ئایندەی ڕەخنە لەدوای ئەنجومەنی نیشتیمانیی میدیا لە هەرێمی کوردستان

ئایندەی ڕەخنە لەدوای ئەنجومەنی نیشتیمانیی میدیا لە هەرێمی کوردستان

617 خوێندراوەتەوە

پڕۆژەی پێشنیازی یاسای ئەنجومەنی نیشتیمانیی میدیا لە هەرێمی کوردستان کە لەلایەن دەستەیەک لە ئەکادیمی و پسپۆڕانی میدیا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان گەڵاڵە کراوە ، خۆشبەختانە هێشتا پڕۆژەیە و بواری گۆڕانگاری و دەستکاریکردنی ماوە .


ئەگەر بە وردی ئەم پڕۆژەیە بخوێنینەوە ،ئەبینین پەیوەندیەکی توندی لەگەڵ ڕەخنە و مامەڵەکردنی پڕۆژەکە لەگەڵ ڕەخنەدا هەیە ،بۆیە بۆ هەڵسەنگاندنی پڕۆژەکە و دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ،بەبڕوای من گرنگە بە خێرایی بچینەوە بەسەر مێژوی رەخنە و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا و دەسەڵات و حیزب لە باشوری کوردستاندا .


ڕەخنەی سیاسی ئەگەر بەتەنیا سەیری بکەین ، ڕاوەستان و قسەکردنە لەسەر ئەو هەڵە و کەموکوڕیە سیاسیانەی لەلایەن کەس یان پارت یان دەسەڵاتێکی سیاسیەوە ڕودەدات و کاریگەریان دەبێت لەسەر ژیان و بەرژەوەندی گشتی و دەستنیشانکردنی سیستمی سیاسی ، مەبەستی ڕەخنەی سیاسیش ئاگادارکردنەوەیە لەو هەڵانە و بەردەوام نەبونە لەسەری ، ئیتر ئەو ڕەخنانە بە شێواز و فۆرمی جیاجیا دەردەکەون ، یان لەڕێی هونەرەوە یا بەهۆی وتار و بابەتە ئەدەبیەکانەوە یاخود لەڕێی میدیاوە یا بەهۆی تەنز و نوکتەی سیاسیەوە.جا ئەگەر ئاوا سەیری بون و گرنگی ڕخنە بکەین ، ئەبێت تاک جێگەی بایەخ بێ و لایەنی ڕەخنە لێگیراو ڕاو و سەرنجی تاکی ڕەخنەگری بۆ گرنگ بێ تا ڕادەی ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی، بۆیە و بە نەبونی ڕۆڵ و قورسایی ڕەخنە و ڕەخنەگرلەسەر کار و بڕیاری سیاسی، دەبینین لە کۆمەڵگای ئێمەدا ڕەخنە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا سەرئەکێشێ بۆ تەشهیرکردن و بێڕێزیکردن بە بەرامبەر ، لەلایەکی تریشەوە کە دەسەڵات ڕای کەسی بۆ گرنگ نەبو و سیستم دیکتاتۆری بو ئەوکات شتێک نامێنێتەوە بەناوی ڕەخنە و ئەوەی جێگای دەگرێتەوە ڕق و تۆڵەکردنەوەیە کە ئەوانیش کەناڵی خۆیان دروست ئەکەن بۆ ئاڕاستەکردنی .

بۆیە بە گرنگی ئەزانم بەخێرایی بگەڕێیەوە سەر هەندێ لە بون و کاریگەریەکانی ڕەخنەی سیاسی لەناو ئەو پارتە سیاسیانەی کە ئێستا حکومەتیان پێکهێناوە ونوێنەرانی ئەوانیش لەپەرلەمان (لە ئەگەری چونی پرۆژەکە بۆ پەرلەمان ) دەنگ بە دامەزراندنی ئەم ئەنجومەنە ئەدەن.

ڕەخنە وپارتی دیموکراتی کوردستان

لەناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا پانتاییەکی فراوان بۆ ڕەخنەگرتن نیە ، پارتێکە پێکهاتە و ئۆرگان و سیستمی بەڕێوەبردنەکەی دیاریکراو و جێگیرە ، خاوەندارێتی پارتەکە بۆ بنەماڵەی بارزانیە و کۆی پارتیەکانیش ئەمەیان قبوڵە و بەهەڵەی نازانن، لەگەڵ دەرکەوتنی ناڕەزایی و ڕەخنە لەلایەن بەڕێزان ئیبراهیم ئەحمەد و مام جلال و هاوڕێکانیانەوە ،جیابونەوە ڕویدا و ئەو ڕەخنانە لاناو پارتیدا جێی نەبوەوە ، نە ڕخنەلێگیراوان ئەو شێوازی حکومڕانیەیان بەهەڵە ئەزانی تا گوێبگرن و ڕاستی بکەنەوە ،نە ڕەخنەگرانیش ڕاکانی خۆیان پێ هەڵە بو تا پەشیمان ببنەوە ، لە مێژوی نزیکتریشدا کە کاک جەوهەر نامیق ڕەخنەی هەبو لەناو حیزبەکەدا جێی نەبوەوە و هاتە دەرەوەی پارتی ، بەڵام لەگەڵ ئەم ڕاستیانەشدا ڕەخنەگری باش و بەتوانا هەن لەناو پارتیدا کە ئاڕاستەی ڕەخنەکانیان بەغەیرە پارتیە و ئەوە یەکلایی بۆتەوە کە ڕەخنەگرتن لە ئەدای پارتی رێپێدراو نیە بە تایبەتی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی حیزب.

ڕەخنە و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان

سەرەتای دروستبونی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان،ڕەخنە بەشێکی خوازراو و ئەرێنی بو، ڕخنە و ڕەخنە لەخۆگرتن شانازی و خاڵی جیاکەرەوەی یەکێتی بو لە پارتی ، تا ئەو کاتەی ڕەخنەکان بۆ ناوخۆ لە ئاستی ختوکە تێنەئەپەڕین و بۆ حیزبەکانی تری دەرەوەی یەکێتی کەمەر شکێن بون . بەڵام کە ڕەخنەکان گەیشتنە ناو یەکێتی و شێوازی کارکردن و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی، ڕەخنە نزیک بوەوە لە خیانەت و کادر و ئەندامانی خۆیانی لەسەر سزا درا .


لەم قۆناغەوە ترس لە ڕخنەگرتن گەورەتر بو لە ئامانجی بەلاڕێدانەبردنی حیزب، شکاندن و بچوککردنەوەی کادر و ئەندامانی حیزب لەلایەن سەرۆک و سەرکردەکانەوە هەم بوە ئازایەتی و خاڵی بەهێزی سەرکردەکان و هەم چاوترساندنی ئەندام لە ڕەخنەگرتن .


لەدوای ڕاپەڕین و ئیدارەدانی هەرێمیشەوە ،ڕەخنە خراپتر و مەترسیدارتر لە جاران مامەڵەی لەگەڵ کرا و بە پێچەوانەوە لە ڕێی ئەدەب و هونەرەوە زیاتر و زۆرتر ڕەخنەیان بچوککردەوە وگۆڤار و بەرنامە تیڤیەکانی یەکێتی بەتەواوی ڕەخنەی لە قاڵبی خۆی دەرکرد وهەم ئەو شێوازە لە ڕەخنە بونە جۆرێک لە دەرکردن و ڕەواندنەوەی ناڕەزایەتی خەڵک وهەم وردە وردە تەشهیر و سوکایەتیپێکردنی بەرامبەر بوە پێناسەی ڕەخنەی نوێ، بێگومان ئەمەش دیسانەوە بۆ پارتەکانی دەرەوەی یەکێتی نەک ناوخۆی یەکێتی.


ڕەخنە و بزوتنەوەی گۆڕان

بنەمای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان ، ڕەخنەگرتن بو لە ئیدارەدانی هەرێم و گەندەڵی و ناعەدالەتی و حوکمی بنەماڵە. لەسەر ئەم بنچینەیەوە ڕەخنە جدیەکان دەرکەوتنەوە و هەوڵێکی جدی بو بۆ دەرخستنی هەڵەکان لە ڕێی ڕەخنە سیاسیەکانەوە ، بەڵام لەم قۆناغەدا ڕق زۆرتر زاڵ بو بەسەر شێوازی دەربڕینی ڕەخنەکاندا، کەڵەکەبونی ناعەدالەتی چەندین ساڵ وگوێنەگرتنی دەسەڵات لە هیچ کام لەو ڕەخنە و سەرنجانە ڕقێکی گەورەی دروستکرد ،بە بونی زەمینەیەکی شێوێندراوی ڕەخنەش ، سەرەنجام زۆرتر ڕەخنەی خستیە قاڵبی جنێو و تەشهیرەوە ، تا وای لێهات ئامانجی ڕەخنەگرتن لە قۆناغی گوێگرتنی دەسەڵات و ناچارکردنی بە گۆڕانکاری چوە قۆناغی شکاندن و سوککردن و ناشریکردنی هەمو جومگەکانی دەسەڵات .


لەگەڵ دروستبونی ڕەخنەش لە ئەدای گۆڕان ، سەرەتا بە گوژمێکی گەورەوە ڕەخنە ناوخۆییەکانیش بونی هەبو،بەڵام زو هەمان سینارێوی پارتەکانی سەرەوە دوبارە بوەوە و ه ناڕەزایی و دورکەوتنەوەی کاتیی بەشێک لە سەرکردەکانی گۆڕانی لێکەوتەوە ،تا سەرەنجام و بە تایبەتی دوای مردنی کاک نەوشیروان ئیتر تەنیا ڕەخنەیەک بە ئاسایی و بێ هێرشکردنە سەر کەسی ڕەخنەگر بونی هەبو ،ئەو ڕەخنانەبون کە لەدەرەوەی گۆڕان ئەگیران.


سەرەنجام

ئێستا لە کوردستاندا ڕەخنە و ڕەخنەگران سێ جۆرن:

١-ڕەخنەگری حیزبی کە ساز و ئامادەکراون بۆ ڕەخنەگرتن لە حیزبەکانی دەرەوەی خۆیان وبەرپەرچدانەوەی خێرای ئەو ڕەخنانەی لە حیزبەکەیان ئەگیرێ (ڕاست بن یان درۆ).
٢-ڕەخنەگری بێ لایەن کە ڕەخنەگرێکە هەڵەی هەموی ئەبینێ و لە ڕێی ڕەخنەوە هەڵەکان ئەخاتە ڕوو .
٣- ڕەخنەگری بێ ئامانج کە ئەو جیلەن لە ئەنجامی بەلاڕێدابردنی ڕەخنە دروست بون و جنێو و تەشهیر خۆشییان پێئەبەخشی ، کە ئەمانە سیاسەتی هەڵەی پارتەکان زەمینەیان بۆ سازاندون ولەهەندێ قۆناغیشدا لەلایەن خودی پارتەکانەوە پشتیوانی کراون و سەرچاوەی هەواڵەکانیان بون ،کە لە ئێستادا ئەم جۆرە رەخنەی لە هەمو شتێک هەیە وکۆی پرۆسەی سیاسی خستۆتە ژێر گومانەوە و لە کۆنترۆڵی ئەو حیزبانەش دەرچون کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پەیج و سایتی تایبەتیان بۆ دروست ئەکردن.


لە ئێستادا تێکەڵبون و زۆریی ژمارەی ئێستای ئەو ڕەخنەگرانە زەمینەیەکی دودڵی و نائارامیی بۆ پارتەکانی دەسەڵات دروستکردوە و بۆ دەربازبون لەو دۆخە پێویستیان بە چوارچێوەیەکی قانونی هەیە کە کۆنترۆڵی ئەو ڕەخنانە بکەن کە بەشێوازی باش یا خراپ ئاڕاستەیان ئەکرێ.


لێرەوە ئەنجومەنی نیشتیمانیی میدیا ئەو چوارچێوە قانونیە ئەبێت،( ڕەنگە ئەو بەڕێزانەی پڕۆژەکەیان ئامادەکردوە یان بەشێکیان بەو مەبەستە کاریان تیانەکردبێ ) کە ورد ئەبیتەوە لە ناوەرۆک و ماددەکانی پرۆژەکە بە ئاسانیی کۆنترۆڵکردنی ڕەخنەی تیا ئەبینی.


بە نمونە هەر لەسەرەتای پرۆژەکە ولە چەمکە گشتیەکاندا و لە ماددەی دووەمدا ئەڵێ ئەنجومەنێک بۆ ڕێکخستنی یاسایی و هەڵسەنگاندنی پیشەیی ناوەڕۆکی پەیامی میدیایی لەسەرتاسەری هەرێمدا دادەمەزرێت .


پاشان لە ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەندا لە ماددەی سیانزەیەم، بڕگەی شەشەم ئەڵێ کۆششکردن بۆ دروستکردنی دادگایەکی تایبەتمەند بە تاوانەکانی بڵاوکردنەوە ، دواتر لە ماددەی چواردەیەم وتایبەت بە میکانیزمەکانی بەدیهێنانی ئامانجەکان و لە بڕگەی سێیەمدا هاتوە :وردبونەوەو بەدواداچونی ئەو ڕەخنە و سکاڵایانەی لەلایەن جەماوەرەوە ئاڕاستەی پەیامی میدیایی و میدیا کاران ئەکرێت.


ئەم بڕگە و ماددانە ئەوەندەی ئەنجومەنەکەی وەک دادگایەک وێناکردوە ، ئەوەندە وەک ئەنجومەنێک بۆ زامنکردنی فەزایەکی ئازاد و پشتیوانیکردنی میدیا نایەتە پێش چاو بەتایبەتی کە ئێمە مێژو وئێستای پارتەکانی دەسەڵات ئەزانین لە بواری مامەڵەکردنیان لەگەڵ ڕەخنە و ناڕەحەتییان بە قسەکردنی خەڵک و میدیا لەسەر هەڵەکانیان .

جگە لەوەی کە یەکێتیی و پارتی شکستیان هێنا لە کۆنترڵکردنی میدیا و میدیاکاران لە ڕێی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانەوە و ئەو سەندیکایە نەیتوانی تێکڕای میدیاکاران ناچارباکات بە پابەند بونیان بە سەندیکاوە ، بۆیە ئەنجومەنێکی خاوەن دەساڵات و دادگا ئەو ئامانجە ئەپێکێ و ئەتوانرێ لەژێر حوکمی ماددەی پێنجەمدا کە تایبەتە هێڵە گشتیەکانی پەیامی میدیایی زۆرینەی ڕەخنە و ناڕەزایەتیەکان لە قاڵب بدات و هاوشێوەی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر ببێتە یاسایەک بۆ کوشتنی ڕای ئازاد.


هیوادارم بەر لە چونی پڕۆژەکە بۆ پەڕمان ، ئەو بەڕێزانەی پڕۆژەکەیان گەڵاڵە کردوە ،لەم گۆشەیەوە سەیری پرۆژەکەیان بکەن و بەشدار نەبن لە دروستکردنی دامەزراوەیەک بۆ بە تاوان سەیرکردنی ڕەخنە و ڕای ئازاد.

 

author photo

 

نوسەر و پارێزەری یاسایی