كۆنگره‌ى 8ى یه‌كگرتوو.. نه‌وه‌ی سێیه‌م له‌ده‌مووچاوه‌ دووباره‌كان نیگه‌رانه‌

ئه‌مینداری یه‌كگرتوو ده‌یه‌وێ، ئاخر نه‌شته‌رگه‌ری بۆ حزبه‌كه‌ی بكات

كۆنگره‌ى 8ى یه‌كگرتوو.. نه‌وه‌ی سێیه‌م له‌ده‌مووچاوه‌ دووباره‌كان نیگه‌رانه‌

834 خوێندراوەتەوە

به‌هۆی كێبركێی نێوان كاندیده‌كان بۆ ئه‌مینداری یه‌كگرتوو و كێبركێی نێوان نه‌وه‌ی نوێ و به‌ته‌مه‌نه‌كانی حزبه‌كه‌، كۆنگره‌یه‌كی گه‌رم و گوڕ چاوه‌ڕوانی یه‌كگرتوو ده‌كات.

 

وا بریاره‌ رۆژانی 28 و 29ی ئه‌م مانگه‌، یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان هه‌شته‌مین كۆنگره‌ی خۆی له‌ شاری هه‌ولێر ببه‌ستێت، كه‌ ئه‌مه‌ كۆنگره‌یه‌كی پـێشخراوه‌ به‌هۆی ئه‌و شكستانه‌ى رووبه‌رووی حزبه‌كه‌ بوونه‌وه‌.

،،

 نارازییه‌كان ده‌ڵێن: كۆتا كۆنگره‌یه‌، رازییه‌كانیش پێیان وایه‌ كۆنگره‌ى له‌دایك بوونه‌وه‌ى حزبه‌كه‌یه‌.

 

كۆنگره‌ی یه‌كگرتوو چۆن ده‌بێ؟

هه‌ندێ له‌ ده‌نگه‌ نارازییه‌كانی یه‌كگرتوو پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ كۆتا كۆنگره‌یه‌ كه‌ یه‌كگرتوو ئه‌نجامی ئه‌دات، چونكه‌ ده‌ڵێن: یان یه‌كگرتوو به‌ته‌واوی پاشه‌كشه‌ ده‌كات و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێته‌وه‌ به‌ ره‌قه‌مێكی دیار له‌گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێم، یاخود به‌پێـچه‌وانه‌وه‌ یه‌كگرتوو هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌ و شكسته‌كانی ده‌گۆڕێ بۆ سه‌ركه‌وتن.

 

له‌به‌رامبه‌ریشدا هەندێك لە ئەندامانی یەكگرتوو دەڵێن‌ ، یه‌كگرتوو بوێرانه‌ پێش زۆرێك له‌ حزبه‌كانی دیكه‌ كه‌وت و توانی بریاری به‌ستنی كۆنگره‌ی هه‌شته‌می بدات.

كێبڕكێی نێوان نه‌وه‌ی نوێ و نه‌وه‌ی كۆنی حزبه‌كه‌

ده‌توانین بڵێین له‌ساڵی 1994 تاكو ئه‌مرۆ لە یەكگرتوودا چوار نه‌وه‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌ك له‌دایك بوون، نه‌وه‌ی یه‌كه‌م سه‌ركرده‌كانی سه‌ره‌تاو دامه‌زرێنه‌ره‌كانی بوون، توانیان یه‌كگرتوو له‌ هه‌لومه‌رجێكی ته‌واو دژوارو، له‌ ساتى شه‌ڕی ده‌سته‌و یه‌خه‌ی یه‌كێتی و پارتیدا دابمه‌زرێنن.

 

نه‌وه‌ی یه‌كه‌م نه‌وه‌یه‌كی به‌رهه‌م هێن بوو، توانی به‌خێرایی و به‌بێ رێگریكردن نه‌وه‌ی دووه‌م درووست بكات و ئاماده‌یان بكات بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌و ململانێی سیاسی له‌ كوردستان. 

،،

په‌یوه‌ندى نێوان نه‌وه‌ى دووه‌م و سێیه‌م، وه‌ك په‌یوه‌ندى نێوان نه‌وه‌ى یه‌كه‌م و دووه‌مى حزبه‌كه باش و پته‌و نه‌بوو.

 

به‌ڵام كێشه‌یه‌كی جدی‌ له‌دوای دروستبون و له‌دایك بوونی نه‌وه‌ی سێیه‌می یه‌كگرتوو سه‌ری هه‌ڵدا، چونكه‌ نه‌وه‌ی دووه‌م به‌ ئاسانی ئه‌مه‌یان پێ هه‌زم نه‌كراو زانیان به له‌ ‌دایك بوونی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ئه‌وان ئەركەكەیان تەواو دەبێت و پێگە سیاسیەكانیان لەدەستدەدەن.

 

لێره‌وه‌ جه‌نگی ساردی نێوان نه‌وه‌ی نوێ و نه‌وه‌ی كۆنی یه‌كگرتوو سه‌ری هه‌ڵدا، ته‌نانه‌ت كار گه‌شتۆته‌ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌ نه‌وه‌ی یه‌كه‌می یه‌كگرتوو پشتی نه‌وه‌ی دووه‌م ده‌گرن بۆ رێگری كردن له‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی نه‌وه‌ی سێیه‌م و نه‌وه‌ی نوێی حزبه‌كه‌.

 

نه‌وه‌ی كۆن بیانووی خۆی هه‌یه‌ كه‌ به‌ ئاسانی ده‌سه‌ڵات راده‌ستی نه‌وه‌ی نوێ و گه‌نجه‌كان ناكه‌ن، چونكه‌ پێیان وایه‌ هێشتا له‌بارو ئاماده‌ نین بۆ به‌ڕێوه‌به‌ردنی حزب و ده‌بێت جارێ له‌ پرسگه‌ی چاوه‌ڕوانیدا بن.

ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌وه‌یه‌كى سێیه‌مى یه‌كگرتووش سه‌ركه‌وتبێت بۆ سه‌ركردایه‌تى ئه‌وا به‌ ئاسانى نه‌یتوانیوه‌ كاره‌كانى راپه‌ڕێنێت و ناچار ده‌ستى له‌كار كێشاوه‌ته‌وه‌. 

،،

 نه‌وه‌ى نوێى حزبه‌كه‌، به‌ته‌مه‌نه‌كان به‌هۆكارى شكست و پاشه‌كشه‌ى حزبه‌كه‌یان ده‌زانن، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت بیانگۆڕن، به‌ته‌مه‌نه‌كانیش نه‌وه‌ى نوێ به‌كه‌م ئه‌زمون سه‌رنه‌كه‌وتوو ده‌زانن.

 

هه‌ربۆیه‌، نه‌وه‌ی سێیه‌م توره‌ن له‌ هه‌ڵسوكه‌وتى نه‌وه‌كانى پێش خۆیان، بۆیه‌ بۆ پشتگیری له‌ خۆیان و سه‌ركه‌وتنیان، هه‌وڵی جوڵاندن و هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی نه‌وه‌ی چواره‌م ده‌ده‌‌ن كه‌ نه‌وه‌كانی دوای راپه‌رین و سه‌ره‌تای درووستبوونی حزبه‌كه‌ن.

 

به‌گشتی ده‌توانین بڵێین له‌ ئێستادا، هه‌ندێك له‌ نه‌وه‌ی یه‌كه‌م و زۆرێك له‌ ده‌موچاوه‌كانی نه‌وه‌ی دووه‌م، به‌ره‌یه‌كی حزبه‌كه‌یان پێكهێناوه‌ و له‌به‌رامبه‌ریشدا نه‌وه‌ی سێیه‌م و نه‌وه‌ی چواره‌م به‌ره‌یه‌كی دیكه‌یان دروستكردووه‌، پێ ده‌چێت له‌م كۆنگره‌یه‌دا كێبركێی جدی له‌گه‌ڵ یه‌كدی بكه‌ن.

 

كێ ده‌بێته‌ ئه‌مینداری یه‌كگرتوو؟

یه‌كێكی دیكه‌ له‌ پرسه‌ گرنگه‌كانی ئه‌مجاره‌ی یه‌كگرتوو باس و خواسه‌ له‌باره‌ی گۆڕینی ئه‌مینداری یه‌كگرتوو، كه‌ بۆ ئه‌م پۆسته‌ش جگه‌ له‌ سه‌ڵاحه‌دین محمد به‌هائه‌دین ئه‌مینداری ئێستاى حزبه‌كه‌، چه‌ند كاندیدێكی دیكه‌ خۆیان بۆ هه‌مان پۆست پاڵاوتووه‌.

 

كاندیده‌كانی ئه‌م پۆسته‌ تا ئێستا چه‌ند كه‌سێكن، به‌ڵام دیارترین ده‌مووچاویان كه‌ ده‌یه‌وێت جارێكی دیكه‌ خۆی كاندید بكاته‌وه‌ و له‌ئه‌گه‌رى ده‌رچوونى له‌سه‌ر كورسی ئه‌مینداری دابنیشێت، ئه‌بوبه‌كر كاروانییه‌.

ناوبراو پێی وایه‌ حزبه‌كه‌ ده‌بێت نوێ ببێته‌وەو‌ گۆڕانكاری جدی تێدا بكرێت، ئه‌مه‌ش به‌ گۆڕینی كه‌سی یه‌كه‌م و هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی ده‌موچاوی نوێ بۆ سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ ده‌بێت. 

،،

 سه‌ڵاحه‌دین محمد به‌هائه‌دین، ده‌یه‌وێ به‌ده‌ستى خۆى كۆتا نه‌شته‌رگه‌رى بۆ ئه‌و حزبه‌ بكات كه‌ مێژووه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناوه‌راستى په‌نجاكان.

 

كاروانی ده‌بێته‌ ئه‌میندار؟

كاروانی كه‌ به‌هێزترینی كاندیده‌كانه‌ بۆ پۆستی ئه‌مینداری گشتی، پێ ناچێت رێگه‌كه‌ی بۆ گوڵرێژكرابێت و به‌ سانایی ئه‌و پۆسته‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسیدا وه‌ر بگرێـت.

چونكه‌، هه‌رچه‌نده‌ كاروانى له‌نێو گه‌نجانى یه‌كگرتوو به‌شێوه‌یه‌كى گشتى كه‌سێكى خاوه‌ن فكرو كراوه‌ و رێز لێگیراوه‌ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌م دوو هۆكاره‌ پێ ناچێت یارییه‌كه‌ به‌ ئاسانى بباته‌وه‌ ئه‌وانیش:

یه‌كه‌م: له‌لایه‌كه‌وه‌ زۆرێك له‌ دۆست و هاوڕێ كۆنه‌كانى له‌سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كه‌ پشتگیرى ناكه‌ن و نایانه‌وێت له‌ ئێستادا كه‌سێكى هاوشانى خۆیان ببێت به‌كه‌سى یه‌كه‌مى حزبه‌كه‌.

ئه‌بوبه‌كر كاروانى، كاندید بۆ پۆستى ئه‌میندارى یه‌كگرتوو

دووه‌م: سه‌ڵاحه‌دین محمد به‌هائه‌دین، ده‌یه‌وێت خه‌باتی نیو سه‌ده‌ی نێو سه‌حوه‌ی ئیسلامی خۆی، نه‌خاته‌ به‌ر نه‌شته‌رو، و یه‌كگرتوو به‌م بارودۆخه‌ خراپه‌وه‌ كه‌ دوای شكسته‌كان تێی كه‌وتووه‌ به‌جێی نه‌هێڵێت.

ئەو دەیەوێت خۆی كۆتا نه‌شته‌رگه‌ری بۆ حزبه‌كه‌ بكات و رزگاری بكات له‌و بارودۆخه‌ی تێی كه‌وتووه‌ و دوای چوار ساڵی دیكه‌ ( ئه‌گه‌ر به‌پێی لائیحه‌ رێی پێ نه‌درایه‌وه‌) خۆی واز بهێنێت و بروات، نه‌ك له‌ ململانێدا پۆسته‌كه‌ له‌ده‌ست بدات.

 

نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ چییه‌؟

ئه‌مینداری یه‌كگرتوو له‌رێگه‌ی پرۆژه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی حزبه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌، ده‌یه‌وێت به‌شێوه‌ی پله‌به‌ندی ده‌عوه‌ و سیاسه‌ت له‌یه‌كدی جیا بكاته‌وه‌، وه‌كو خۆشی ئاماژه‌ی پێكردووه‌: یه‌كگرتوو رزگار بكات له‌ سه‌رئێشه‌ی سیاسی و بگه‌رێته‌وه‌ بۆ بنه‌ره‌تی كاره‌كه‌ی كه‌ ته‌زكییه‌ و ده‌عوه‌ بووه‌.

 

به‌ڵام دیار نییه‌ ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه‌، چۆن ده‌كرێت و كه‌ی ده‌كرێت؟ و ئایا ماك و جێگه‌وته‌كانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ چی ده‌بن؟ و یه‌كگرتوو چاك ده‌كاته‌وه‌ یان ئەوەندەی دیكە نەخۆشی دەخات.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان