بۆچی گۆڕان و یەكگرتوو براوەی خۆپیشاندانەكانی ئەم جارەی كوردستانن؟

كێ‌ سودمەندی خۆپیشاندانەكانی كوردستانە؟

بۆچی گۆڕان و یەكگرتوو براوەی خۆپیشاندانەكانی ئەم جارەی كوردستانن؟

10440 خوێندراوەتەوە

هەرێمی كوردستان هەفتەیەكی پڕ لە جوڵە و ناڕەزایی سەرتاسەریی بەڕێكرد، بۆ یەكەمجار لەدوای 31ی ئابەوە گرێی نەجوڵاندنی شەقام لە هەولێر كرایەوە، نەك تەنها ئەوە بەڵكو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی ئاشكرا گەیشتە پارێزگای دهۆك، كە پارتی وەك ماڵی بێ‌ كێشەی خۆی سەیری دەكرد.

راستە سلێمانی داینەمۆی خۆپیشاندانەكان بووە، بەڵام هۆكاری ئەوەی كە خۆپیشاندانەكانی ئەم جارە تا رادەیەك توانی ئامانجەكانی بەدیبهێنێت پەیوەندی بە سەرگرتنی خۆپیشاندانەكانەوە هەبوو لە هەولێر و دهۆك.

گرنگترین دەسكەوتی ئەم خۆپیشاندانە بەر لەهەر شتێك دروستبونەوەی كۆمەڵگەبوو، كە ماوەیەكی دورودرێژە بەهۆی فاكتەری سیاسیەوە لەیەكترازاوە و وەك چەند پارچەیەكی دور لەیەك كاردەكەن.

،،

گرنگترین دەسكەوتی ئەم خۆپیشاندانە بەر لەهەر شتێك دروستبونەوەی كۆمەڵگەبوو، كە ماوەیەكی دورودرێژە بەهۆی فاكتەری سیاسیەوە لەیەكترازاوە و وەك چەند پارچەیەكی دور لەیەك كاردەكەن.

ئەگەرچی خۆپیشاندانەكان بۆ داواكردنی ماف و موچەی زەوتكراوی فەرمانبەران بوو، بەڵام خاڵی نەبوو لە رەهەندی سیاسی و تەنانەت دەستێوەردانی لایەنە سیاسیەكان.

ماوەیەكی زۆرە هێزەكانی دەرەوەی پارتی بە یەكێتیشەوە دەیانەوێت خۆپیشاندان ببەنە هەولێرەوە، بەڵام بەهۆی چاوەڕوانی لە قەبارەی ئەو توندونیژیەی پارتی دەیكات لە سوتاندنی بارەگاوە بۆ شاربەدەركردن و تەنانەت كوشتنیش، هەوڵەكان شكستیان دەهێنا.

ئەگەرچی بانگەوازی خۆپیشاندان لە هەولێر لە یەك شەممەی رابردوو سیاسی نەبوو، بەڵام مامۆستایان و كارمەندانی تەندروستی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو ڕۆڵی سەرەكیان تیا بینی. لەهەموشی كاریگەرتر بڵاوكردنەوەی بانگەوازی خۆپیشاندان و ئامادەبونی حاجی كاروان بوو لە خۆپیشاندانەكەدا لەكاتێكدا بەشێوەی لایڤ شەوی پێشتر بانگەوازی خۆپیشاندانی كرد.

،،

خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە باشترین دەرفەتی رەخساند بۆ بزوتنەوەی گۆڕان كە سەركردایەتی شەقام لە شاسوار عەبدولواحید وەربگرێتەوە، لەكاتێكدا ماوەیەكی زۆرە گۆڕان بێدەنگە و تەنها بە كێشەناوخۆیەكانی خۆیەوە خەریك بووە.

جیاوازی خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە لەوەدایە كە نزیكە لە دەستپێكردنی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن و دوریش نییە درێژ ببێتەوە بۆ ناو كەمپینی هەڵبژاردن. ئەمەش وایكرد خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە مۆركی كەمپینی پێشوەختەی هەڵبژاردن بەخۆوە بگرێت.

بەم پیودانگە دەكرێت لە خۆپیشاندانەكانی ئەم دوایانەدا براوە و دۆڕاوی خۆپیشاندانەكان دیاری بكەین.


خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە دەرفەتێكی زێرین بوو بۆ بزوتنەوەی گۆڕان تا بیسەلمێنێت هێشتا شەقام بەدەستی ئەوەوەیە و توانای مانۆڕی جەماوەری هەیە.

هەروەها باشترین دەرفەتی رەخساند بۆ بزوتنەوەی گۆڕان كە سەركردایەتی شەقام لە شاسوار عەبدولواحید وەربگرێتەوە، لەكاتێكدا ماوەیەكی زۆرە گۆڕان بێدەنگە و تەنها بە كێشەناوخۆیەكانی خۆیەوە خەریك بووە.

وادیارە جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ كەمێك لە پرۆسەكە دواكەوت، بەتایبەتی لەهەولێر، هەربۆیە بەشداریكردنی دواتری نەیتوانی قەرەبوی بكاتەوە و ئاراستەی شەقام بگرێتە دەست، ئەوە بۆ سلێمانیش هەر راست بوو، هەرچەندە كەناڵی ئێن ئارتی ڕۆڵی گرنگی بینی لە ڕوماڵی خۆپیشاندانەكان، بەڵام سەركەوتوو نەبوو لەوەدا شاسوار بكاتە پاڵەوانی خۆپیشاندانەكان، وەك ئەوەی لە خۆپیشاندانی پێشودا توانی بیكات.

،،

یەكگرتوی ئیسلامی بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە هەلێكی زێڕینی سیاسی دەسكەوت و توانی كۆتایی بەو بانگەشەیە بهێنێت كەزۆر جار لەلایەن نەیارەكانیەوە بە "هاوئاوازی پارتی" تۆمەتباردەكرا.

هەرچی یەكگرتوی ئیسلامیە بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە هەلێكی زێڕینی سیاسی دەسكەوت و توانی كۆتایی بەو بانگەشەیە بهێنێت كەزۆر جار لەلایەن نەیارەكانیەوە بە "هاوئاوازی پارتی" تۆمەتباردەكرا.

لەڕۆژی یەكەمی خۆپیشاندانەكانی هەولێردا، جێ پەنجەی یەكگرتوی ئیسلامی بەڕونی دیاربوو لە ڕێگەی بەشداری كاریگەری ئەندام پەرلەمان و مامۆستاو فەرمانبەرەكانیانەوە، هەرچەندە ئەمە بەمانای ئەوە نیە كە گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و لایەنەكانی دیكەی تێدا نەبوبن.بەڵام بەشداری كادێرەكانی یەكگرتوو مانای جیاوازتری هەبوو. چونكە نە پارتی و نە لایەنەكانی دیكەش چاوەڕێی ئەوەنەبون یەكگرتوو بەو ئاستە بەشداری تێدا بكەن.

لە پارێزگای دهۆك دۆخەكە تەواو جیاوازبوو، چونكە ئەوەی ئامادەبونی فعلی هەیە لەو ناوچەیەدا جگە لە پارتی، یەكگرتوی ئیسلامییە. بەبێ‌ جوڵانی یەكگرتوو لە ناوچەی بادینان مومكین نەبوو بیر لە ئەنجامدانی خۆپیشادان بكرێتەوە.

دواجار یەكگرتوو ئەو كارەی كرد كەزۆر كەس لایان وابوو مەحاڵە لە بادینان ئەنجامی بدات. ڕیكخستن و كادێرە دیارەكانی یەكگرتوو پێشڕەوی خۆپیشاندانەكانیان كرد و ژمارەیەكی زۆریشیان ڕوبەڕوی گرتن و هەڕەشە و توندوتیژی بونەتەوە.بەپێی وتەی بەرپرسانی یەكگرتوو زیاتر لە 50 كەسیان لە پارێزگای دهۆك دەستگیركراون، دیارە ئەمە بەمانای ئەوە نیە كە هەموو ئەوانەی خۆپیشاندانیان كردوە یەكگرتوبون، بەڵام بەشداریكردنی ئەوان بووە هۆی سەركەتنی جوڵانەوەكە لە بادیناندا.

بەشداری كارای یەكگرتوو لە خۆپیشاندانەكانی هەولێر و دروستكردنیشی لە بادینان هەنگاوێكی زەروری بوو بۆ یەكگرتوو تا بەتەواوی تەپوتۆزی نزیكبونەوەی لە پارتی لەخۆی بتەكێنێت. كە هەم پارتی گرەوی لەسەر دەكرد و هەم هێزە ركابەرەكانیشی لە گۆڕان و كۆمەڵ و هاوپەیمانی گرەویان لەسەر كردبوو.

