خه‌ون و خوێندنه‌وه‌كانی كورد

خه‌ون و خوێندنه‌وه‌كانی كورد

682 خوێندراوەتەوە


ئه‌وه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ هه‌ندێ كه‌س له‌لایه‌ن هه‌ندێ ده‌زگای هه‌واڵگرییه‌وه‌ ته‌ڵقین ده‌كرێن به‌وه‌ی گوایه‌ ئه‌مه‌ریكا هێز ده‌هێنێته‌ ناو عێراقه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ فرسه‌تی خۆپیشاندان سوود وه‌ربگرێت بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ململانێی له‌گه‌ڵ ئێراندا، ئه‌و ده‌زگا هه‌واڵگریانه‌ش له‌لایه‌ن ده‌زگا خۆرئاواییه‌كانه‌وه‌ ئه‌و ته‌ڵقینه‌ ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو كارت به‌كاریان بهێنن بۆ مه‌به‌ستی خۆیان، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌دوای 2003 وه‌ به‌رده‌وام بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆرئاواییه‌كان به‌كاریان هێناون و ئه‌مانه‌ش سفر یه‌ك به‌ده‌سته‌وه‌ لێی ده‌رچوون و ده‌ستیان كردووه‌ته‌ هاوارو فوغان كه‌ گوایه‌ ئه‌مه‌ریكا بێوه‌فایه‌ و خیانه‌تی له‌ كورد كردوه‌.

ئه‌ڵبه‌ته‌ یه‌ك دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر وه‌زیری به‌رگریی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، وه‌ڵامێكی جوانی ئه‌و به‌ناو سیاسه‌تمه‌دارانه‌ی كوردی دایه‌وه‌و رایگه‌یاند " هیچ كاتێ ئه‌مه‌ریكا به‌ڵێنی پاراستنی كورد و گه‌یاندنی به‌ مافی چاره‌نووسی نه‌داوه‌تێ تا خیانه‌تی لێكردبێت " ، بۆیه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ناڕۆم و زۆر راسته‌ نه‌ ئێستا و نه‌ له‌ شۆڕشی ئه‌یلوولیشدا ئه‌مه‌ریكا ئه‌و به‌ڵێنه‌ی به‌ كورد نه‌داوه‌، به‌ڵكو وه‌كو له‌ لیژنه‌ی " پایك "دا ئاماژه‌ی پێ دراوه‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ پێناوی شای ئێراندا یارمه‌تی كوردی داوه‌و كاتێ ئه‌و به‌ خواسته‌كانی گه‌یشتووه‌ ، ئه‌مه‌ریكاش یارمه‌تیه‌ نهێنییه‌كانی پچڕاندووه‌ ، ئیتر پرۆتۆكۆلێك له‌ ئارادا نه‌بووه‌ تا خیانه‌تی لێكرابێت !!
بابزانین ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ به‌و شێوه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێ ته‌ڵقین كراون و نوقڵانه‌ی بۆ لێده‌ن وایه‌؟ ئایا دۆخی نێوان ئه‌مه‌ریكاو ئێران به‌كوێ گه‌یشتووه‌؟

به‌ كورتی ئاماژه‌ به‌م چه‌ند خاڵه‌ ده‌ده‌ین :
1. له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كانی ناوخۆی ئێراندا، ئه‌مه‌ریكا به‌فه‌رمیی رایگه‌یاند ئه‌وان نایانه‌وێت رژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران بڕووخێنن و ده‌ست وه‌رناده‌نه‌ كاروباری ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ش كه‌ رایانگه‌یاند زۆر نمایشی بوو، سزای وه‌زیری پۆست و گه‌یاندنی ئێران له‌سه‌ر داخستنی ئینته‌رنێت و پشتیوانیی زاره‌كیی له‌ خۆپیشانده‌ران، ته‌نانه‌ت له‌كاتی لێدانی چوار كه‌شتییه‌كه‌ی ئیماره‌تی فوجه‌یره‌ و خستنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌ پێشكه‌وتووه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكاشدا هیچ وه‌ڵامێكی ئه‌و وڵاته‌یان نه‌دایه‌وه‌، بۆیه‌ ئیماراتیه‌كان ناچار بوون رێگه‌ی تاران بگرنه‌به‌رو پاشه‌كشه‌ بكه‌ن له‌وه‌ی وه‌كو كارت بۆ شه‌ڕی ئێران به‌كار بهێنرێن.


سعودییه‌كانیش له‌دوای لێدانی "ئارامكۆ" به‌و راستییه‌ گه‌یشتن كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وان و بگره‌ ئه‌وروپاش له‌گه‌ڵ ئێراندا جه‌نگ ناكات ، بۆیه‌ ئه‌و " بن سه‌لمان"ه‌ی كه‌ ده‌یووت شه‌ڕ ده‌به‌ینه‌ ناوخۆی ئێرانه‌وه‌ به‌ر له‌وه‌ی بتوانێت زیانمان پێ بگه‌یه‌نێت، دواجار بووه‌ته‌ كه‌سێكی ئاشتیخواز و پاكستان و عومانی كردووه‌ته‌ تكاكار بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئێراندا ئاشت ببێته‌وه‌ ، كه‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌می پێشوازییه‌ له‌ حاجیه‌ ئێرانیه‌كان بۆ وه‌رزی حه‌جی داهاتوو !!


2. تا كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌م ناوچه‌یه‌دا بێت، هاوپه‌یمانه‌ نه‌ریتییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ كه‌نداودا له‌ترسی ئێران زیاتر خۆیان راده‌ستی ئه‌مه‌ریكاو ئیسرائیل ده‌كه‌ن، كه‌ ئاكامی ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ ئێستا له‌هه‌ر كاتێكی تر روونتره‌ و ملیاره‌ها دۆلاری خستووه‌ته‌ خه‌زێنه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پاشه‌كشه‌ به‌ كێشه‌ی فه‌له‌ستین به‌قازانجی ئیسرائیل.


3. له‌دوا دیمانه‌ی باڵیۆز " پۆل بریمه‌ر"ی حاكمی ئه‌مه‌ریكایی پێشووی عێراقدا، كاتێ رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئه‌مه‌ریكا عێراقی خاپوور كرد له‌سه‌ر چه‌كی كۆكووژ كه‌ نه‌دۆزرایه‌وه‌ ، ئاشتیی و سه‌قامگیریی وڵاتی گۆڕیی به‌وه‌ی كردییه‌ لانه‌ی قاعیده‌و داعش ، پێكه‌وه‌ ژیانی گۆڕیی به‌ جه‌نگی تائیفیی ، ئه‌و دیموكراسییه‌ی هێنایه‌ عێراق بریتیی بوو له‌ كوژرانی یه‌ك ملیۆن و ئاواره‌ بوونی ملیۆنان كه‌س ، ئایا ئه‌مه‌ریكا شكستخواردوو نییه‌ له‌و جه‌نگه‌دا؟ ناوبراو به‌ روونیی ئه‌وه‌ی راگه‌یاند نه‌خێر شكستخواردوو نییه‌، چونكه‌ 1000 ساڵ بوو عێراق له‌ ده‌ستی پێكهاته‌یه‌كدا بوو، ئه‌مه‌ریكا ئه‌و سیستمه‌ی گۆڕیی، واته‌ ده‌سه‌ڵات سه‌ندنه‌وه‌ له‌ سوننه‌و راده‌ستكردنی به‌ شیعه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاته‌وه‌‌ به‌رنامه‌ بووه‌، بۆیه‌ به‌ ده‌سكه‌وت ناوی ده‌بات، ئه‌وه‌ش راسته‌وخۆ راده‌ستكردنی عێراق بووه‌ به‌ ئێران.


بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئاژانسی رووسیای ئه‌مڕۆ رایگه‌یاندووه‌ گوایه‌ له‌ ویلایه‌تی میشیگانی ئه‌مه‌ریكادا به‌ سه‌رپه‌رشتیی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام دراوه‌و سه‌رۆكیش پێی رازییه‌ كه‌ بڕیاردراوه‌ " عه‌بدولواحید شنان ئال ربات "ی سه‌رۆكی ئه‌ركانی پێشووی سوپای سه‌دام بكرێته‌ سه‌رۆكی حكومه‌تێكی راگوزه‌ری فریاكه‌وتن، دووره‌ له‌ ستراتیژی ئه‌مه‌ریكاوه‌ كه‌ راگرتنی هاوسه‌نگیی جه‌نگی نێوان شیعه‌و سوننه‌یه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، به‌وه‌ی سوننه‌ی زۆرینه‌ سه‌ركوت بكرێن و ده‌ستی شیعه‌ی چه‌كداریش ئاوه‌ڵا بكرێت، تا له‌ ئه‌نجامی هاوسه‌نگیی ئه‌و جه‌نگه‌‌دا ، باڵاده‌ستیی ئیسرائیل و خۆرئاوا به‌رده‌وام بێت .


