بۆچى پارتى له‌ كۆنگره‌ى یه‌كێتى ده‌ترسێـت‌؟

یه‌كێتى، ده‌ستى پارتى له‌ حزبه‌كه‌ى ده‌برێت

بۆچى پارتى له‌ كۆنگره‌ى یه‌كێتى ده‌ترسێـت‌؟

1794 خوێندراوەتەوە

به‌هۆكارى هاتنه‌پێشه‌وه‌ى ئه‌نتى پارتییه‌كانى نێو یه‌كێتى و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌وتنى دۆست و نزیكه‌كانى، پێ ناچێت كۆنگره‌ى یه‌كێتى بۆ پارتى دڵخۆشكه‌ر بێت.

 

به‌وته‌ى هه‌ندێ له‌ سه‌ركرده‌كانى نێو یه‌كێتى، پارتى زۆر هه‌وڵیداوه‌ ده‌ست بخاته‌ نێو كۆنگره‌ى حزبه‌كه‌یان، تاكو ده‌ستى هه‌بێت له‌ سه‌رخستنى ئه‌و سه‌ركردانه‌ى یه‌كێتى كه‌ به‌دۆستى پارتى ناسراون.

،،

 مردنى مام جه‌لال، ده‌ركه‌وتنى ئه‌نتى پارتییه‌كانى نێو یه‌كێتى به‌دواى خۆیدا هێنا.

 

ئه‌نتى پارتییه‌كانى نێو یه‌كێتى كێن؟

له‌دواى وه‌فاتى مام جه‌لال له‌نێو بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانییه‌وه‌ هه‌ندێ ده‌موچاوى گه‌نجى سیاسی ده‌ركه‌وتن كه‌ به‌دژایه‌تى كردنى پارتى و رێكخستنه‌وه‌ى نێو ماڵى یه‌كێتى ده‌ستیان پێكرد، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى پارتى به‌ وردى چاودێریان بكات، ته‌نانه‌ت تا سنورى خستن و لێدانیشیان بروات.

 

ئه‌توانین بڵێین، بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور جه‌نگى و ئاراسى برای، رێبه‌رى ئه‌و ره‌وته‌ نوێیه‌ى نێو یه‌كێتى بوون كه‌ دروشمى بڕین و قرتاندنى هه‌ر ده‌سـتێكى بێگانه‌یان له‌نێو یه‌كێتى به‌رز كرده‌وه‌.

 

ئه‌م ده‌موچاوه‌ گه‌نجانه‌ى نێو یه‌كێتى، چاوه‌ڕوانى كۆنگره‌یان ده‌كرد تاكو به‌شێوه‌یه‌كى ره‌سمى ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرن و ببنه‌ بریارده‌رى سیاسى حزبه‌كه‌یان، بۆیه‌ پارتى به‌م پلانه‌ى زانى و ده‌ستى كرد به‌ لێدانیان.

 

دۆسته‌كانى پارتى كێن؟

هه‌ریه‌ك له‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ و نه‌جمه‌دین كه‌ریم و مه‌لا به‌ختیار و شێخ جه‌عفه‌رو فواد مه‌عصوم و فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر هه‌ندێ سه‌ركرده‌ى دیكه‌ى یه‌كێتیش، وا وێناكراون كه‌ دژایه‌تى پارتى ناكه‌ن و زمانى لێك تێگه‌شتنیشیان له‌گه‌ڵ پارتى گونجاوو باشه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له‌م سه‌ركردانه‌ش تا ئاستى چونه‌ نێو ریزه‌كانى پارتى رۆشتوون.

 

به‌ڵام وا دیاره‌ ده‌ره‌نجامه‌كانى كۆنگره‌ى حزبه‌ سه‌وزه‌كه‌‌ به‌و شێوه‌یه‌ نین كه‌ پارتى ده‌یویست،  چونكه‌ خۆرى ئه‌و سه‌ركردانه‌ى یه‌كێتى به‌ره‌و ئاوابوون ده‌روات كه‌ پارتى به‌ ئاسانى رێك ده‌كه‌وت له‌گه‌ڵیان. 

،،

 هه‌میشه‌ پارتى په‌یوه‌ندییه‌كى دۆستانه‌و نزیكى هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ دۆست و نزیكه‌كانى له‌نێو یه‌كێتى كه‌ هه‌ندێ جار بریاره‌ گرنگ و سیاسییه‌كانى له‌رێگه‌ى ئه‌مانه‌وه‌ یه‌كلایی كردۆته‌وه‌..

 

چونكه‌ هه‌ریه‌كێك له‌و سه‌ركردانه‌ به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان له‌ بریاره‌ كاریگه‌رو گرنگه‌كانى یه‌كێتى‌ دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌‌ و راده‌ستى ئه‌و سه‌ركردانه‌ى ده‌كه‌ن كه‌ له‌مدواییانه‌دا هاتوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و پارتى قه‌ڵسه‌ پێیان.

 

پارتى له‌چى ئه‌ترسێت؟

پارتى ره‌نگه‌ ترسه‌كه‌ى له‌جێگه‌ى خۆیدا بێت، چونكه‌ ده‌زانێ كۆمه‌ڵێ ده‌موچاو دێنه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان ئاسان نییه‌ و به‌هه‌موو بریارێكى پارتیش به‌ ئاسانى رازى نابن، ئه‌مه‌ش له‌ماوه‌ى رابردوودا سه‌لمێنراوه‌.

بۆ نموونه‌ له‌دانانى سه‌رۆك كۆمارى عێراق به‌رهه‌م ساڵح، ئه‌وه‌ بینرا كه‌ سه‌ركرده‌ گه‌نجه‌كانى یه‌كێتى تا ئاستى ئێسقان شكاندن و قۆڵبادان له‌گه‌ڵ پارتى رۆشتن و دواجار كه‌یسه‌كه‌یان له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان یه‌كلایی كرده‌وه‌.

،،

سڕكردن و ده‌ركردن و دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌وكه‌سانه‌ى كه‌ نزیكن له‌ پارتییه‌وه‌، سیگناڵێكى ته‌واو ئاشكرا بوو بۆ پارتى كه‌ ده‌بێت له‌مه‌به‌دوا زمانێكى دیكه‌ فێر ببێت بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتى.

 بۆیه‌ پارتى پێش كۆنگره‌ هه‌موو هه‌وڵێكیدا تاكو ئه‌وه‌ى ئه‌مرۆ روو ده‌دا به‌چاوى خۆى نه‌یبینێت، ته‌نانه‌ت كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى كۆنگره‌وه‌ به‌ بیانووى نزیكى له‌ پارتى، ده‌رهێنانى ده‌ستى مه‌عنه‌وى  و لێدانى راسته‌وخۆى پارتى بوو.

پێده‌چێت، پارتى شێوازى مامه‌ڵه‌كردن و كاركردنى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى بگۆڕێت، چونكه‌ جاران له‌گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیارو نه‌جمه‌دین كه‌ریم و شێخ جه‌عفه‌ر مامه‌ڵه‌و دانوستانى ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مرۆ ده‌بێ له‌گه‌ڵ لاهور جه‌نگى و بافڵ تاڵه‌بانى قسه‌ بكات، كه‌ ته‌شه‌نوجێكى زۆر له‌نێوان ئه‌وانیش و پارتیش هه‌یه‌.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان