ئایا سەدام حسەین سیخوڕی CIA بوو؟

ئایا سەدام حسەین سیخوڕی CIA بوو؟

719 خوێندراوەتەوە

دواى شۆرشی ١٤ى تەمموزی ١٩٥٨، کە لەشێوەى کودەتایەکى سەربازیدا سوپای عێراق بەپشتیوانى بەرەى نیشتمانى و جەماوەرى گەل جێبەجێیکرد، هەردوو دەوڵەتە ئیمپریالیەکان کەوتنە دژایەتییەکى توندی ڕژێمى نیشتمانى، کە عبدالکەریم قاسم سەرۆکایەتى دەکرد، بەیارمەتى چڕوپڕی ئەمریکاو بەریتانیا، دووجار لەماوەى ٦ ساڵدا دوو کۆدەتای سەربازى لەعێراقدا سازکرا بۆهێنانە سەر کورسی دەسەڵاتى حیزبی بەعسی فاشستى، بەمەبەستى تۆڵەسەندنەوە لە رژێمی نوێی قاسم و حیزبی شیوعی و هەموو هێزە دیموکراتى و نیشتمانییەکان، کودەتاى ١٩٦٣،کە قاسم وکۆمەڵێ ئەفسەرى دەوروبەرى و (٥) هەزار لە حیزبی شیوعی و کەسانى دیکەشی تێدا کوژران، کودەتاى دووەم کەلە ١٩٦٨ حیزبی بەعسی گەراندەوە سەر دەسەڵات بەسەرۆکایەتى سیخوڕى (CIA) سەدام حسێن کە ٣٥ ساڵ لەسەر کورسی دەسەڵات مایەوە، ئەمە راستییەکە سەدام سیخور بوو قسەى هەڵبەستراوى کەس نەبوو، بەڵکو راگەیەندراوى ئەندامێکی پێشووى (CIA) بوو بەناوی " جۆن پیرکین".

بەلێ سەدام حسەین سیخوڕێکی پاراستنی ئەمریکا بوو دژ بە کۆمۆنیزم، بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ وەکو ئامرازێک بەکاریان دەهێنا. یەکەم پەیوەندی بەستنی لەگەڵ CIA ساڵی ١٩٥٩ بوو کە بەرپرسیارێتی شەش کەسیان گرتە ئەستۆ بۆ تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق عبدالکریم قاسم، چونکە سەرۆک وەزیران ئەوکاتە پەیوەندی بەست لەگەڵ یەکێتی سۆڤێت و بەنیاز بوو چەکی لێبکڕێت بەمەش ئەمریکای خستە ترسەوەو ئەمریکا عێراقی بە ناوچەیەکی ستراتیجی باش وەسف کرد بۆ شەڕی سارد دژ بە سۆڤێت.

بە گوێرەی گوتەی سیاسەتمەدارێکی ئەمریکی ساڵی ١٩٥٩ CIA سەدام حسەینیان لە باڵەخانەیەک جێگیر کردووە لەشەقامی ئەلرەشید ڕێک بەرامبەر ئۆفیسی سەرۆک وەزیران بۆ ئەوەی لە جموجۆڵی ئاگادار بێت، وە پارەی ئەو باڵەخانەی سەدامی لێبوو لێپرسراوێکی لقی کاروباری باڵیۆزخانەی مصر دابووی بەناوی عبدالمقوی. ڕاهێنەری ئەوکاتەی سەدام دکتۆرێکی ددان بوو بەڕەگەز عیراقی بوو کاری بۆ مصرو CIA دەکرد.

دوای ئەوەی تەواو زانیاریان دەست کەوت لەسەر جموجۆڵی قاسم لە ئۆکتۆبەری ١٩٥٩ هەوڵی تیرۆرکردنی قاسمیان دا، شۆفێری قاسم تیرۆرکرا بەڵام قاسم تەنیا قۆلی بریندار بوو، چونکە یەکێک لە بکوژەکان نەیتوانی فیشەک بەباشی ئاراستەیان بکات، وە یەکێکیتر کە نارنجۆکی پێبوو ناوپۆشەکەی لە چاکەتەکەی گیر بوو.