پارتی پێی وابوو چیتر یەكگرتوو ناتوانێت لە خولگەی ستراتیژ و بەرژەوەندیەكانی دەربچێت و توانیویەتی بیكاتە هێزێكی ڕامكراو. لایەنەكانی ڕكابەریشی درێغیان نەكردوە لە هەڵمەتكردنە سەری و نیشاندانی وەك هاوئاوازی پارتی. لەوانەشە حەزیان كردبێت هەر لەو بەرەیەشدا بمێنێتەوە تا بتوانن لە دەڤەری سلێمانی بەتەواوی كاڵی بكەنەوە.

بەڵام جوڵەی یەكگرتوو لە بەرایی دەستپێكردنی كەمپینی هەڵبژاردندا جوڵەیەكی زیرەكانەبوو بە ئاراستەی خۆ ڕاتەكاندن لەدەستی پارتی و پۆچەڵكردنەوەی ئەو بۆمبەی ركابەرەكانی بۆیان خستبووە دوو نانی گەرمەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.

،،

جوڵەی یەكگرتوو لە بەرایی دەستپێكردنی كەمپینی هەڵبژاردندا جوڵەیەكی زیرەكانەبوو بە ئاراستەی خۆ ڕاتەكاندن لەدەستی پارتی و پۆچەڵكردنەوەی ئەو بۆمبەی ركابەرەكانی بۆیان خستبووە دوو نانی گەرمەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.

بەشداریكردنی كارای كادێرانی یەكگرتوو لە خۆپیشاندانەكاندا ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو تەبایەی لەماوەی ڕابردودا هەبووە لە نێوان یەكگرتوو پارتیدا تەنها ڕێكەوتنێك بوە لەسەرەوە، هیچ شتێكی لە ئازار و كێشەكانی ئەوان نەگۆڕیوە لەخوارەوە. هەروەها كادێرانی یەكگرتوو هەموو ئەوپردانەشیان بەئاوادا كە لەلایەن هەندێكەوە لەناو یەكگرتوو ئاواتی لەسەر هەڵچنرابوو.

لە بەرامبەردا زەرمەندترین هێز لە خۆپیشاندانەكانی ئەم دوایانەدا بریتی بوو لە پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو قەڵایەی لە هەولێر و دهۆكدا دروستی كردبوو بۆ نەپەڕینەوەی خۆپیشاندانەكان بۆ دەڤەری زەرد دواجار كۆتایی پێهات و دیواری ترس لە خۆپیشاندان لە هەولێر ڕما.

ووتەکان

زەرمەندترین هێز لە خۆپیشاندانەكانی ئەم دوایانەدا بریتی بوو لە پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو قەڵایەی لە هەولێر و دهۆكدا دروستی كردبوو بۆ نەپەڕینەوەی خۆپیشاندانەكان بۆ دەڤەری زەرد دواجار كۆتایی پێهات و دیواری ترس لە خۆپیشاندان لە هەولێر ڕما.

هەروەها دیمەنی پەلاماردانی مامۆستایان و فەرمانبەران و پەلاماردانی ژنانی خۆپیشاندەر و مامۆستایانی سەرسپی و دیمەنی ڕفاندن و دەسنگیركردنی خۆپیشاندەران لەم سەروبەندەی هەڵبژارداندا دور نییە زیانی كەمەرشكێن لە پارتی نەدات لە هەڵبژاردنەكانی مانگی دادێ‌ كە تەنها مانگێك و چەند ڕۆژێكی ماوە بۆ دەستپێكردنی.

هەرچی یەكێتی نیشتیمانییە كە هاوبشی پارتیە لە حوكمڕانیدا و بەشێكی ئاراستەی تیری رەخنەی خۆپیشاندەران ڕوو لەوە، تا ئێستا خۆی پاراستوە لە بەكارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران و ناشزانرێت ئارامگرتنی تاكوێ‌ بڕدەكات. بەتایبەتی كە لەئەزمونی پێشتریدا سڵی نەكردۆتەەوە لە بەكارهێنانی توندوتیژی و بە سەربازگەكردنی شارەكان.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری