پرۆسه‌ى ماندێلا بۆ ئازادكردنى ئۆجه‌لان

پرۆسه‌ى ماندێلا بۆ ئازادكردنى ئۆجه‌لان

902 خوێندراوەتەوە


پرۆژە مێژووییە نێودەوڵەتیەکەی (مام جەلال)، بۆ ئاشتی و ئازاد کردنی ئۆجەلان چەند جارێک لە بەرنامەکانی تەلەفزیۆنەوە یان لە نووسینەکانمدا، کەم تا زۆر باسی ئەو پرۆژە گرنگەی (مام جەلال)م، کردووە.


پرۆژەکە بریتیبوو لە: رێکخستنی کۆنفرانسێک لە سەر ئاستی سەرۆک دەوڵەتانی ڕۆژھەڵاتی ناوین و جیھان، بۆ ئاشتی لە تورکیا و ناوچەکەدا.


پوختەی چیرۆکەکە وەکو خۆی دەخەمە بەر دیدەی ئێوەی ئازیز ڕۆژی 15/12/2012 لە سکرتاریەتی (مام جەلال)ەوە، لە بەغدا ئاگاداریان کردم کە ڕۆژی 16ى مانگ لای (مام جەلال) ئامادە بم، ھەر بەو جۆرە ڕۆژی 16 چوومە بەغدا و ئەو شەوە لە میوانخانە تایبەتییەکەی نزیکی ژووری نووستنەکەی پشووم دا.


رۆژی 17 کەمێک زووتر لە دیدارەکانی جاران، یەکێک لە کوڕەکانی لای (مام جەلال)، بە ئاگای ھێنام، ئەگەر ھەڵە، نەبم وابزانم ( بارزانی قادری پشکۆ) بوو!)
گوتی: نیو کاتژمێریتر(مام جەلال) دەتبینێ، بە پەلەپەل بەر چاییەکم کردو چوومە دیداری بەڕێزیان.

ئەم جارەیان جیا لە جارەکانی ترمن ئاوام بینی( لە ژوورێکی بچکۆلەدا دانیشتبوو، بیجامەیەکی رەنگشینی ژاکاوی لەبەردا بوو، سەروڕیشی نەتاشیبوو، ڕووی گرژ و ناڕەحەت دیار بوو، مێزێکی جوانی خنجیلەی لە بەردەمدا بوو، لە سەر مێزەکەیش کۆمەڵێ کاغەز و دۆسیە هەبوون، لیستێکی ئامادەکراو بە ناو و ژمارە تەلەفۆنەوە لە بەر دەمیدا هەبوو).

گوتی: (بۆیە زوو ناردوومە بە شوێنتدا ھەتا کارەکانمان تەواو بکەین و تۆ بگەڕیێتەوە بۆ شارە حەیاتەکە، چونکە ئەمڕۆ لە سەعات 12 وە ھەتا 10 ی شەو، ھەموو کاتم گیراوەو یەک لە دوای یەک میوانم هەیە.

لە سەعات 6 دا نووری مالیکی (سەروەزیران) دێت بۆ لام، ئەو تووڕە و منیش بێتاقەت خوا چاکی کا...!


من قەت پرسیارم لێ نەدەکرد، ئەو جارە پێم بە جەرگی خۆم داناو پرسیم خێرە؟
گوتی:( لە هەرێمەوە نامەیەک بۆ مالیکی هاتووە، داوایان لێ کردووە بە زووترین کات، هێزەکانی ئۆپەراسێۆنی دیجلە پاشەکشێ پێ بکات و کار بکات بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوورو گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان بۆ سەر خاکی هەرێم.


دوواتر گوتی با بیێنەوە سەر کارەکانی خۆمان، دەمەوێ کۆنفراسێکی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوین لە بەغدا ساز بکەم.

بۆ ئەم مەبەستەیش لەگەڵ (بانکی مۆن) سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لەو ماوەیەی پێشوودا لە بەغدا بوو، قسەم کردووەوخۆشحاڵ بوو. بۆ هەمان مەبەست، سەرۆکی فەرەنسا، جۆرج پاپاندریۆ سەرۆکی یۆنان، سەرۆکی یەکێتی ئەوروپا، پەرلەمانی ئەوروپا و لە رێگەی وەزیری دەرەکی ئەمریکا(کۆندالیزا رایس)، سەرۆکایەتی ئەمریکایشم ئاگەدار کردووە. هەروەها تورکەکانیشم دواندوەو بەم هەوڵانەم دەزانن.

هەر لەو بارەیەوە یاداشتێکم بە سەرۆکایەتی (سۆسییال دیمۆکرات ئیتەر ناسیۆناڵ)، داوە، کە خۆیشم جێگری سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە جیھانییەم)
لەو کاتەدا سۆسیال دیمۆکراتەکان لە زۆر دەوڵەتی ئەوروپیدا یان دەسەڵاتیان بە دەستەوە بوو، یان بەشداری دەسەڵات بوون .


گوتم بەڕێز ئەرکی من چییە؟

گوتی ئەمڕۆ 12/17 بگەڕێوە بۆ سلێمانی. منیش سەری ساڵ 1/1 دێمەوە بۆ ئەوێ ھەتا من دێمەوە تۆ ئەم کارانە بکە:

1ـ لە تورکیا ( ئەحمەد تورک، سەلاحەدین دەمیرتاش لەیلا زانا و ئافرەتێک لە خێزانی (ئۆجەلان)ئاگادار بکە کە 1/1 لە سلێمانی بن.
2 ـ لە( قەندیل)ەوە دوو کەس ( فڵان و فڵان) بانگ بکە، ئەم پرۆژەیان بۆ باس دەکەم ئەگەر ڕازی بوون ئەوکاتە دەست بەکار دەبین.
3 ـ هەتا خۆم دێمەوە بۆ سلێمانی تۆ ئەدرەس و ناوی ئەو کەسانەم بۆ وەرگرە کە خەڵاتی ئاشتی نۆبڵیان وەرگرتووە لە جیھاندا.
گوتیشی کە لیژنەیەکی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسەکە بە سەرپەرشتی خۆی پێکهێناوەو منیشی کردووە بە سکرتێری لیژنەکە.
ئەمەش پرۆگرامی کۆنفراسەکە بوو:
1ـ گفتوگۆی ئاشتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراستدا
2 ـ گفتوگۆی شەڕی کورد و دەوڵەتی تورکیا
3 ـ ئازاد کردنی (ئۆجەلان) یان ھێنانە دەرەوەی لە زیندان و جێگیرکردنی لە جێیەکی تایبەتیدا تا بتوانێت دەستکراوە بێت لەکار کردنیدا بۆ ئاشتی.
4 ھەوڵدان بۆ وەرگرتنی بڕیاری شەر وەستاندن لە تورکیا و ناچارکردنی دەوڵەتی تورک بە دانوستاندن لەگەل پەکەکە.


(مام جەلال)،ئەم پرۆسەیەی ناو نابوو پرۆسەی ماندێلا.


پرۆسەی ماندێلا ئەبوو لە بەندیخانە ھێنایەنە دەرەوە لە شوێنێکی تایبەتی جێگیریان کرد لەوێوە کەوتە پەیوەندی لەگەل حیزبەکەی و شۆرشگێران لە ئەنجامدا پرۆسەی ئاشتی لە باشور ئەفریقا دروست بوو.


زۆر حەیف و مخابن سەعات 7 ئێوارە گوێم لە ڕادێۆی (بی بی سی)بوو، گوتی سەرکۆماری عێراق (جەلال تاڵەبانی) جەڵدەی دەماغ لێیدا و گەیه‌ندرایە خەستەخانە.
منیش بە نا ئومێدییەکی زۆرەوە چوومە لای هەڤاڵانی (قەندیل) و چیرۆکەکەم بۆ گێڕانەوە، زۆر قسەمان لە بارەی شەڕ و ئاشتییەوە کرد، گوتم: ئەم پرسی کوردە وەکو نەفرەتی فیرعەونەکان وایە، ھەر کەس دەستی بۆ ببات دەمرێت.

ئەوە (تۆرگۆت ئۆزال) ویستی چارەسەری کێشەی کورد بکات جەڵدە لێی دا، ئەوە ژەنەرال (ئەشرەف بەدلیسی) ھەر ئەوەندەی گوت کە کێشەی کورد بە چەک چارەسەر نابێت فڕۆکەکەی لە ئاسمان گڕی گرت و سووتا، ئەوە بەڕێز (ئۆجەلان) ویستی دەوڵەتی کورد لە مەنفا دروست بکات، بە گەلە کۆمەکی نێودەوڵەتی ڕادەستی تورک کراو لە گرتیگە دایە، ئەوە (مام جەلال) ویستی کۆنفرانسی ئاشتی بۆ پرسی کورد لە تورکیا پێکبھێنێت، جەڵدەی دەماغ لێدا و لەگۆ کەوت!!!
ئەوە( مسعود بارزانی) تەنیا ویستی ریفراندۆم بکات بۆ باشووری کوردستان لەسەدا 50ی خاکی کوردستانیان بە ھێزی چەک لێ سەندینەوە.