مەزڵوم كۆبانێ دەبێتە ئۆجەلانی سوریا؟

مەزڵوم كۆبانێ دەبێتە ئۆجەلانی سوریا؟

1273 خوێندراوەتەوە

مەزڵوم كۆبانێ دوای ئۆپراسیۆنی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان لە 9ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا، زیاتر لە سەر ئاستی سیاسی و ڕاگەیاندندا دەركەوت،دەركەوتنەكەی زیاتر پەیوەندی بەو گرنگیپێدانە نێودەوڵەتی و هەرێمیەوە هەیە، كە دوای هێرشەكەی توركیا بە ڕۆژئاوای كوردستانیان دەدا.


فەرهاد عەبدی شاهین فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە ساڵی (1967) لە گوندی (حەلەنج) ی سەر بە كۆبانێ لە دایك بووە، چەندین ناوی خوازراوی هەیە وەك: مەزڵوم عەبدی،مەزڵوم كۆبانێ و شاهین جیلۆ، هەروەها لای ڕێكخراوە كوردی و پارتەكانیش خاوەن پێگەیەكی بەهێزە،ئەو بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە پێگەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK لە قەندیل ڕاهێنانی سەربازی كردوە،لە چەندین شوێنی قەندیلدا لە ئەركدا بووە.


مەزڵوم كۆبانێ چەندین جار لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانی سوریا لە حەسەكە دەستگیر كراوە، بەلام دواتر ئازادكراوە، لەوەیە بە ناوبانگ بوونەكەی ئەو كاتە دەستی پێكردبێت، كە بە فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات دیاری كرابێت، بەڵام ئەمە بەس نەبوو، بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی ڕاگەیاندنی جیهانییش گرنگی بەو كەسایەتیە بدرێت و بكرێتە سەردێڕی هەواڵەكانیان.


عەبدی لە كاتی هێرشی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان،بە تەلەفۆن لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا قسەی كرد،دواتریش ترامپ پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەی بە (چێژ بەخش) ناوزەند كرد، ئەم لێدوانە بووە هۆی توڕە بوونی رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆك كۆماری توركیا، كەداوای لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كرد، كە عەبدی دەستگیر بكات و ڕادەستی ئەنكەرەشی بكاتەوە،هەروەها ئەردۆگان لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترامپ نیگەرانی خۆی لە قسە كردنی نێوان ترامپ و (تیرۆرستێكی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان) دەربڕی، كە ئەمریكا ئەو پارتەی خستۆتە لیستی تیرۆرەوە.


ئەوەی زیاتر توركیای توڕە كرد،داواكاری چەند سیناتۆرێكی ئەمریكا بوو، كە داوایان لە وڵاتەكەیان كرد، ڤیزا بە عەبدی بدات، بۆ ئەوەی بێتە كۆشكی سپی و لەگەڵیدا تاوتوێی دۆخی ناوچەكە بكەن.


سەعید ئەلحاج ڕۆژنامەنوس و چاودێری دۆخی توركیا دەڵێت:" لەم دوایانەدا هەستمان بەوە كردووە، كە ئەمریكا دەیەوێت ڕووی عەبدی و هێزەكەی جوان بكات،بەتایبەت لە پرسی كوشتنی ئەبو بەكر بەغدادی ئەمیری داعشدا ئەمە تەواو هەستی پێكرا".


دەشڵێت:" بابەتەكە پەیوەندی بە كەسایەتی عەبدیەوە نیە، بەڵكو پەیوەندی بە پڕۆژەی هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە هەیە، بەو پێیەی ئەم هێزە لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەكی ئەمریكیە ،بە هۆیەوە ئەمریكا دەیەوێت ڕێگا بۆ ئامادەكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان خۆش بكات و لە سوریا و دەرەوەش پشتی پێبەبەستێت".


