باڵباڵێن و کێشەکانی ناو یەکێتی چۆن پەیدا بوون؟

کۆنگرەی یەکێتی ئەم کێشانەی پێچارە دەکرێ؟

باڵباڵێن و کێشەکانی ناو یەکێتی چۆن پەیدا بوون؟

967 خوێندراوەتەوە

کۆچکردو جەلال تاڵەبانی ڕۆشنبیرێکی بەتواناو سەرکردەیەکی سیاسی گەورە بوو، هەرلەسەرەتای گەنجێتیەوە لەناو پارتیدا فێری سیاسەت و حیزبایەتی بوو، هەر زوویش بوو بەسەرکردەیەکی کارا لە نێو پارتیداو لەگەڵ ئەوحیزبەش کەوتە نێو یەکەم هەڵەی ستراتیجی پارتی، بەهەڵگرتنی چەک دژی ڕژێمی عەبدولکەریم قاسم لە ١٩٦١، ساڵی١٩٦٦یش، پاش گەڕانەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی لە هەمەدان، لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسی، کەوتە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی بەغدا دژی بزاڤی چەکداری پارتی، کە ئەمەش هەڵەیەکی ستراتیجی گەورە بوو. بەڵام پاش ئاشبەتاڵی ئازاری ١٩٧٥، کە ئەنجامی هەڵەیەکی کوشندەی مەلا مستەفا بوو، جەلال تاڵەبانی لە پارتی جیابووەو سەرکردایەتی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی کرد بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری.

ناتوانم بڵێم دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری هەڵوێستێکی ڕاست و ڕەوابوو، بەڵام خودی یەکێتی لەسەر بنەمایەکی شارستانی هاوچەرخ دامەزرا بوو، دوور لە دیاردەی عەشرەتگەری و تایفەچێتی و خزم خزمێن، بنیاتی سەرکردایەتی و کادرەکانی ئەو ساڵانەی یەکێتی بەڵگە بوو لەسەر ئەم ڕاستییە کە تەنها خەباتی سیاسی ناساندبوونی بە یەکتر.

بەڵام لە نەوەدەکانی سەدەی پێشووەوە دیاردەی بنەماڵە چێتی پەیدا بوو، پاش نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی زەقتریش بوو.

پاش جەنگی کەنداو و ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە هەرێمدا قۆناخی خەباتی شاخ کۆتایی هات و قۆناخی شار دەستیپێکرد، پارتی و یەکێتی بوون بە دووحیزبی دەسەڵاتدار.

واتە گۆڕانکاریەکی نەوعی هات بەسەر هەرێمدا، بە یارمەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەددام لەهەرێم دەرکراو بڕیاری دژە فڕین بەسەر هەرێمدا راگەیەنرا، هەرێم وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ ١٢ ساڵی بەسەربردوو دەیتوانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە بۆ بنیاتنان و گەشەپێدانی خۆی لە ڕووی ئابووری و سیاسی و ڕۆشنبیرییەوە.

مەخابن تاڵەبانی و بەرزانی ئەم هەلەیان قۆستەوە بۆ جەولەیەکی نوێ لە شەڕی براکوژی، لەسەر کورسی و پارە، ئەو شەڕە تای ترازووی یەکێتی قورسترکرد و ئەگەر یەکێتی شەڕی بوەستانایە براوەبوو.

ئەمریکاش داوای لێکرد شەڕ بوەستێنێ تاڵەبانی ڕەفزی کرد، سووربوو هەتا ئیبراهیم خەلیل نەگرێ نەوەستێ، ئەمەش نەخواستی تورکیا بوو، نە ئەمریکا. لێرەدا ئەمریکا گڕی سەوزی هەڵکرد بۆ سەددام ( ٣١ ئابی ١٩٩٦ ) کە یارمەتی بەرزانی بدات بۆ گرتنی هەولێر، ئەمەش یەکێ بوو لەهەڵە گەورەکانی ئەم دووحیزبە، بە تایبەتی پارتی، یەکێتی بۆ ماوەیەک سلێمانیشی لەدەستدا، ترازووی هێز لەبەر ژەوەندی پارتی گۆڕدرا.

ئەم هەموو هەڵەو کارەساتانە، وایانکردووە کە هیچ ڕێزێکی ڕاستەقینە لەناو خەڵکدا بۆ حیزبەکانتان، ئیوەی حوکمڕانان، نەماوەو ئەو کورسییانەی لە پەرلەماندا بەدەستان هێناوە ڕەنگدانەوەی ڕاو بۆچوونی راستەقینەی خەڵک نییە، بەڵکو ئەنجامی تەزویر و فرتوفێڵە.

ئەگەر ئێوە هەڵبژاردنێکی خاوێن و ئازاد بکەن هیچ گومانی تێدا نییە کە ئەنجامێکی دیکەی دەبێ، هەموو باشتان لەبیرە کە لەهەموو هەڵبژاردنیکدا سەددام حسەین، وەکو هەموو دیکتاتۆرەکانیتر، لە سەدا ٩٩ دەنگەکانی دەهانی و پاش ڕووخاندنیشی هەموو نەفرەتیان لێدەکرد.

ئێوە بەدەستی خۆتان ، بەکارو کرداری خۆتان، ڕێزو خۆشەویستیتان بۆ حیزبەکانتان نەهێشتۆتەوەو کەستان لەگەڵ نییە ئەوانە نەبێ کە پوول و مووچەو پێداویستی ژیان بەستوونیەتیەوە بە ڕژێمەکەتانەوە.

حیزبی شیوعیش، کە تا حەفتاکانی سەدەی پێشوو حزبێکی سیاسی گەورە بوو، ڕێز و تەقدیری بۆ خۆی نەهێشت، بە هەڵە سیاسیە کوشندەکانی، لەژێر سەرکردایەتی کۆچکردوو عەزیزمحەمەد ، کە ئەو حیزبەی بەست بە پاشکۆی ڕژێمی فاشی بەعسەوە، گوایا سەدام حسین بە خێرێ عێراق بەڕێگەی گۆڕانکاری نا سەرمایەداریدا دەبات بەرەو سۆشیالیزم !!

دواتریش ، لە هەشتاکاندا، ئەو تۆزەی لە حشع مابوو یان زیندو کرایەوە بە خەبات و قوربانی چوار ساڵ، خزێنرایە نێو ئاگری شەڕی برا کوژی جوت حزبی قەومی ( شەڕی پشتاشان )، حشعی وا لاوازکرد کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠١٨ دا، لە ٣ ملیۆن و سێ سەد هەزار دەنگ تەنها ٨ هەزار دەنگ بێنێ.

لەسەردەمی پاشایەتیدا، بەر لە ٧٠ – ٨٠ ساڵ، چەندین حیزبی سایسی نیشتیمانی دروستکراو مۆڵەتیان وەرگرت و هیچ حیزبێکی بنەماڵەییان تێدا نەبوو، ئێستەش لەناو عەرەبدا حیزبە ئاینیەکان نەبێ هیچ حیزبێکی بنەماڵە چی نییە.

بەلام لە هەرێمدا پارتی و یەکێتی دۆخێکی وەهایان دروستکرد کە هەرخۆیان بنەماڵەچێتی نەکەن بەڵکو گۆڕان و حیزبە بچووکەکانیش ڕوو لە بنەماڵەچێتی بکەن و، هەموو ببنە کۆمپانیاو دوکان و خاوەن تاپۆی حیزب، ئەو ڕێخراوە سیاسییە بە ئیرس ئەروات بۆ کوڕ و کوڕەزا و کورە زازا. ئێوە، ئەی برایانی یەکێتی، نزیکەی ٣٠ ساڵە حیزبێکی حکومڕانن لەگەڵ پارتی، ئەم حکومڕانیەشتان بە شیوازێکی سەقەت بەڕێوە بردووە، ئیوە لەم ٣٠ سالە زێتر لە ٣٠٠ سەرمایەداری گەورەتان لەم وڵاتە گچکەیەدا دروستکردووە، کە هێندێکیان گەورە ملیاردێرن بە دۆلار، جگە لە سەدان، یان هەزاران سەرمایەداری گچکەیتریش.

بەڵام نەتانتوانیوە کارەبا بۆ هاولاتیانتان دابین بکەن، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ئەم خەڵکە دابین بکەن. ئێوە دەیەها کۆمپانیای ئەهلی گەورەتان دروستکردووە، دەیەها پرۆژەی بازرگانی گەورەتان دامەزراندووە، هەزاران باڵەخانەی شەخسی بەرزی بازرگانیتان دروستکردووە، بەڵام نەتانتوانیوە ٤ کارگەی گەورە، یان ٤٠ کم ڕێگەی شەمەندەفەر یان دوو بەنداوی گەورەو گونجاو بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتە دروستکەن، دەزانن بۆ ئەمانەتان پێنەکراوە؟

چونکە لەسەر هێڵی سیاسی حیزبایەتی تەسک وڵاتتان بەڕێوە بردووە، چونکە ڕێڕەوی حیزبایەتی تەسک ئەولەویەت دەدات بە خزمەتی خۆتان و دەورو بەرتان، لەسەر حیسابی ئەم میللەتە داماوە.

ئەوە خەتای سیاسەتی پارتی و یەکێتیە کە پاش ٣٠ ساڵ لە حکومرانی ئێوە، هەتا ئەم چرکەیەش، هەرێمی کوردستان، لە باتی ئەوەی زۆر شت بۆخۆی و هەموو عێراقیش دابین بکات خۆیشی پشت بە هاوردەی زۆر لە پیداویستی خواردن و شتیتر پشتی بە ئێران و تورکیا بەستووە.

لەم ڕۆژانەدا یەکێتی سەرگەرمی بەستنی کۆنگرەیە، بەڵام بە ترس و دو دڵییەوە، جا ئەم ترس و دو دڵییە لە کوێوە هاتووە؟ لەوەوە هاتووە کە یەکێتی لە دۆخێکی ناسروشتی و ئاڵۆزدایە، ئەم دۆخە ناسروشتیە لە کوێوە هاتووە؟

ئەم دۆخە رەنگدانەوەی ئەو باڵباڵێن و ململانێ و کێشمە کێشمەیە کە چەندین ساڵە یەکیەتی دەناڵێنێ بەدەستییەوە، کە من لەم وتارەدا ئاماژەم بە بە شێکی کرد. ململانێ و کێشەی ناو یەکێتی تازەنین، لە قۆناخی شاخەوە دەستیانپێکرد، بەڵام لەو سەردەمەدا بە کزی و بچووکی ڕەچاو دەکران. لەسەرەتای قۆناخی شارەوە ئەو کێشانە کەوتنە زیاد بوون، هەتا جەلال تاڵەبانی لە ئارادا بوو ئەو سەرقاپی ئاسایش و ئارامی بوو بۆ یەکێتی – وەکو ئێستەی مسعود بەرزانی بۆ پارتی.

بەڵام پاش دەرچوونی جەلال تاڵەبانی لە گۆڕەپانەکە ( ٢٠١٢ ) ململانێی نێو یەکێتی پێینایە قۆناخێکی نوێ و مەترسیدار. ــ ئەگەر یەکێتی بتوانێ خۆی لە کەرتبوون بپاریزێ و ئەم قۆناخە تێپەڕێنێ ئەوە وەکو موعجیزە وایە.

ــ ئەگەر یەکێتی بتوانێ واز لە گەندەڵکاری دارایی و ئیداری بێنێ، واز لە قۆرخکاری دەسەلات بێنێ، واز لە تەزویری هەڵبژاردنەکان بێنێ و وەکو حیزبێکی سۆشیالدیموکراتی ئەوروپی بجووڵێ، ئەوە مانایوایە خۆی نوێ کردۆتەوەو دەگۆڕدرێ بە حیزبێکی هاوچەرخ، هیوایەکی جدی دەداتێ کە کێشەکانی چارەسەر بکرێ .