چۆن لەم دۆخە تێبگەین؟

چۆن لەم دۆخە تێبگەین؟

446 خوێندراوەتەوە

قادر حاجی عەلی

لەوڵاتانی جیھاندا حزب ڕێزو مەکانەتی خۆی ھەیە، چونکە لە بنەمادا ماھەییەت‌و بوونی حزب بەدیھێنانی چاکەی گشتی‌و کۆمەڵێک ئامانجە، کە ویست‌و بەرژوەندی کۆمەڵگای کردووەتە خەمی ژمارە یەکی خۆی، بە واتا سەرەتاییەکەی بڵێین، حزب ئامرازە بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانی خەڵک، نەک حزب خۆی ببێتە ئامانج‌و کۆمەڵگاو تەواوی تواناکانی بکاتە ئامراز، لە پێناو حزب‌و لەناو حزبیشدا بیخاتە خزمەت بەرژوەندی دەستەو تاقم‌و گروپی دیاریکراو.

لای ئێمە حزب (بەتایبەتیش حزبەکانی دەسەڵات) بۆتە یەکێک لە ناشرینترین ناونیشانە سیاسییەکان، خەڵک وەک سەرچاوەی ھەموو نەھامەتییەکان‌و بەدبەختییەکانی ژیانی خۆی تەماشای دەکات، چونکە لەبری ئامرازێک بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خەڵک، حزب خۆی بۆتە ئامانج.

ئێستا ھەر بنەماڵەو گروپێک خاوەنی حزبی خۆیانن، کە لەڕووکەشدا ھەڵگری کۆمەڵێک دروشم‌و چەمک‌و ناونیشانی گشتین، بەڵام لە جەوھەردا بوونەتە کۆمپانیای پشکداری‌و کارتێلی بازرگانی کە ھەزاران فرسەخ لەخەمە گشتییەکان دوورکەوتونەتەوە، لەوەش زیاتر، لەم سنورەدا حزب ئەمانەشی تێپەڕاندووەو، ڕۆچووەتە ناو تێکشاندن‌و، بێئەرزشکردنی زۆرێک لە بەھا کۆمەڵاتییەکانیشەوە.

،،

ھەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا جگە لەنوزەیەکی لاواز، (نا)و دەنگی ئۆپۆزسیۆنی تێدا نابیسترێت، ئۆپۆزسیۆنە دەنگ بەرزەکەی جاران بەدەستی خۆی ئینتحاری سیاسی کردو، کۆتایی بە قۆناغێکی گرنگ لەچاوەڕانیی دونیایەکی باشتر ھێنا.

قسەکردن لەسەر دیموکراسی لەکوردستان کە خاوەنی فرە حزبی سیاسیە، لە چاوبەستێکی سیاسی‌و درۆیەکی گەورە بەولاوە ھیچی ترنییە، ئەوانەی ئەم ئیدعایە دەکەن، یان لە دیموکراسی نەگەیشتوون یان بەشدارو شاگردن لەم سالۆنە سیاسیەی دەسەڵاتدا. ئەو مۆدێلە سیاسییەی، فرەیی‌و ڕەنگاو و ڕەنگیی‌و زۆری ‌و بۆری ژمارەی حزبی کردووەتە پێوەری دیموکراسی، ئامانجی ئەوەڵ و کۆتایی ئارایشت‌و جوانکردنی دەسەڵاتەکەیەتی، ئەگینا لەواقیعدا ڕووبەری جیاوازیی نێوان زۆربەی حزبەکانی کوردستان ئەوەندە بچوکبووەتەوە، ناو و ناونیشان نەبێت جیاوازییەکی ئەوتۆ بەدیناکرێت.

ئەمڕۆ لەھەموو کات زیاتر حزبەکانی کوردستان، زۆرنەیان بەشدار‌و بەرپرسیارن لە دروستکردنی ئەم دۆخە خراپەو سڵ ناکەنەوە لە وێرانکردنی ھەموو شتێ بە بەھا ڕەمزی‌و مەعنەوییەکانیشەوە، لەسەرو ھەموشییانەوە کوشتنی متمانەی خەڵک، ھەر ئەوەشە وایکردووە ڕەوڕەوەی ڕۆیشتن بەرەو بنەماڵەبوونی سیستەم‌و، بەسوڵتانیکردنی دەسەڵات، بەخێراییەکی ترسناک ھەنگاو بنێت.


زۆربەی حزبەکان موڵکی خێزان‌و بنەماڵەی سەرکردەکانن، بوونەتە کۆمپانیای زەبەلاح‌و دەستکەوتی گەورە بۆ خاوەنەکانیان وەدەست دەخەن، لەشکرێک دەستسپی‌و بێبەھرەش، لەگەڵ رێزم بۆ خەڵکە پاک و تێکۆشەرەکانیان، لەسەرەوە بۆ خوارەوە بوونەتە بەردەست‌و بەشدار لەو ناھەقییانەی لەخەڵک دەکرێ‌و زەمیینەکەیان بۆ خۆشدەکەن.

،،

گرنگە ڕێگری جدی بکرێت لە دروستبونی بنەماڵەی سیاسی بازرگانی ترو، حەقیقەتی ئەم بنەماڵە خاوەن حزب‌و دەسەڵاتانەی کوردستانیش ڕوونبکرێتەوە، کە مایەی ڕووتانەوەو، ھەژارکەوتن‌و، دەردەکانی تری ھاوڵاتیانی کوردستانن.

کارێکی گران‌و سەختە بۆ سیاسی‌و، ڕۆشنبیرو ئەوانەی لە رێکخراوە مرۆیی و پیشەییەکاندا کار ئەکەن، وە ھەموو ئەو ئازادیخوازانەی بەردەوام چاویان لەگۆڕینی ئەم ھەلومەرجە کەوتوو و پڕ لەنادادییەیە، بۆ ئەوەی جارێکی تر کاری سیاسی لای خەڵک خۆشەویست بکەنەوە، تا حزبی ڕاستەقینە بتوانێ بە ڕۆڵی مێژوویی خۆی ھەڵبسێت. ژیانی سیاسی لەکوردستان بەجۆرێک بەر نەفرەت کەتووە، کاتێک بە کەسێک بلێی حزبییە، وەک ئەوە وایە توانج‌و پلاری لێبدەیت، کە ئەمەش بەرھەمی خراپەکاری حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانە، بەڵام ئایا دەکرێ ئەمە خاڵی کۆتایی‌و تەسلیمبوون بێت بەو واقیعە تاریک‌و سەپاوە؟ ئەکرێت لەم دۆخی کەوتنەدا کە لە پرسەیەکی نیشتمانیی گەورە دەچێت، زۆرینەی خەڵکی ناڕازی لەناو خەم‌و، ئازارەکانی خۆیدا بێ ئاسۆو نەبوونی دەروویەک بتلێتەوە؟.

گرنگە لەم دووڕیانە مێژووییە ھەستیارەدا، خەڵکی کوردستان لەگۆشە نیگای ئەو ئومێدەوە بڕوانێت، کە بنەمای سەرەکی کاری سیاسی جگە لەسەر ڕاستیی‌و ڕاستگۆیی، زەرورەتی گرێدانێتی بە ئەخلاق‌و بەھا ئینسانییەکان وەک دوانەیەکی دانەبڕاو لەیەکتر، گێڕانەوەی سیاسەت بۆ سەر ڕێڕەوە ڕاستەقینەکەی خۆی، سیاسەت‌و کاری سیاسی وەک ئامرازی بەدیھێنانی چاکەو بەرژوەندی گشتیی. ڕاستە ئەمە کارێکی ئاسان نییە بەڵام مەحاڵیش نییە، قۆناغی زۆر لەمە تاریکترو کەوتنی زۆر لە ئێستا سەخترمان بینیوە، ھەستانەوە لە گلان ئیرادەیەکی بەھێزو لەخۆ بردووی ئەوێت، کاری دەستەجەمعی‌و متمانە بەخۆبوونی گەرەکە، ھەرکات توانیمان ئەم ڕۆحە بچێنین‌و ئەو متمانەیە دروستبکەین، لەبری خۆخواردنەوەو تلدان‌و نائومێدی، چاومان لە ئایندەیەکی باشتر دەبێت.

ھەموو ئەوانەی خەم‌و داڵغەیان لای باری لاری خەڵکەو، بە ئومێدی ژیانێکی باشترەوە دەژین، دەبێت سەرمەشقی پرۆژەی ھەستانەوەبن، ڕۆشنبیران ئەرکێکی مێژوویی‌و گەورەیان لەسەرشانە لە ئاڕاستەکردنی دۆخەکە بەرەو ئاقارێکی دروست، ئەوانەی لە بواری رێکخراوە جۆربەجۆرەکانی مرۆیی و ھونەری و کلتوری و ئەوانەی تردا کار دەکەن و دەتوانن رۆڵی گرنگیان ھەبێت، بۆ ئەوەی بە ھەموومان بتوانین سنورێک بۆ ئەم بەدبەختی‌و بێکەسییە دابنێین کە بە ئاشکرا بەبەرەی خەڵکەوە دیارە، پێویستە بەدوای ڕێگەچارەیەکدا بگەڕێین کە ئەرکی مێژوویی ھەموومان لەم قۆناغەدا دیاریبکات.

،،

یەکێکی تر لە خاڵە جەوھەرییەکان، خۆ بەدوورگرتنە لەکۆکردنەوە یان رێگادان بە خۆتێخزاندنی خەڵکانی ھەلپەرست‌و، ھەڵپەکەر بۆ پۆست‌و پارەو دەسەڵات، چونکە دەبنە ھۆی کاریگەری بۆ سازش و تەسلیم بون، ئەمەش دەکاتە ئاوابوونی خۆری ئەو مۆدیلە لە سیاسی زۆر بڵێش کە ساڵانێکە دونیای ئێمەی پڕکردووە لە قسەی بێکردار، گرنگە ڕێگەنەدرێت جارێکی تر دەمووچاوی ناشرین سیمای جوانی ئۆپۆزسیۆن تێکبدات

ھەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا جگە لەنوزەیەکی لاواز، (نا)و دەنگی ئۆپۆزسیۆنی تێدا نابیسترێت، ئۆپۆزسیۆنە دەنگ بەرزەکەی جاران بەدەستی خۆی ئینتحاری سیاسی کردو، کۆتایی بە قۆناغێکی گرنگ لەچاوەڕانیی دونیایەکی باشتر ھێنا.

یەکێک لەڕێگا گونجاوەکان لەم قۆناغەدا ئەوەیە، لە دەرەوەی ئەم پەرلەمان‌و حکومەت‌و حیزبانە، خەڵکی کوردستان خۆی ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە دروستبکات، بەھەر ئامرازێک لەو ئامرازانەی شیاوە خەباتی خۆی بکات‌و، لەچوارچێوەیەکدا ئەگەر حزب‌و ڕێکخراوی سیاسیش نەبێت بەھەماھەنگی و کاری جەماعی خۆی ڕێکبخات، بۆ بەرزکردنەوەی دەنگ‌و داواکارییەکانی‌و قوتاربونی لەدەستی حزب‌و بنەماڵە سیاسییەکان، بەتایبەت لەم دۆخەدا کە عێراق‌و ناوچەکە بەرەو گۆڕانگاری ڕیشەیی ھەنگاو دەنێین‌و داواکارییەکانی خەڵک حزب‌و گۆڕینی دەموچاوی نوخبەی سیاسیشی تێپەڕاندووەو، داوای مۆدێلێکی نوێ لە سیستمی حوکمڕانی دەکات.

بۆ ئەوەی نرخ بۆ ئۆپۆزسیۆن بگەڕێنینەوە، دەبێت بەدوور بگیرێت لەھەموو بەشداریکردنێکی ئەم حزبانە یان ڕازیبوون بە بە بون بە پەراوێزێک لە بەشداریدا، بەرامبەر بە تەسلیمکردنی ئیرادەو توانەوە لەناو دەسەڵاتدا. دەبێت چاوەکان بەتەنھا لەسەر بەدەستھێنانی دەسەڵات یان باڵادەستی بێت بەسەر دەسەڵاتدا، ، ئەوەش لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی سیاسی گونجاوو تۆکمەو تەریب بەداواکانی خەڵک، کە عەدالەت‌و چاکسازی ڕیشەیی بکاتە دروشمی سەرەکی خۆی.

یەکێکی تر لە خاڵە جەوھەرییەکان، خۆ بەدوورگرتنە لەکۆکردنەوە یان رێگادان بە خۆتێخزاندنی خەڵکانی ھەلپەرست‌و، ھەڵپەکەر بۆ پۆست‌و پارەو دەسەڵات، چونکە دەبنە ھۆی کاریگەری بۆ سازش و تەسلیم بون، ئەمەش دەکاتە ئاوابوونی خۆری ئەو مۆدیلە لە سیاسی زۆر بڵێش کە ساڵانێکە دونیای ئێمەی پڕکردووە لە قسەی بێکردار، گرنگە ڕێگەنەدرێت جارێکی تر دەمووچاوی ناشرین سیمای جوانی ئۆپۆزسیۆن تێکبدات، ئەمە ھەنگاوێکی گرنگیشە بۆ ئاشتکردنەوەی خەڵکی ناڕازیی لەگەڵ سیاسەت، لەسەرو ئەمانەشەوە، گرنگە ڕێگری جدی بکرێت لە دروستبونی بنەماڵەی سیاسی بازرگانی ترو، حەقیقەتی ئەم بنەماڵە خاوەن حزب‌و دەسەڵاتانەی کوردستانیش ڕوونبکرێتەوە، کە مایەی ڕووتانەوەو، ھەژارکەوتن‌و، دەردەکانی تری ھاوڵاتیانی کوردستانن.

بایکۆتکردنی زیاتر لە ٦٠%ی ھاوڵاتیان لە ھەڵبژاردنەکاندا، ھێمایەکی ئومێد بەخشەو ئەو راستییەش دەسەلمێنێ، کە بێزاری خەڵکی کوردستان لەم دەسەڵات و حزبانە گەیشتۆتە ئاستێکی وا کە پێویستی بە ھاوکاری و ھەماھەنگی ھەموو توێژەکانە بۆ گۆڕانکاری.

قادر حاجی عەلی