ئەلحاج ئاماژە بەوەش دەكات كە" ئەمریكا بۆ خۆی پەكەكەی كردۆتە لیستی تیرۆرەوە، بۆیە هەسەدە پڕۆژەیەكی ئەمریكاییە، بۆ ئەوەی فشارەكانی توركیا لەسەر خۆی كەم بكاتەوە".


بەڵام شیروان مەلا ئیبراهیم كە ڕۆژنامەنوسێكی كوردی سوریایە دەڵێت:" لە ڕاستیدا سیستەمی خۆ بەڕێوەبەری لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشێوەی كۆمەڵ بەڕێوە دەبرێت، تەنها لە یەك كەسایەتیدا كورت ناكرێتەوە، ئەمەش پێچەوانەی بەڕێوەبردنی پارتە كوردی و تەنانەت بەڕێوەبردنیشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".


ئەو ڕۆژنامەنوسە دەشڵێت:" بوونی مەزڵوم كۆبانی یان دەركەوتنی وەك كەسی یەكەمی هەسەدە، ئەمە واتای ئەوە نیە، كەبڕیاری كۆتایی هەر لای مەزڵومە،بەڵكو بڕیارە چارەنوسسازەكان بە كۆمەڵ لەلایەن سەركردەكانەوە دەدرێن،بۆیە دوور نیە كە ماوەیەكی دیكە ببیستین كە مەزڵوم كۆبانێ لە پێگایەكی دیكە پۆستی پێدراوە، یان پلەكەی بەرز كراوەتەوە".


دەربارەی بەناوبانگ بوونی مەزڵوم كۆبانی، شیروان مەلا ئیبراهیم دەڵێت:" هۆكاری دەركەوتنی بۆ ئەو كاتە دەگەڕێتەوە، كە سەرۆكی ئەمریكا پەیوەندی پێوە كرد و باسیان لە ڕزگاركردنی شارۆچكەی باغۆز لە دەستی داعش كرد، هەروەها دواتریش وەزیری بەرگری ڕوسیا و سەرۆك ئەركانی سوپای ڕوسیا پەیوەندییان پێوە كرد، ئەمە جگە لەوەی لێدوانی بەرپرسانی توركیش هۆكارێكی دیكەی ناوبانگی مەزڵوم كۆبانێیە".


شیروان ئاماژە بەوەش دەكات كە، كەسایەتی مەزڵوم كۆبانێ كە بە ژەنراڵیش بانگ دەكرێت،بەشێوەیەكە كە جەماوەر و دەزگاكانی سەر بەخۆی خۆشیان دەوێت، ئەوان وەك سەركردەیەكی خەباتگێڕ سەیری دەكەن، كە لە پێناو باوەڕە ئایدۆلۆژیایەكەی وازی لە ژیانی خێزانی و كۆمەڵایەتی هێناوە، هەروەها عەبدی وەك فەرماندەكانی دیكە كە لەقەندیل لەگەڵیاندا ژیاوە، تەنها كەسایەتیەكی سەربازی نیە، بەڵكو ئەو كەسایەتیەكی سیاسیشە، چونكە لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردووەوە لە هەموو چالاكیە سیاسیەكاندا هاوەڵی عەبدوڵڵا ئۆجالانی كردووە.


ئەو ڕۆژنامەنوسە دەربارەی داهاتووی مەزڵوم كۆبانێ دەڵێت:"ئەگەرێكی زۆر هەیە، كە ببێتە كارێزمایەكی كورد، وەك جەلال تاڵەبانی یان مەسعود بارزانی لە لە عیراق، یان عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە توركیا، ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێت".


لە كۆتایدا شیروان مەلا ئیبراهیم دەڵێت:"ناكرێت تەنها ڕۆڵی مەزڵوم كۆبانێ لەوەدا كورت بكەینەوە، كە لە سەرەتای دامەزراندنی یەكینەكانی پاراستنی گەل لە ساڵی 2011دا ڕۆڵی بینیوە، بەڵكو ئەوەی ئێمە وەك ڕۆژنامەنوس بەدواداچونمان بۆی كردووە، بیستومانە كەسێك كە بە (شاهین جیلۆ) ناودەهێنرا، ڕۆڵێكی سەرەكی لە پێكهێنانی باڵی سەربازیدا بینیوە، بەڵام ئەو كەسە دەرنەدەكەوت و نە وێنە و لێدوانیشی هەبوو،زۆر هەوڵمدا چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئەنجام بدەم،بەڵام ئەمە نەكرا و زۆر قورس بوو، تەنانەت جارێكیان گوێم لێ بوو، دەیانەوت ئەو كەسە لە هیچ شوێنێك زیاتر لە كاتژمێرێك نامێنێتەوە، ئەمەش وەك خۆپارێزیەك لە كوشتن و تیرۆر كردن ئەنجامی دەدات".


لە كاتێكدا كە چالاكوانانی سوریا و توركیا، وێنەیەكی كۆنی مەزڵوم كۆبانێیان لە تۆڕە كۆمەلایەتیەكانەوە بڵاو دەكردەوە، كە پۆشاكێكی كوردی سەربازی لەبەردایە، ئەوان دەڵێن ئەو وێنەیە هی ئەو كاتەیە كە لە قەندیل ڕاهێنانی سەربازی پێكراوە، بەڵام سەركردە كوردەكان سورن لەسەر ئەوەی كە شارەزایی و لێهاتووییەكەی تەنها لە ڕۆژهەلاتی فوڕات وەریگرتووە و باس لە هیچ پەیوەندییەكی بە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە ناكەن.


چاودێران ئاماژە بەوە دەكەن، كە مەزڵوم كۆبانێ ڕۆڵێكی گرنگی لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی توركیادا بینیوە، هەروەها پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ هێزە كوردیەكان و ڕژێمی سوریا و هێزە بیانیەكانیشدا هەیە.


هەروەها بەهۆی مانەوەی زۆرییشی لەوێ، ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانی كراوی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە هەیە،ئەم پەیوەندیە وەزارەتی ناوخۆی توركیاش دووپاتی كرۆدتەوە،وەزارەتەكە لەسەر زاری عەبدولڵا ئۆجەلانەوە باس لەو پەیوەندیە دەكات، كە ئۆجەلان لە یەكێك لە دانیشتنەكانی دادگایی كردنیدا وتبووی:" دوو كەسایەتی لە ساڵی (1998)دا ڕۆڵی بەرچاویان لە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ توركیادا بینیوە،ئەوانیش فەرهاد عەبدی و كانی یەڵماز ن".


مەزڵوم كۆبانێ لە چەندین بۆنەدا ئاماژەی بەوە كردووە، كە ئەو سەرپەرشتی زیاتر لە (60)هەزار شەڕڤان دەكات، ئەوەش ئاشكرا دەكات، كە هێزەكانی سوریا لەسەرجەم پێكهاتەكان پێكهاتووە، هەروەها چەندین جاریش ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، كە لەسەر یەك مێز لەگەڵ ڕژێمی سوریادا دابنیشێت، هەروەها لە كاتی ئۆپراسیۆنی (كانی ئاشتی)ش دووبارە ئەم ویستەی دووپات كردەوە.


بارودۆخی كوردانی سوریا چەندین كەسایەتی دەرخست، وەك مەزڵوم كۆبانێ، ئاڵدار خەلیل ئیلهام ئەحمەد و مستەفا بالی، بەڵام عەبدی زیاتر لە هەموویان بەناوبانگ بوو، بەتایبەت دوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكادا، هەروەها توركیا بە مەترسیدارترین كەسایەتی ڕۆژهەڵاتی فوراتی دەزانێت، بەشێوەیەك داوای لە ئەمریكا كردووە، كە عەبدی ڕادەست بكات، هەروەها توركیا عەبدی خستۆتە لیستی سوری داواكراوەكانی ئەنكەرەوە.


مەزڵوم كۆبانێ خاوەنی هەژماری باوەڕ پێكراوی(هێما شینەكە) خۆیەتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، یەكەمین تویتیشی لە 23ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا بڵاو كردەوە.