کوردو ویژدانی ئەمریکا

کوردو ویژدانی ئەمریکا

481 خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی ئەمریکیی (MANHATTAN MERCURY) کەلەرۆژی ٢٤ی دیسەمبەری ١٩٧٦دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، بابەتێکی لەژیر ناونیشانی: کوردو ویژدانی ئەمریکادا، بڵاوکردۆتەوە، کە باس لە دۆخی جوڵانەوەی کوردییەکە دەکات بەڕێبەرایەتی مستەفا بارزانی.

لەبابەتەکەدا هاتووە: بەگوێرەی باشترین پزیشکەکانمان، مستەفا بارزانی تەمەن ٧٣ ساڵ، رابەری گەلی کورد، دەبوو شەش مانگ پێشتر بەنەخۆشی شێرپەنجە مردبا، بەوپێیەی نەخۆشییەکەی گەیشتبووە دواقۆناغی.

هەروەها لەو سۆنگەیەوە کە چیدی هەوڵی ئەوە نادات لەو دوا رۆژانەی ژیانیدا پشتگیریی بۆ کوردان تەیار بکات .

هەربۆیە رێگەی ئەوەی پێدرا لەمایۆ کلینیک لێرە چارەسەر وەربگرێت.

ئەوەی جێی سەرسوڕمانی دکتۆرەکانی و هەروەها ئیحراجبوونی وەزارەتی دەرەوەمان و سی ئای ئەیشە، یاخییبووە پیرەکە باشتربووە، قژە قاوەییە بۆرەکەی درێژتربۆتەوە،چاوەکانی تیژو درەوشاوەن، وێڕای ئەوەی بە پۆشاکە شارستانییە رۆژئاواییەکەیەوە سەرسەخت دێتەپێش چاو و هەروەها تەوقەو دەستگرتنیشی بەهێزو ئامانجدارە.

چوار مانگ لەمەوپێش، وەزارەتی دەرەوە، بەهۆی ئەو بێزارییەی کە لەم جۆرە دپلۆماسییە دووفاقییەی و نامۆراڵانەی لەئارادایە، بە بارزانیان وت کە بگەڕیتەوە بۆ ئێران،کەلەوێ ٣٨٠٠٠ کوردی پەنابەری عێراقیی نیشتەجێن، مستەفا بارزانی وتی نەخێر، ئەگەر ئەو ناچاربکرێت کە وڵاتە یەکگرتووەکان جێبهێڵێت، ئەوا دەچێت بۆ عێراق بۆئەوەی رووبەڕووی لەسێدارەدان بێتەوە.

هیچ کەس لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نەیدەویست ئەم خوێنەی بکەوێتە ئەستۆ، هەربۆیە ئەو دپلۆماتانەمان کەهەستیان بە تاواندەکرد پاشگەزبوونەوەو بواریاندا بمێنێتەوە. هۆکاری مانەوەو هەروەها هۆکاری دەستگرتنی بەژیانەوە ئەوە بوو کە ویژدان و هەستی ئیدارەی داهاتوو بجوڵێنێ بۆ راستکردنەوەی ئەو زیانەی کە چەند ئەمریکییەکی کەم بەنهێنیی بەسەر گەلەکەیاندا هێناوە.

کوردان، کە دەشێ ١٦ ملیۆنیان لە ئێران و تورکیاو عێراقدا بن، گروپێکی ئیتنی تایبەت و جیاوازن، گەلێکی چیایین کە زمان و مێژووی خۆیان هەیەو لەسایەی ٣ ئاڵادا دەژین، کاتێک لەبەرژەوەندی ئەمریکاو ئێراندا بوو کە عێراقییەکانی ژێر هەژمونی شورەویی بێزاربکەن، ئێمە هانی کوردماندا راپەڕن و چەکهەڵگرن و بە پێدانی چەکیش پشتگیریمان کردن.

