ئەو ڕۆژنامەنوسەی لە ئامێزی دایكیدا تیرۆركرا

هه‌تا تیرۆرنه‌كرا، كەس نه‌یزانی ماڵه‌كەی بەته‌نها بریتییه‌ له‌ ده‌رگایه‌ك و قوفڵێكی ژه‌نگاوی و چوار دیوارى قوڕاوى..

ئەو ڕۆژنامەنوسەی لە ئامێزی دایكیدا تیرۆركرا

587 خوێندراوەتەوە

 ئه‌و فیشه‌كانه‌ی ئاراسته‌ی سنگ و سه‌ری كاوه‌ كران، هه‌ندێكیان به‌ر له‌چكه‌ ره‌شه‌كه‌ی سه‌ری دایكی كه‌وتن، تا ئه‌و راده‌ی دایكی گوتی: خۆزگه‌ هه‌موویان به‌رمن ده‌كه‌وتن و من ده‌كوژرام.

پێده‌چێت داهاتووی ئه‌و قه‌ڵه‌مانه‌ی كه‌ حه‌قبێژن و سڵ ناكه‌نه‌وه‌ له‌ وتنی راستی، هه‌ر ئه‌وه‌بێت كه‌ له‌به‌رده‌م ماڵی خۆیان یاخود له‌ ئامێزی دایكیان شه‌هید بكرێن. 

،،

 رۆژنامه‌نووس پێش ئه‌وه‌ى ناوێكى ساده‌ بێت، وه‌سفێكه‌ بۆ كه‌سێكى ئازاو به‌ویژدان، ئه‌شێ ناویشى كاوه‌ بێت و خه‌ڵكى گه‌رمیانیش بێت.

 

رۆژنامه‌نووسەكە

ده‌كرێت راسته‌وخۆ بڵێین رۆژنامه‌نووس ئه‌بێت كه‌سێك بێت ناوی كاوه‌ گه‌رمیانی بـێت، هه‌رچه‌نده‌ له‌ هه‌ناوی ده‌یان ئازارو مه‌ینه‌تی گه‌رمیانه‌وه‌ به‌هه‌تیوى له‌ ئامێزی دایكێكی بێ هاوسه‌ردا گه‌وره‌ بووبێت، به‌ڵام سه‌ره‌رای ئه‌مانه‌ش ده‌ست بداته‌ قه‌ڵه‌كه‌ی و بیه‌وێ، گه‌نده‌ڵییه‌كان ئاشكرا بكات و به‌ به‌ر‌پرسه‌كان بڵێت: پاداشتی كه‌س و كاری ئه‌نفال و شه‌هیده‌كان كوا؟

 

رۆژنامه‌نووس، ئه‌و كه‌سه‌یه‌ ژورێكی سێ به‌چواری قوڕاوی، بكاته‌ به‌ تۆپخانه‌یه‌كی زه‌به‌لاح هه‌ر شه‌وه‌و‌ خه‌وی به‌رپرسێك بتۆرێنێت و زه‌نده‌قی ببات، وه‌كو هاوسه‌ره‌كه‌ی كاوه‌ ده‌ڵێت: كاوه‌ خه‌وی له‌ چاوی به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان تۆراندبوو بۆیه‌ رقیان لێی بوو و شه‌هیدیان كرد.

 

كاوه‌ هێنده‌ سه‌رى به‌رز بوو هه‌تاكو تیرۆر نه‌كرا، نه‌مانزانی به‌جدی ماڵه‌كه‌ی كه‌ حكومه‌ت و ئیداره‌ی ناوچه‌كه‌ی به‌گیر هێنابوو و ژنێكی حامیله‌ش هه‌ر له‌م ماڵه‌دا ده‌ژى، ته‌نها بریتییه‌ له‌ ده‌رگایه‌ك و قوفڵێكی ژه‌نگاوی و چوار دیوارو ته‌قسیمێكی كاره‌باو تی ڤییه‌ك و هه‌ندێ وه‌ره‌قه‌ی زه‌رد و دوو سێ قه‌ڵه‌م.

 

،،

جیاوازى نێوان تیرۆرستى ترسنۆك و رۆژنامه‌نووسى ئازا، ته‌نها جه‌بانى و بێ غیره‌تییه‌ كه‌ له‌یه‌كه‌میاندا هه‌یه‌.!

 

تیرۆرستەكە‌

تیرۆرست ئه‌و كه‌سه‌یه‌، كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی رۆژنامه‌نووسه‌وه‌، ترسنۆكترین كه‌سی دونیایه‌، كۆشك و ته‌لاره‌كه‌ى لێ ده‌بێت به‌ كونه‌مشك چونكه‌ ناتوانێ له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ردا رووبه‌روو بجه‌نگێ و دیالیكتیكی له‌گه‌ڵ بكات، زمانی لاڵه‌ و مێشكی خاڵییه‌ و رووی مه‌جلیسی نییه‌ بۆیه‌ دره‌نگانێكی شه‌و له‌ ده‌رگای نه‌یاره‌كه‌ی ده‌دات و له‌بری سڵاو چه‌ند گوله‌یه‌كی ئاراست ده‌كات.

 

تیرۆرست هێنده‌ ترسنۆكه‌ ناهێڵێت ته‌نانه‌ت به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ده‌ست بكاته‌وه‌ به‌رگری له‌خۆی بكات، بۆیه‌ له‌ترسا تاكو چاوی به‌ناوچاوی نه‌یاره‌كه‌ی نه‌كه‌وێت له‌چه‌ند چركه‌یه‌كدا له‌ناوی ده‌بات.

 

به‌ڵام ساده‌یی تیرۆرست له‌وه‌دایه‌ كه‌ نازانێت دوای كوشتنی نه‌یاره‌كه‌ی، چه‌ندان كه‌سی دیكه‌ ده‌كات به‌ دوژمن و نه‌یاری خۆی، هه‌زاران كاوه‌ گه‌رمیانی دیكه‌ له‌دایك ده‌بن، و ئامادێك دێته‌ پێشه‌وه‌ تا قامی قیامه‌ت به‌دوای بكوژه‌كانی باوكیدا ده‌گه‌ڕێت و ئه‌ویش خه‌و له‌چاویان ده‌تۆرێنێت..

  

،،

چەن سه‌یره‌، ده‌بێت چاره‌نووسى زۆرێك رۆژنامه‌نووسان كوشتنیان بێت به‌ناهه‌ق، له‌به‌رده‌م ماڵى خۆیان یاخود له‌ ئامێزى دایكیان.

 

دایكەكە

رووداوه‌كه‌ی شه‌وی 5ی 12ی 2013ی ئاگری له‌جه‌سته‌ی هه‌موان به‌ردا، به‌ڵام چه‌ند تایبه‌ندییه‌كی رووداوه‌كه‌ وایانكرد كه‌ رووداوه‌كه‌ زۆر به‌خێرایی بڵاو ببێته‌وه‌و سنووره‌ جیهانییه‌كانیش ببرێت،

 ئه‌وانیش:

یه‌كه‌م: ته‌قه‌ له‌ده‌رگا ده‌درێت و ژنێكی گه‌رمیانی میوان دۆست ده‌رگا ده‌كاته‌وه‌ تاكو به‌خێرهاتنی میوانه‌كان بكات یاخود ئه‌گه‌ر دیارییه‌كیان پێ بێت بۆ كوره‌كه‌ی لێیان وه‌ر بگرێت، به‌ڵام به‌ نامه‌ردانه‌ترین شێوه‌، به‌رده‌رگای كۆشكه‌ بێ نازه‌كه‌ی كاوه‌ و دایكی ئاگر باران ده‌كه‌ن و جه‌رگی بنه‌ماڵه‌یه‌ك ده‌سوتێنن، و هه‌رێمێك ده‌خه‌نه‌ گریان.

 

دووه‌م: ژنێكیش له‌ژووره‌وه‌ به‌ده‌م گۆرانی وتن بۆ كۆرپه‌كه‌ی ناو سكییه‌وه‌ رۆژه‌كان ده‌ژمێرێت تاكو دوو هه‌فته‌یه‌كی دیكه‌ نه‌وه‌یه‌كی ساڵح بۆ كاوه‌ و گه‌رمیانیش بخاته‌وه‌.. كه‌ ئه‌گه‌ر ئازایه‌تی شیرین نه‌بوایه‌ پێده‌چوو ئه‌و منداڵه له‌بار بچوایه‌ كه‌ هه‌موان چاوه‌ڕێمان ده‌كرد.

 

سێیه‌م: گه‌رمیان هه‌موو كوچه‌و كۆڵانێكی پڕه‌ له‌ یادگاری خه‌مناك و تراژیدی، ته‌نانه‌ت كۆڵانه‌كه‌ی ماڵی كاوه‌ و دایكی ئاماژه‌یه‌كی روونه‌ بۆ نمایشكردنی ده‌یان مه‌ینه‌تی كه‌لارو گه‌رمیان، كه‌چی تیرۆرست دێت هه‌ر له‌م شوێنه‌دا به‌زمانی كوردی له‌بری ئه‌وه‌ی دڵنه‌وایی دایكی و كاوه‌ بداته‌وه‌،جارێكی دیكه‌ ئاگر له‌ جه‌سته‌ی رۆژنامه‌نووسان و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ به‌رده‌داته‌وه‌.

 

چواره‌م: كوڕێكى گه‌رمیانى به‌غیره‌ت كه‌ چه‌ندین جارى دیكه‌ش هه‌ره‌شه‌ى لێكرابوو، به‌ڵام ئه‌و به‌ته‌نها رێگه‌ى دادگاى ده‌گرته‌ به‌ر، ئه‌مه‌ش وایكردبوو كه‌ هه‌موان خۆشیان بوێت و ناوبانگى هه‌بێت، هه‌ربۆیه‌ تیرۆكردنه‌كه‌ى هه‌موانى خه‌مبار كرد و ده‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بێت.

 

،،

 ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه‌ وایانكرد، ناوى كاوه‌ و ئامادى كورى هه‌تاكو ئه‌مرۆش له‌گوێى ئێمه‌ و نه‌یاره‌كانیشى بزرنگێته‌وه‌،  به‌ڵام ئێمه‌ ئاسوده‌ ده‌كات و ئه‌وانیش بێزارو وه‌ڕس.!

 

كاوه‌ گه‌رمیانی ته‌مه‌ن 35 ساڵ، رۆژنامه‌نووسێكی ناسراوی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان بوو و ئه‌ندامی كارای سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان ‌و ئه‌ندامی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی نێوده‌وڵه‌تی بووه‌، په‌یامنێری ڕۆژنامه‌ی (ئاوێنه‌) و ڕادیۆی (ئازادی) بووه‌ له‌ گه‌رمیان، هاوكات سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (ڕایه‌ڵ)بوو كه‌ گۆڤارێكی مانگانه‌یه‌ و له‌ گه‌رمیان ده‌رده‌چێت، خاوه‌نی كتێبێكیشه‌ به‌ناوی (گه‌رمیان له‌نێو به‌ڵگه‌نامه‌ ڕه‌شه‌كاندا).

 

شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ (5-12-2013) له‌نێو ماڵی باوكی ‌و له‌ئامێزی دایكیدا له‌گه‌ڕه‌كی سه‌ركه‌وتنی شاری كه‌لار تیرۆركرا. 

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان