چارەنووسی عێراق لە نێوان قوم و نەجەفدا

چارەنووسی عێراق لە نێوان قوم و نەجەفدا

484 خوێندراوەتەوە

لەپاش کوشتنی عەلی ئەبی تالیب لە کوفە و شاردنەوەی تەرمەکەی لە بکوژەکانی ، بەنهێنی لە نەجەفی ئێستادا شاردیانەوە .

نزیکەی ٤٥٠ ساڵ لەدوای کوشتنی عەلی و دۆزینەوەی مەزارەکەی لەلایەن عەباسیەکانەوە ، ئەبی جەعفەری توسی لەبەغداوە ڕوویکردە نەجەف و لەگەڵ خوێندکارەکانیدا یەکەم خوێندنگەی شیعیان کردەوە .هەرچەندە لەپێش توسیدا چەند زاویەیەکی ئاینی لەو مزگەوتەدا هەبوون کە هارونە ڕەشید لەکاتی دۆزینەوەی مەزارەکەی عەلیدا دروستی کردبوون ، بەڵام لەئاستی بوون بە مەدرەسە و دواتر حەوزەدا نەبوون .

حەوزە کە وەرگێڕانەکەی دەکاتە هەوڵدان بۆبەدەستهێنان (حاز) بۆ بەدەستهێنانی زانست و شەریعەت و ئیجتیهادی ئاینی کرایەوە ، بووە یەکەم پێگەی ئاینی و زانستی لە جیهانی شیعەدا ، لەهەموو وڵاتانی تری دەوربەرەوە بۆ خوێندن شیعەکان ڕوویان تێدەکرد .

لەپاش ئەوەی سەفەویەکان مەزهەبی ئێرانیان بەبریاری شا تەهماسب لە سونەوە گۆڕی بۆ شیعی ، دواتر داگیرکردنی نەجەف لەسەدەی شازدەهەمدا لەلایەن عوسمانیەکانەوە ، حەوزەی نەجەف لاوازبوو ، سەفەویەکان حەوزەی قومیان کردەوە .

حەوزەی قوم یەکەم جار لە مەدرسەی فەیزیەوە دەستی پێکرد . لەسەر ناوی فەیزی کاشانی دامەزرێنەری حەوزەی قوم و دواتر پەرەپێدانی ئاینی لەلایەن مەلا سەدری شیرازیەوە لەسەر مەزاری فاتیمەی کچی ئیمام موسای جەعفەر لە قوم جێگەی نەجەفی گرتەوە ، هەموو موجتەهیدە شیعەکانی جیهان روویان لە قوم دەکرد . لەوێوە هەردوو مەدرسەی نەجەف و قوم بوونە دوو مەرجەعی سەرەکی و باڵای شیعەکان لە جیهاندا .

لەپاش کەوتنی عوسمانیەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا مەرجەعیەتی نەجەف جارێکی تر هێز و پێگەی خۆی دروستکردەوە . مەرجەعیەتیش لە قوم بەهۆی چەپەک خستنیان لەلایەن پەهلەویەکان ڕەزاشا و دواتر محەمەدی کوڕیەوە لاوازبوون .

، ،

زۆربەی ناودارەکانی مەرجەعیەتی قومیش ڕوویانکردە نەجەف . لە نەجەفدا هەردوو مەدرەسەی ئێرانی و عێراقی بە جیاوازیەکانیانەوە تێكەڵاوی سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتی بوون .

 

جیاوازی بنەڕەتی مەدرەسەی ئێرانی - قوم و مەدرەسەی عێراقی - نەجەف لەوەدایە مەرجەعیەتی ئێرانی جیهانی و گشتگرانە لە پرسە سیاسی و ئایینیەکانی دنیای شیعە دەڕوانێت ، بەڵام مەرجەعیەتی عێراقی - نەجەفی لە پێشدا عەرەبیانە و دواتر عێراقیانە لەپرسە کۆمەڵایەتی و ئایینیەکان دەڕوانێت و لەڕووی فیکرەوە نەجەفیەکان کەمتر لە سیاسەت نزیک دەبنەوە و بەلایانەوە دەستەڵات تەوری فەتواکانی ئەوان نیە تا ئەو رۆژەی محەمەدی مەهدی ( مەهدی منتەزیر) لە غەیبەی کوبراکەیەوە دێتەوە .

بەڵام مەدرەسەی قوم لەسەرەتاوە پەیوەستن بە سیاسەتەوە و دەستەڵات لای ئەوان تەوەرێکی سەرەکی ئیجتهاد و فەتواکانیانە .

، ،

دەرکەوتنی خومەینی کە یەکێک بوو لە نەوەکانی مەدرەسەی قوم لە نەجەف ، تیۆرەی ویلایەتی فەقیهی دامەزراند .

تیئۆرەی ویلایەتی فەقیهی لەوێوە سەرچاوی گرتووە کە دەبێت مەرجەعیەت ڕێوشوێن بۆ سیستەمی سیاسی لە وڵاتدا دیاری بکات تا ئەو رۆژەی ئیمامی مەهدی لە غەیبەکەوە دێتەوە و حوکم تەسلیمی ئەو دەکەن . کاتێک شیوعیەکان لە پاش ڕوخانی پادشایەتی لە عێراق دەستەڵاتیان گرتە دەست و دواتربەعسیەکان لە ١٩٦٣ دا شوێنیان گرتنەوە ، بەجیا تەنگیان بە حەوزەی نەجەف هەڵچنی بوو .

لە کاتانەدا مەرجەعەکانی قوم دەستەڵاتی پادشایان لە ئێران ڕوخاند و خۆیان حوکمیان گرتە دەست . لە لاوازی نەجەف و بەهێزبوونەوەی قومدا ، زۆرینەی مەرجەعەکانی عێراق ڕوویان کردە ئێران - قوم ، بەجیاوازیاکانیانەوە لەگەڵ قومدا ، لەئێران وەک ئۆپۆزسیۆنی عێراقی درێژەیان بە ئیجتهادەکانیان دا . لەپاش کەوتنی کۆمارەکەی سەدام حسەین لە ٢٠٠٣ دا ، جارێکی تر مەرجەعەکانی نەجەف بوژانەوە .

نەجەف کرایەوە قیبلەی فیرقە جیاوازەکانی شیعەکان و رۆڵی سەرەکیان هەبوو لە دروستکردنی عێراقی دوای سەدامدا . لە درێژەی جیاوازیەکانی قوم و نەجەفدا ، بەردەوام مەرجەعیەتی قوم و هاوبیرەکانی لەنەجەف رۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەبووە لە بریارە سیاسیە چارەنووسسازەکانی عێراقدا .

لە ئێستادا کە نەجەف لە رێگەی سیستانیەوە کە دەیەوێت سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت و لە قوم جیابێتەوە ، ناکۆکی دیاری هەیە لەگەڵ خامەنەئیدا سەبارەت بە فەشەلی حوکمداری دەستەڵاتدارە نزیکەکان لە قوم ، وەکو ( حیزبی دەعوا ) عێراق لەنێوان هەردوو ڕای قوم و نەجەفدا و هەڵوێستیان بەرانبەر خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی خەڵکی عێراق دژ بە دەستەڵات ، قومیەکان دژ بە خۆپیشاندەرانن و لەزمانی خامەنەئیەوە بە تێکدەر و دژ بە ئێران پێناسی کردن .

بەڵام سیستانی مافی تەواوی بە خۆپیشاندەران داوە و پێ ی وایە داوای حەقی ڕەوای خۆیان دەکەن . چارەنووسی عێراق لەنێوان ناکۆکی قوم و نەجەفدا ، لەنێوان سەربەخۆبوون و نەبوونی نەجەفدا لەدەست قوم لەبەردەم مەترسی تەقینەوە و پێکدادانی ئەو دوو مەدرەسەیەدایە . لەهەمان کاتدا چارەنوسی هەر یەکێکیشان پەیوەستە بەمانەوەی ئەوی دیکەیانەوە .

بە لەناوچوونی هەرکام لە قوم یان نەجەف ، دەبێتە هۆکاری لەناوچوونی ئەوی دیکەشیان ، بۆیە مەرجەعیەتی شیعە لەمێژووی خۆیدا لەم دۆخە ئاڵۆزتری بەخۆیەوە نەدیوە .