ئایا حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت پابه‌ندی هیچ رێكه‌وتنێكی نه‌وتی بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا؟

ئایا حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت پابه‌ندی هیچ رێكه‌وتنێكی نه‌وتی بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا؟

620 خوێندراوەتەوە

حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستی له‌ كاركێشایه‌وه‌ پێش واژۆكردنی ئه‌و رێكه‌وتنه‌ نه‌وتی و داراییه‌ی كه‌ بڕیاربوو له‌م رۆژانه‌ده‌ رابگه‌یه‌نرێت.

كێ ده‌بێته‌ شوێنگره‌وه‌ی عادل و چاره‌نوسی ئه‌م رێكه‌وتنه‌ چی ده‌بێت، هیچ له‌و راستیانه‌ ناگۆڕێت كه‌ هه‌رێمی كوردستان خۆی زه‌حمه‌ته‌ بتوانێت پابه‌ندی ئه‌م رێكه‌وتنه‌ بێت، له‌به‌ر نه‌بوونی بڕی ئه‌و نه‌وته‌ی كه‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ ناچاری ده‌كات رۆژانه‌ راده‌ستی سۆمۆ (كۆمپانیای بازاڕیكردن وفرۆشتنی نه‌وتی عێراق)ی بكات ئه‌گه‌ر ئه‌و بودجه‌ی له‌ به‌غداوه‌ بۆی دێت هێنده‌ نه‌بێت كه‌ شتێك له‌ شایسته‌ داراییه‌كانی كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان و قه‌رزی پێشوه‌خته‌ی‌ فرۆشتنی نه‌وتی بۆ نه‌بژێرێت.

له‌ ساڵی ٢٠١٤ه‌وه‌، هه‌ولێرو به‌غدا لانیكه‌م چوار رێكه‌وتنی دارایی و نه‌وتی-یان هه‌بووه‌، به‌ڵام هیچیان به‌ ته‌واوی جێبه‌جێنه‌كراون.

له‌ هه‌مووشیاندا هه‌رێم نه‌یوتوانیوه‌ ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ راده‌ست بكات كه‌ به‌ پێی رێكه‌وتنه‌كان ده‌بوایه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ هه‌نارده‌ی گشتی عێراق سۆمۆ بیفرۆشتایه‌، له‌به‌رامبه‌ردا به‌غدا بودجه‌كه‌ی هه‌رێم، یان به‌شێكی، نه‌ناردووه‌. به‌ڵام ئایا ئه‌م گه‌مه‌یه‌ له‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ی بودجه‌ی ٢٠٢٠یشدا به‌رده‌وام ده‌بێت؟

ئه‌گه‌ر چی ئاڵۆزیه‌كانی به‌غداو كۆتاییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌رفه‌تێكی ئه‌وتۆی بۆ ئه‌م رێكه‌وتنه‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌و هێشتا ڕوون نییه‌ په‌رله‌مان ده‌توانێت یاسای بودجه‌ په‌سه‌ندبكات به‌ ره‌چاوكردنی ئه‌م رێكه‌وتنه‌ دارایی و نه‌وتی-یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م رێكه‌وتنه‌ش كراو په‌رله‌مانیش په‌سه‌ندی كرد هه‌ر له‌ئێستاوه‌ له‌وه‌ ناچێت هه‌رێمی كوردستان بتوانێت جێبه‌جێی بكات، زۆربه‌ساده‌یی چونكه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ئێستادا خاوه‌نی ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ نیه‌ تا له‌به‌رامبه‌ردا بیدات به‌ به‌غدا. هه‌رچه‌نده‌ هه‌رێم رۆژانه‌ زیاتر له‌ ٤٦٠ هه‌زار به‌میل نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كات له‌ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیاوه‌ به‌ پێی داتاكانی ئیراك ئۆیڵ ڕیپۆرت، به‌ڵام له‌راستیدا ته‌نها داهات و پاره‌ی ١٧٨ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ی ده‌ست ده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌شه‌كه‌ی تری ده‌ڕوات بۆ خه‌رجی كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان به‌پێی وته‌یه‌كی مه‌سرور بارزانی كه‌ له‌ دیداری مێری له‌ هه‌ولێر پێشكه‌شی كرد.

مه‌سرور بارزانی وتی زیاتر له‌ نیوه‌ی داهاتی نه‌وتی كوردستان بۆ خه‌رجی كۆمپانیاكانه‌و مانگانه‌ نزیكه‌ی ٣٠٠بۆ ٣٢٠ ملیۆن دۆلار له‌ پاره‌ی نه‌وتی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم.‌ ئه‌گه‌ر تێكڕای داهاتی نه‌وتی كوردستان به‌ ٣١٠ ملیۆن دۆلاری مانگانه‌ وه‌ربگرین، ئه‌مه‌ ته‌نها پاره‌ی ١٧٨ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌یه،‌ ئه‌گه‌ر نرخی به‌رمیلێك نه‌وت به‌ ٥٨ دۆلار وه‌ربگرین (به‌ پێی راپۆرته‌كانی دیلیۆت).

كه‌واته‌ ٢٨٢ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ی هه‌رێم ده‌ڕوات بۆ خه‌رجی كۆمپانیاكان و چه‌ند باج و رسوماتێكی تر كه‌ هێشتا رون نیه‌ كێ چه‌ندی به‌ر ده‌كه‌وێت به‌ هۆی نه‌بوونی هیچ داتاو شه‌فافیه‌تێك له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانی هه‌رێم.

كه‌واته‌ حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نها خاوه‌نی ٣٨.٦% نه‌وتی كوردستانه به‌ڵام به‌غدا حسابی هه‌رهه‌موو نه‌وته هه‌نارده‌كراوه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات. ئایا به‌ڕاست هه‌رێمی كوردستان ته‌نها خاوه‌نی ئه‌م بڕه‌ له‌ نه‌وته‌كه‌ی خۆیه‌تی ؟

ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه‌ نه‌خێره‌ ئه‌ی ئه‌و ٢٨٢ هه‌زار به‌رمیله‌ی تری بۆ كێ ده‌فرۆشرێت؟ ئه‌گه‌رچی راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان باس له‌ وه‌رگرتنی به‌شه‌ بودجه‌ی ته‌واوی هه‌رێم ده‌كه‌ن وه‌ك پێشمه‌رجێك بۆ راده‌ستكردنی ئه‌م ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیله‌ نه‌وته‌، به‌ڵام هێشتا دیارنیه‌ ئه‌م به‌شه‌ بودجه‌یه‌ چه‌ند ملیار ده‌بێت؟

به‌پێی هه‌ندێك لێكدانه‌وه‌ی بیركاریه‌نه‌ی زۆر سه‌ره‌تایی هه‌رێم ناتوانێت ئه‌م نه‌وته‌ راده‌ستبكات ئه‌گه‌ر به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت شتێك له‌ حه‌قده‌ستی كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان وئه‌و قه‌رزانه‌شی پێبداته‌وه‌ كه‌ وه‌ك فرۆشتنی پێشوه‌خته‌ له‌ كۆمپانیاو بازرگانه‌ نه‌وتیه‌كان ساڵانی پێشوو وه‌ریگرتووه‌.

هه‌ندێك لێكدانه‌وه‌و خه‌مڵاندنی سه‌ره‌تایی ئه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن كه‌ هه‌رێم لانی كه‌م پێویستی به‌ ٩٥٠ ملیار دیناری مانگانه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت پابه‌ند بێت به‌ ڕێكه‌وتنه‌ نه‌وتی و داراییه‌كه‌یه‌وه‌و هاوكات موچه‌ی كارمه‌ندانی كه‌رتی گشتی و خانه‌نیشینان دابین بكات.

ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستای هه‌رێم ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ چاكسازی كردن. ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی كه‌رتی نه‌وتی كوردستان قوتاربكات له‌و هه‌موو كۆمپانیا سكیوریتی و خزمه‌تگوزاریه‌ ناپێویستانه‌ی كه به‌شێكی زۆری داهاتی نه‌وتی كوردستان ده‌به‌ن. ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌وه‌ی ده‌كرێت بپارێزرێت بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم و داهاتی پێ زیاد بكرێت.

به‌ كورتی پرۆسه‌ی چاكسازی و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌بێت له‌ كه‌رتی نه‌وت و گازی كوردستانه‌وه‌ ده‌ست پێبكات.

بۆ نمونه‌ ساڵانه‌ نزیكه‌ی ١٠٠ ملیۆن دۆلاربه‌ ناوی تازه‌كردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی كار بۆ كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان وه‌رده‌گیرێت. ئایا ئه‌م پاره‌یه‌ دێته‌ ناو خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت و وه‌ك به‌شێك له‌ داهاته‌ نه‌وتیه‌كان حساب ده‌كرێت؟

خۆزگه‌ كه‌سێك هه‌بووایه‌ له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی بارزانی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی بدایه‌ته‌‌وه‌ چونكه‌ هه‌موو چاكسازیه‌ك لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات مادام نه‌وت سه‌ره‌كی ترین سه‌رچاوه‌ی داهاته‌ له‌ كوردستان و عێراقیش.

به‌ گشتی هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ پاكسازیكردنی پرۆژه‌ نه‌وتیه‌كانی خۆی هه‌یه‌ پێش ئه‌وه‌ی بچێته‌ هه‌ر رێكه‌وتنێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا.

رۆژانه‌ زیاتر له‌ ٤٦٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتیان كردۆته‌ ماڵ به‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌، به‌ڵام نزیكه‌ی ٦٢%ی داهاتی ئه‌م نه‌وته ده‌چێته‌ گیرفانی كۆمپانیاو خه‌ڵكانی تره‌وه‌.

راسته‌ خه‌رجی كۆمپانیا نه‌وتیه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان و تێچووی هه‌نارده‌كردن و بازاریكردن شتێكه‌ له ‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م حكومه‌ته‌دا نیه‌، به‌ڵام بۆچی پاره‌ به‌ كۆمپانیای سیكیوریتی بدرێت له‌ كاتێكدا هه‌رێم خۆی ٢ لیوای هێزی پۆلیسی نه‌وتی هه‌یه‌؟ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ دادۆشینی سامانی گشتی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی به‌رپرسه‌ حیزبی و حكومیه‌كان هیچی تر نیه‌.