تێزی خاک و کورد

تێزی خاک و کورد

503 خوێندراوەتەوە

لە نوسینی پێشودا باسی تێزی دیموکراسی و کێشەکانیمان کرد. لەم نوسینەدا باس لە تێزی خاک دەکەین. ئایا ئەگەر دیموکراسی بونی وڵاتانی ناوچەکە سەختە، جودابونەوە یان هەبونی خاک یان تیرەتۆری بژاردەی ئاسانترە؟

خاک یان تیرەتۆری لە فەرهەنگی سیاسی و فەرهەنگی گشتی کوردیدا ئەوەندە ڕون نیە. گەر لە ئەدەبیاتی کوردی بنواڕیت، پەیوەندی خاک و مرۆڤ زیاتر پەیوەندییەکی سەرەتاییە، کە لە ڕێگای سۆز و پەیوەست بون و یادەوەرییەوە دەردەربڕێت. نەبونی چەمکی تیرەتۆری لە زمانە ڕۆژهەڵاتیەکاندا، مەبەستم زیاتر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژەیەکی ڕونە بە نەبونی سیستەمی خاک یان تیرەتۆری.

،،

ئامانجی ئەم پرۆسەیە ئەوەنەبوو کە خەڵکی ئەو ناوچانە ببنە خاوەن سەروەری یان حکومداری، بەڵکو بەشێک بوو لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزی بەڕێوەبردنی دونیا، کە هەمیشە لە دوو ئاستدایە.


خاک یان تیرەتۆری بەرهەمی دەوڵەتە. پارچەیەک لە خاک دەبێتە تیرەتۆری کاتێک دەسەڵات بە هەموو ڕەهەندەکانی خۆی تیایدا پیادە دەکات: لە ناونان، ڕێکخستن، بەرهەمهێنان، مافی نیشتەجێبون، خاوەندارێتی، پاراستن، پاک و پیسی لە گەڵ زۆر ڕەهەندی تردا. ئەم پرۆسەیە بە گشتی پەیوەستە بە دوو ئاستەوە، ئابوری لە گەڵ سیاسەتدا.

بە گشتی گۆی زەوی بە دوو جۆر دابەشکراوە:

بەشێک کۆڵۆنیاڵەکان لە گەڵ کۆڵۆنیاڵکراوەکان. وڵاتانی ڕۆژئاوا کە کۆڵۆنیاڵن، پاش دەستگرتن بە سەر دونیادا، لە میانەی ململانێی نێوان خۆیاندا گۆی زەوییان دابەشکرد بە سەر دەوڵەتی تایبەتدا، کە لە ئەنجامدا سیستەمێکی جیهانی لە سنورڕێژی، دەوڵەت، ئابوری-سیاسی هاتە ئاراوە. ئامانجی ئەم پرۆسەیە ئەوەنەبوو کە خەڵکی ئەو ناوچانە ببنە خاوەن سەروەری یان حکومداری، بەڵکو بەشێک بوو لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزی بەڕێوەبردنی دونیا، کە هەمیشە لە دوو ئاستدایە.

ئاستێک لۆکاڵ و ئاستێکی تر گلۆباڵ. ئاستی باڵا کە ئاستی گلۆباڵە وەها ئاستی لۆکاڵی داڕشتوە کە بتوانێت ئیدارەی بدات و بە سودی ئەو هەڵبسوڕێت. لێرەوە سیستەمێکی جیهانی لە سەروەری و دەوڵەتداری هاتوەتە ئاراوە، کە دەستکاریکردنی پێویستی بە ڕوداوی جیهانییە.


لەم پاشخانە تیورییەوە بێینە سەر پرسی خاک لای کورد. لە میانەی پرۆسەی دابەشکرن و ئیدارەدانی دونیادا کورد خاکەکەی لێسەندراوە و هەروەها بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەی لێسەندنی خاکە سەرکەوتوبێت دەبێت کورد وەک کورد نەمێنێت و ببێتە کەسێکی تری خاوەن شوناسێکی تر. ئەمەش لە ئاستی لۆکاڵدا لە پرۆسەی دەوڵەت نەتەوەدا بەڕێوەدەچێت.

،،

 خواستی دیموکراسی بون لە ئاستی دونیادا کەمتر ڕوبەڕوی کێشە دەبێتەوە، بەڵام لە ئاستی ناوخۆدا سەختی زیاترە. بەڵام خواستی خاک یان تیرەتۆری لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا روبەوڕی ڕکەبەری دەبێتەوە.

زۆربەی زۆری وڵاتانی دونیا جۆرێک لە جۆرەکان سڕینەوە و قڕکردن و نکوڵیکردنی ئەوانیتریانکردوە لە پێناو دروستبونیاندا. کورد لەم پرۆسەیەدا پشکی شێری بەرکەوتوە. لە تورکیا و عێراق و سوریا و ئێرانش بە جۆرێکی تایبەت پرۆسەی پاکتاوی ڕەگەزی بەڕێوەچوە و بەڕێوەدەچێت. لەم ڕوانگەیە خواستی کورد بۆ بون وەک کەسێک، پاشان وەک خاوەن خاکێک هەمیشە ڕوبەڕوی ئەم ئالنکارییە گەورانە دەبێتەوە لە ئاستی لۆکاڵ و نیودەوڵەتیدا. ئەمەش وەها دەکات کە هەمیشە پرسی کورد ڕاستەوخۆ پەیوەست بێت بە ڕوداو و وەرچەرخانە جیهانییەکانەوە، وەک شەڕی سارد، باڵادەستی ئەمریکا، بەهاری عەرەبی، گەڕانەوەی ململانێی زلهێزەکان و ڕوداوی تریش.


بۆیە ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان خواستی دیموکراسی و خواستی خاوەندارێتی خاک کە خۆی لە فیدرالیزم، کۆنفیدرالیزم، جیابونەوە یان سەربەخۆییدا دەبینێتەوە، خواستی دیموکراسی بون لە ئاستی دونیادا کەمتر ڕوبەڕوی کێشە دەبێتەوە، بەڵام لە ئاستی ناوخۆدا سەختی زیاترە. بەڵام خواستی خاک یان تیرەتۆری لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا روبەوڕی ڕکەبەری دەبێتەوە. ئەمەش وەها دەکات کە کورد بخاتە بەردەم کۆمەڵێک بژاردەوە یەک لە یەک سەختتر.
لە ڕاستیدا پرسی خاک و دیموکراسی لە یەک دابراونین.

پەیوەندییان ئاڵۆزە و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە جۆری دەسەڵاتەوە. تێزی خاک هەروەها توشی سەختی دەبێت لە ئەوەی بە تێزی فرە کەلتوری ناسراوە. تێزی فرەکەلتوری لە دونیای کوردیدا وەک تێزێکی پۆزەتف و باش دەبینرێت، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ نیە جگە لە ناوێکی بریقەدار بۆ ڕەگەزپەرستی سەردەمیانە، سلاڤیو ژیژاک جوان ڕاڤەی ئەمە دەکات. تێزی فرە کەلتوری بۆ هەندێ بوار دەگونجێت وەک بۆن، چێژ، لەزەت، کەلتور، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بۆ خاک و سامان و حوکمداری ناگونجێت.

 

author photo

توێژەر و نوسەر

دكتۆرا لە زانستەسیاسیەكان