بەڵام کاتێک ئێران و عێراق رێکەوتن، ئەمریکاو ئێران، کوردە شوێنکەوتەکانیان بێهیواو لاواز بەجێهێشت. بەوهۆیەی یارمەتییەکان بەشێوەیەکی نهێنیی بوون، کارمەندانی باڵای وەزارەتی دەرەوە زۆر ناچارنەبوون ئەم دۆخە وەک خیانەتێکی ناچاوەڕوانکراو بناسێنن، چیرۆکە چەپەڵەکە لە بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکی دەرکەوت کەبەناوی راپۆرتی پایک ەوە بوو لە سی ئای ئەیەوە.

ئاکامی سیاسەتی دووفاقیمان لەوانەیە بەرژەوەندییەکی نوێ بێنێتەئارا کە دەشێ زیاتربێت لە بایەخی رەوشتی ئەمریکیی. عێراقییەکان دەستیان بەچارەسەری خۆیان کردووە بۆ کێشەی کورد، بە لەسێدارەدانی چەند سەرکردەی جوڵانەوە کوردییە لەبارچووەکە و بەتەعریبکردنی ٣٠٠ هەزار لەو سێ ملیۆن کوردەی هەیانە، هەروەها بەراگواستنیان لەماڵ و ناوچەکانی خۆیانەوە بۆ باشووری عەرەبی و بڵاوەپێکردن و نکۆڵییکردن لەمافە کەلتورییەکانیان .

عێراقییەکان پاداشتیان هاوسەرگیرییکردن لەگەل عەرەب و هەروەها بۆ توانەوەی کورد داناوە. ئەو کاتەی کەلتور بەشێوەیەکی سیستماتیک لەنێوچوو، گەلەکە بەتەواوی تێکوپێکدەشکێت و لەناودەچێت. هەروەها وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بەشێکی لەو بەرپرسیارێتییە سەبارەت بە نەهامەتیی کوردان وەبەردەکوێ، هیچ دەنگێکی وەک نارەزایەتیی لەم دۆخە لێ بەرزنەبۆتەوەو ورتەی لێ نەهاتووە.

لەلایەکی ترەوە، با کوردەکانیش وەک دیموکرات و ئازاد وێنا نەکەین و مستەفا بارزانیش نەکەینە جێمس مادیسۆن، چەند دەیەیەکی کەم لەمەوبەربوو کە شورەویەکان پلانیاندانا بۆ بەکارهێنانی کوردان لەدژی ئێران و تورکیا، بارزانیش بۆ دەرزەنێک ساڵ لەسەرسفرەوخوانی شورەوی بوو، زمانی روسیی فێردەبوو و هاوڕییەتی و پشتگیریی مارشاڵ گریتشکۆی دەکرد، تەنانەت ئەمڕۆ، ئەگەر شورەوییەکان سیاسەتی خۆیان لەهەمبەر عێراق بگۆڕن و ئۆفەری پشتگیریی کوردان بکەن، گەلە چیاییەکە بەمەمنونی رووی خۆیان دەکەنە شورەوی، تەنانەت بارزانیش کە ئێستا ناچارە جەخت لەدژە شورەویویبوونی خۆی بکات، ئەودەم ئەوەی لی چاوەڕواندەکرێ کە یارمەتی لەوێوە وەربگرێت کە کورد دەیەوێ.

ئەوەی کورد دەیەوێ ئەوە نییە دەوڵەتیکی نوێ لەنێوان سێ دەوڵەتدا دامەزرێنن، بەڵکو ئەوەیە لەعێراقدا ئۆتۆنۆمییەکیان هەبێ و بۆخۆیان لەناوچەکەی خۆیاندا بتوانن بژین.

ئەگەر لەسایەی ئەو ئاشتەواییە دەستبەجێیەی ئێستادا ئەوە بۆ فەلەتسنییەکان لەرۆژهەڵاتی نناوەراستدا بێتەدی، چۆن سیاسەتی نوێی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان بتوانێت هاوکاریی بکات بۆ هێنانەدی ئۆتۆنۆمیی بۆ کوردان و سڕینەوەی پەڵەی رەشی ئەو خیانەتە؟!