تیرۆری رۆژنامەڤان و رایگشتی

تیرۆری رۆژنامەڤان و رایگشتی

880 خوێندراوەتەوە

تیرۆركردن یاخود كوشتنی رۆژنامەڤان لەهەر وڵاتێكی جیهان دەنگدانەوەی زۆری بەدوادێت، تەنیا هاوپیشەكانیان نا، بەڵكو خەڵك و دەسەڵاتیش لێی بێدەنگ نابن، لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعش لە سوریا و عێراق، كاتێك ئەمریكا دەیوست كۆدەنگی نێودەوڵەتی بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی دژی داعش دروستبكات، گرنگی زۆریدا بە سەربڕینی جێمس فول و ستێڤن ستۆلۆڤ كە هەردوكیان رۆژنامەڤانی ئەمریكایی بوون ، جگەلەوەش میدیای جیهانیی گرنگی زۆریان پێدا.

لە باشووری كوردستان لەوەتەی حكومەتی كوردیی دروستبووە، چەندین رۆژنامەڤان و نوسەر تیرۆركراون، لە تیرۆركردنی هەندێكیان بۆ ماوەیەك ناڕەزایی دەربڕاون و خۆپیشاندان روویانداوە، بەڵام هێشتا رایگشتی دروستنەبووە بۆ فراوانكردنی پانتایی ئازادیی رادەربڕین.

بڕواناكەم هیچ رۆژنامەڤانێك بتوانێت نكۆڵی لەوەبكات، ئازادی رادەربڕین لە باشووری كوردستان سنوردارە، بەتایبەت ئەگەر لە زۆنێك رەخنە و بۆچوونەكان لەسەر كەسی یەكەمی هەمان زۆنبن.

لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و تۆڕەكانی پەیوەندی، رێگری لە ئازادیی رادەربڕین شێوازی نوێی وەرگرتووە.

جگە لە رێگە كلاسیكییەكەی وەك تیرۆر و زیندانیكردن و هەڕەشە، رئگەی نوێی ’’سەربازەكانی سۆشیالمیدیا’’ دروستبووە. لایەنی سیاسی و هەندێ لە كەسێتییەكان، سایت و پەیجی زۆروزەوەندیان دروستكردوە، هەركەسێكیان مەبەستبوو دەیخەنە سێرەوە و پێكەوە لەكاتی دیاریكراودا هێرشی دەكەنە سەر ، بەوەش گوشار لەسەر ئەو كەسانە دروستدەكەن كە مەبەستیانە.

ئەو شێوازە نوێیە كە تیرۆری رۆحی و كەسێتییە، هەندێجار لە تیرۆری جەستەیی كاریگەرترە یان ئازاربەخشە. ئەگەرچی هەرێمی كوردستان خاوەنی یاسای كاری رۆژنامەگەرییە بەڵام بۆئەوەی گوشار بخەنە سەر رۆژنامەڤان، هەندێجار كار بەو یاسایە ناكرێت، بە ئاسانیی تۆمەتەكە یاساگۆڕكێی بۆدەكرێت.

،،

تیرۆری رۆژنامەڤان تیرۆری تەنیا رۆحێك نییە، بەڵكو تیرۆری دەیان رۆژنامەڤان و هەزاران لەو كەسانەیە كە دەیانەوێت پەیامەكانیان لەرێگەی رۆژنامەڤانەوە بگات.

ئەمە مانای ئەوە نییە، رۆژنامەڤان بەدەرە لە هەڵە و كەموكورتی و كەسێكە كە كاری نایاسایی ناكات، خۆ هەر یاساكە بۆئەوەیە كە رۆژنامەڤان دەكەوێتە ئەو هەڵانەی كە یاساكە دیاریكردووە. ئێستا لە جیهانی لەپاڵ پێوەرەكانی مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی ئافرەتان و منداڵ، ئازادیی رادەربڕین وەك پێوەرێكی دیموكراسی هەر حكومەتێك هەژماردەكرێت.