه‌وه‌ له‌و تاوانبارانه‌ی كه‌ تاوانیان دژی گه‌لی عیراق ئه‌نجامداوه‌، به‌شێكی دیكه‌ی داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران پێكده‌هێنن.


شێخلی ده‌رباره‌ی كێشه‌كانی عیراق ده‌ڵێت" كێشه‌ی عیراق ته‌نها له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیراندا نیه‌، به‌ڵكو كێشه‌ له‌ نێوان گه‌ل و سیسته‌می سیاسیدا هه‌یه‌، كه‌ سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ده‌كات، هه‌موویان به‌شدارن له‌وه‌ی كه‌ عیراقی گه‌یاندۆته‌ دۆخی داڕمان".


دوو بژارده‌ هه‌یه‌ و سێیه‌م له‌ ئارادا نیه‌:
مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عیراق، داوای له‌ په‌رله‌مان كرد كه‌ به‌ بژارده‌كه‌یدا بچێته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ بكات، كه‌ چیتر خوێن ڕشتنی عیراقیه‌كان به‌رده‌وام نه‌بێت.


شیخلی ده‌ڵێت: له‌ حاڵه‌تی ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی عیراقدا ته‌نها دوو بژارده‌ هه‌یه‌:
یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ په‌ره‌لمان خۆی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ئه‌نجام بدرێت، دووه‌میشیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی بۆ دانانی به‌دیلی عادل عه‌بدولمه‌هدی ڕابسپێرێت، دواتریش سه‌رۆك كۆمار كه‌سی به‌دیل بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ ماوه‌ی 15 ڕۆژدا رابسپێرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌توانرا ئه‌نجام بدرێت، ئه‌وا له‌وه‌یه‌ حكومه‌تێكی ئیئتلافی پێكبهێنرێت.

ئه‌مه‌ ته‌نها به‌س نیه‌:
ره‌عد هاشم توێژه‌ر له‌ سه‌نته‌ری عیراقی بۆ لێكۆلێنه‌وه‌ی ستراتیژی پێی وایه‌، كه‌" به‌ته‌نها ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌س نیه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ هه‌نگاوی دیكه‌ی به‌دوادا بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی حكومه‌ت به‌ ته‌واوی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، حكومه‌تێكی ڕاگوزه‌ر به‌ به‌ ته‌وافوقی پێكبهێنرێت".


له‌ كاره‌كانی حكومه‌تی ڕاگوزه‌ر ئه‌وه‌ بێت ، كه‌ ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردن و هه‌مواری ده‌ستور و یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی لێپێچینه‌وه‌ له‌وانه‌ بكات كه‌ تۆمه‌تبارن به‌ كوشتنی خۆپیشانده‌ران.


حه‌سه‌ن مه‌نیمه‌ نوسه‌ر له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندی په‌رله‌مان بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ڵێت:" بریاری په‌رله‌مان بۆ ڕازی بوون له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ بریاری ئێرانه‌وه‌".


ده‌شلێت:" چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی عیراق ته‌نها به‌وه‌ ده‌بێت ئه‌م سیسته‌مه‌ (ڕژێمه‌) بگۆڕدرێت به‌ سیته‌مێكی نوێ".

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین- و/ گۆران قادر

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی