قەیرانی ئایندە چی دەبێت ؟

قەیرانی ئایندە چی دەبێت ؟

919 خوێندراوەتەوە

بەڕیوبەری ئاسایشی ناحیەیەک دەچێتە پێشەوەی روبەروبونەوەی تیرۆریستان و شەهید دەکرێت ئەوا ئەفسەر و هێزە ئەمنیەکان بە بڕوایەکی زیاترەوە دەجەنگن، سەرئەنجام دەبنە مایەی ئارامی و دڵنیایی بۆ دانیشتوان.

لەسێبەری ئەو دڵنیاییەدا کە بە خوێنی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان هاتۆتەدی ناکرێت بەدەستی خۆمان مەترسیەکی هاوشێوە لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی خۆمان دروستبکەین.

لەگەرمەی قەیرانی دارایی و شەڕی تیرۆردابو، حکومەت گلەیی لە فەرمانبەرانی مانگرتوو دەکرد کەچۆن پێشمەرگە بەسکی برسی و بەخوێنی خۆی هەرێمی کوردستان دەپارێزێت بەڵام لەهەمان کاتدا فەرمانبەران ماندەگرن و دەرگای قوتابخانە و نەخۆشخانەکان دادەخەن و پڕۆسەی خوێندن و چارەسەری نەخۆش پەکدەخەن؟ ئەگەر ئەو بۆچونەی حکومەت بۆ ئەوکات تاڕادەیەک راست بووبێت ئەوا ئێستا هیچ پاساوێک نەماوە بۆ راگرتن و سنوردارکردنی خزمەتگوزاریەکان و هەر پەکخستنێک بەتەواوی دژی بەرژەوەندیەکانی خەڵکە.

بۆ دامەزراوەی تەندروستی پەکخستنی خزمەتگوزاریەکان لەژێر هەر بیانویەکدابێت، کارەسات و قوربانی هاوشێوەی هێرشی تیرۆریستانی لێدەکەوێتەوە، نەبونی گیانی پێشمەرگانە لە بەڕێوبەرایەتی کەرتی تەندروستی حکومیدا کارەساتێکی ترە و ژیانی هاونیشتمانیان دەخاتە مەترسیەوە.

پێشکەشکردنی چارەسەری تەندروستی باش یان هیچ نەبێت پاراستنی مافی نەخۆش کە بازرگانی پێوەنەکرێت لە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتدایە بەڵام کە ئیدارەیەکی زانستی بەویژدانەوە پەیڕەونەکرێت ئەوا دەبێتە فشارێکی دارایی سەخت لەسەر بودجەی گشتی و دووریش نیە حکومەت بیری لەوەکردبێتەوە خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان بەتەواوی بەکەرتی تایبەت بسپێرێت.

بەرپرسیاریەتی هەڵگیرسانی قەیرانێکی نوێ لە نێوان خەڵک و حکومەتی هەرێمدا لەئەستۆی هەموو ئەو کەسانەدایە کە لە دیدگای بەرژەوەندی تایبەتەوە کەرتی تەندروستی حکومی بەڕێوەدەبەن، هەرئەمەش وایکردووە تادێت هاوڵاتیان لە خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان بێ هیواتر و تادێت خەرجیە تەندروستیەکان لەسەر حکومەت زیاتر ببێت.

جەنابی مام جەلال کە هەمیشە داکۆکی لە خانوەقوڕەکان دەکرد بەهەمان شێوە پشتگیری لە دروستکردنی سەدان بنکە و مەڵبەندی تەندروستی کردوە و لەرووی بینا و پێداویستیە هەمیشەییەکانەوە لە ناوچە گوندنشینەکان و شار و شارۆچکەکاندا ژێرخانی تەندروستیەکی باش بنیادنراوە، تەنانەت لە ساڵانی سەرۆکایەتی عیراقدا بەشێکی زۆر لە بودجەی نوسینگەکەی تەرخاندەکردەوە بۆ کەرتی تەندروستی حکومی تاوەکو خزمەتگوزاریەکان ئێوارانیش بێ بەرامبەر پێشکەش بە هاوڵاتیان بکرێت بەڵام ئێستاکە هاوکێشەکان پێچەوانە بونەتەوە و زۆرینەی بنکە و مەڵبەندەکان و تەنانەت نەخۆشخانە گەورەکانیش بەرەو بچوکبوونەوە و داخستن دەچن، ڕەنگە بەڕێوبەرانی کەرتی تەندروستی پەیامێکی هەڵەیان گەیاندبێتە سەرۆکایەتی حکومەت کە بە بچوک کردنەوە و سنوردارکردنی نەخۆشخانەکان بودجەیەکی باش بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە بەڵام لەراستیدا بەشێوەی درێژمەودا قەیرانی گەورەتر دەخولقێنێت و هێندەی تر قەیرانی دارایی دەخوڵقێنێت و بودجەی گشتی هەڵدەمژێت و تێکڕای هەژاری بەشێوەیەکی ترسناک بەرزدەکاتەوە و داهاتی تاک دادەبەزێنێت و سەرئەنجام جیاوازیەکی چینایەتیەکی ترسناک لە کوردستاندا دروستدەکات کە لە ئێستاوە نیشانەکانی بەدیارکەوتون.

لەراستیدا شکەستی رێکنەخستنەوەی کەرتی تەندروستی گشتی و شکەستی پڕۆگرامەکانی خۆپارێزی و جێبەجێ نەکردنی دەیان پڕۆگرامی ئاسان وەک پرۆگرامی پزیشکی خێزانی کە تێچویەکی ئەوتۆی ناوێت هەموو ئەمانە بونەتە هۆی بەهەدەردانی پارەی حکومەت و گیرفانی هاوڵاتی و دیارە بۆ کوێش دەچێت!

زۆربەی جار لە کەرتی تایبەتدا بە بودجەیەکی کەمتر لەوەی حکومەت، خزمەتگوزاریەکی باشتر پێشکەش دەکرێت ئەمەش گەواهی بێ توانایی و خەمساردی بەڕێوبەرایەتی کەرتی تەندروستی نیشاندەدات کە دەرگای هەلپەرستی دەکاتەوە.

تادێت چاوەکان لەسەر داهاتی تەندروستی چڕدەبێتەوە، ئەگەر بەروونی سنوری نێوان کەرتی تایبەت و حکومەت جیانەکرێتە ئەوا بازرگانی تەندروستی گورزی کوشندە لە حکومەت و هاوڵاتیانی هەرێم دەدات، ئێستا کە حکومەتی هەرێم سەرقاڵی چەندین هەنگاوی چاکسازییە ئەرکی هەموانە دەنگی سەرنج و تێبینیەکانیان لەرێگەی کەناڵە جیاجیاکانەوە بگەیەننە سەرۆکایەتی حکومەت و لایەنە سیاسیەکان تاوەکو فەلسەفەی بەڕێوەبردنی ئەم کەرتە ژیاریە بخرێتە دەستی کەسانی پێشمەرگەئاسای خۆنەویست و ئەرکی هەمو پزیشک و پەرستار و کارمەندە جیاجیاکانی تەندروستیە لێ نەگەڕێن کارکردنیان لە ناوەندە حکومیەکاندا ببێتە گوێڕایەڵی بۆ سەردەمی دەرەبەگایەتی، پێویستە هەوڵ و ماندوبونیان جگە لەبەرژەوەندی گشتی و نەخۆش نەڕژێتە کیسەی بەرژەوەندی هیچ کەسێکی ترەوە.

وێڕای سەدان گلەیی بەڵام لەم سنورەدا و بەپشتگیری جەنابی مام جەلال و حزبەکەی خزمەتگوزاری تەندروستی بێ بەرامبەر پێشکەش کراوە، ئێستا وردە وردە ئەم سیاسەتە لەم ناوچەیەش کاڵ دەبێتەوە بۆیە دەبێت ئەو کەسانەی لە ناوەندە تەندروستیە حکومیەکاندا کاردەکەن و بەرژەوەندی لابەلایان نیە کار بۆ پێچەوانەی ئەم هاوکێشەیە بکەن و لە هێڵێکی گەرمی پەیوەندی راستەوخۆدابن لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت و لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان لەپێناو برەودان بە سیستمێکی شەفاف و ئینساندۆستی تەندروستی حکومی کە رەچاوی گیرفانی حکومەت بکات و لێنەگەڕێت ژیانی هەزاران مرۆڤی کورد بکرێتە کاڵای بازرگانی.

هەروەها دەبێت ئێمە و کەسانی تایبەتمەند رۆژانی ئاییندەمان تەرخانبکەین بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی تەندروستی بۆ دەستنیشانکردنی هەڵە و کەموکورتیەکان و پێشنیار کە بەسوودی گشتی بگەڕێتەوە ئەگەرنا قەیرانێکی دیکەی ناوخۆیی بەرپابوە و چاوەڕوانمان دەکات.