4. نوێترین ئه‌نجامی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا، ئاكامه‌كه‌ی له‌ دیل به‌ دیل كردنی گیراوه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵاتدا ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ترامپ به‌ هه‌نگاوێكی ئه‌رێنیی ناوبرد و "حه‌سه‌ن رۆحانیی"یش رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا سزاكانی سه‌ر وڵات لابدات ئه‌وان ئاماده‌ی ئه‌و جۆره‌ دیالۆگه‌ن و به‌ هه‌نگاوێكی شۆڕشگێڕانه‌شی ده‌زانن ، ئه‌م قسانه‌ له‌ بۆشاییه‌وه‌ نایه‌ن و له‌ پشتیانه‌وه‌ قسه‌ی قوڵترو مانای زیاتر خۆی شاردووه‌ته‌وه‌ .


5. له‌كاتێكدا ترامپ "بزووتنه‌وه‌ی تالیبان"ی له‌ لیستیی تیرۆره‌وه‌ قبوڵ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵێنی كه‌مپینه‌كه‌ی به‌ گه‌لی ئه‌مه‌ریكا بباته‌ سه‌ر كه‌ جه‌نگخواز نییه‌و ده‌یه‌وێت هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ وڵات، هه‌موو ده‌زانین جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ئێراندا واته‌ ئاگر گرتنی هه‌موو خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ، كه‌ ئه‌وه‌ نه‌ك له‌ به‌رنامه‌ی " ترامپ " دا نییه‌ ، به‌ڵكو ئێران تا ئێستا زۆر باش یاسای گه‌مه‌ی نێوان خۆی و ئه‌مه‌ریكا ده‌رك ده‌كات و به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و وڵاته‌ی نه‌خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، بۆیه‌ لۆژیكیی نییه‌ ئه‌مه‌ریكای وڵاتی دامه‌زراوه‌كان جه‌نگی بێ به‌رنامه‌ له‌ ناو كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هه‌ڵگیرسێنێت، به‌تایبه‌تیی ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی خواستی سه‌رۆكه‌ ، كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر رایگه‌یاند هه‌ندێ كه‌س هه‌ن نایانه‌وێت وڵاته‌كه‌ی و ئێران ریك بكه‌ون ، دیاره‌ ناتانیاهۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ دابوو كه‌ ئه‌و رێگر بووه‌ له‌ دیداریی ترامپ – رۆحانیی له‌ باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.


6. خواستی خۆپیشاندانه‌كانی عێراق و لوبنان ره‌واو جه‌ماوه‌رین، هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئێران و ئه‌مه‌ریكاش ده‌یانه‌وێت ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ یا لێدانیان له‌دژی هه‌ژموونی یه‌كتر به‌كار بهێنن و ئه‌و گه‌مه‌یه‌ش ناگاته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ناوخۆی عێراقدا جه‌نگ له‌دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران هه‌ڵگیرسێنێت، به‌تایبه‌تیی هێزه‌ لایه‌نگره‌كانی ئێران له‌ عێراقدا ئه‌وه‌نده‌ بێهێز نین به‌ سانایی پاشه‌كشه‌ بكه‌ن ، جه‌ماوه‌ریش تووڕه‌یه‌و بڕوای به‌ پارت و سیاسه‌تمه‌دارانی وڵات نه‌ماوه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ریكاو سعودییه‌و ئیمارات تا راده‌یه‌ك ئه‌و تووڕه‌ییه‌ وه‌كو كارتی گوشار بۆ سه‌ر ئێران به‌كار ده‌هێنن بۆ سه‌رخستنی گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵیداو له‌وه‌شدا هه‌ریه‌كه‌یان بۆ له‌یلای خۆی ده‌گریی .


بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ عێراقدا روو ده‌دات مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت، به‌هه‌مان شێوه‌ی سیناریۆی سووریا ئێران و لایه‌نگره‌كانی له‌خۆپیشانده‌ران بده‌ن و ئه‌مه‌ریكاو خۆرئاواش هه‌مان گریان و شیوه‌نی گه‌لی سووریا بۆ گه‌لی عێراق دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌، به‌هه‌ندێ جیاوازیی و تایبه‌تمه‌ندیی دۆخی عێراقه‌وه‌، كه‌ جه‌نگه‌كه‌ ئێستا له‌ناوماڵی شیعه‌دایه‌و زۆر هه‌ستیاره‌.