دووگ و گەندەڵیی سیستەماتیک

دووگ و گەندەڵیی سیستەماتیک

455 خوێندراوەتەوە


دوو ڕۆژى ڕابردوو، ڕۆژی جیهانی گەندەڵی بوو.

گەندەڵی وەک دیاردە و پرسێک هیچ بەشێکی ئەم جیهانە نییە کە بێبەش بێت لێی، چونکە بە پێی یەکێک لە پێناسەکانی گەندەڵی؛ هەر کردەیەک و دەستکەوتێک ( ماددی بێت یان مەعنەوەی) ئەگەر لە دەرەوەی رێکاری یاسایی‌و دامەزراوەیی بەدەست بهێنرێت ئەوا دەچێتە چوارچێوەی گەندەڵییەوە.

عێراق و هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێکی ئەم جیهانە بەشیان هەیە لە گەندەڵیدا، بەڵام چۆن بەشێک!

بە پێی دواین ئاماری جیهانیی، عێراق پلەی ١٦٨ هەمینی گرتووە لە کۆی ١٧٨ وڵات، واتا تەنها ١٠ وڵاتی لە پێشە تا ببێتە گەندەڵترین ولاتی جیهان، ئەمە لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٣ لە پلەی ١١٣ هەمینی وڵاتەکاندا بووە!

دۆخی گەندەڵیی‌و گەندەڵی سیستەماتیک لە عێراق‌و هەرێم بە تایبەت وەک بەرپرسیارێتی ئەکادیمی و پاشان نیشتیمانی، چەندین ساڵ و لە چەندین شوێن و جێگا ئاماژەمان بەوە کردووە کە ئەم گەندەڵییەی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە ئەگەر بە ئاڕاستەی چارەسەرکردن دەستی بۆ نەبرێت، ئەوا بە دڵنیایەوە لە دوور مەودادا زیانی گەورەتر دەدات و پێگە و ناو و ناوبانگی وڵات لەکەدار دەکات، توانای مرۆیی بە هەدەر دەبات و دادپەروەری تا ئاستێکی خراپ دەهێنێتەوە خوارەوەو پاشان متمانەی نێوان حکومەت و میللەت ناهێڵێت و خۆشەویستی بۆ نیشتیمانیش کەم دەکات و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە.


بەڵام بە داخەوە، سەڕەرای ڕاپۆرتی زانستی ورد لە لایەن چەندین دەزگای نێودەوڵەتی و پاشان قسەی خێرو ڕاویژی نوسراو و ووتراو، وا دەبینین گەندەڵی بەردەوام زیادی کردووە، کەمی نەکردووە. کارو ڕێژەی گەندەڵی لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەڵکشاندایەو تەنانەت لە گۆڕانکاریش دایە لە شێوە و فۆرمی نوێدا.


سەرەتا لە شێوازە سادەکانی گەندەڵیەوە دەستی پێکرد و ئەمرۆش وەک دەبینین گەیشتۆتە کۆتا قۆناغ کە لە زانستی ئابووریدا پێی دەوترێت، گەندەڵی بە سیستەمکراو (Systematic Corruption)، کە ترسناکترین و پر زیانترین جۆرە.

‎ئەگەر چی جۆریتری گەندەڵیش باوە لەم وڵاتە، بەڵام جۆری سیستەماتیک خۆرەیەکە کە لاشەی وڵات دەڕزێنێت و بە جۆرێک لاوازیدەکات کە بەرگەی بچوکرتین قەیران ناگرێت و تا زیاتر بەردەوامیش بێت، زیاتر ئیرادە و ویستی چاکسازی و گۆڕانکاری و پێشکەوتن لاواز دەکات، وە تەنانەت کایەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و پەروەردەش بێ زیان نابن لێی.

بەرتیل بۆ " دووگ"، وەک بازرگانییەکی ناوازە:

هەمووان چەندین ساڵە چیرۆک و ژمارەی گەورە و قەبە دەبیستین لەسەر گەندەڵیی، دواترینیان لەم چەند ڕۆژەی ڕابردودابوو کە، هەموومان گوێبیستی بووین ئەویش " چالاکیەکی نوێی گەندەڵی" بوو کە دەربازکردنی " دووگ" بوو بە پارە و بەرتیل لە ڕێگای سنوورەکانەوە بۆ ناو هەرێمی کوردستان!

ئەم ئاستە لە گەندەڵی کە پێدانی بەرتیلە بۆ بەرهەمێکی لەو جۆرە، لەوانەیە تا ڕادەیەک شۆک هێنەر بوو بێت. لەوانەیە زۆربەی هاوڵاتیان تەنانەت هەر بیریان لەوە نەکردبێتەوە کە ئەم هەرێمە ڕۆژانە دووگی پێویستەو بەرهەمی ناوخۆی دووگ بەشی پێویستی هاوڵاتیان ناکات!، وە لەوانەشە کەس بەخەیاڵیا نەهاتبێت کە دووگ ئەبێته‌ خێر و مایەی چەندبێت وا بەرتیلی بۆ دەدرێت!


ئەی باشە کێ لە پشت ئەم بازرگانییە ناوازەیە؟
بۆ ناتوانرێت بەر بە گەندەڵی لەم بازرگانییەدا بگیرێت؟
‎ سەڕەرای هەموو ئەوانەش، پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە کە:
دامو دەزگاکان بۆ دەم و دەست لێی نایەنە جواب و هەنگاوێکی لە دژ نانێن؟
بۆ وەڵامێکی ڕوون و کردارێکی دروست ناگیرێتە بەر و بەری پێناگیرێت؟

بۆ دەستخستنی وەڵامەکانی ئەو ئەو پرسیارانە، دیارترین نیشانە و سیفاتەکانی " گەندەڵی سیستەماتیک" دەخەینە ڕوو، کە ئەگەر باش لێی بڕوانین، ئەوا ئەوکات لە ڕێگای تێگەیشتن لەو جۆرە ترسناکەی گەندەڵی، وەڵامەکان بۆ هەر یەکێکمان زۆر ڕوون دەبێت و توشی شۆکیش نابین ئەگەر جگە لە دووگ، شتی تریش بەرتیلی بۆ درا و گەندەڵی بۆ کرا !

حەوت لە دیارترین نیشانەکانی گەندەڵیی بە سیستەمکراو

یەکەم: گەندەڵی سیستەماتیک تێکەڵەیەکە لە: چالاکی جۆراوجۆری گەندەڵی و ئەو بڕیارو ڕێوشوێن و شێوازانەی کە کارئاسانی دەکەن بۆ ئەو چالاکییانە.

دووهەم: گەندەڵی سیستەماتیک، لەهەناوی دام و دەزگا و حکومەتەوە دزە دەکات، وە هەمیشە بازنە گەورەکە کە حکومەت و دەزگایە لاوازدەکات و بەردەوام لە هەوڵیشدایە بۆ لاوازکردنی.

سێهەم: سیبەری ئەم سیستەمە هەمیشە هەڕەشەیە لەسەر ئەوانەی دژی گەندەڵین و ڕێگەش نادات بێنە ناو بازنەی دەزگاکان، زۆر جار کە ڕێگەشیان پێدەدەن، خودی پۆستە حکومیەکە، هاوشێوەی بەرتیلێکە بۆ بێدەنگکردن و بێ ئەرزشکردنی ناڕەزاییەکانیان! هەر ئەمەشە وایکردووە کە لەوڵاتانی پێشکەوتوو ئەوانەی بە ڕاستگۆیانە دژی گەندەڵین و لە وێستگەیەکدا کە بزانن ناتوانن کاریگەریان هەبێت ئەوا دەست لە کاردەکێشنەوە، یان دێنە دواوە! خۆشبەختانە لە هەرێمیش چەند نمونەیەکی هاوشێوەمان هەیە.

چوارەم: گەندەڵی سیستەماتیک هەمیشە لە گەڵ گەندەڵکردنی پرۆسەی سیاسیی، ئابوری ئەو وڵاتەش گەندەڵ دەکات، بە جۆرێک کە گەندەڵی دەگاتە پێویستیەکی ژیانی ڕۆژانەش! واتا تەشەنەدەکات بۆ هەموو جموجۆڵە دارایی و ئابوریەکان لەسەر ئاستە نزم و باڵاکانیش و تەنانەت ئاستی تاکیش، بە جۆڕێک ئەوانەی دژ دەوەستەنەوە لە گەندەڵیەکی بچوکی دائیرەیەک یان ڕیزێک لە هاوڵاتی کە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان چاوەرێن، ئەوانە زۆر نامۆ سەیر دەکرێن!

پێنجەم: بەدەر لە بازنە ناوخۆییەکە، گەندەڵی سیستەماتیک لینکیشی هەیە لەگەڵ بازنەی گەندەڵی سیستەماتیک لەدەرەوەی سنورەکان.

شەشەم: هەندێک جار لوتکەی دەسەڵات لەو ولاتە هەر کەس بێت، ناتوانێت کتوپر و بە ئاسانی لە دژی ئەو گەندەڵیە سیستەماتیکە بوەستێتەوە. چونکە زۆربەی جار گەندەڵی سیستەماتیک سێبەرێکی هەیە لە ناو دام و دەزگا فەرمیەکاندا، لێدانی ڕێستەوخۆ و کتوپر زیان بە خودی حکومەت و ڕێکەوتنەکان و تەنانەت دۆخی ئەمنیش دەگەیەنێت!


حەوتەم: ئەم جۆرە گەندەڵیە زۆرجار ئیرادەی بڕیاردانی ئابوریش پەک دەخات. هەندێک بڕیار هەیە کە تۆ بە ئاسان لێی دەڕوانیت!، ئەگەر چی راستە و لە حاڵەتی ئاساییشدا ئاسانە، بەڵام بۆ نادرێت؟ ئەوە پەیوەستە بەو ئیرادەوە کە زۆرجار هێزی کەڵەکەبووی گەندەڵی سیستەماتیک بەری پێدەگرێت.

‎ماوەتە بڵێین کە ‎ئەگەر چی ئەوەی کە ئاماژەمان پێکرد دڵۆپێکە لە چاو گەورەیی زیانەکانی گەندەڵی سیستەماتیک و شێوازەکانی و کاریگەریەکانی، بەڵام بۆ ڕوانین لە دۆخ و ئاستی گەندەڵی لە هەر ووڵاتێکدا، ئەو خاڵانە بەشی ئەوە دەکات کە ئیتر ئەگەر بیسترا و بینیمان بڕیاری ووڵات و ئاسایشی سنورەکان و تەندروستی هاونیشتیمان کرایە قوربانی، ئەوا سەرت سووڕنامێنێت.

‎هیوایەک لە کۆتاییدا:
‎هیوادارین کە حکومەت و خەمخۆران و بڕیار بەدەستان، ئیرادەی خۆیان بەهێز بکەن و چیتر خەمساردی نەنونێن لە ئاست گەندەڵیدا، کە بە داخەوە لە هەرێمەکەمان گەیشتۆتە خراپترین و ترسناکرترین جۆری، چونکە گەر لەوە زیاتر کات بە فیرۆ بدرێت، بە دڵنیایەوە سووڕی "گەندەڵی سیستەماتیک" فراوانتر و تۆکمەتر دەبێت، بە جۆریک کە لە بازگەکانەوە تێپەردەبێت بۆ لاشەی حکومەت و لەوێوە بۆ گەندەڵکردنی کۆی کایەکانی سیاسەت و ئابووری وولات، پاشان دەگاتە لوتکە کە لەوێدا بە جۆرێکە کە: ئیتر ئەوکات خودی سیاسەت و حکومەت و دام و دەزگاکان بەشێک لە وزەی مانەوەیان لە " گەندەڵیی سیستەماتیک و تۆڕەکەیەوە" وەردەگرن و دەزگا فەرمیەکان دەبنە واجیهە و گەندەڵی سیستەماتیک دەبێتە بڕیاردەری سیاسی و ئابووری.