(به‌شی یه‌كه‌م):
له كۆتاییدا عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له پۆسته‌كه‌ی ڕاگه‌یاند و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش په‌سه‌ندی كرد، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران دوای دوو مانگ له خۆپیشاندان و كوژرانی زیاتر له 407 خۆپیشانده‌ر و برینداربوونی هه‌زارانی دیكه هات، هه‌روه‌ها هۆكارێكی دیكه‌ی ڕۆشتنی سه‌رۆك وه‌زیران به‌هۆی فشاری هه‌ندێك كه‌سایه‌تی ئاینی و سیاسیه‌وه بوو. عادل عه‌بدولمه‌هدی پیاوه بهجێماوهكهی عیراق ڕۆیشت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ خۆیدا هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌برد، چونكه ئه‌و له بنه‌ڕه‌تدا به‌رپرسی دروستبوونی كێشه‌كان نه‌بووه،تاوه‌كو له‌گه‌ڵ خۆیدا بیانبات، به‌ڵكو به‌رپرسی دروستبوونی قه‌یران و كێشه‌كان هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه ئێستا ماوه‌نه‌ته‌وه ، بۆیه مانه‌وه‌ی كێشه‌كانی عیراق، له بێ كاری و كه‌می خزمه‌تگوزاری و گه‌نده‌ڵی و پشك پشكێنه و خراپی سێكته‌ره‌كانی خوێندن و ته‌ندروستی و زۆری دیكه كارێكی حه‌تمیه.
بۆ ئه‌وه‌ی ڕوونتر له‌سه‌ر كێشه‌كانی عیراق پێش عادل عه‌بدولمه‌هدی بدوێن،ئه‌وا ئاماژه به گرنگترینیان ده‌كه‌ین، كه به‌رده‌وامیان ده‌بێت: یه‌كه‌م: گه‌نده‌ڵی: گه‌نده‌ڵی له عیراقدا هه‌موو پێوه‌ره‌كانی بڕیوه و ڕۆچۆته هه‌موو جومگه‌كانی حوكمڕانیه‌وه، مه‌ترسی گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر عیراق هێنده زۆر و قورسه، كه حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عیراق دوای سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا له 2017دا وتی:" شه‌ڕی دژی گه‌نده‌ڵی له عیراقدا، له شه‌ڕی دژی تیرۆر مه‌ترسیدارتره".
هه‌ر له سه‌رده‌می كابینه‌كه‌ی عه‌بادیدا ژماره‌یه‌ك وه‌زیر و به‌رپرس له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی ده‌سپاكییه‌وه به تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كرا، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بوو، له‌وه‌یه هه‌ر بۆ پڕوپاگه‌نده‌ش ئه‌م هه‌واڵه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه باس كرابێت، چونكه ماوه‌یه‌كی زۆره شه‌قامی عیراقی دژی گه‌نده‌ڵی خۆپیشاندان ده‌كه‌ن، هۆكاره‌كه‌شی ته‌نها بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه عیراق دووه‌م گه‌وره‌ترین وڵاتی (ئۆپیك)ه له ناردنی نه‌وتدا، ساڵانه‌ش ملیاره‌ها دۆلاری ته‌نها له فرۆشتنی نه‌وتدا ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌ڵام توانای نیه خزمه‌تگوزاریه بنه‌ڕه‌تیه‌كان بۆ گه‌له‌كه‌ی دابین بكات.
بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی ڕوون له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی عیراق به خوێنه‌ران بده‌ین، ئه‌وا پشت به‌هه‌ندێك ئامار ده‌به‌ستین، كه ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی عیراق بڵاویان كردۆته‌وه. به پێی ڕێكخراوی شه‌فافی نێوده‌وڵه‌تی، عیراق له ساڵی 2017دا، له كۆی 180 وڵات‌دا پله‌ی 169هه‌مینی وه‌رگرتوه، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر كردنه ، ئه‌وه‌یه كه ساڵ به دوای ساڵ گه‌نده‌ڵی له عیراقدا هه‌ڵكشان به خۆیه‌وه ده‌بینێت، ئه‌وه‌تا له ساڵی 2003دا پله‌ی (113)یه‌میندا بوو، به‌ڵام له ساڵی 2007دا به‌رز بۆوه بۆ پله‌ی(178).
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عیراق كه سه‌ر به په‌رله‌مانه، ئاشكرای كرد كه له ماوه‌ی 15 ساڵی ڕابردوودا، گه‌نده‌ڵی حكومی زیاتر له (320) ملیار دۆلار بووه.
ئه‌م گه‌نده‌ڵیه وای له عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای عیراق كرد، كه داوا بكات، ڕیچگری له گه‌نده‌ڵی بكرێت و ئه‌وانه‌ی گه‌نده‌ڵن له پۆسته‌كانیان دوور بخرێنه‌وه، به‌ڵام قسه‌ی مه‌رجه‌ع له‌مه‌دا ناخوات، چونكه گه‌ر گه‌نده‌ڵ ده‌ربكرێت، ئه‌بێت كێ بمێنێته‌وه. ئێمه لێره‌دا ئاماژه‌مان به گه‌نده‌ڵیه‌كانی عیراق پێش عادل عه‌بدولمه‌هدی كرد، هه‌روه‌ها ئه‌و ئامارانهشمان باس كرد، كه هه‌ر پێش عه‌بدولمه‌هدی بوون،كه‌واته كێ باوه‌ڕ ده‌كات به ڕۆشتنی ئه‌و گه‌نده‌ڵیش كۆتایی بێت؟