زۆربەی بکوژەکان لەهێرشەکەدا کوژران، سەدام فیشەک بەر ڕانی کەوت، بریندار بوو ڕای کرد بۆ تکریت لەوێ وە ڕۆشت بۆ سوریا، لە سوریا بە یارمەتی چەند هەواڵگرێکی مصری گواسترایەوە بو بیروت. ئەوکاتەی سەدام لە بیروت بوو لەلایەن CIA هاوکاری دەکرا بە پێدانی پارەو گرتنی باڵەخانە، هەروەها بەردەوام مەشقیشی پێدەکرا، لە دوای ماوەیەک گواستیانەوە بۆ مصر.


دوای ئەوەی زانیان سەدام کەسێکی خوێن ڕێژە، بڕیاردرا چیتر وانەی پێ نەڵێن، لە مصر لە باڵەخانەیەک بوو ڕۆژانە سەردانی چاخانەیەکی دەکرد بەناوی ئیندیانە لەوێ کاتی بە دۆمینە کردن و چا خواردنەوە بەسەر دەبرد، جار جاریش سەردانی باڵیۆزخانەی ئەمریکای دەکرد بەڵام هەموو کاتێکیش لەژێر چاودێری CIA دابوو.

سالی ١٩٦٣ حزبی بەعس قاسمیان تیرۆر کرد ئەمەشیان بەیارمەتی CIA و ڕێپێدانی جۆن کەنەدی سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا بوو.

دوای تیرۆر کردنی قاسم سەدام حسین گەرایەوە عێراق وەکو ئەندامێکی چالاکی حزبی بەعس، بەڵام عبدلسلام عارف کە بوو بە سەرۆک وەزیرانی عیراق دەستی کرد بە دستگیرکردنی هەندێ لە ئەندامانی حزبی بەعس و سەدامیش بۆ ماوەی ٣ ساڵ سجنکرا بەڵام سالی ١٩٦٧ لەسجن ڕایکرد.

دوای بەهێز بوونی حزبی بەعس سەدام پلەیەکی باڵای هەبوو وە لەژێر فەرمانی ئەودا دەستکرا بە گرتن و کوشتنی ئەو کەسانەی سەر بە کۆمۆنیزم بوون.

لە هەڵگیرسانی شەڕی عیراق و ئێران دا CIA تیمێکی تایبەتی بەهێزی نارد بۆ یارمەتیدانی سەدام کە بە ڕادارو چەکی کیمیایی و چەندین جۆر چەکی تر یارمەتی جەیشی عیراقیان دەدا.

لە مانگی ٨ی ١٩٩٠ سەدام حسین بە بێ فەرمانی ئەمریکا بە ١٠٠هەزار سەربازی عیراقیەوە لەگەڵ ٣٠٠ تانک هێرشی کردە سەر کوێت و داگیریکرد. ئەمەش وای لە ئەمریکا کرد چیتر بە نۆکەری ئەمریکا سەیر نەکرێ و بەڵکو بە دڕندەترین دوژمنیش لەقەڵەم درا. دوای ١٣ ساڵ لە حکومکردنی سەربەخۆی سەدام ئەمریکا لە تەخت هێنایە خوارەوەو هەر خۆشی لەناوی برد.

ئیتر ئێمە دەبێت تێبگەین لەوەی هەموو ئەوشتانەی دەکرێت لەژێر سەری ئەمریکا دایە لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە هاوپەیمانی یەکێتی سۆڤێت بوون. ئەم سیخوڕە پاش چەندین ساڵ لە حوکمڕانی گومڕابوو، خۆى لێبایی بوو، هێرشی کردە سەر کوێت و داگیرى کرد، دژ بەهەست و خواستى واشنتون و زلهێزەکانى رۆژئاوا.

لەسەر ئەوە خرایە ریزی دوژمنانى ئەمریکا، پێدەچێ کاریگەری ئەوەش لەپرسەکەدا هەبێ کە سەدام بۆ چەند ساڵ سیخورى(CIA) بوو، بەموچەى ئەوان دەژیا و بەیارمەتى ئەوان گەیشتە سەر کورسی دەسەڵات و دواى وەستانى شەڕى عێراق _ ئێران بەوچەشنە لێیان هەڵگەڕایەوە و زۆر توڕەى کردن، ئەوانیش تۆڵەیان لێکردەوە.

بە کودەتاى سەربازى تواناى لابردنیان نەبوو، بۆیە بە دەستێوەردانێکی سەربازى ئاشکرا روخانیان.

ئایا ڕووخانی سەددام باشبوو بۆ گەلی عێراق؟

لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەم روخاندنە باش بوو بۆ گەلى عێراق؟

دەگونجا لەگەڵ بەرژەوەندی نیشتمانى ئەم وڵاتە، یان بەپێچەوانەوە؟

ئەم پرسیارە بەدوو جۆر وەڵام دراوەتەوە، یەکەم وەڵام لەعەرەبە نەتەوە پەرستەکانى عێراق و دەرەوەی عێراقە کە دەستێوەردانى کۆمەڵگەى نێودەڵەتى، بەسەرکردایەتى ئەمریکا، بۆ رووخاندنى رژێمی دیکتاتۆرى سەدام، بەداگیرکارى ئیمپریالی ناودەبەن و هەڵوێستیان لە دژى وەرگرت. وەڵامی دووەم لە کوردو هێندی لەعەرەبی شیعەو سونەو کەمینەکان وەکو رزگارکاری تەماشاى ئەو پرۆسەیەى روخاندنى سەدامیان دەکرد.

جا کام لەم دوو وەڵامە راستە!؟.


هیچ گومانێ لە وەدا نیە کە لە یەکەم رۆژى دواى ١٤ ى تەمموزى ١٩٥٨ وە رژێمی قاسم چووە ریزی دوژمنانى بەریتانیا و ئەمریکا.

ئەوە سروشتى بوو کە دوژمنى قاسم لەهەر کوێیەک هەبن ببنە دۆست و هاوکاری ئەمریکا.

لەو روانگەیەوە حزبی بەعس و واشنتۆن یەکیان گرت، بۆ رووخاندنى قاسم، لە ١٩٦٣ و لە ١٩٦٨ دا ئەو هاوکارییە بەردەوام بوو تا دوارۆژی کۆتایی جەنگی عێراق- ئیران.


بەڵام ئەو هاوسەنگیە (معادلە) تێکچوو، بە داگیرکردنى کوێت لەلایەن سەدامەوە.


ئەو داگیرکردنە واشنتۆن و بەغداى خستە دوو سەنگەرى دژ بەیەکتر.


واتە زۆرینەی عێراقییەکان دژ بە رژێمی سەدام تواناى رووخانیان نەبوو، کەوتنە یەک سەنگەر لەگەڵ ئەمریکا.

با بۆ دوو ئامانجی جیاوازیش بێ، ئەمە ماناىوایە بەرژەوەندییەکى هاوبەش هاتە کایە، با بەکاتیش بێ، واشنتۆن و گەلی عێراقی کۆکردەوە، قەناعەتم وایە کە ئۆپۆزیسیۆنى عێراق سەرکوت کرابوو، لاوازبوو بوو، هیچ شانسێکی لەبەردەم نەبوو، بۆ رووخاندنى رژێم، پاش حوکمڕانی سدام بۆ ماوەى ٣٥ ساڵ.

ئەوە رێکەوتێکی باش بوو بۆ گەلانى عێراق بەهەموو پێکهاتەکانیەوە، کە واشنتۆن هەڵوێستى خۆى گۆڕی بەرانبەر بە رژێمی بەعسی فاشی.

سوپاى ئەمریکا توانی لەماوەیەکى کورتداو بەئاسانى سەدام بڕوخێنێ و دەست بەسەر عێراقدا بگرێ، چونکە ئەمریکا باڵادەستى (تفوق) سەربازى هەبوو، بەڵام لەبەرێوەبردنى عێراقدا سەرکەوتوو نەبوون چونکە ئەمەیان پێویستى بە ئەزموونى سیاسی و تێگەیشتن لەبارودۆخی عێراق بوو.

ئەوانیش نە ئەو ئەزموونەیان هەبوو نەهەوڵى ئەو تێگەیشتنەیان دەدا.

پێدەچێ پشتیان بەچەند عێراقییەک بەستبێ کە لەمناڵیەوە لە ئەورپا گەورەبوون، وکو ئەحمەد چەلەبی یان دەمێساڵە عێراقیان بەجێهێشتووە ودابڕاوون لە گۆرانکارییەکانى ئەم ولاتە، وەکو د.، ئەیاد علاوى، ئەوەش هەڵسەنگاندنێکی ئەوتۆی نەبوو کە پشتى پێببەسترێت، ئەوناکۆکی و کێبڕکێەش لەنێوان ئەحمەد چەلەبی و ئەیاد علاویدا هەبوو لەسەر شتى شەخسى و پرسی سەرۆکایەتى سەرى لەهەردووکیان و لە ئەمریکییەکانیش شێواندبوو. کۆنگرەی سەلاحەدین ( کۆنگرەى ئۆپۆزیسیۆنی عێراق) بەڵگەنامەیەکی باشى دارشت سەربارەت بە شێوازى حوکمڕانی دیموکراتی پاش ڕووخانى رژێمی سەدام.

حکومەتێکی سێبەریش بەسەرۆکایەتى د. احمد الچلبی دروستکرا، بەڵام بەرلەوەى سەدام برووخێنرێ ئەم حکومەتە لەدەریاى خیلافاتدا نوقم بوو، خیلافات لە کۆنگرەى نیۆیۆرک(١٩٩٩)، پاشتر لە کۆنگرەى لەندەن(٢٠٠٠) توندتر بوو، بەتایبەتى لەنێوان ئەحمەد چلبی و ئەیاد علاوى.

من بەئاگانیم بەشێوەیەکى کۆنکرێتی خیلافاتیان لەسەرچی و لەبەر چی بوو، بەڵام بێگومان ئەگەر لەسەر شتى سیاسی بوایە دەخرایە موناقشە لە کۆبوونەوەکاندا.

ئەم خیلافاتانەى نێوان کەسانى سەربەئەمریکا و جۆرێ لە راوێژکارانى واشنتۆن بوون رەنگدانەوەى هەبوو لەکارو کرداری ئەو بەرپرسانەى ئەمریکا کە ئیشی عێراقیان هەڵدەسوڕاند.

لەساڵانى پێش ڕووخانى سەدامدا شتێکی سروشتى بوو کە ئەمریکیەکان پێوەندیان لەگەڵ سەرکردایەتى پارتى و یەکێتیدا هەبێ و باسی وەزعی عێراقیان لەگەڵ بکەن. بەڵام وەک سەرانى پارتى و یەکێتی لەڕوانگەى حزبایەتى تەسکەوە کوردستانیان بەرێوەدەبرد هەرلەو روانگەیەشەوە باسی وەزعی عێراقیان لەگەڵ کردوون.

بەهەر حاڵ بێ ئەمریکا رژێمی سەدامی رووخاند و راستەوخۆ بەرێوەبردنى عێراقی گرتە دەست، ئەمە گەورەترین هەڵەى ئەو کاتە بوو، دەبوو بەشێوەیەکی دیکە ئەم ولاتەى بەرێوەببردایە: کۆمیتەیەک یان ئەنجوومەنێکی کاتى بەرێوەبەر بۆ عێراق لەکەسانى ناحیزبی لێبراڵ دیموکرات بەسەرپەرشتى بەرپرسێکی وەک پرێمەر، بۆماوەى ساڵیک یان دوو ساڵ، لەوماوەیەدا مامەڵەو هەڵسوکەوت بەشێوەیەکی دیموکراسیانە لە حوکمرانیدا بکرایە.

ئەمە رێگەى خۆش دەکرد بۆ دامەزراندنى رژێمێکی دیموکراتی. ئەمەش دەبووە گوشارێ لەسەر هەرێم کە شێوازى حوکمڕانی بنەماڵەیی بگۆڕدرێ بەشیوازێکی دیموکراتی شارستانی، ئەمرکییەکان گومڕابوون و پێیان وابوو بەچ شێوازێ لەئەمریکا ئیش دەکرێ هەر بەو شێوازەش دەبێ لە عێراقدا بکرێ.

ئەوەیان نەدەزانى کە عێراق لە قۆناغێکی جیاوازدایەو ئەو شێوەکارەى بۆ ئەمریکا دەگونجێ بۆ ئەم وڵاتە ناگونجێ. لەماوەى بەرێوەبردنى راستەوخۆى عێراقدا ئەمریکیەکان چەند هەڵەیەکى گەورەیان کرد، کە زیانى گەورەیان گەیاند بە گەلانى عێراقیش وخودى ئەمریکییەکانیش، لێرەدا ئاماژە بە دوو لەو هەڵانە دەکەم:


١- گەورەترین هەڵەیان ئەوەبوو کە کەلەسەرەوە باسم کرد، کە بەرێوەبەریێتی خۆى، هەرلەسەرەتاوە، موتوربەنەکرد بە کۆمەڵێ لە کەسایەتى لێبراڵ دیموکراتی عێراقیەوە بۆ ئەوەى کەرەستەى پێویست بۆ دامەزراندنى ڕژێمێکی دیموکراتى لەعێراقدا ئامادە بکەن بۆدواى قۆناغی بەرێوەبەرێتی راستەوخۆ. ئەگەر ئەوەیان بکردایە رێگەیاندەگرت لەگەشەکردن، لەو خۆسەپاندنى حیزب و هێزە نەتەوەیی و تایەفەچییەکانی شیعەو سوننە و کوردو کەمایەتیە توندرەوە ئەنتی دیموکراتەکان.


٢- دواى رووخانى سەدام، بەبەرچاوى بەرێوەبەران وسەربازانى ئەمریکاوە ئەو خەڵکە بەنرخی ملیارەها دۆلار سامان و موڵک و ماڵی دەوڵەتى عێراقیان تالانکرد بێ ئەوەی رێگەیان لێبگرن. دەیانتوانى بەئاسانى رێگە لەو تاڵانکارییە بگرن، تاڵانچییەکان دەستگیر بکەن، بەیانات لە تەلەفزۆین بڵاو کەنەوە... هتد... بەڵام هیچیان نەکرد جگە لەناردنى مەفرەزەیەکى سەربازى بۆ پاراستنى وەزارەتى نەوتى عێراق کەمێشیش نەیتدە توانى بچێتە ناوى. بێگومان وەک وەزارەتى نەوتیان پاراست، ئەگەر بیانویستایە، دەیان توانى وەزارەت و دەوائیر و جێگەکانى دیکەش بپارێزن، ئەگەر تاڵانیش بکرایە بەشێوەیەکی کەم دەکرا.

ئەم هەڵوێستەى ئەمریکا ئەگەر مانایەکى ببێ تەنها ئەوەبوو کە بەرێوەبەرایەتى ئەمریکا رێگرنەبوو لەتاڵانکاری و پەروەردەى لاوانى عێراق بەگیانى گەندەڵکاری.