سەرۆك كۆماری عیراق پۆستی سەرۆك وەزیران دەگرێتە ئەستۆ؟

سەرۆك كۆماری عیراق پۆستی سەرۆك وەزیران دەگرێتە ئەستۆ؟

450 خوێندراوەتەوە

بەپێی مادەی 76ی دەستوری هەمیشەیی عیراق، پێویستە سەرۆك كۆمار لە ماوەی (15) ڕۆژدا كەسایەتیەك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ڕابسپێرێت، ئەو مۆڵەتە كۆتایی هات و سەرۆك وەزیرانێكی نوێش دیاری نەكرا، لە ئێستادا بۆ ئەوەی فەراغی دەستوریی دروست نەبێت، ڕێگا چارەكان چین؟

دوای ئەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە 29ی مانگی ڕابردوو دەستی لە كار كێشایەوە، هێشتا گفتوگۆكانی پەیوەست بە دیاری كردنی سەرۆك وەزیران لەنێوان كوتلە سیاسیەكان یەكلایی نەبۆتەوە،چونكە هەندێك لایەنیان لە ترسی شەقام ناوێران توخنی پۆستەكە بكەون،بەشێكی دیكەشیان لەسەر كەسایەتیەك ڕێك ناكەون، كە ببێتە جێگای ڕەزامەندی خۆیان و شەقامی توڕەی عیراقیش ڕازی بكات، لەم نێوەندەدا ئەو مۆڵەتەی كە مادەی(76)ی دەستور دیاری كردووە كۆتایی هات، لەم كاتەشدا بۆ ئەوەی فەراغی دەستوریی دروست نەبێت، یەكێك لە سیناریۆكان ئەوەیە كە، سەرۆك كۆمار پۆستی سەرۆك وەزیران پڕ بكاتەوە.

محمد الغزی ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵەكان عیراق وتی:" پڕ كردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە، ئەو كاتە دەبێت كە ناتوانرێت تا ڕۆژی شەممە ،كەسایەتیەك بۆ ئەو پۆستە دیاری بكرێت".

وتیشی:" بەپێی دەستور،ئەگەر سەرۆك كۆمار لە ماوەی (15) ڕۆژدا سەركەوتوو نەبوو، لە دیاری كردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ، ئەوا سەرۆك كۆمار جێگای سەرۆك وەزیران دەگرێتەوە، تا ئەو كاتەی پۆستی سەرۆك وەزیران پڕ دەكرێتەوە،بۆیە ئەگەر ئەو پۆستە پڕ نەكرێتەوە لەو ماوەیەدا ئەوە فەراغی دەستوریمان دەبێت، یان دەستور پێشێل دەكرێت".

ماوەكە كۆتایی هات و كەسیش دیاری نەكرا: پێویست بوو، تا ئێوارەی ڕۆژی شەممە، سەرۆك كۆمار ناوی هیچ كەسایەتیەكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ڕادەستی ئەنجومەنی نوێنەران نەكرد،كە ماوەی ئەو مۆڵەتە (15) ڕۆژیە دەستوریە بوو، كە پێویست بوو كەسایەتیەك لەجێگای سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە دیاری بكرێت.

لەلایەكی دیكەوە، احمد كنانی لە هاوپەیمانێتی فەتح ڕایگەیاند:" تاكو ئێستا ناوی هیچ كاندیدێك یەكلایی نەكراوەتەوە، كۆبوونەوەی سەرۆك كۆماریش لەگەڵ كوتلە سیاسیەكان ، نەبۆتە هۆی ئەوەی كەسایەتیەك بە شێوەیەكی كۆتایی دیاری بكرێت".

وتیشی: " پێویستە دیاری كردنی سەرۆك وەزیران بە نوسراوی فەرمی بێت، سەرۆك كۆمار بە نوسراو ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بكات".

باس لە چوار ناو دەكرێت: كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكان، نەبۆتە هۆی ئەوەی كەسایەتیەك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دیاری بكرێت، بەڵام ناوی چەند كەسایەتیەك دێت، كە پێدەچێت یەكێكیان ئەو پۆستە وەربگرن، ئەوانیش بریتین لە محمد شیاع سودانی ئەندام پەرلەمان و وەزیری پێشوو، عبدالحسێن عبتان، وەزیری پێشوو و كەسایەتی سەربەخۆی شیعەكان، مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ئێستا و اسعد العیدانی پارێزگاری ئێستای بەسرە.

ئێوارەی دوێنی مۆڵەتە (15) ڕۆژیەكە كۆتایی هات و لایەنە سیاسەكانیش نەگەیشتنە ئەنجام بۆ دیاری كردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ، بۆیە لەئەمڕۆوە سەرۆك كۆمار تا پڕ كردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران، پۆستی سەرۆك وەزیرانیش پڕ دەكاتەوە.

دیپلۆماتیك مەگەزین - گۆران قادر

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی